تورکیا؛ دەسبەسەری و گواستنەوەی بنەماڵەیەکی چالاکی مەدەنی و مافی مرۆیی بۆ کامپی دیپۆرتییەکانی موغیلا

ک.م.م.ک:

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی هەواڵگریkmmk، حسەین حسەینی چالاکی مەدەنی و سیاسی خەڵکی مەریوان لەگەڵ نەسرین خۆشنەوازیان و دوو منداڵەکەیان، لە تورکیا دەسبەسەر و بۆ کامپی دیپۆرتییەکان هەڵکەوتوو لە پارێزگای مۆغیلا لە تورکیا ڕاگوازران.

ئەم دوو هاوسەرە چالاکە مەدەنی و کەلتووری و مافی مرۆڤیه بەبۆنەی چالاکی لە ئەنجوومەنە مافی مرۆیی و جڤاکییەکانی وەکوو ڤەژین و سەوزی چیا، دەیان جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سنە، مەریوان و ورمێ ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و گرژی بوونەوە کە لە کۆتاییدا کۆچی حسەین حسەینی لە ساڵی ٢٧١٩ی کوردی بۆ شاری هەولێر لێکەوتەوە.

لەڕەوتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ نەسرین خۆشنەوازیان و بنەماڵەکەیان بەردەوام بوو و پاش بانگهێشتی چەندین جارەیان بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە پاییزی ئەمساڵ ناچار بوون ئێران جێبهێڵن و بەرەو تورکیا بەڕێکەوتن.

شیاوی باسە کە، نەسرین خۆشنەوازیان بەبۆنەی گوشارە ڕۆحی و دەروونییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، تووشی خەمۆکی و برینی گەدەیە و هەنووکە پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە.

ق.ش

The post تورکیا؛ دەسبەسەری و گواستنەوەی بنەماڵەیەکی چالاکی مەدەنی و مافی مرۆیی بۆ کامپی دیپۆرتییەکانی موغیلا appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە