چەمک و مەهامی شۆڕش، بەپێی ڕەوتی مێژوو، جگە لەوەی تێگەشتن وخواستی جیاوازی بەپێی سەردەمەکانی دیاریکراوە، خواست و ویستی گۆڕانی جیاوازیشی لە خۆگرتووە. یان سپاردویەتیە دەست گروپێکی تر، هەمان هەستی چینایەتی وبەرژەوەندخوازی و خۆپەرستی ڕابردوویان هەبووە. سەرەتای دروست بوونی ناڕەزایەتی و شۆڕش، بۆ سەرەتای دروست بونی فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی چینایەتی دەگەڕێتەوە. لەبەر ئەوەی هەموو کردارێکی بە ئازارو نایەکسان، پەرچەکردارێکی دژوو پێچەوانەی هەبووە و هەیە. ئەمەش گۆڕانی لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە بەدوای خۆیدا هێناوە. سەردەمی کۆنی گۆڕیوە بۆ سەردەمی نوێ، و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری نوێی بەرهەم هانیووە. گۆڕانی ماددیی مێژوو، چەند فرماسیۆنێکی ئابووری کۆمەڵایەتی جیاوازی بەرهەم هێناوە، تا گەشتووەتە ئێستای سەرمایەداری. کرداری چەوساوەکان و ململانێی چینایەتی لەناو پرۆسەی بەرهەم هێنان و شۆڕشەوە کارەکتەری دروست بوونی هەلومەرجی نوێیە، بەردەوامیش دەبێت تا سیستەمی جیاوازی چینایەتی کۆتاییان دێت.
هۆکاری جیاواز جیاواز ئاگری شۆڕشیان هەڵگیرساندووە لە مێژوودا، هۆکارەکانیش بەپێی سەردەمە جیاوازەکان دەگۆڕێت، بەڵام داخوازی بۆ یەکسانی وماف و ئازادییەکان، خاڵی هاوبەشی هەموو شۆڕشەکان بووە. بەپێی بڕواو بۆچونی زۆرێک لەبیرمەندانی مێژووە جیاوازەکان و بەپێی سەردەمەکانیان، ڕوودانی شۆڕش بۆ چەند هۆکارێک دەستنیشان دەکەن، ولێکدانەوەی جیاوازیان بۆکردووە.
بیروبڕوا جیاوازەکان لەمێژوودا لە بارەی ڕودانی شۆڕشەوە:
ئەفلاتون ٤٠٠ ساڵ پێش زایین، بڕوای وایە، کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی چەوسانەوە وئازاری برسێتی وسەرماو چەندین جۆری ئازاردان دەبێتەوە، ئەگەرسزایەکی ڕەوابوو، ئەوا بەڕووی دەسەڵاتدا شۆڕش بەرپا ناکات، بەڵام ئەگەر زانی قوربانی دەستی زۆرداریە، ئەوا بەتووڕەییەکی پڕاوپڕ لە هەڵچون وداچون شۆڕش بەرپادەکات، تێدەکۆشێت لەپێناوی ئەوەی خۆی پێی دادپەروەرانەیە. هەموو ناڕەحەتیەکان تەحەمول دەکات تا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت…
بەپێی بڕوای ئەرستۆ کە خوێندکاری ئەفلاتون بووە، لەهەموو جۆرەکانی حکومەت ودەسەڵاتەکاندا (ئۆلیگارشی، دیموکراسی، ئەرستۆکراسی،….) ، مرۆڤەکان شۆڕش بەرپا ئەکەن لەپێناوی بەدەستهێنانی یەکسانیدا. لەیۆنانی کۆندا بەرزکردنەوەی پەرچەمی ئازادی و یەکسانی داخوازی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەی یۆنانیەکان بووە.
لەدوای ئەو سەردەمە سەردەمی ئیسلام دێت، بڕواوبۆچونەکان لە ئیسلامدا لەمەڕ شۆڕش، هەر هاتنە دەرەوەیەک لەماڵ، خۆپیشاندان و ڕژانە سەر شەقامەکان و مەیدانەکانی شار، بەمانای دەربڕینی توڕەیی ونەمانی سەبروپشودرێژی و بەرگەگرتن دێت. بەڵام لەبەرئەوەی ئاینی ئیسلام خۆی بەکۆتا ئاینی ئاسمانی دەزانێت، هەر هەڵسوکەوتێک کە دژ بە حوکم ودەسەڵاتی خەلیفەی مسوڵمانان بکرێت بە ناشەرعی و بەدژی ڕاسپاردەکانی خوای لەقەڵەم دەدەن، و دژی دەوەستنەوەو وەڵامی داخوازیەکانی خەڵک نادەنەوە، وەکو ئەوەی لەمێژووی ئەو دەسەڵاتانەی خەلافەتەکانی ئیسلامدا ڕوویان داوە.
بیریارانی سەدەی حەڤدەو سەدەکانی دواتر تێڕوانینەکانیان جۆراو جۆرن. بۆ نمونە، لەلای جۆن لۆک، مافی بەرەنگاری و شۆڕش، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە دەسەڵاتدار بەشێوەیەکی ناشەرعی بڕیاری مانەوەی دەدات و جێبەجێ دەکات. واتە ئەگەر دەسەڵات شەرعیەتی هەبوو، پێویست ناکات شۆڕش بەڕویاندا بەرپابکرێت هەتا ئەگەر دڕندەش بێت. شەرعیەت پێدان بەهۆی دەنگی خەڵکەوە دروست دەبێت، وە مەرج نییە هەموو شەرعیەت پێدانێک ڕاست و دروستی و عەدالەتی دەسەڵات پێشان بدات.
باکۆنین، بڕوای وایە ،کۆتایهێنان بە داگیرکاری وکۆمەڵگەی چەوسێنەر، لەڕێگەی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەوە دەبێت، وە کۆتایی نایەت ئەگەر هەموو سەرکردایەتیەکان لە ناوەندەکاندا هەڵنەوەشێتەوە. شۆڕش، هاندانی هەموو شارێک و هەموو گوندێک و هەموو کۆمۆنەکانە، بە بەرپاکردنی جەنگە تایبەتیەکانی خۆیان. لەسەر مرۆڤەکان پێویستە، کەبێجگە لە بەرەنگاریکردنی سوپا کە خاوەنی یەک سەرکردایەتییە، شۆڕش بە هەڵچونە سۆزداریە شۆڕشگێڕانەکە ئەبێتە سەرکەوتنێکی چەسپاوو بێگوومان کردن. ئەم بۆچونەی باکۆنین، پشت نابەستێت بە کردەیەکی دیاریکراوی سازدراوی ئامانج ڕوون. کاری خودبەخودی وبەرهەمێکی نادیارو بێ ئامانجی گۆڕینی کۆمەڵگەی سەرمایەداریە بەپەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی نادیار، ئەمەش بیروکرداری ئانارکیستەکانە، لەهەر کوێیەک بن.
بەبڕوای مارکس، جیاواز لە بۆچونەکانی پێشتر، کاتێک شۆڕش وادەی هات، چینی کرێکار شۆڕش بەرپادەکات، بەرژەوەندی کۆمەڵگەی شۆڕشگێڕ (بەمانای ئەرک و ئامانجی ڕەوتی ماددی مێژوویی چینی کرێکار بۆ گۆڕانی مێژوویی کۆمەڵگەی سەرمایەداری بۆ سۆشیالیزمی زانستی) ئەکات بەسەرچاوەی خۆی لەوکاتانەدا، هەموو ئەو پێوویستیە ماددیانە بەرجەستەو دابین دەکات، کە لە پێناوی چالاکی شۆڕشدایە، بۆ لە ناوبردنی دوژمنەکانی، وە هەموو ئەو سازاندن وپێویستیانە لەبەرچاو دەگرێت، کە پێوویستیەکانی ئەو تێکۆشانە پڕدەکاتەوە، بەرەنجامی کارەکانی پاڵی پێوەدەنێت بۆ بەکارهێنانی دوورترین و وردترین بیرووبۆچونی خزمەتکار بەشۆڕش، وە ئەمەش ناچێتە سەر بابەتی توێژینەوەیەکی تێووری لە هەمان کاتدا.
دروستترین بۆچوون بۆ بە ئەنجام گەیاندنی شۆڕش لەم سەردەمەی ئێستادا، بۆچوونی مارکسە، لەبەر ئەوەی وەڵامدەرەوەیەکی گشتگیری بۆ سەرکەوتنی شۆڕش بەئاڕاستەی ڕەوتی ماددی مێژوویی بەرجەستە دەکات لە کۆمەڵگەکاندا، ئالیەتی سەرکەوتنی بەڕوونی پێشانداوە، دژبوونی خۆی بۆ کاری خۆبەخۆی و بێ بەرنامەی لە سەرکەوتنی شۆڕشدا پێشانداوە. سەرکەوتنی شۆڕشەکان بەندە بە سازاندن وبەرجەستەکردنی پێویستیەکانی هەڵسوڕانی و ئامانجی ڕوون، بەرجەستەکردنی گۆڕانکارییە لە سیستەمی چەوسێنەرانەی پەیوەندی کارو سەرمایە، وپەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی سیستەمی سەرمایەداری. گۆڕانی دەمووچاوێک بەدەمووچاوێکی تر لە هەمان سیستەمدا، شۆڕش نییە، واتای بەرپاکردنی شۆڕش لە سیستەمی سەرمایەداریدا، بەرجەستەکردنی گۆڕانی پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی و سیاسی چینایەتیە، بەکۆمەڵگەیەکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێ چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان.
شۆڕشەجیاوازەکان وئەنجامەکانیان لەمێژوودا:
ئەوانەی لەڕابردوودا بەشۆڕش ناویان هاتووە، هەندێکیان شۆڕشن بەواتای گۆڕانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئابووری، هەندێکیشیان ماک و ناوەڕۆکی شۆڕشیان پێوە نییە، لەبەرئەوەی گۆڕانی بنەمای ئابووری کۆمەڵایەتی تیایدا ڕوی نەداوە.
یەکێک لەو جوڵانەوانە، ڕوداوی ساڵی ١٢١٥ زاینی ئینگلتەرایە، ناڕەزایەتی و جوڵانەوەی ئەرستۆکراتەکان بوو دژی مەلیک جۆن. داوایان دەکرد پاشا دان بنێت بە مافی خەڵکیشدا، مەبەستیش لێی زیاتر فراوانکردنی دەسەڵاتی ئەرستۆکراتەکان بوو، وە ئەنجامیشیاندا. واتا سیستەم نەگۆڕا، بەرژەوەندی چینێک سەنتەری جوڵانەوەکە بوو لەناو هەمان فرماسیۆنی سیاسی ئابووری کۆمەڵایەتیدا، ئەمەش گۆڕانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئابووری نییە.
لەمێژوودا چەندین شۆڕشی زانستی هەیە، توانیویانە سەرجەمی تێڕوانینەکانی ڕابردوو بەباری ڕووی ڕاستی خۆیدا بگۆڕن. یەکێک لەو شۆڕشە گرنگانە ،شۆڕشی کۆپەرنیکۆس (١٤٧٣-١٥٤٣)زی بوو، بەوەی کە هێنانەخوارەوەی وتەکان بوو لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی، ئەوەش بەدەرخستنی ئەو زانستەی کە خۆر بریتیە لە سەنتەر و ناوەندی کۆمەڵەی خۆر، زەوی ئەو ناوەندە نییە، ئەو تێۆرییە گەورەترین شۆڕش بوو لە مێژووی زانست و فەلەک ناسیدا.
جووڵانەوەکانی کرۆمۆیڵ ١٦٦٦ز، دوای لە ناوبردنی پەرلەمان، لە ئینگلترادا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریانەی دامەزراند، پێچەوانەی گەڕانەوەی پاشایەتی و لەناوبردن و دەرکردنی خێزانی ستیوارت و گوێزانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بۆ ولیام و ماری ساڵی ١٦٨٨ز. ئەم جۆرەش لە جوڵانەوانە، نەیتوانیوە پەیوەندی ئابووری سیاسی کۆمەڵایەتی بگۆڕێت، ئەم جوڵانەوانەو گۆڕانی سەروچاو، ناچێتە خانەی شۆڕشەوە هەرچەندە لە مێژوودا بەشۆڕش ناوی هاتبێت.
جۆرێکی تری ناونانی جوڵانەوەکان بەشۆڕش، ناوزەدکردنی شۆڕشی ١٧٧٦زی ئەمریکایە. ئەم جوڵانەوەیەی خاوەن سەرمایەو زەویوو زارو کۆیلەکان بوو، دژی هەمان چین بوو لە ناو دەسەڵات ودەوڵەتی پاشایەتی ئینگلترادا. ئەم جوڵانەوەیە نەیتوانی باری گرانی ژیانی کۆیلەداری کۆیلەکان لە ئەمریکادا بگۆڕێت. ئەو جوڵانەوەیە نەبووە هۆکاری گۆڕینی فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی، بە فرماسیۆنێکی تر. بەڵکو کۆیلەداری بەردەوام بوو هەتا هەموواری سیازدەی دەستووری ئەمریکا لە ساڵی ١٨٦٥ز. ئەمەش نەیتوانی لەسەر ئەرزی واقع کۆتایی بە کۆیلەیەتی بهێنێت، تەنها مرەکەبی سەرکاغەز بوو. ئەم جووڵانەوەیە ناتوانیت بەشۆڕشی کۆمەڵایەتی بیچوێنی، تەنها وەکو ڕزگاری نیشتمانی چاولێدەکرێت، واتا تەنها ڕزگاری خاوەن زەوی و سەرمایەکان بوو لەژێر چنگی باج و خەراجی دەوڵەتی پاشایەتی ئینگلیز، هەتا لە دواتریشدا دەوڵەتی کۆمارییانیش دامەزراندبێت.
لەو شۆڕشانەی کە فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی گۆڕی، شۆڕشی ساڵی ١٧٨٩زی فەڕەنسی بوو، شۆڕشی بۆرژوازی بوو، وەهەڵگری گۆڕانی فکری وئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو. گۆڕانی بنەڕەتی دروستکرد لە پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی وسیاسی، پەیوەندیەکی نوێی چینایەتی سەرمایەداریانەی هێنایە ئاراوە، سەرکەوتنی چینی ناوەند بوو بەسەر پاشاو ئەرستۆکراتەکاندا، کۆتاییان بەکۆیلەی کشتوکاڵیدا هێنا، سیستەمی سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتی سەرمایەدارانەی چەسپاند، هەروەها بەشۆڕشی نیشتمانی و دێموکراسی دیاری دەکرێت. بەڵام شۆڕشی ١٨٤٨زی فەڕەنسا، بەشداری پرۆلیتاریا بوو، ئەمەش سەرەتای دەستپێکی ڕووبەڕووبونەوەی سەرمایەداران و پرۆلیتاریا بوو، شێوەیەکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە خۆگرتبوو، هەرچەند پرۆلیتاریا سەرکەوتنی یەکجارەکی بەدەست نەهێنا، و کۆماری دووەمی بۆرژوازی فەڕەنسای بەرجەستە کرد، بەڵام بوو بە چاوگێک بۆ شۆڕشەکانی تری ئەورووپا، وبەرجەستەکردنی بەشێک لە مافەکانی مرۆڤی بە شێوەیەکی ڕێکوپێکتر بەیان کردوو شیعاری ئازادی وبرایەتی و دادوەری بەیان دەکرد. ئەم شۆڕشەش زۆرتر لایەنداری مرۆڤانەو کۆمەڵایەتیانەی پێشان دەدات. شۆڕشی ١٧٨٩زی شکڵی شۆڕشێکی گەلیانەی لەخۆگرتبوو بەکاریگەری وهاندانی بیری بۆرژوازیانەی بۆرژوازی، بەڵام ئەوەی ١٨٤٨زی ململانێیەکی چینایەتیانەی لەخۆگرتبوو.
بەڵام جیاواز لە شۆڕشەکانی تر، لەسەردەمی هاتنە ئارای سەرمایەداری شۆڕشێکی چینایەتی پرۆلیتاریای فەڕەنسی ساڵی ١٨٧١زی بوو، بەکۆمۆنەی پاریس ناسراوە ، تەمەنی لە نێوان ١٨ئازار بۆ ٢٨ئایار ی ١٨٧١زی درێژەی کێشا، یەکەم حکومەتی شۆڕشگێڕی چینی کرێکار بوو. لەوکاتەدا ئەم شۆڕشەش نەبووە گۆڕانکاری و گوێزانەوەی سیستەمی سەرمایەداری بۆ سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم، ئەگەر ئەمەش بەهۆکاری کەمی تەمەنی و فرەیی لە ڕاوبۆچونی جیاوازی ناو کۆمۆنارەکان، ولەلایەکی تریش گەمارۆو پیلان گێڕانی دەوڵەتانی ئەوروپا دژی کۆمۆنەی پاریس لەترسی لەدەستدانی دەسەڵاتی خۆیان، تەمەنێکی کورتی بەڕێکرد. بەڵام وەرچەرخانێکی گەورەی لەسەر ئاستی ئەوروپاو جیهان خوڵقاند، بووە هۆکاری ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا باشتر مامەڵە لەگەڵ کرێکاراندا بکەن لەڕووی ماف وکرێکانیانەوە.
ماویەتی…