نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی (١٧ تشرینی یەکەمی) هەموو ساڵێکی وەک “ڕۆژی جیهانی هەژاری” دیاری کردووە، لەو ڕۆژەدا لە ساڵی (١٩٨٧) زیاتر لە سەد هەزار کەس لە گۆڕەپانی (ترۆکادێرۆ) لە پاریس کۆبوونەوە، کە هەمان ئەو شوێنەیە جاڕنامەکەی مافی مرۆڤی جیهانی تێدا واژۆ کراوە ساڵی (١٩٤٨)، ئەویش “بۆ ڕێزلێنان” لە قوربانیانی هەژاری لەڕادەبەدەر و برسێتی و توندوتیژی، لەوێدا ڕایانگەیاند کە هەژاری دەچێتە خانەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
بەپێی پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەژاری، تەنیا کەمی داهات یان دەستەبەرکردنی سەرچاوەیەکی بەردەوامی بژێوی ژیان نیـیە، بەڵکو لەوەش تێپەڕدەکا بۆ بەدخۆراکی، نەبوونی دەرفەتی خوێندن، و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، ئەوە جگە لە هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی، دوورخستنەوە لە کۆمەڵگا، و نەبوونی دەرفەت بۆ بەشداریکردن لە بڕیاردان.
لە دونیای ئەمڕۆدا کە بە ئاستێکی بێ وێنەی گەشەسەندنی ئابووری و پەرەسەندنی ئامرازە تەکنەلۆژییەکان و سەرچاوە داراییەکان دەناسرێتەوە، هەژاری چیتر و تەنها دیاردەیەکی سادەی فرەڕەهەند نییە، بەڵکو بەرهەمێکی واقیعی و یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی سیستەمی چینایەتی، واتە سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداریی داسەپاوی ئەم سەردەمە. هەر وەک چۆن مارکسیش دووپاتی دەکاتەوە: (کەڵەکەبوونی سامان لە جەمسەرێکی کۆمەڵگادا لە هەمان کاتدا کەڵەکەبوونی هەژاری و نەهامەتییە لە جەمسەرەکەی تردا).
جا ڕێکخراوی (نەتەوە یەکگرتووەکان) کە ڕێکخراوی ئەو وڵاتە سەرمایەدارییانەیە، وە پاسەوانی ئەم سیستمە چینایەتییە جیهانییەیە، لایەک بۆ ئەوەی نەهامەتی و تڕاژیدیاکانی سیستمەکە کەم بکاتەوە و ڕووخسارەکەی ڕووتوش بکات، وە لە لایەکی تریشەوە ڕێگەیەکی چاکسازییانە بخاتەڕوو بۆ چینە چەوساوە و توێژە برسی و هەژارەکان تا ڕوونەهێنن بۆ ڕێگەیەکی شۆڕشگێڕانە، ئەم ڕێکخراوەی (نەتەوە یەکگرتووەکان) ڕایگەیاندووە کە “هاودەنگ”ی هەژارانە و “پابەندە” بە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری و هەلومەرجێک بێنێتە کایەوە کە “مەترسی دێوەزمەی هەژاری لە دڵی ئەم خەڵکەدا وەلانێ” و ژیانێکی باشتریان بۆ فەراهەم بێنێ! بەڵام لە ڕۆژی دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوەوە تا ئێستا هەژاری و برسییەتی و جەنگ و ئاوارەییش لەگەڵیا لە پەرەسەندن و زیاد بووندان.
بەراوردێکی سادە لە نێوان ژمارەی خەڵکی هەژار لە جیهاندا و ژمارەی کەسە داراکان بە ڕوونی سروشتی ئەم سیستەمە و دڕندەی یەکەی دەردەخات. پێوەرێکی هەژاری فرەڕەهەندی جیهانی بۆ ساڵی (٢٠٢٣)، کە ئامارەکانی ساڵی (٢٠٢٢) دەگرێتە خۆی، باس لەبوونی(١،١) ملیار خەڵکی هەژاری دەکا لە کۆی (٦،١) ملیار کەس کە لە (١١٠) وڵاتدا نیشتەجێن، ئەوەش بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ژمارەی هەژارترین هەژاران کە تەمەنیان لە خوار هەژدە ساڵەوەیە نزیکەی (٥٨٤) ملیۆن منداڵ و هەرزەکارە، هەروەها ئەو ڕێژەیە لە نێو منداڵانی کۆرپە (٢٧،٩%) بە بەراورد بە (١٣،٥%) لە نێوان گەورەکاندا، زۆرینەی هەژارترین هەژارەکان، واتە (٨٣،٢%) ی ئەوانە، لە ئەفریقای باشوری بیابانی گەورە (الصحراء الكبرى) و باشووری ئاسیا دان، واتە نیوە دورگەی کیشوەری هیندستان کە لە هەموو ناوچەکانی جیهان پڕ دانیشتووترە. هەر ئێستاش یەمەن و فەلەستین و سودانی بخەرە سەر، کە برسێتی لە دەرگایان دەدات.
بەو پێیەی ماڵپەڕی (فۆربێس) – کە ماڵپەڕێکە تایبەتە بە کاروباری سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکانی جیهان – دەڵێ :{سەبارەت بە ژمارەی دارا و دەوڵەمەندەکانی جیهان، ساڵی (٢٠٢٤)، کە هێشتاش نەگەیوەتە کۆتایی، شاهیدی ساڵێکی ناوازە بووین، لەو ساڵەدا، تا ئێستا، (٢٧٨١) ملیاردێری لە سەرانسەری جیهاندا تۆمارکراوە}، بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد، ئەمە ژمارەیەکی بێ وێنەیە تا ئێستا لە جیهاندا ڕوینەداوە لە کەمتر لە ساڵێکدا [١٤١] ملیاردێر زیاد بکا بە بەراورد بە ساڵی ( ٢٠٢٣).
بۆ نموونە لە هیندستان، کە لە پلەی سێیەمی جیهاندایە لە هەبوونی زۆرترین ژمارەی ملیاردێرەکان لە دوای ئەمریکا و چین، ژمارەی ملیاردێرەکان بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاست کە تا ئێستا نمونەی نەبووە ئەویش بە تۆمارکردنی (٢٠٠) ملیاردێری لەو وڵاتە.
ئامارەکانی ڕێکخراوی (ئۆکسفام) – کە ڕێکخراوێکی جیهانییە و نوێنەرایەتی ملیۆنان کەس دەکات کە هاوبەشی بنەمایەکن دەڵێ “جیهان دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی بژێوی و هەژاری حەتمی نییە”، – دەریدەخات کە تەنها هەشت(٨) کەس لەڕەگەزی پیاو خاوەنی سامانێکن لە جیهاندا هاوتایە لەگەڵ دەرامەدی نیوەی هەژارترین دانیشتوانی جیهان! ئەو ڕێکخراوە باس لەوە دەکا کە قەڵشتی نایەکسانی لە سامان و دەرامەتدا زیاتر لە جاران فراوان بووە و داتاکانی چین و هیندستان ئاماژە بەوە دەکەن کە نیوەی هەژارترین دانیشتوانی جیهان خاوەنی کەمترین داهاتن لەوەی پێشتر خەمڵێنراوبوو، و ئەوەی تەنها نۆ (٩) کەس لە جیهاندا خاوەندارێتی دەکەن هاوتایە لەگەڵ ئەوەی (٣،٦) ملیار کەس کە بەدەستی دەهێنن، ئەوش نیوەی هەژارترین مرۆڤەکانی جیهان پێکدێنن.
وەک دەڵێن، جامەکە لەسەریەوە ڕژاوە و لافاوەکە گەیشتووەتە سەرلوتکەی چیاکان، هەژاری و نەداری هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە، هەژار کاتێک برسی دەبێ کە دەوڵەمەند لەتێریدا ورگی هەڵامسێ، ئەم ئامارە ترسناکانەش ئاماژەن بەوەی تەقینەوە بەڕێوەیە، بەڵام ئەم تەقینەوەیە حەتمیەتێکی مێژوویی نیـیە، بەڵکو پێویستی بە کاری ئاگاهانە و هوشیاری و ڕێکخستن هەیە و وەک مارکس دەڵێت: (هەژاری شۆڕش دروست ناکات، بەڵکو ئەوە هۆشیاری ئاگا بوونە بە هەژاری کە شۆڕش دروست دەکات، ئەرکی ستەمکار ئەوەیە هەژارو نەدارت بکا و ئەرکی قەشە و مەلای ستەمکارانیش ئەوەیە کە هۆشیاریەکەت و نبکا) واتە تەنیا بوونی هەژاری بەبێ هەستکردن بە ستەم و نادادپەروەری شۆڕشێک دروست ناکات، ئەگەرچی لەوانەیە ببێتە هۆی تەقینەوەیەکی جەماوەری کە لەڕێگەیەوە توڕەیی و تۆڵەسەندنەوە و ڕقی پەنگخواردوو بتەقێنێتەوە، وەک ئەوەی لە ڕوداوەکانی (١٧ شوباتی ساڵی ٢٠١١) لەکوردستان و ڕاپەڕینەکەی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩) لە ناوەڕاست و خواروی عێڕاق دا ڕوویدا، بەڵام نەیتوانی هیچ ئاڵوگۆڕەکی ڕیشەیی بەدیبهێنێ.
ئەو پرسیارەی کە لێرەدا، بەگوێرەی ئەو داتایانەی سەرەوە، دێتە ئاراوە ئەوەیە: ڕێگای بنبڕکردنی یەکجارەکی و تەواوەتی هەژاری چییە؟ بەدڵنیاییەوە ئەوە نیـیە کە ڕۆژێک بۆهەژاری و وەبیرهێنانەوەی دەردەکانی لە جیهاندا دابنرێ، هەرچەندە خەبات بۆ سەپاندنی چاکسازی و باشترکردنی ژیان و دابینکردنی هەلومەرجی گوزەرانی گونجاو پرسێکە لە ڕەوتی ململانێ لەگەڵ بۆرژوازی و سیستەمی سەرمایەدارییەکەیدا نابێ دەستی لێهەڵگیرێ.
بەڵام بەدیهێنانی جیهانێکی خاڵی لە هەژاری، جیهانێکی ئازاد و یەکسان تەنها لە ڕێگەی شۆڕشی سۆسیالیستیەوەیە، ئەو شۆڕشەی کە چینی کرێکار وەک چینێکی ڕێکخراو و یەکگرتوو لەگەڵ هەموو توێژە زەحمەتکێش و هەژاران و ژنانی ستەملێکراودا ئەنجامی دەدەن.