مافی كەمایەتییەكان لە نێوان رەیان شارباژێڕی و مونا چۆمانی

عەلی مەحمود محەمەد

یاسای پێشووی هەڵبژاردنی كوردستان یەكێك بوو لە یاسا باشە دگمەنەكانی جیهان, كۆپیەكی یاسای هەڵبژاردنی هۆڵەندا بوو, بەڵام بە هەموار كردنەوەو گۆڕانی بۆ چەند بازنەیی تێكدرا, هێشتا دەتوانین بڵێین باشە, وەلێ هەڵبژاردنی هەرێمی كردستان لە پراتیكدا خراپترین هەڵبژاردن بوو بەهۆی نەبوونی سنورێك بۆ رۆڵی پارە لە هەڵبژاردن لە نەبوونی سنووری لانی زۆری خەرجكردن و بەكارهێنانی پارەی سیاسی و پارەی بیانی, ئیستغلال كردنی كۆتای كەمایەتییەكان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە, راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێش وەخت پێش هەڵبژاردنی گشتی, نەبوونی لیستی باشی دەنگدەران و …..لە هیندستان هەڵبژاردن 42 رۆژی خایاند دەست لە فۆرمێك نەدرا تا كۆتایی هەموو پێكەوە ژمێردران و راگەیەنران, كەچی لە كوردستان پۆلیسێك دەنگە دات یەكسەر بڵاو دەكرێتەوە كە كاریگەری لەسەر رەوتی دەنگدان دادەنێت, لە كوردستان یاسا باشەكە خراپكرا, پراتیكە خراپەكانی هەڵبژاردن لە جێگای خۆیان مان.

مافی كەمیاتییەكان
ئەوەندەی سیاسی و رۆشنبیرانی كورد لێكۆڵینەوەو نموونەیان لەسەر مافی نەتەوەكانی گەلانی جیهان خوێندۆتەوەو بە نموونە لە نووسین و لێدوانەكانیان هێناویانەتەوە نموونەی لە ناو گەلانی ژێردەستدا نییە, لەو نموونانەشەوە بۆ خۆیان بە دوای چاكتریندا دەگەڕان, ئەمەش مافی هەر گەلێكە داوای زۆرترین ماف بۆ خۆی بكات و هەوڵی كۆتایی هێنان بە ستەم و ژێر دەستی بدات, هەموو ئەوانەشی لە خەتی پارتە سیاسییكان و بزاوتەكانیان لایان داوە, لە گەڵ دەوڵەتی نەتەوەی سەردەست رێك كەوتوونە بە جاش و خائین ناوزەد كراون و دراونەتە قەڵەم, ئەگەر هەر چی دەست كەوتێكیشیان هەبووبێت, رێكیش ئەوانە جاش بوونە.

دوای راپەڕینی ساڵی 1991 كورد دەسەڵاتێكی خۆجێی دامەزراند, یەكەم هەنگاو دەبوایە شوێنەوارەكانی بەعسی بسڕایەتەوە, بەڵام دەسەڵاتدارانی كوردستان شوێن پێی بەعسیان هەڵگرتەوە لە مامەڵە لە گەڵ پێك هاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان, كەوتنە كڕین و دروستكردنی پارتی كارتۆنی لە چەشنی دیموكرات و شۆڕشگێڕانە كارتۆنییەكەی بەغداو مەجلس تەشریعی و تەنفیزییەكە لە كەسانێك كە جێگای پەسەندی ئەو نەتەوەو پێكهاتانە نین و نوێنەرایەتییان ناكەن, ئەمە بووە دیاردە.

هەڵبژاردنی ئەمجارە
سەرەتا ینك داوای دەكرد لیستی ناوی دەنگدەرانی كۆتاكان جیا بێت, خۆیان دەنگ بە خۆیان بدەن, نوێنەرانی راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن, ئەمە داوایەكی رەوا بوو. دەبوایە كۆتا كاكەیی و ئێزیدی و پێك هاتەكانی دیكەشی بگرتایەتەوە, ئەوانیش نوێنەرانی خۆیان هەبووایە لە پەرلەمان.

پێكهاتەكان لە زۆر پوازدا دەژێن, بە پێی چڕی دانیشتوانەكانیان كورسییەكانیان دابەش بكرابایا, نەك دوو بە سێ بەسەر پارتی و یەكێتی وەك كورسییەكانی پەرلەمان دابەش بكرابایان, لە كاتێك لە سلێمانی 64 خێزانی كریستان هەیە, كورسییەكانیان وەك دهۆك و هەولێرە كە لە هەر یەكەی هەزاران بۆ دەیان هەزار دەنگدەری لێیە, دەكرا بۆ پێكهاتەكان كوردستان یەك بازنە بووایە, هەرچەندە یەك بازنەیی بۆ هەموو كوردستان زۆر دیموكراسیانەتر بوو.

با سەیری ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی كۆتاكان بكەین, بزانین چ مەهزەلەیەك كراوە.
لە دهۆك بۆ كورسییەكی كۆتای كریستان 8 كاندی هەبوو, كۆی گشتی 7050 دەنگیان هێنایەوە, لە كاتێكدا پارتە كریستانەكان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردبوو, كاندیدەكەی پارتی بە ناوی جیمس حیسدۆ هیدۆ داود 5533 دەنگی هێنایەوە, ولیم بنیامین شلیمۆن دووەم كاندید خاوەند 1199 دەنگە , ژمارەكان ئەوەندە رێكن دەڵێی یاری بینگۆیە, واتا كاندیدەكەی پارتی بە تەنها 78%ی دەنگەكانی بە دەست هێناوە.
لە شاری سلێمانی 3 كریستان خۆیان كاندید كرد, 6657 دەنگیان هێنایەوە, كاندیدی حەشدی بابلیون دانا ئامانج نەجیب شەمعون 6200 دەنگی برد, واتا 93%ی دەنگی كریستانەكان چوارتای برد لە كاتێكدا حەشدی بابلیون یەك كەسیشی لە سلێمانی نییە, بۆ خۆی هەموو پارێزگای سلێمانی 125دەنگی كریستانی هەیە، ئەوانیش زۆریان دەنگیان بە سامان داوە نەك ئامانج, كەچی سامان جەمیل بۆیا كەریم تەنها 73 دەنگی كریستانی بە دەست هێناوە, بەمەش دەنگی كریستانەكان سلێمانی 5300% زیادی كردووە.

لە پارێزگای سلێمانی توركمانیش 6 كاندیدیان هەبوو, كۆی گشتی 7098 دەنگیان هێناوەتەوە, لەوانە نەجدەت نوری محەمەد عەرەب بە تەنها 5660 دەنگی هێناوەتەوە, لەسەر تەوجیهاتی وەستا رەسوڵ. كەچی سەزگین مصەلەح الدین عەلی عەباس كاندیدی بەرەی توركمانی تەنها 505 دەنگی هێناوە, كە زۆربەی توركمانەكان كفری كە كەمتر لە 2000 دەنگیان هەیە دەنگیان بەو داوە, كەچی سێیەمە.
واتا كاندیدەكەی وەستا رەسوڵ1120%ی كاندیدی بەرەی توركمانی دەنگی هێناوەتەوە, چاكترە لە داهاتوو تووركمانەكان بەرەی وەستا رەسوڵیش پێك بهێنن بۆ خۆیان” دەنگەكەی وەستا رەسوڵ بڵاو كرایەوە”.

لە هەولێر كریستانەكان 7 كاندیدیان هەبوو, كۆی گشتی 7458 دەنگیان هێناوەتەوە, لەوانە رامی نوری عودیش دانیال كاندیدی پارتی 5752 دەنگی هێناوەتەوە, واتا 77%ی دەنگەكان بۆ كاندیدەكەی پارتی بووە. هەر لە شاری هەولێر توركمانەكانیش 14 كاندیدیان هەبوو, كۆی گشتی 5236 دەنگیان هێناوەتەوە, مونا نەبی نادر عەبدوڵا ناسراو بە مونا قەهوەچی بە تەنها 3664 دەنگی هێناوەتەوە , واتا 70%ی كۆی دەنگەكان. بەرەی توركمانی لە هەولێر لە گشتی لیستی هەبوو, بەڵام تەنها 1725 دەنگی هێنایەوە, واتا مونا چۆمانی 212%ی دەنگی بەرەی توركمانی هێناوەتەوە.

مونا و رەیان دوو نموونەی خراپ بۆ مافی پێكهاتەكان

چۆن بەعس بە دوای نموونە ناشرینەكانی كۆمەڵگای كوردی دەگەڕا بۆ جاشایەتی لە سەرۆك خێڵ و خەڵكانی لاوازو دواكەوتوو, بە هەمان شێوە پارتی و یەكێتی هەمان نموونە دووبارە دەكەنەوە, ناهێڵن پێك هاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن, بەو لێشاوە دەنگەی ناو هێزە چەكدارە كۆنترۆڵكراوەكان هەیانە رەوتی دەنگدانەكانی ناو پێكهاتەكان بە قازانجی كاندیدەكانیان دەگۆڕن.

مونا قەهوەچی لە پارتییەكان پارتیترە, بۆ سێیەم خول بە دەنگی زێرەڤانی دەبێتە پەرلەمانتار, لە ماڵەوە كارەكەری هەیە و سەر بە هەویە شوی كردووە, خۆی و هاوسەركەی سەرۆك و جێگری سەرۆكی پارتی ئیسلاحی توركمانین, لە هەموو خولەكانی هەڵبژاردن دەنگی یەكەمی ناو لیستی توركمانەكان بووە بە دەنگی زێرەڤانی.

هەرچی رەیان كلدانییە, سەرۆكی حەشدی كلدانییە, بە دەنگی حەشدی شەعبی و یەكێتی زۆرینەی كورسی كریستانەكانی بۆ خۆی بردووە, دوای كەركووك لە سلێمانیش لە رێگای یەكێتییەوە كورسییەكی برد, پێی دەچێت دادگای فیدراڵی تەنها لەبەر شێخ رەیان وەك شیعەكان ناویان لێ ناوە, كورسییەكی كۆتایان بۆ 64 خێزانە كریستانەكەی سلێمانی تەرخان كردبێت.

رەیان كلدانی بە بنەچە كریستانەو خەڵكی قوشە لە پارێزگای موسڵ, بەڵام دانیشتووی شاری سەدرە لە بەغدا, سەرۆكی كەتیبەی بابلیونە, لە رێكەوتی 18-7-2019 ەوە ناوی لە ریزی لیستی سزادراوانی یاسای ماغنیستی ئەمەریكادایە بەهۆی گەندەڵی و داگیركردن و فرۆشتنی زەوی هاوولاتیان لە دەشتی موسڵ و پەلاماردانی ئافرەتان و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ , ئەو دژە ئیسلامی سونەیە تا ئاستی راستیزم, لە موسڵ وەحشیانە لە گەڵ پێكهاتەی سونە مامەڵەی كردووە, یەكێك لە نزیكەكانی قاسم سلێمانی و مەهدی موهەندیس بووە, پێشتر لە سوپای مەهدی بووە, بەهۆی ژنخوازییەوە بووە بە موسڵمانی شیعە, 4 پەرلەمانتارەكەی لە كۆتای كریستان بە هەمان شێوەی كاندیدەكەی سلێمانی و كەركووك دەرچوونە, چاودێرانی كریستان پێیان وایە تەنها 10%ی كریستانەكان دەنگیان بە لیستەكەی داوە, بە فێڵ و دەنگی حەشدی شەعبی كورسی كریستانەكانی بۆ خۆی بردووە.

كەنیسەكانی كریستانەكان بێ بەری خۆیان لە كەتیبەكەی راگەیاندووە, بە تایبەتیش ململانێی توندی لە گەڵ پەتریرك لویس روفائیل ساكۆ پەتریركی كلدانی عێراق و جیهان هەیە, هەر لە بەر رەیان لە رێكەوتی 3-7-2023 بە مەرسومی سەرۆك كۆماری كشاندەوە كە دە ساڵ پێشتر لە سەردەمی تاڵەبانی دەرچوو بوو بۆ ئەوەی سەرپەرشتی ئەوقافەكانی بكات, كە رەیان چاوی لە سەریەتی مەرسوم دەربچێت رەیان سالم داود بكات سەرپەرشتی وەقفی كەنیسە كە خاوەند موڵكێكی زۆرن, چۆن خوشكێكی كردووە بە پەرلەمانتار و خوشكەكەی تریشی كردووە بە بەرپرسی دارایی, ساكۆ لە ئاستی كاردیناڵدایە, لە دوای پاپا دووەم پۆستە لەناو كاسولیكەكان جیهان.
بەم شێوەیە دەبینین نەتەوەیەكی بن دەست بەم شێوەیە مافی نەتەوە بندەستەكان خۆی چارەسەر دەكات, دوا تەرزی چارەسەری نەتەوەیی لە نیشتمانێكدا خۆی وڵاتەكەی دابەشی چوار پارچە كراوە, لە لایەن دوو هێزی سیاسییەوە لە زووەكەوە ناو نراون بیبسی و كۆلا.

009647503714620

لێدوانێک بەجێ بهێلە