«تڕەمپ و جەنگاوەرانی»

سیروان عەبدول

(بەشی سێهەم و کۆتایی)
توخمێکی تری ناو سیاسەتی ئەمریکیی کە من تەواو نیگەرانم لە ئامادەکردنی باسی لەناو سیاسەت و کۆمەڵگای کوردییدا بەبێ ڕێفلێکتکردن و وردکردنەوە، ئەو ڕەخنانەیە کە کۆمارییەکان و کۆنسەرڤاتیزمی کۆمەڵایەتیی ئەمریکیی هەیانە لە ئیندیڤیدواڵیزم و ئازادیی شەخسیی و خۆڕیاڵیزەکردن، هەروەها ئەو پێداگرییەی هەیانە لەسەر گرنگیی بەها ترادیشیۆناڵەکانی خێزان وەک زامنکەرێکی سەقامگیریی کۆمەڵایەتیی. ئەمە چونکە کۆمەڵگای ئەمریکیی و کۆمەڵگای کوردیی هەم لە دوو قۆناغی گەشەکردنی جیاوازدان، هەمیش ناکۆکییە کولتورییەکانی ناو کۆمەڵگای ئەمریکیی دروستبووی ناو سیاقێکی مێژوویی، کولتوریی، کۆمەڵایەتیی و سیاسیی تەواو جیاوازن لە ناکۆکییە کولتورییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردیی. بۆ نموونە، پلەی یەکسانیی ژن و پیاو لە کۆمەڵگای ئەمریکییدا گەیشتۆتە ئاستێک کە تەواو ڕەوایە پێمانوابێت فیمینیزم لەو کۆمەڵگایەدا کەم و زۆر حیکمەتێک بۆ وجودی نەماوە، وە ڕەوایە خەباتی جیدییانەی فیمینیستیی لە ئەمریکای باکوور و ڕۆژئاوای ئەوروپا وەک سیاسەتێکی ناسنامەیی ناپێویست یان پێداگرییەکی پەڕڕەوانە لەسەر دۆگمای یەکسانیی سەیر بکەین. بەڵام تەعمیمکردنەوەی ئەم حوکمە بەسەر بزووتنەوەی فیمینیستیی لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناویندا کە هێشتا تیایدا تەنانەت داکۆکییکردن لە سێکسکردن لەگەڵ کچی نۆ ساڵدا لە میدیاکانەوە نەک مولاحەقەی یاسایی بەدوای خۆیدا ناهێنێت، بەڵکو وەک دیندارییەکی جێگەی شانازیی سەیر دەکرێت، ڕێک بەشدارییکردنە لە بەهێزکردنی ئەو دیندارییە بەربەرییەدا.

دۆزی جێندەر، وە ڕەخنە لە دروستنمایی سیاسیی (Political correctness) لەناو شەڕی کولتوریی ئەمریکیی و لە سیاسەتی ئەمریکییدا سەبارەت بە هەبوونی واقیعێکە کە لە کۆمەڵگا و سیاسەتی کوردییدا ڕێک پێچەوانەکەی هەیە. لە ئەمریکا دروستنمایی سیاسیی لە دۆزی جێندەردا دیبەیتێکە سەبارەت بە کۆتوبەندی سەر ئازادیی دەربڕینی ئەوانەی ڕەخنەیان لە جێندەر هەیە تا ئاستی کانسڵبوون لەلایەن چەپی ڕادیکاڵەوە. لەکاتێکدا دروستنمایی سیاسیی لە دۆزی جێندەر لە کوردستاندا دیبەیتێکی تەواو کپکراو و، کۆتکردنێکی تەواوەتیی ئازادییەکانی بەرامبەرە تا ئاستی خەتەری گیانیی لەلایەن کۆنسەرڤاتیڤییەتێکی دواکەوتووانەی پاتریارکیی-ئیسلامییەوە. بۆیە گواستنەوەی باسی دروستنمایی سیاسیی و کانسلبوون لە دۆزی جێندەردا بۆ ناو فەزای گشتیی کوردستان، لەبری ئەوەی داکۆکیی بێت لە ئازادیی دەربڕین، ڕێک چوونەپشتی ئەو هێزە لە کاروان دواکەوتووە دەبێت کە هەموو دەربڕینێکی ئازادانەیان لەو بوارەدا لەڕێگەی فەرزکردنی دروستنماییەکی سیاسیی سەرتاپاگیرەوە چاوترسێن کردووە. سەیری، دوو ساڵێک پێش ئێستا کاتێک حیزب و گروپە ئیسلامییەکان لە هەڵمەتێکی گەورەی پۆپۆلیستیی پڕ لە درۆ و پرۆپاگەندەی خەڵەتێنەردا بۆ ماوەی دوو مانگ هێرشیان کردە سەر ماف و ئازادییەکانی خەڵکانی لیگەبایت (LGBT)، میدیاکان بۆ لێدوان تەنانەت تیمی کادیری هونەریی تایبەتیان دەنارد بۆ ماڵی ئیسلامییەکی ئەحمەق کە هەر ئەوەندە لە جێندەر تێگەیشتبوو کە گوایە «جێندەر واتە هاوسەرگیریی پیاو لەگەڵ ئاژەڵ»، کەچی دروستنمایی سیاسیی ڕێگر بوو لەوەی لەو هەموو ماوەیەدا میدیاکان هیچ کەسێکی لایەنگری ماف و ئازادییەکانی هۆمۆ و ترانسجێندەرەکان لەو دیبەیتانەدا بەشدار پێ بکەن.
٭ ٭ ٭
کۆنسەرڤاتیزم لە ئەمریکا لەو سۆنگەیەوە نیگەرانە بۆ دامەزراوەی خێزان کە پێیانواییە فیمینیزم کچانی بە ئەندازەیەک ئازاد و لەڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ کرد کە ئاسان بە هەموو کوڕێک ڕازیی نابن و، وەک جاران بە ئاسانیی خێزان دروست نابێت. یان پێیانوایە ڕێگەدان بە زەواجی کوڕ لەگەڵ کوڕ و، کچ لەگەڵ کچ، قورسایی بۆ ئەو ڕۆڵە جێندەرییە نەریتیی و باوە دروست کردووە کە کۆمەڵگای ئینسانیی هەزاران هەزار ساڵە پێی ڕاهاتووە. لە درێژەدا پێیانوایە کە ئەو گۆڕانکارییانە گرفتی بۆ ئەو بەها مۆڕاڵیی و ئاینییانە دروست کردووە کە جاران سەقامگیریی بۆ دەزگای خێزان دابین دەکرد.

ئەوە ڕۆشنە کە ئەم نیگەرانییە بۆ خێزان و بۆ ڕۆڵی ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا جیاوازییەکی جەوهەریی و گەورەی هەیە لەگەڵ نیگەرانیی کۆنسەرڤاتیزم لە کوردستان بۆ خێزان و بۆ ڕۆڵی ژن و پیاو. جیاوازیی هەم لە ڕووی پلەی دژەژنیی تیایاندا و، هەمیش لە ڕووی جۆری ڕوانگەیان بۆ شوێنگەی ژن لە کۆمەڵگادا. کۆمەڵگای کوردیی ڕوانگەیەکی زۆر دوونییتری هەیە بۆ ژن تا کۆمەڵگای ئەمریکیی، وە ئەو ڕوانگەیە بە ئەندازەیەک باوە لە کۆمەڵگای کوردییدا کە ژنی لەناو ستراکتۆرێکی کولتوریی و یاسایی بەرتەسکدا لە قاڵب داوە.

نیگەرانیی لە زۆربوونی ڕێژەی تەڵاق لە کۆمەڵگای ئەمریکییدا سەبارەت بە دۆزێکی تەواو جیاوازە کە هیچ نایبەستێت بە زۆربوونی ڕێژەی تەڵاقەوە لە کوردستان، وە ئەو حاڵەتەی کوردستان نموونەیەکی پشتڕاستکەرەوەی ئەو نیگەرانییە کۆنسەرڤاتیڤییەی ئەمریکا نییە. نیگەرانیی بەرامبەر زۆربوونی تەڵاق لە ئەمریکا دۆزێکە سەبارەت بە خۆڕیالیزەکردن لەناو پەیوەندیی گەرموگوڕی خێزاندا. لەبەرامبەردا، نیگەرانیی بەرامبەر زۆربوونی تەڵاق لە کوردستان دۆزێکە سەبارەت بە هەوڵی ڕاگرتنی کۆنتڕۆڵ بەسەر تاکی مێدا و ڕێگرییکردنە لە خۆڕیالیزەکردن و بوونی بە خاوەن ڕوخساری کۆمەڵایەتیی خۆی و دەرچوونی لە کۆیلەیی. بۆیە کاتێک کۆنسەرڤاتیڤییەتی کوردیی و حیزبە ئیسلامییەکان باسی «هەڵوەشانەوەی شیرازەی خێزان» دەکەن و داوای کردار دەکەن لە بەرامبەریدا، یان کاتێک کاک فاروق ئەو توخمەی ناو کۆنسەرڤاتیڤییەتی ئەمریکیی دەهێنێت و ڕاستەوخۆ ئیسقاتی دەکات بەسەر کۆمەڵگای کوردییدا، بەوە کار بۆ سنووردارکردنەوەیەکی زۆر گەورەتری ژیانی کچان و ژنانی کورد دەکەن لەوەی کە کۆنسەرڤاتیڤییەتی ئەمریکیی مەبەستێتی یان لە توانایدا هەیە فەرزی بکات بەسەر ژنانی ئەمریکییدا. هەمانشت، ئارگیومێنتی ئاینیی و سیاسیی کۆنسەرڤاتیڤەکانی ئەمریکا دژ بە مافەکانی خەڵکانی لیگەبایت (LGBT) ناتوانێت هیچێکی وا بکات لەبەرامبەر ئەو مافانەدا کە لە یاسای دەوڵەتدا جێگیر کراون و تۆڵێڕانسێکی زۆر کەم هەیە لە کۆمەڵگادا بۆ گوشارهێنان بۆیان. بەپێچەوانەی کۆمەڵگای کوردییەوە، کە هۆمۆفۆبیا و ترانسفۆبیا سیفەتی بەشی گەورەی تەنانەت توێژە هەرە ڕۆشنبیر و کراوەکەی کۆمەڵگاکەیە و، هۆمۆ و ترانسجێندەرەکان خۆیان و دۆزەکەیان بە دەستی بەتاڵ لەبەردەم هێرشی کۆنسەرڤاتیڤییەتێکی بێتۆڵێڕانسدا بەجێ هێڵڕاون.
٭ ٭ ٭
شتێکی تر مامەڵەی کۆمەڵگایە لەگەڵ ئەو نیگەرانییانەدا کە کۆنسەرڤاتیڤەکان دەیووروژێنن. لە ئەمریکا بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق و جیاوبوونەوە لە کۆمەڵگادا، دەیان ئیجرائاتی تەراپیی خێزانیی بەدوادا دێت لەسەر دەستی سەدان شارەزا و خاوەن عەقڵی کارکردوو و کراوە، کە دەزانن چۆن کار بۆ زیادکردنی خۆشەویستیی و تۆکمەکردنی پەیوەندیی نێوان ژن و مێرد دەکەن. لەبەرامبەردا، هۆشدارییدان لەئاست بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوە لە کۆمەڵگای کوردییدا و نەبینی ئەوەی کە بەشێکی زۆری بە هۆی گەشەیەکی پۆزتیڤی مافی ژنانێکی ژێردەستەوەیە، هیچ ناکات بەغەیری پشتڕاستکردنەوەی ئارگیومێنتی ئایدۆلۆجیایەکی پاتریارکیی-ئیسلامیی دژەژن کە بەسەر کۆڵی ئەو کۆمەڵگا شەکەتەوەیە. پشتڕاستکردنەوەیەک کە وەخۆکەوتنی سەدان هەزار پیاوی توندتیژی ناو خێزان و، هاتنەقسەی سەدان مەلای کەمزان و کۆنەپەرست و، دەیان سیاسەتکاری خاوەن عەقڵی داخراو و کارنەکردووی بەدوادا دێت کە دەزانن چۆن کار دەکەن بۆ فەرزکردنی مانەوە لەناو زیندانی زەواجدا بەسەر ژناندا و، چۆن بوونی مافی تەڵاق بەدەست ژنەوە وەک کۆتایی دونیا ڕەسم دەکەن.

لە ئەمریکا نەبوونی لایەنداریی کچێک بۆ خێزانەکەی لە خراپترین حاڵەتدا لەیەکتر-زیزبوونی ئەو و خێزانەکەی لێدەکەوێتەوە، بەڵام نەبوونی لایەنداریی کچانی کوردستان بۆ خێزانەکانیان زۆرجار دۆزێکە سەبارەت بە ژیان و مردن. پەیوەندیی خۆشەویستیی نێوان کوڕێک و کوڕێک لە ئەمریکا تەنها بۆڵە بۆڵ و ڕقی ژێربەژێری خەڵکە ئەڵترا-کۆنسەرڤاتیڤەکەی لێدەکەوێتەوە کە لە ترسی سەرکۆنەی خەڵک ناوێرن بە ئاشکرا لە بەرچاوی کۆمەڵگا دەریببڕن، بەڵام خۆشەویستیی نێوان کوڕێک و کوڕێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مومکینە بەوە تەواو بێت کە لەناو موبارەکە و دەستخۆشیی خەڵکەکەدا، لە بەرزترین ساختمانی موسڵ و ڕەققەوە فڕێ بدرێنە خوارەوە.
٭ ٭ ٭
دیارە ئەوە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕیت کە کاک فاروق هەوڵ دەدات کۆنسەرڤاتیڤییەتی خۆی و ئەو کۆنسەرڤاتیڤییەتەی کوردستان وەک دوو بەرەی جیاواز یان دژ بە یەک پیشان بدات، یان هەوڵ دەدات ناوی «کۆنسەرڤاتیزم» لەو کۆنەخوازییە پاتریاکیی-دینییە وەرگرێتەوە کە ئیسلامییەکانی کوردستان و خەڵکی خاوەن کولتوری پاتریارکیی فیودالیی لە کوردستان، بەتایبەت لە ڕوانگەیاندا بۆ ژن، داکۆکییکارین، وە دەیەوێت ئەوەی کوردستان وەک مومارەسەی «کۆنەپەرستانە» و «دواکەوتووانە» و «بەربەرییانە» وەسف بکات، نەک کۆنسەرڤاتیزم. بێگومان زۆرێک لەو مومارەساتانە و لەو نۆرمانەی کە کۆنسەرڤاتیزمی پاتریاکیی-دینیی لە کوردستان و ناوچەکە داکۆکییکارین، مومارەسە و ڕەفتاری دواکەوتووانە و هەندێکیان بەربەریین، بەڵام ئەوە هیچ لەوە ناگۆڕێت کە ئەوە کۆنسەرڤاتیڤییەتە کە لەو سیاقە دیارییکراوەدا بەو جۆرە مانیفێست دەبێت.

هەڵەیەک کە ئەو بەسەریدا دەچێت لەو پێداگرییەیدا لەسەر ئەوەی کە دروست نییە ئەو ڕەفتارە خراپانە بە کۆنسەرڤاتیزم ناو ببرێت ئەوەیە کە ئەو «بەها» و «نۆرم» تێکەڵ دەکات و، ئەو پەیوەندییەی لا ڕۆشن نییە کە لەنێوان ئەو دوو چەمکەدا هەیە. ڕاستییەکەی ئەو ڕەفتارە خراپانە «نۆرم»ن، وە ئەو نۆرمانە لەوێدا لەگەڵ ئەو مومارەسە کۆنسەرڤاتیڤییە ئاشتییانەیەی ڕۆژئاوادا یەکدەگرنەوە کە هەردوو جۆرەکە هەوڵی کارکردنن بۆ «بەها»ی کۆنسەرڤاتیڤانە. بە مانایەکی تر، هەردوو جۆرەکە مومارەسەی کۆنسەرڤاتیڤیین.

کۆنسەرڤاتیزم ئایدۆلۆجیایەکی «تەوحیدیی» نییە کە ژمارەیەک نۆرمی دیارییکراو پێناسەی بکات، بەڵکو ڕوانگەیەکە بۆ ژیان و بۆ کۆمەڵگا کە بەهاگەلێکی دیارییکراو خاڵی دەستپێکردنێتی. بەهاگەلێک لە چەشنی خێزان، ئاین، ترادیشیۆن و ڕێز بۆ ئۆتۆریتێت. لەبەرامبەردا، نۆرمەکان ئەو ڕێسا و چاوەڕانییە عەمەلییانەن کە لەو پێناودا پەنایان بۆ دەبرێت کە بەهاکان بمێنن و ڕێزیان لێ بگیردرێت.

نۆرمەکان لە هەر وڵاتێک یان کۆمەڵگایەکدا بە شێوەیەکی جیاواز و بەپێی سیاقە مێژوویی و کولتوریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکەی ئەو کۆمەڵگایە بە جۆرێک خۆیان مانیفێست دەکەن کە کۆنتێکست و پێداویستییە فەرید (Unique)ەکانی ئەو کۆمەڵگایە عەکس دەکەنەوە. بۆ نموونە، کاتێک «ڕاگرتنی شیرازەی خێزان» بەهایەکی گرنگی کۆنسەرڤاتیڤییە، سەیرکە ئەو ڕاگرتنی شیرازەیە مومکینە چی نۆرمێک یان کاردانەوەیەک لای خانەوادەیەکی کۆنسەرڤاتیڤی کاسۆلیکیی ئیتاڵیی دروست بکات کاتێک کچەکەیان دەچێت بەبێ زەواج لەگەڵ کوڕێکدا دەژی، وە ڕاگرتنی شیرازە لەئاست هەمان کاردا مومکینە چی کاردانەوەیەک لای خانەوادەیەکی کورد دروست بکات. یان سەیری کۆنسەرڤاتیزم لە سیاقی سعودییدا بەئەندازەیەک دژ بە ئازادیی دەربڕینە کە ئەوە مومکین دەکات لەسەر ڕەخنەکردنی ئاین، دە ساڵ زیندانکردن و هەزار جەڵد بۆ رائیف بەدەویی ببڕدرێتەوە، لەکاتێکدا ئازادیی دەربڕین لە ئەمریکا بەر لە هەرکەس کۆنسەرڤاتیڤەکان لە هەوڵی بەرفراونکردنی زیاتر و زیاتری سنوورەکانیدان و دۆزێکی گرنگی کۆمارییەکانە بەر لە دیموکراتەکان. کۆنسەرڤاتیڤەکان لە بریتانیا بەشدار بوون لە بەیاساییکردنی هاوسەرێتیی هاوڕەگەزخوازەکان لە ساڵی (٢٠١٣)، وە لە دۆزی لەباربردنی منداڵدا یاسایەکی بە ڕێژە زۆر لیبراڵیان قبوڵ کردووە، لەکاتێکدا، بۆ نموونە، کۆنسەرڤاتیڤەکان لە پۆڵەندا کار بۆ قەدەغەکردنی باسی مافی یەکسان بۆ کۆمیونیتیی پەلکەزێڕێنە و، کار بۆ قەدەغەکردنی تەواوەتیی مافی ژنان لە لەباربردنی منداڵدا دەکەن. لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سۆنگەیەکی کۆنسەرڤاتیڤییەوە لە یەکشەممەکاندا دوکان و بازاڕ دادەخرێن و جووڵەی بارزگانیی نابێت تا خەڵک بتوانن لە ماڵەوە لەگەڵ خانەوادەکانیاندا کاتێکی ئاسوودەیان هەبێت، کەچی هەر لە هەمان سۆنگەی کۆنسەرڤاتیڤییەوە، دەبینیت لە ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا، ڕۆژانی هەینیی چی نۆرمێکی پۆلیسیی پڕ لە نائاسوودەیی و سەرکوتگەرانە بەسەر کۆمەڵگادا فەرز دەکرێت.
٭ ٭ ٭
ئەوەی باوە لەئاست ئەو واقیعەدا کە کۆنسەرڤاتیڤییەت مومکینە ئاوا لە هەر سیاقێکدا بە فۆرمێک دەرکەوێت و کار بۆ فەرزکردنی نۆرمی جیاواز بکات، ئەوەیە کە لە ئەدەبییاتی سیاسیی و فەلسەفەی سیاسییدا هەر مومارەسەیەکی کۆنسەرڤاتیڤیی بە ئاوەڵناوێک کۆنکرێتتر وەسف دەکرێت. بۆ نموونە، حیجابی زۆرەملێ لە ئێران، یان هەوڵی کۆنسەرڤاتیڤەکان لە ئیسرائیل بۆ قەدەغەکردنی کارکردن و قەدەغەکردنی بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا لە ڕۆژانی شەممەدا وەک «کۆنسەرڤاتیزمی ئاینیی» وەسف دەکرێت. مومارەسەی کۆنسەرڤاتیڤیی هەیە کە کار بۆ گەڕانەوەی پاشایەتیی دەکات، بۆیە بە «کۆنسەرڤاتیزمی ترادیشیۆناڵ» ناو دەبرێت. مومارەسەی کۆنسەرڤاتیڤیی کە کار بۆ بیمەی بێکاریی و بڕینەوەی خانەنشنیی بۆ هەموو بەساڵاچووان دەکات، بە «کۆنسەرڤاتیزمی پێشکەوتنخواز» ناو دەبرێت. هەر لە درێژەی ئەمەدا، جۆری کۆنسەرڤاتیزم هەیە کە دەکرێت بە «کۆنسەرڤاتیزمی پاتریارکیی-دینیی» ناو ببرێت کە نموونە و نوێنەری زۆر بەرچاوی لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەر لەو بزووتنەوە ئیسلامییانەوە کە تێزابیان دەکرد بە قاچی ڕووتی کچاندا، تا ئەو داکۆکییکەرانەی ئەجێندای «شیرازەی خێزان» کە ئەمڕۆ کار بۆ ئەوە دەکەن ژن مافی نەبێت سێکس لەگەڵ پیاوەکەیدا نەکات، وە ئەگەر پیاوەکە بە زۆر لەگەڵی بوو، بە لاقەکردن حیساب نەبێت، یان دایکوباوک مافیان هەبێت لێدان و هەڕەشە لە پەروردەکردنی منداڵدا بەکار بهێنن، یان کار بۆ ئەوە دەکەن کچان و کوڕان جیا بکەنەوە لە قوتابخانەکاندا.

ئەوەی کە کارکردن بۆ بەهاکانی کۆنسەرڤاتیزم لە ڕۆژئاوا لەسەر فەندامینتێکی فیکریی تۆکمە و تێگەیشتنێکی قووڵ لە کۆمەڵگا وەستاوە و، عەقڵی گەورە و کارکردووی وەک ئێدمۆند بێرک و تۆماس هۆبز و فرێدریک هایەک تیۆریزەیان کردووە، وە لەبەرامبەردا، کارکردن بۆ بەهاکانی کۆنسەرڤاتیزم لە کوردستان لەسەر فەندامێنتی پاتریارکییەتێکی لەرزتێکەوتوو و تێگەیشتنێکی ئایدۆلۆجیی دواکەوتووانە وەستاوە و، عەقڵی داخراو و کارنەکردووی وەک لەتیف سەلەفیی و عەلی حەمەساڵح و مەلا مەزهەر قسەکەرین، هیچ لە دوو واقیع ناگۆڕێت:
یەکەم، هەردوو جۆرەکە مومارەسەی کۆنسەرڤاتیڤییە کە بە هۆی سیاقی مێژوویی، کولتوریی و سیاسییەوە دوو ڕەنگ و دوو ناوەڕۆکی جیاواز یان دژەبەیەکیان وەگرتووە.

دووەم، ئەگەر پێتوابێت داکۆکییکردن لە پرەنیسپەکانی کۆنسەرڤاتیڤبوون لە سیاقی یەکەمیاندا لە چەشنی هەوڵ بۆ ڕاگرتنی شیرازەی خێزان و، ڕێز بۆ ئۆتۆریتێت و، وەستانەوە دژ بە خۆڕیالیزەکردنی پۆستمۆدێرنانە و ئیندیڤیدواڵیزمی ئیفراتیی، دەکرێت ڕاستەوخۆ بگوێزرێتەوە بۆ ناو سیاقی دووەم، کارێکی وا لە هاوفیکریی لەگەڵ ئەو سێ ناوەی یەکەمەوە دەتگوێزێتەوە و، دەتبات دەتکات بە هاوخەبات و هاوسەنگەر لەگەڵ ئەو سێ ناوەی دووهەمدا.
٭ ٭ ٭
کەسی خاوەن ڕوانگەی کۆنسەرڤاتیڤ، بۆ ئەوەی کۆنسیستێنت بێت لە هەڵوێستگیریی کۆنسەرڤاتیڤانەیدا لە کۆمەڵگای جیاوازدا، جار هەیە پێویست دەکات لە کۆمەڵگایەکدا لایەنگری ئەجێندایەک بێت و، لە کۆمەڵگایەکی تردا لایەنگری ئەجێندایەکی زۆر جیاواز یان تەنانەت دژەبەر بێت. بۆ نموونە، بۆ کەسێکی کۆنسەرڤاتیڤ هیچ ناکۆنسیتێنتییەکی تیا نییە ئەگەر لە قسەکردندا لەسەر کۆمەڵگای ئەمریکیی باس لە کارکردی نێگەتیڤی ئیندیڤیدواڵیزم بکات لەسەر خێزان، وە لە هەمان کاتدا ئەو هەڕەشانەی لەسەر دەزگای خێزان هەیە لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەیە وەک ئاکامی هەوڵی ئازادییخوازانەی ئەندامانێکی کۆتکراوی ناو ئەو دەزگایە ببینێت بۆ ڕزگاربوون لە ترادشیۆن و یاسای کۆتوبەندکەر، نەک وەک تێکچوونی شیرازەی خێزان و زیادبوونی نیگەرانکەرانەی ڕێژەی تەڵاق. ئەمە وەک چۆن بۆ کەسێکی لیبراڵ هیچ ناکۆنسیتێنتییەکی تیا نییە ئەگەر بزوتنەوەی فیمینستیی لە ڕۆژئاوادا بەلاوە بزووتنەوەیەکی ناسنامەیی ناپێویست بێت، بەڵام بزوتنەوەی فیمینستیی لە ڕۆژهەڵات بەلاوە بزوتنەوەیەکی خاوەن ئەجێندای گرنگ بێت و لەو کۆنتێکستەدا هیچ ڕەخنەیەکی لە فیمینیزم نەبێت.

هەر ئەم ڕێفلێکتکردنە عەقڵانییەیە کە وا دەکات کۆنسەرڤاتیڤییەت لە ئەوروپا زۆرجار لە هەڵوێستیگیرییەکانیاندا، نە ڕاستن و نە چەپ، بەڵکو نزیک بە ناوەڕاستن، وە ڕوانگەیەکی بەباڵانسیان هەیە سەبارەت بە ڕۆڵی دەوڵەت و سەبارەت بە گۆڕانکاریی پێشکەوتنخوازانەی کۆمەڵگا. ئەمە بەپێچەوانەی کۆنسەرڤاتیڤییەت لە ئەمریکاوە کە بەشێوەیەکی گشتیی هەڵوێستگیرییەکی ڕاستڕەوانەیە کە ڕوانگەیەکی زۆر توندتریان هەیە سەبارەت بە ئازادیی تاکەکەسیی و بازاڕی ئابووریی ئازاد و بەها تەقلیدییە کۆمەڵایەتییەکان. بۆ نموونە، لەکاتێکدا کۆنسەرڤاتیڤەکان لە ئەمریکا لایەنگری سنووردارکردنێکی گەورەی ڕۆڵی دەوڵەتن لە ئابووریی و ژیانی شەخسیی هاوڵاتییاندا، کۆنسەرڤاتیڤە ئەوروپییەکان ئیعتیرازێکی وایان نییە بەرامبەر دەستتێوەردانی دەوڵەت لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی سۆشیال و ڕێکخستنی بازاڕی کاردا. یان لە کاتێکدا لە ئەمریکا مەسیحییەت ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە ڕەسمکردنی سیاسەتی کۆنسەرڤاتیڤیی و جۆری دەنگدانی هاوڵاتییان لە کاتی دەنگداندا، لە وڵاتانی ئەوروپییدا کۆنسەرڤاتیڤەکان بەو جۆرە گرفتیان لەگەڵ ئەوەدا نییە کە ڕۆڵێ ئاین لە سیاسەتدا تەواو پەراوێز کەوتووە و کۆمەڵگاکە عەلمانیی بۆتەوە.

هەمانشت سەبارەت بە مامەڵەی عەقڵانیی لیبرالیزمیش لە ئەوروپا لەگەڵ لیبرالیزمی ئەمریکیی ڕاستە. لیبرالیزم لە وڵاتانی ئەوروپا هەمیشە سیاسەتی هێزگەلێکە کە لای دەستی ڕاستەوەی ناوەڕاستن، کەچی لە ئەمریکا سیاسەتی هێزگەلی چەپ و، زۆرجاریش سیاسەتی چەپە پەڕڕەوەکانە. بۆ نموونە، لەکاتێکدا لیبرالیستەکان لە ئەمریکا هەوڵدەدەن دەوڵەت ئەرکی خستنەوەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و دەوڵەتی خوشگوزارەنیی و تەختکردنی جیاوازییەکانی نێوان هاوڵاتییانی هەبێت، لە وڵاتانی ئەوروپییدا دوای ئایدیاڵەکانی لیبرالیزمی کلاسیکیی کەوتوون و کار بۆ ئازادیی شەخسیی و بازاڕی ئابووریی ئازاد و موڵکداریی تایبەت و ئیدارەی ئابووری سنووردار دەکەن.
٭ ٭ ٭
ئەم ڕێفلێکتکردنە هەستیار بە کۆنتێکستەیە کە زۆرجار ڕۆشنبیرانی کورد تیا کورت دەهێنن و سیاسەتی وڵاتانی تر تەعمیم دەکەنەوە بەسەر سیاسەتی کوردییدا. زۆرینەی جار ئەمە بە هۆی تێنەگەیشتنی دروستی ڕۆشنبیران لە ستراکتۆری ناکۆکییە سیاسییەکانی کوردستانەوە و، بە هۆی موتابەعەی زۆری سیاسەتی وڵاتانێکی تر و کەوتنەژێر کارکردی دیسکۆرسی سیاسیی ناو وڵاتێکی دیارییکراوەوە ڕوو دەدات.

گومانی تیا نییە کە چەندین ڕووی سیاسەتی ئەمریکیی هەیە کە ئاشنابوون پێی بۆی هەیە ڕوانگەیەکی قوولترمان بداتێ لەسەر کێشە سیاسییەکانی کۆمەڵگای کوردیی، بەڵام لەبەر ئەوەی سیاسەتی ناو هەر وڵاتێک دینامیکی جیاواز و تایبەت بە خۆی هەیە، دەبێت هۆشیار بین بەوەی کە، بۆ نموونە، ڕۆڵی مەسیحییەتی ئینجیلیی لە سیاسەتی ئەمریکادا و ڕۆڵی ئیسلامی سیاسیی لە سیاسەتی کوردییدا هەردوو سەبارەت بە یەک جۆر لە بەشداریی ئاین نییە لە سیاسەتدا، بەڵکو بە مانایەک دوو بەشداریی ڕێک بە ئاراستەی پێچەوانەی یەکترەوەن. یان لێکترازاویی ماڵی ئەمریکیی کە ئەبراهام لینکن لە گوتاری ماڵێکی لێکترازاودا لە (١٨٥٨) باسی دەکات، لە ڕەگەوە جیاوازە لەو لێکترازاوییەی لە ماڵی کورددا هەیە.

ئەم هەڵانە زۆرجار زۆر بە گران لەسەر کۆمەڵگای کوردیی دەکەون. هەڵەیەکی گەورەی لەو جۆرە کە ناوەندی ڕۆشنبیریی و ئەکادیمیی کوردیی لە سەردەمی دوای ڕاپەڕینەوە کردوویەتی ئەو هەڵەیە بوو کە هەر خودی کاک فاروق، دوو دەیە پێش ئێستا، بەسەر ئەو هەموو مانا نێگەتیڤەدا بازی دا کە پرۆسەی شەکڵگرتنی ئاینی ئیسلام لە میژوودا هەیبووە بۆ سەر شەکڵگرتنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و، لەو سیاقەدا تێزێکی وا ڕووکەشی بەرچاو دەخست کە گوایە ئاین دەتوانێت خوانێکی هاوبەش بێت بۆ کۆکردنەوەی نەتەوە، وە لە درێژەی ئەمەدا حیزبێکی وەک یەکگرتووی ئیسلامیی، کە ڕێک لەپێناو مشەخۆریی بەسەر جەستەی یەکانگیری نەتەوەیی کوردەوە لەلایەن نەیارەکانی ئەو یەکانگیرییەوە دروست کراوە، وەک هێزێک ناو دەبرد کە گوایە پۆتێنسیاڵی ئەوەی هەیە بەشدار بێت لە وەستانەوە بەرامبەر «ئەو بەربەرییەتەی کە مۆدێرنیتیی دەیەوێت جارێکی تر بەشەرییەتی بۆ بگەڕێنێتەوە». ئەوکات یەکێک لەو ڕەخنە و دڵساردییانەی هەیبوو لە یەکگرتووی ئیسلامیی ئەوەبوو کە یەکگرتوو «بێدەنگە لەئاست هەموو بێ ئەدەبییەی کە دەکرێتە سەر ئیسلام لەلایەن ڕۆشنبیران و تاقمێکی سەرلێشێواو و بێ فیکر و بێ مۆراڵی چەپ و کۆمۆنیستەوە».

ئەم سەنگەرگرتنەی ڕۆشنبیری کورد و ناوندی ڕۆشنبیریی کوردیی لە ئازادیی دەربڕین و لە چالاکییەکی گرنگی وەک چالاکیی ڕەخنەی ئاین بێ پێشینە بوو لەو ڕۆشنبیرییەدا چونکە ئەو ناوەندە بە حوکمی چەندین هۆکار، هەمیشە کاراکتەرێکی سێکیولاری هەبووە. ئەگەرچی بەشێک لەو ناوەندە کاردانەوەی هەبوو و، کاک بەختیار عەلی ڕەوایانە ئەو کارەی بە جەنگاوەرێتیی بۆ ئیمان ناو برد، بەڵام تەحەفوزی ئەو ناوەندە و ئینجا میدیاکان لە ڕەخنەکردنی ڕۆڵی نێگەتیڤی ئیسلام و ئیسلامیزم و بە توندڕەوپیشاندانی ڕەخنەگرانی ئاین، بە هۆی چەند هۆکاری ترەوە، بووە دیاردەیەکی سەرتاپاگیر. ئەمە تا ئەو ئاستە عەبەسییە گەشەی کرد کە خودی سەردەمی سەرهەڵدانی هێزێکی بەربەریی وەک داعش لەناو کورد و لەناوچەکەدا کە لە هەموو ئیسلامیزمی میانڕەو و ڕۆشنبیران باشتر پاکانەی ڕەفتارەکانی خۆی بە بەڵگە لە تیۆلۆجیای ئیسلامییەوە دەکرد، ئەوەندە گوشار لەسەر ڕەخنەکردنی ئاینی ئیسلام هەبوو لە کۆمەڵگای کوردیی و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکەیدا کە هێزە ئیسلامییەکان ڕووی ئەوەیان هەبوو لەو کاتەدا خەریکی پێشکەشکردنی یاسای سزادانی کوفر بن بە پەرلەمان تا ئیتر دەزگای داواکاریی گشتیی و دەزگای قەزائییش بەشدار بن لە قەلاچۆکردنی ڕەخنە لە ئایدۆلۆجیایەک کە فۆرمپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و دیموکراتیزەکردنی حوکمدارییەکەی بە ناچاریی بەناو مامەڵەکردنی ڕەخنەییانەی ئەودا دەڕوات.
نموونەیەکی تری مامەڵەی هەڵە لەگەڵ دیسکۆرسی ئیسلامییدا و تەعمیمکردنەوەی توخمی ناو سیاسەتی وڵاتانی تر بەسەر کۆمەڵگای کوردییدا بەبێ هیچ بیرلێکردنەوە و ڕێفلێکتکردنێک ئەو کاتە دەرکەوت کە خۆپیشاندانەکانی شوباتی (٢٠١١) کەوتنەوە. ئەوکات تەنانەت بەشێکی خەڵکی ئاسایی ناڕەزاییان لەوە هەبوو کە بەردەرکی سەرا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە مەیدانی تەحریری قاهیرە دەچوو و، ئیخوانیی و ئیسلامییەکانی هاوسۆزی ئەردۆگان و ئێران خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆنی ڕزگارکەر پیشان دەدا، لەو کاتەدا ڕۆشنبیرانی کورد باسێکی وا ناپەیوەندداریان ئامادە دەکرد کە باوەڕی ئاینیی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دوای مۆدێرنیتییش هەر لەناو نەچوو، وە مەسیحییەت لە ڕۆژئاوا ڕۆڵی پۆزەتیڤ دەبینێت لە سیاسەتدا، بۆیە دەبێت «دژە دین» نەبین و لێگەڕێین ئیسلام لە فەزای گشتیی و لە حوکمڕانیی هەرێمدا ئامادە بێت. ڕەنگە کاک مەریوان وریا بەرچاوترینی ئەوانە بێت کە بە هۆی بیرکردنەوەی ڕووکەشانە و تێنەگەیشتن لە دیسکۆرسی سیاسیی و ستراکتۆری ناکۆکییە سیاسییەکانی کوردستان، ڕۆڵیان هەبوو لەوەی بەشێکی گەورەی ڕۆشنبیرانی کورد لەم دەیە و نیوە هەستیارەی هەرێمی کوردستاندا کە ڕابوورد، لە ترسی ئەوەی مۆری «توندڕەویی»یان لێ بدرێت، خۆدارییان کردووە لە ڕەخنەکردنی ئەو ئیسلامیزە سەرتاپاگیر و کوشندەیەی ئێران و تورکیا و سعودییە و قەتەر توانیویانە لەو هەرێمەدا جێی بخەن. من پێشتر لە چەند دۆزێکدا هەوڵم داوە کاک مەریوان وریا لە جیاوازیی ئاین لە ڕۆژئاوا و ئیسلام لە کۆنتێکستی کۆمەڵگای کوردییدا و لە عاقیبەتە خراپەکانی تێکەڵکردنی ئەو دوو دەرکەوتنە ئاگادار بکەمەوە، بەڵام بەوەدا کە تا ئێستاش باسی «دژایەتیینەکردن»ی دین دەکات، پیناچێت ئێستاش تێگەیشتبێت ڕەخنەکە چییە.
٭ ٭ ٭
هەرچییەک بێت، ئەوەی ئێستا واقیعە لە کوردستان ئەوەیە کە ئیجماعێکی سەرتاپاگیر هەیە لەسەر ئەوەی کە نابێت هەستی موسڵمانان بریندار بکەیت و ڕاگرتنی ڕێز بۆ ئەو هەستە ئەو سنوورەیە کە ئازادیی دەربڕین دەبێت لە دیوی ناوەوەی بوەستێت و لێی دەرنەچێت. ئەمە تا ئەو شوێنەی دەگمەن کەناڵی میدیایی و پلاتفۆرمی ڕۆشنبیریی ماوە ئامادە بێت دەرفەتی قسەکردنت پێ بدات ئەگەر ئەو مەرجە قبوڵ نەکەیت کە ئازادیی قسەکردنی تۆ لەوێدا کۆتایی دێت کە دڵئێشانی موسڵمانێک دەست پێدەکات. من ئەم هاوینە دوو چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنییم هەبوو، تەنها لەبەر ئەوەی ڕەخنەی توندی ئیسلامییەکانی کوردستانیان تیا بوو بڵاو نەبوونەوە. لە شارێکی بە ڕێژە کراوەی وەک سلێمانییدا زۆر بە سەختیی مینبەرێک دابین بوو بتوانم لێیەوە بڵێم ئایدۆلۆجیای ئیسلام پاژنەی ئەخیلی نەتەوەی کوردە. زانکۆکان تەواو خاڵیی بوونەتەوە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و لە هەر توێژینەوەیەک کە بە دڵی موسڵمانان نەبێت. لە ناوەندی ڕۆشنبیرییشدا زۆرینە خۆیان سانسۆر دەکەن نەبا وەک توندڕەو ببینرێن. لەبەرامبەردا، دەستخۆشییەکی زۆرت بۆ دەچنێتەوە ئەگەر قسەیەکی وا گەمژانە بکەیت بڵێیت سەرکۆنەم هەیە بۆ ڕەخنەی توند لە موسڵمانان و ناموسڵمانانەوە و هەردوولا وەک یەک توندڕەون، یان هەردوولا داعشن.

خوێنەری ئاگادار بێگومان دەرکی پێ دەکات کە ئەم حاڵەتی ئیسلامیزەبوونە کۆتوبەندکەرەی کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان پێی گەیشتووە، هەموو ئەو سیفەتانەی تیایە کە بزوتنەوەی وۆوک لەسەری ڕەخنە دەکرێت، هەر لە سانسۆرکردنی ئازادیی دەربڕین و سانسۆرکردنەوە، تا دروستنمایی سیاسیی و خۆپاراستن لە ڕەخنە بەناوی غەدرلێکراوییەوە.

ئەوەی لە سەردەمی ئەم وۆوکە ئیسلامییەدا و، لەناو دیسکۆرسێکی وا کوێرکەردا، تۆش بێیت خەڵکێک کۆ بکەیتەوە و ئەو هۆشدارییە ئاپۆکالیپتییانەی بکەیت بەسەردا کە گوایە کۆمەڵێک کەس «کە کێشەی عەقڵییان هەیە» و دژە خێزانن، خەریکی خەباتێکن بە ناوی چەپایەتیی کە دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی خێزان، وە گوایە لە ئەمریکا پراکسیسێکی بێهەوسار لە دەستپێکردندایە کە حکومەت منداڵ لە خانەوادەکانیان دەستێنێت و لەسەر خواستی منداڵەکان نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەگەزیان بۆ ئەنجام دەدات، یان گوایە پۆستمۆدێرنە نیهلیزمێکی هێناوە کە خەریکە ئیتر ڕاست و هەڵە نامێنێت، کارێکی وا دەبێتە پڕۆپاگەندەیەکی نانوانسد و پاڵپشت بۆ وۆوکی ئیسلامیی کە زیاتر بۆ سەر مینبەری ڕۆژانی هەینی مزگەوتی بەهەشت دەست دەدات تا کۆڕی فەلسەفیی و جوڵاندنی مێشکی گەنجان بۆ بیرکردنەوە. ئەو جۆرە حەڵقەی قسەکردنە زیاتر لە کارێک دەچێت بۆ لەتیف سەلەفیی و لە کاک فاروق نایەت کەسانێکی تێنەگەیشتوو لە ئاڵۆزییەکان دانیشن گوێ لە خەتیبێک بگرن کە دونیایان بۆ ئاسان دەکاتەوە و دەیکاتە دوو بەرە و، هەڵبژاردنیشیان بۆ ئاسان دەکات بەوەی کە زانیارییان ناداتێ سەبارەت بە ڕای بەرەی بەرامبەر، وە ئیڵحاحی بەسەریانەوەیە ئەو بەرەیەیان هەڵبژێرن کە ئەو ڕای پۆزەتیڤی لەسەری هەیە.
٭ ٭ ٭
دەڵێم لە کاک فاروق نایەت چونکە، چەند ڕەواش بێت ئەو ڕەخنانەی لەم دەقەی مندا هەن، ئەوە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەو یەکێک لەو ڕۆشنبیرە هەرە کەمانەی کوردە کە لە بیرکردنەوەدا هەمیشە خۆی لە قووڵاییەکی زۆر لەوە زیاتر دەدات کە ڕۆشنبیری کورد پێێ ڕاهاتووە یان خۆی توانای مەلەی تیایدا هەیە. وە ئەو هەمیشە تەماحی هەیە ڕۆشنبیریی کوردیی لەگەڵ خۆی بباتە ئەو قوڵاییانەی کە ئەو زۆرجار زۆر بە تەنیا خۆی لێیان دەدات.

فیکری کوردیی زۆرینەی کات بە قوڵاییەکی وا تەنک لە بیرکردنەوەی ئاڵۆز ئیکتیفا دەکات کە زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی خوڵقیان نەبێت تیا ئینگەیج بن و بەشداری ڕاگۆڕینەوەی ناو ئەو ناوەندە بن. لەبەرامبەردا کاک فاروق هەمیشە کەسێک بووە کە هەرچییەک بێت، تەماحی ڕۆچوونی زیاتری هەیە و، بەو سەرکێشییە فیکرییانەی، ئەو ڕاستییەی بۆ ڕۆشنبیری کورد دووپات کردۆتەوە کە بیرکردنەوەی نائاسایی ئاڵۆز لە توانای عەقڵی تاکی کوردییشدا هەیە و هەر تەنها مۆنۆپۆل نییە بۆ عەقڵی ڕۆژئاوایی. دیارە بەرزکردنەوەی متمانەی ڕۆشنبیری کورد بە توانای عەقڵی خۆی و زیادکردنی باوەڕی بە ئیمکانی موساهەمەکردنی لە فیکریی جیهانییدا بە تێزی سەربەخۆی خۆیەوە، موساهەمە و خزمەتێکی گەورەیە چونکە ڕۆشنبیریی کوردیی و ڕۆشنبیرانی هێشتا لە ناخەوە زۆر دڵنیا نین لە واقیعییەتی ئەو قسەیە.

جگە لەوە، سیفەتێکی جیاوازی کاک فاروق لە بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیران و ئەکادیمیستانی تری کورد ئەوەیە کە هاوڕێیەتیی ڕێگر نییە لەبەردەم ئەوەی ڕای ڕەخنەگرانەی خۆیت ڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆ پێ بڵێت. وەک هاوڕێیەک ئەو مامەڵەکردنە نازیجانەیەیم خۆش دەوێت چونکە حاڵەتی باو لەناو ڕۆشنبیریی کوردییدا ئەوەیە کە لەدەستدانی هاوڕێیەک تەنها یەک ڕەخنە تەکلیف دەکات.

هەروەها تاوتوێکردنی ڕای ناکۆک لە فەزای گشتییدا دەرگا بۆ تێڕامانی کۆلەکتیڤ دەکاتەوە و هەمیشە بۆی هەیە دیبەیت و شیکاریی زیاتر و ئینجا تێگەیشتنی قووڵتر بەدوای خۆیدا بهێنێت. من دەمتوانی ئەم ڕایانەی لەم دەقەدا بەرچاوم خستن بە پریڤات بە کاک فاروق بڵێم، بەڵام چالاکیی فیکریی تەنها دۆزێکی پریڤاتی نێوان دوو هاوڕێ نییە، بەڵکو هەندێک دووڕایی و ناکۆکیی سەبارەت بە کارکرددانانە لەسەر کۆمەڵگایەک کە هەست بە بەرپرسیارێتیی دەکەیت لەبەرامبەریدا. زۆرێک لەو ڕایانەی کاک فاروق لەو بەرنامانەیدا بەرچاویان دەخات من کارکردی زۆر نێگەتیڤیان بۆ دەبینم لەسەر کۆمەڵگای کوردیی. بۆیە ئەگەرچی ئەم دەقە دەقێکی زۆر درێژ دەرچوو، بەڵام ئەو مافە لە دەستدا دەهێڵمەوە کە لە داهاتوودا هەندێک ڕای تری خراپی ناو ئەو زنجیرە بەرنامەیە تاوتوێ بکەم.
٭ ٭ ٭

لێدوانێک بەجێ بهێلە