هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خانەقای ڕێگای ئازادی لە سەقز

‏ک.م.م.ک:

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەزبەری٢٧٢٤، کۆمەڵێک لە هێزە ئەمنییەکان و مەدەنی‌پۆشەکانی ڕێژیمی ئێران بە چەکی گەرمەوە هێرشیان کردە سەر خانەقای ئازادی لە سەقز و دوای شکاندنی دەرگا و پەنجەرەی خانەقاکه، ژمارەیەک له دەروێشەکان و بنەماڵەکانیان بە توندوتیژی خستە ژێر لێدان.

یەکێک لە شایەتحاڵانی ئەم هێرشە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لەسەر گڵکۆی شێخ ئازاد شەهابی لە لایەن زیارەت‌کەرانەوە وشەی شەهید بۆ شێخ ئازاد بەکارهاتووە. هێزە ئەمنییەکان ئەم بابەتەیان کردە بیانکێک بۆ هەڵکوتانەسەر و دەستبەسەرداگرتنی موڵکوماڵ و سوکایەتیکردن بە بنەماڵەی شەهید ئازاد، دواتر دەستیان بەسەر هارد دیسکی کامێرای سی‌سی‌تی‌ڤی خانەقاکەدا گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان.

جێی ئاماژەیه، لە ٢٨ی پووشپەڕی٢٧٢٤، شێخ ئازاد شەهابی، یەکێک لە کەسایەتییە جەماوەری و ئازادیخوازەکانی کوردستان، لەگەڵ دوو هاوەڵەکەی بە ناوەکانی پەیمان محەمەدی و پەرویز ڕەحیم پەنا، لە خانەقاکەی کە دەکەوێتە شاری سەقز، لەلایەن کەسانی چەکدارەوە کوژران.

خ.ع

The post هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خانەقای ڕێگای ئازادی لە سەقز appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە