ئەمشەو لە کەناڵێکەوە بێژەرێک دەیوت، ئێمە تەقینی بتڵی غاز لە گەڕەکێک ناکەینە هەواڵ، کە کەسێکی کوشتووە، ئەوە شتێکی بەهادار نیە کۆمەڵگەی پێوە سەرقاڵ بکەین.
ئەم دێڕە بۆ خۆی مایەی بەزەیی پێداهاتنەوەیە، چونکە ئەوەی لە بەهای هەواڵ تێگەیشتبێت، دەزانێت مردنی کەسێک بە هۆی بتڵی غازەوە، شیاوی بەدواداچوونی وردە نەک تەنیا هەواڵێکی ئاسایی. شیاوی ئەوەیە نەک یەک کەس بەڵکو تیمێک لە هەواڵسازان بەدوایدا بچن و بنکۆڵکاری تیا بکەن، تەقینی بتڵێک غاز زەنگێکی مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگە، چونکە غاز لە هەموو ماڵێکدایە. ژیانی ملیۆنان کەسی پێوە بەندە. جا تەقینی بتڵێک غاز هەواڵ نەبێت، تەئکید، نابێت پیشاندانی لۆگۆی کەناڵەکە لەسەر بەرزترین تاوەری عێراق هەر شیاوی باس بێت، لە نەزانیدا ئەمیان دەبێتە هەواڵی یەکەم گەشت و ئەوەی پێشوو کە پەیوەستە بە سەلامەتی و ژیانی ملیۆنان کەسەوە نابێتە هەواڵ.
یەکێک لە مۆرکە ناشیرینەکانی بەشێک لە کەناڵ و دامەزراوەکانی میدیای کوردی دابەشبوونیانە بەسەر جوگرافیای سیاسییدا و کارکردنی بەشێکیانە لەسەر بێزراندن و دێواندنی ئەو جوگرافیایەی ناکەوێتە ژێر هەژموونیانەوە. بە نموونە جێی سەرنجە کەناڵێک لە دەستپێکی کاریدا قەوارەی زیانەکانی لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سەر دهۆک پشتگوێ بخات و نەتوانێت یان ڕێگەپێدراو نەبێت باس لە ئاوارەبوونی خەڵکی گوندەکان، سوتانی باخ و ڕەز و پاوانی گوندنشینەکان بکات، بەڵام سەرنجی تەنیا لەسەر ئەوە بێت جمووجوڵی ڕێکخراوێکی چەکداری چەندە زیانی لە ئابوری سلێمانی داوە.
ئەم جۆرە دەستپێکە ناپیشەییە بناغەیەکی چەوت و چەوێڵی کاری میدیاییە و بە تێپەڕینی کات ماکەکانی لەسەر هەست و دەروون و تێڕوانینی وەرگر دەردەکەون و تاکێکی ناهاوسەنگ لە بیرکردنەوە و تێکشکاو لە ڕووی نیشتمانی و نەتەوەییەوە دروست دەکات، کە نێزەی تێبڕن، ڕەنگە بەس خەمی تەقەتەقەکەی بێت.
لە ڕووی ژمارەوە تا دێت کەناڵەکان زیاتر دەبن، ئیدی ژمارە گرنگ نیە، ئەوەی گرنگە ناوەڕۆک و پەیامی میدیاییە، پیشەگەری و ڕاستگۆیی و هاوسەنگییە لە پەیامی میدیاییدا. زیادبوونی ژمارەکان، بایەخێکی ئەوتۆیان نیە، چۆنێتی کارکردن و چییەتی پەیامەکە گرنگە. ستەمە ملیۆنان دۆلار خەرج بکرێت بۆ دروستکردنی دیواری دڕدۆنگی و بێزراندن و شێواندنی وێنای یەکتر، یان لە پێناو هەڵچنینی دیواری جیاوازی نێوان شارەکان و تۆخکردنەوەی هێڵی دێگەڵە. نابێت سەلیقەی میدیایی بکەوێتە ژێر دەستوپێی بەرژەوەندییەکی کاتیی سیاسییەکان و کەناڵەکان ببنە خۆرەی گیانی یەکتر. لە بری سێرە گرتن لە سلێمانی پێویستمان بە کەناڵێکە سلێمانی و هەولێر ئاشت بکاتەوە و پڕۆژەی هەبێت بۆ بەستنەوەی هەردووکیان بە دهۆک و هەر سێکیان بە هەڵەبجە و کەرکوکەوە.
کێشەی بەشێک لە میدیاکاران، ئێستا هاوشێوەی ئەو کێشەیە کە هەندێک قەڵەمی دزێوی لە شەڕی ناوخۆدا هەیانبوو، پێیان وابوو تا شەڕ گەرمتر بێت، داشیان سوارتر و گیرفانیان گەرمتر دەبێت، ئێستاش هەندێک میدیاکار نان و پۆست و پایەیان لەوەدا دەبیننەوە جیاوازییەکان قوڵتر و ناکۆکییەکان درشتتر و هێڵە کێشراوەکانی نێوان زۆنەکان زەقتر بکەنەوە، بێ گوێدانە بەرژەوەندی باڵای هەرێمەکە، یەکدەنگی نەتەوە و یەکپارچەیی جوگرافیاکەی.
گرفتی گەورەی هەندێک کەناڵ و دامەزراوە، کە مانگانە ملیۆنان دۆلار خەرجییانە، ئەوەیە بە کوردی دەدوێن، بەڵام بە کوردی بیر ناکەنەوە، ئامادەن بە تورکی و فارسی و عەرەبی بیر بکەنەوە، بە کوردی بدوێن، بەڵام خاوەنی گوتارێکی کوردیانە نین. هەرێم پێویستی بە ژمارەی زیاتر نیە، بەڵکو پێویستی بە دامەزراوەیەکە نیشتمانیانە بیر بکاتەوە و خەمی هەمووانی بێت، نەک لە هەولێرەوە سێرە لە سلێمانی بگرێت و لە سلێمانییەوە سێرە لە هەولێر بگرێت.
سەرجاوە: فەیسبووکی نوسەر