ڕاگواستنی زۆرەملێی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و دیپۆرتی هەڵسوڕاوانی سیاسی بە کۆماری ئیسلامی ئێران بەتوندی ئیدانە دەکەین!

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

دوێنی پینجشەمە ٥ی سێپتێمبەری ٢٠٢٤ راگواستنی زۆرەملێی ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی ئێرانی لە کوردستانی عێراق لە زڕگوێزەوە بۆ کەمپی سورداش لە چوارچێوەی ڕێکەوتننامەی پێشتری کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان چووە بواری جێبەجێکردنەوە. هاوکات بەپێی راگەیاندنی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەفتەی رابردوو هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی، بەهزاد خوسرەوی هەڵسوڕاوی سیاسی خەڵكی شاری سەقز لەدوای ئەشكەنجەیەكی توند رادەستی ئێرانی كردۆتەوە .

ئەم هەوڵ و گوشارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران مێژوویەکی دورودرێژی هەیە، بەشێك و گۆشەیەکە لەو سیاسەتە نامرۆڤانەیەی کە بەڕێگەی جۆراجۆر لە چەند ساڵی رابردودا پیادەی کردووە. کوشتن و تیرۆری سەدان هەڵسوڕاوانی سیاسی و پەنابەرانێك کە ساڵانێکی زۆرە کاری سیاسی ناکەن وە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران ناویان تۆمارکراوە، تا دەگات بە بۆمبارانکردنی بارەگاکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی نیشتەجێی کوردستان و هێرش بۆسەر سنورەکان و…تاد. ئێستاش دەیان کەس لەژن و مناڵ و پیرو پەکەوتە کراونەتە ئامانچ و کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت بەپێی نەخشەیەك هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی ئێرانی لە ئۆردوگاکانی خۆیان بگوازێتەوە بۆ ئەو کەمپانەی کە بۆیان دیاریکردوون، تا لەو ڕێگایەوە لەلایەکەوە لە هەڵسوڕانی سیاسییەوە بیانکاتە پەنابەر و بێماف و لەلایەکی تریشەوە لە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێری هێزەکانی وابەستەی خۆی لە هەرێمدا بن. کە هیچ زەمانەتێك نییە لە ئایندەدا نەکەونە بەردەم موشەك بارانی ئەم رژێمە مرۆڤ کوژو سەرکوتگەرە.

حکومەتی عێراق و هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە کوردستاندا کەدەیان ساڵە خۆیان خستۆتە نێوباوەشی وڵاتانی ناوچەکەوە بەخاتری بەرژەوەندیەکانیان بە بەردەوامی درێغیان نەکردوە لەهاوکاری ئەجندەی دەوڵەتی ئێران و تورکیا و لەکردنەوەی بنکەو بارەگای ئەو وڵاتانە و دەزگا جاسوسیەکانی کە رۆژانە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و لەرێگەی باندە مرۆڤ کوژەکانیانەوە هەڵسور[ڕاوانی سیاسی و رۆژنامەنوس تیرۆر دەکەن و ژیان و ئەمنیەتی خەڵکی کوردستانیان خستۆتە مەترسیەوە، ئەوەی ئەمجارەش بەدەستپێشکەری دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ راگواستنی زۆرەملێی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بۆ کەمپی دەستبەسەر ئەنجامدرا، بەشێكە لەو خۆشخزمەتیەیان کە خۆیان پێوەگرتووە لە پێناو بەرگری لە مانەوەی دەسەڵات و وەرگرتنی پاداشتی نۆکەر پیشەییان لە بەرامبەر پارتیدا بەمەبەستی ڕاگرتنی باڵانسی دەسەڵاتدارێتیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا.

ئێمە لە رێکخراوی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی و رێکخراوی سەراسەری پەنابەرانی ئێرانی سەرباری ئەوەی بەتوندی ئیدانەی راگواستنی زۆرەملێی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ئێرانی بۆ کەمپی زۆرەملێ دەکەین، هاوکات ڕایدەگەیەنین کە ئەمنیەت و سەلامەتی گیانی هیزەکانی ئۆپۆزسیۆن و پەنابەرانی ئێرانی، لە ئەستۆی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە. هەروەها ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بە دیپۆرتکردنەوەی هەڵسوڕاوانێکی سیاسی نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێران کە تۆمارکراون وەك پەنابەر لە رێکخراوی ناوبراو. نابێت رێگە بدرێت ئەم هەنگاوە نۆکەر پیشەییە بەئاسانی تیپەڕێت، پێویستە ئازادیخوازان و رێکخراوەکانی مافی مرڤ و داکۆکیکار لە پەنابەران گوشاربهێنن بۆ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکەتننامەیە و کورتکردنەوەی دەستی ئێران لەسەر هەرێمی کوردستان.

رێکخراوی سەراسەری پەنابەرانی ئێرانی
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٦سپتامبەری٢٠٢٤

لێدوانێک بەجێ بهێلە