10ی ئاب لە كۆبوونەوەیەكی داخراودا بە زۆرینەی 9 كەس لە كۆی 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك, لە میوانخانەی رەشید لە شاری بەغدا لە دووری 258,6 كیلۆمەتر لە تەلاری ئەنجومەنەكە, رێبوار تەها وەك پارێزگاری نوێ بۆ شاری كەركوك لە لیستی كەركوك هێزو ئیرادەمانەی ینك هەڵبژێردرا, بە بێ ئاگاداركردنەوەی 7 ئەندامەكەی دیكەی ئەنجومەن كە دەكاتە %45ی ئەندامانی ئەنجومەنەكە,كۆبونەوەكە بە بەشداری 5 ئەندامی ینك , 3 عەرەبی سونە, ئەندامێكی كریستانەكان “ئنجیل زیا شیبا زیا ئەلبەرواری بە 208 دەنگی ینك ببوو بە ئەندامی ئەنجومەن, هەڵبژاردنی ئەو لە فۆرمی هەڵبژاردنی مونا قەهوەچییە بۆ پەرلەمانی كوردستان, بە دەنگ لیوا تایبەتەكانی ینك لە بەغدا هەڵبژێردرا بوو, خۆی وپیاوەكەی كارمەندی تیڤی كەركووكی ینك ن, بەلام بە ناوی لیستی بابلیونی رەیان كلدانی كە سەر بە كەتایبی بابلیونی حەشدی شەعبییە خۆی كاندید كردبوو, رەیان كلدانی بە بنەچە كریستانەو خەڵكی قوشە لە پارێزگای موسڵ, بەڵام دانیشتووی شاری سەدرە, سەرۆكی كەتیبەی بابلیونە, لە رێكەوتی 18-7-2019 ەوە لە لیستی سزادراوانی یاسای ماغنیستی ئەمەریكادایە بەهۆی گەندەڵی و داگیركردن و فرۆشتنی زەوی هاوولاتیان لە دەشتی موسڵ و پەلاماردانی ئافرەتان و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ , ئەو دژە ئیسلامی سونەیە تا ئاستی راستیزم , لە موسڵ وەحشیانە لە گەڵ پێكهاتەی سونە مامەڵەی كردووە, كەنیسەكانی كریستانەكان بێ بەری خۆیان لە كەتیبەكەی راگەیاندووە , یەكێك لە نزیكەكانی قاسم سلێمانی و مەهدی موهەندیس بووە, پێشتر لە سوپای مەهدی بووە, بەهۆی ژنخوازییەوە بووە بە موسڵمانی شیعە, 4 پەرلەمانتارەكەی لە كۆتای كریستان بەهەمان شێوەی كاندیدەكەی كەركووكی دەرچوونە, چاودێرانی كریستان پێیان وایە تەنها 10%ی كریستانەكان دەنگیان بە لیستەكەی داوە, بە فێڵ كورسیی كریستانەكانی بۆ خۆی بردووە”.
كوردو پۆستی پارێزگا
بۆ پێكهاتەی كورد پۆستی پارێزگای كەركوك گرنگیییەكی مەعنەوی هەیە لەم كاتەدا دوای 7 ساڵ پەراوێز خستنی لە شارەكە, بە تایبەت بۆ ینك كە لە قەیرانی رێكخراوەیی قوڵدایەو بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەڕوات, بەم پۆستە دەتوانێت هەندێك لە زیانەكانی كەمبكاتەوە, هەرچەندە تا ئێستا ناوێرێت ناوەڕۆكی رێكەوتنەكە بڵاو بكاتەوە بۆ رایگشتی. رێبوار تەها سێیەم پارێزگاری كوردە لە كەركووك, لە دوو پارێزگاكەی پێشووتر لاوازترە بەهۆی ئەوەی: لە لیستەكەی خۆی دەنگی یەكەم نەبووە “
نەشئەت شاهویز خورشید عەلی 42166 دەنگی هێناوەتەوە, رێبوار تەها ئەحمەد شێخانی 29861 دەنگی هێناوەتەوە, لە كاتێكدا رێبوار سەرۆكی لیستیش بووە , رێژەی دەنگەكانی دەكاتە 70,8%ی دەنگەكان نەشئەت” , هەروەها لە رابردوودا لێكتێگەیشتن بەهۆی سیاسەتی پراگماتیكی جەلال تاڵەبانییەوە هەبووە لەناو لایەنە كوردییەكان بۆ پشتیوانی هەردوو پارێزگاكەی پێشوو, كەسایەتییەكی بەهێزو پێگەیەكی گرنگی سیاسی لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە هەبوو, هەموو پارتەكان پشتیوانییان لێی دەكرد, هەروەها پارێزگارەكان رابردوو بەهێزتر و رۆشنبیرتر بوون, پارێزگاری ئێستا وێڕای پشتیوانی جەماوەری و حیزبی كەمترەو حیزبەكەشی لە ئێستادا زۆر لاوازترە و كەسایەتی حیزبی بەهێزتر لە لایەنەكەی خۆی لە شارەكە هەیە ئەمەش وا دەكات لە شارەكە وەك سێبەری ئەو دەربكەوێت, وە هاتۆتە سەر ئیدارەیەك شارەكە بە چەكداری حەشد داگیركراوە,7 ساڵ لەمەوپێش بە شكستێكی سەربازی گەورە پێكهاتەكەی لە شار دەركراوە, هاوكات لە كابینەی میوانخانەی رەشیددا كورد لاوازتر دەرچووە, هیچ پۆستێكی ئەمنی شارەكەی پێ نەدراوە, نفوس و تاپۆو كشتوكاڵ و هەردوو قەزای دوبس و داقوقی پێ نەدراوە كە هەر پێنجی بۆ دۆسییەكانی گرنگن, وە لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گرنگدایە بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و……. ئەمە وێڕای خودی رێككەوتنەكە بە ئاشكرا و بەشداری نەیاران ئەنجام نەدراوەو بەشێوەی دیموكراسیانە دەنگی پێ نەدراوە و لە رووی یاساییەوە كەلێنی تێدایە وەك نەیارانی ئاماژەی پێ دەدەن.
پێكهاتەی عەرەب
لە رێكەوتننامەی هوتێل رەشید 3 ئەندامی لیستە عەرەبییەكان بەشدار بونە لە كۆی 6 كورسی كە هەیان بوو بەشدار بوون. گرنگترین خاڵی رێكەوتننامەی میوانخانەی رەشید كەرتكردنی لیستی عەرەبە سونەكان بوو, بەرامبەر بە پارە و بەخشینی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و زیاتر لە 20 پۆست لە شاری كەركوك.
پێشتر پێكهاتەی عەرەبی سوونە هاوپەیمانی نزیكی پارتی بوون, لەگەڵ بوونی یۆنامی و سوپای ئەمەریكا لە عێراق بە هەموویانەوە رێگربوون لەبەردەم ئەوەی پارتە شیعە ئیسلامییەكان عێراق بتوانن بە سیناریۆكانی ئێران لە عێراقدا بەرەو دەوڵەتێكی ئیسلامی شیعەگەرای ناوەندی بڕۆن و نەیارییەكان بەردەمیان هەڵبگرن, بەم رێكەوتنە سونەكان ریزەكانیان كەرت بوو, هەرچەندە باڵی بەشدار بوو وەك خاین لە شەقامی سونەكان سەیر دەكرێن, لە هەڵبژاردنی داهاتوو شەنسیان كەمتر دەبێت, عەرەبە سونەكان بڕبڕەی پشتی دەسەڵاتی بەعس بوون, كورد تاڵی زۆری بەدەستیانەوە بینی تا ئەنجامدانی 4 پرۆسەی جینۆساید, بۆیە پشتیوانی جەماەری شەقامی كوردی نییە بۆ ئەو هاوپەیمانییە.
ئەم رێكەوتنەی شیعەكان كردوویانە, بە پشتیوانی ئێرانییەكان بووە, قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی هەق زامنی كردووە, پردی بە یەكگەیشتنی نێوان پاڤێڵ تاڵەبانی و رەیان كلدانی و محەمەد حەلبوسی بووە , بە بەشداری كوتلەی ینك لە حكومەتی عێراقی لە بەغدا, لە هاوكێشەكە تەنها حەلبووسی كارەكتەری نوێیە و هێنراوەتە ناو بازنەكەوە, هەرچەندە نە عەرەبی شیعە و نە توركمانی شیعە هیچ كورسییەكیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بەدەست نەهێناوە, كەچی پەرلەمانتارێكی توركمانی شیعە سەر بە بەدر بەشداری كۆبوونەوەكە بووە وەك نوێنەری توركمان, هەرچەندە لیستی توركمان و عەرەبە شیعە لە كەركوك دۆڕاون لە هەڵبژاردنەكە.
حەلبوسی میوانە تازەكە بووە لە رێكەوتنەكە, پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكی وەرگرتووە, بەهۆی ئەم رێكەوتنەو كەرتكردنی ناو ماڵی عەرەبی سونە چاوی لە سەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیشە لیستەكەی بەدەستی بهێنێت, بە پاڵپشتی شیعەكان و ینك و رەیان كلدانی, وەك پاداشتێك بۆ ئەم رێكەوتنەی كە باجەكەی گرانە بۆی لە شەقامی سونە كە كەرتكردنی دەنگی عەرەبی سونە بووە بۆ یەكەمجار لە 21 ساڵی رابردوو.
ئەركی پاڤێڵ لەم رێكەوتنە تەنها واژۆكردن بووە, لە مەتبەخی ئێران و شیعەكان خواردنەكە ئامادە كراوە, پاڤێڵ تامكردەنەكەشی بەدەست نەبووە, ئەركی تەنها خواردن ی بووە, خواردنەكەش لە نێوان هەنگوین و پیاڵە ژەهرەكە بووە, لە ئێستادا تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت تامی هەنگوینەكەی لە دەم دەمێنێ.
ئێرانییەكان چییان دورییەوە
ئەم رێكەوتننامەیە بۆ ئێرانییەكان گەورەترین سەركەوتن بوو, لە هەنگاوە كۆتاییەكە كە دامەزراندنی حكومەتێكی ئیسلامی شیعەگەرایە لە عێراق چەندین فرسەخ نزیكیانی كردەوە, كورد جگە لەوەی خۆی بە لاوازی دەرچوو, ماڵی عەرەبی سونەشی وێران كرد,بۆ شیعە كردیانی بە دوو بەشەوە وەك خۆی كەرتیانی كرد.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێم ئەوەیە ئیتر ئەم تەرزە لە پێكهێنانی حكوومەت ئەگەری هەیە ببێتە نەرێت لە عێراقدا كە پێشتر لە پارێزگای دیالە تاقیكرایەوە, شیعەكان كەی ویستیان گروپێك ببەن بۆ میوانخانەیەكی بەغداو ستراتیجیەتی خۆیانی پێ جێبەجێ بكەن بەرامبەر هەر لایەنێك رێگر بێت لە بەردەمیان.
ئەگەر شیعەی عێراق شانسی ئەوەیان هەبێت لە دەسەڵاتدارێتی عێراق بەردەوام بن, ئەوجا بۆمان دەردەكەوێت رێكەتننامەی بەم شێوەیە چۆن لە پیادەكردنی دەسەڵاتێكی فاشیستی نزیكیان دەكاتەوە. ئێرانییەكان چۆن بۆ توركمانە تۆڕانییە سونەكان ئەلتەرناتیفی توركمانی شیعەیان سەر بە بەدر ئامادە كردبوو, لە داهاتوودا بۆ عەرەبەكان و كوردەكانیش عەرەب و كوردی شیعە ئامادە دەكەن, پێویستیان بەم فاكتەرانەی ئێستا نامێنێت.
009647503714620