کورسی…

خالید بایەزیدی

-سەرکردەی وڵاتی ئێمە

لە سەرکردەی هیچ

وڵاتیکی جیهان ناچێت

لەسەر کورسی کە دانیشت

هەتاکوو نەمرێ هەڵناسێ!

۲-

کورسییەک!

سەری خۆی هەڵگرت

چونکە دیکتاتۆریک

دەیویست

لەسەری دانیشێت

۳-

شتێکی سەیر…

کورسییەک!

بە سەرۆکیکەوە نووساوە

بە دارتاش بڵێن:

با بێت و لێکیان کاتەوە!؟

۴-

دوێنێ شەو!

لە خەونم دا سەرۆکێک

بە پیزو ئیفادەوە

بە هە‌رەشە و تووڕیەوە

لەسەر کورسییەکە‌ی دانیشتبوو

هیتلرو پێنوشە و مۆسۆلینی و سەدام

هاتنە بن گویچکەم و پێیان وتم:

ئێمەش وا بووین…

بەڵام !

ئەم کورسییە

هەتا هەتایە

هی کەس نییە

ڕۆژێک دادێت ژێر پێت

چوڵ ئەکات و

گەردنت بە پەتی سێدارەوە

جێ ئە‌هێڵی!؟

۵-

خەو

پە‌ژارەی سەرەکی

دیکتاتۆرەکان

تەنیا کورتی تەمەنە…

لەسەر کورسی دەسەلات

٦-

دیکتاتورەکان و

زەرووەکان

هەمیشە لە یەک ئەچن

هەردووک تینووێتیان

بە خوێن ئەشکێنن

٧-

دیکتاتۆرەکان !

ماسی گرێکن

کە تەنیا و تەنیا

لە ئاوی ‌قووڕاوا

ماسی ئەگرن!؟

۸-

دیکتاتورەکان!

تەنیا خەڵکی کۆمەڵگەکەیان

بەبێ دەنگی خۆش ئەوێ!؟

۹-

دیکتاتورو شەمشەمە کوێرە

لە یەک ئەچن

هە‌ردوک تێدەکۆشن

هیچ کات…

شەو و کازیوەی بەری بەیان

بە یەک نەگەن

بەڵام بێ خە‌بە‌ر لەوەی کە

کازیوەی بەری بەیان

بە سە‌ر‌تاریکیدا زاڵ دەبیت

و ڕوناکی بەسەر گشت جیهان

دەست دادەگرێ

۱۰-

شتێکی سەیر!

لە وڵاتی من

دزەکان هەر هەموویان

سە‌رکردەو پە‌رلەمانتارن

بەڵام !

لە ولاتە پێشکەوتووکان

دەست بەسەر و زیندانن

 

خالید بایەزیدی/ دلێر

لێدوانێک بەجێ بهێلە