چ مەشخەڵێک لە ئایدیا کوژایەوە چ دڵێک لە لێدان وەستا “81” نووسینی: لینین بۆ مەرگی فریدریک ئەنگلس

فلاديمير لينين

لە 5 ی ئۆگەستی 1895 ئەنگلس لە لەندەن کۆچی دوایی کرد، لە پاش مارکس (کە لە ساڵی 1883 مرد) هاوڕێی مەزنترین مامۆستا و ڕێ نیشاندەری پرۆلیتاریای هاوچەرخ بوو لە جیهاندا. لەوکاتەوە کە چارەنووس کارڵ مارکس و فریدریک ئەنگلسی پێکەوە کۆکردەوە، ئەم دوو هاوڕێیە کارەکانیان خستە خزمەتی ئامانجێکی هاوبەشەوە. بۆیە، بۆ تێگەیشتن لەو خزمەتەی ئەنگلس پێشکەشی پرۆلیتاریای کردوە، پێویستە بەڕوونی لە ڕێباز و کارەکانی مارکس بۆ پەرەپێدانی بزووتنەوەی کرێکاری هاوچەرخ تێ بگەین. مارکس و ئەنگلس پێش هەمووان ئاشکرایان کرد کە چینی کرێکار و داخوازییەکانی بە شێوەی زەڕوورەت لە هەناوی ئەم سیستمی ئابوورییەوە دێتەبوون، ئەو سیستمە ئابوورییەی کە لەگەڵ درووستکردنی چینی بۆرژوازیدا، بە شێوەیەکی حەتمی پرۆلیتاریاش درووست دەکات و ڕێکی دەخات. ئەوەیان ڕوون کردەوە کە بە نیازی باش و چاکەخوازییانەی تاکەکەسی، مرۆڤایەتی لە نەهامەتییەکانی ڕزگار ناکرێت، بەڵکو لە ڕێگەی خەباتێکی چینایەتییەوە ڕزگار دەکرێت کە پرۆلیتاریای ڕێکخراو ئەنجامی دەدات. مارکس و ئەنگلس پێش هەمووان لە بەرهەمە زانستییەکانیاندا ئەوەیان سەلماند کە سۆشیالیزم تەنها بەرهەمی خەون و خەیاڵی کەسەکان نییە، بەڵکو ئامانجی کۆتاییە و ئانجامێکی پێویستیشە بۆ پەرەسەندنی هێزەکانی بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا. ئەو مێژووەی تا ئێستا نووسراوە مێژووی ململانێی چینەکان بووە، زاڵبوونی چینە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر یەکتردا بەدوای یەکدا هاتووە. ئەم حاڵەتەش بەردەوام دەبێت تاوەکوو پایەکانی ئەم ململانێیە و باڵادەستی چینایەتی بەردەوام بێت،- واتا تا ئەو کاتەی خاوەندارێتیی تایبەت و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی ناڕێک بەردەوام بێت. نەمانی ئەم پایانە لە قازانجی پرۆلیتاریادایە، لەبەر ئەم هۆکارە، پێویستە خەباتی چینایەتیی کرێکار و ڕێکخراوەکان دژ بەم پایانە بێت. بەهەر حاڵ، هەموو خەباتێکی چینایەتیی هاوکات خەباتێکی سیاسییشە.

هەموو پرۆلیتاریا خەباتگێڕەکان بۆ ڕزگاربوونیان پەنایان بۆ ئایدیاکانی مارکس و ئەنگلس بردووە، بەڵام کاتێک لە چلەکاندا ئەم دوو هاوڕێیە بەشدار بوون لە بڵاوکراوە سۆسیالیستی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمە، ئەم ئایدیایانە زۆر نوێ دەهاتنە پیش چاو. ئەو کات کەسانی بەهرەمەند و بێبەهرە، کەسانی پاک و ناپاک هەبوون، کە بە هۆی ڕۆچوونیان لە خەباتکردن بۆ ئازادیی سیاسی و بەگژداچوونەوەی ستەمی پاشا و پۆلیس و قەشەکان، نەیاندەتوانی دژییەکی نێوان بەرژەوەندییەکانی بۆرژوازی و پرۆلیتاریا ببینن. بڕوایان بەوە نەبوو کە کرێکاران بتوانن وەکو هێزێکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆ کار بکەن. لەلایەکی دیکەوە، زۆرێک لە بلیمەتە خەیاڵ پڵاوەکان، بڕوایان وابوو دەشێت بە قایلکردنی دەسەڵاتداران و چینە باڵادەستەکان بە نادادیی ئەم سیستمە کۆمەڵایەتییە باڵادەستە، ئاشتی و خۆشگوزەرانی لەسەر زەوی بچەسپێت. ئەوان خەونیان بە سۆشیالیزمەوە دەبینی، بە ترسەوە تەماشایان دەکرد کە چۆن ئەم هەوکردنە لەگەڵ پەرەسەندنی پیشەسازیدا زیادی دەکرد، بۆیە هەموو ڕێگەیەکیان دەگرتەبەر، بۆ وەستاندنی پەرەسەندنی پیشەسازی و پرۆلیاتریا، بۆ وەستاندنی ڕەوڕەوەی مێژوو. پێچەوانەی ئەو ترسەی کە سەبارەت بە پەرەسەندنی پرۆلیتاریا هەبوو، مارکس و ئەنگلس هەموو ئومێدی خۆیان خستبوە سەر پەرەسەندنەکەی. تاوەکو ژمارەی پرۆلیتاریا زیاتر بێت، وەکو چینێکی شۆڕشگێڕ بەهێزتر دەبن، هاتنەدی سۆشیالیزمیش نزیکتر و مومکینتر دەبێت. دەتوانرێت بە چەند وشەیەک گوزارشت لەو خزمەتە بکرێت کە مارکس و ئەنگلس پێشکەشی چینی کرێکارییان کردووە: چینی کرێکارییان فێرکرد خۆی بناسێت، فێریان کرد هۆشیار بێت بە خۆی، زانستیان خستە جێگەی خەونەکان.

بۆ هەموو کرێکارێک پێویستە ئاشنای ناو و ژیانی ئەنگلس بێت. پێویستە لەم کتێبەدا،- کە هاوشێوەی چاپکراوەکانی تر، ئامانجی زیندووکردنەوەی هۆشیاریی چینایەتییە لای هەموو کرێکارانی ڕووسیا- چیرۆک و ژیان و چالاکییەکانی ئەنگلس باس بکەین، وەکو یەکێک لە مەزنترین مامۆستاکانی پرۆلیتاریای مۆدێرن.

ئەنگلس لە ساڵی 1820 لە بارمێن لە دایک بوو، (بارمێن شارێکە لە هەرێمی ڕاینی سەر بە شانشینی پروسیا). باوکی خاوەن کارگە بوو. ساڵی 1838 لەبەر هۆکاری خێزانی و پێش تەواکردنی خوێندنی دواناوەندی، ئەنگلس ناچار بوو لە دامەزراوەیەکی بازرگانیدا کار بکات لە بارمێن، بەڵام کاری بازرگانی ئەنگلسی دوور نەخستەوە لە خۆ پەروەردەکردنی زانستی و سیاسی. لە سەردەمی خوێندکارییەوە ڕقی لە ئۆتۆکراسی و ستەمی بیرۆکراتەکان بووە. دیراسە فەلسەفییەکانی زۆر دوورتر پەلکێشیان کرد. ئەو سەردەمە رێبازی هێگڵ فەلسەفەی ئەڵمانی داگیر کردبوو؛ ئەنگلسیش بوو بە لایەنگری ئەو رێبازە. هەرچەند خودی هێگڵ سەرسام بوو بە دەوڵەتی بیرۆکراتی پروسیا و وەکو مامۆستا لە زانکۆی بەرلیندا خزمەتی دەکرد، بەڵام رێبازەکەی شۆڕشگێڕانە بوو. باوەڕی هێگڵ بە عەقڵ و مافی مرۆڤ، هەروەها بنەما سەرەکییەکەی فەلسەفەی هێگلیزم کە پێی وایە گەردوون لە پرۆسەیەکی بەردەوامی گۆڕان و پەرەسەندندایە، رێبەرایەتی خوێنکارانی- ئەوانەی بە واقیعەکە ڕازی نەبوون- فەیلەسوفە بەرلینەکەی کرد بۆ بیرکردنەوە لەوەی خەباتکردن دژی ئەم واقیعە، دژی ئەم ستەم و خراپەکارییەش، بەشێکە لە یاسا گەردوونییەکەی پەرەسەندنی بەردەوام. ئەگەر هەموو شتێک لە پەرەسەندندایە، ئەگەر دامەزراوەکان جێگەی یەکتر دەگرنەوە، ئیتر بۆچی دەبێت ئۆتۆکراسی پاشای پروسیا قەیسەری ڕووسیا تاهەتایە بمێنێتەوە، بۆچی دەبێت دەوڵەمەندبوونی کەمینە لەسەر شانی زۆرینەی دانیشتوان بەردەوام بێت، بۆچی دەبێت باڵادەستی بۆرژوازی بەسەر گەلەوە بەردەوام بێت؟ فەلسەفەی هێگڵ تایبەت بوو بە پەرەسەندنی ئەقڵ و ئایدیاکان. فەلسەفەیەکی ئایدیالیستی بوو، چونکە وەهای دەبینی کە پەرەسەندنی سروشت و مرۆڤ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پەرەسەندنی ئەقڵە. مارکس و ئەنگلس ئایدیاکەی هێگڵیان سەبارەت بە پرۆسەی پەرەسەندنی بەردەوام پاراست¹⁰⁵، بەڵام ئەو دیدگا ئایدیالیستییە گریمانەکراوەیان ڕەتکردەوە. بە پشت بەستن بە ژیان، سەرنجیان دا، کە پەرەسەندنی ئەقڵ ڕاڤەی پەرەسەندنی سروشت ناکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە، دەبێت سەرچاوەی ئەقڵ بگەڕێنینەوە بۆ سروشت، بۆ مادە… پێچەوانەی هیگڵ، هیگڵستییەکانی تر، مارکس و ئەنگلس ماتریالیست بوون. ئەوان کە دیدگایەکی ماتریالیستییان لەمەڕ جیهان و مرۆڤایەتی هەبوو، سەرنجیان دا، وەکو چۆن هۆکارە ماتریالییەکان بناغەی هەموو دیاردە سروشتییەکانن، بەهەمان شێوە پەرەسەندنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەندە بەپەرەسەندنی هێزە ماتریاڵییەکان و هێزەکانی بەرهەمهێنان. پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان، ئەو پەیوەندییانەی لە کاتی بەرهەمێنانی پێویستییە مرۆییەکاندا بە زەروورەت پەیدا دەبن، پەیوەستن بە هێزەکانی بەرهەمهێنانەوە. لە ناو ئەم پێوەندییانەدا دەتوانین بگەڕێین بەدوای ڕاڤەکردنی هەموو دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی ژیان و ئامانج و ئایدیا و یاسا مرۆییەکان. پەرەسەندنی هێزەکانی بەرهەمهێنان خاوەندارییەتی لە زۆرینە دەسەنێتەوە و لە دەستی کەمینەیەکدا قەتیسی دەکات. ئەمە خاوەندارێتی لە ناو دەبات، کە بناغەی سیستمی کۆمەڵایەتی مۆدێرنە، خۆبەخۆ بەرەو ئەو ئامانجە هەنگاو دەنێت کە سۆشیالیستەکان چاوەریی دەکەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە، ئەم سۆشیالیستانە درک بکەن بەوەی کام هێزی کۆمەڵایەتی، بەهۆی هەلومەرجەکەیەوە لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، بەرژەوەندی لە بەدیهێنانی سۆشیالیزمدایە، تاوەکوو ئەم هێزە لە بەرژەوەندی و ئەرکە مێژووییەکەی هۆشیار بکەنەوە. ئەم هێزە بریتییە لە پرۆلیتاریا. ئەنگلس لە ئیگلتەرا ئاشنای پرۆلیتاریا بوو، لە سەنتەرێکی پیشەسازی ئینگلیزیدا لە مانشستەر، کاتێک لە ساڵی 1842 دا لە دامەزراوەیەکی بازرگانیدا کاری دەکرد، کە باوکی تێیدا پشکی هەبوو. ئەنگلس بەم کارکردنە سادەیە لە ئۆفیسی کارگە قایل نەبوو، بەڵکو دەچووە ئەو گەڕەکە خراپانەی کە کرێکاران تێیدا دەژیان، لەوێدا بە چاوی خۆی هەژاری و نەهامەتییەکانی دەبینیی. تەنها بە سەرنجەکانی خۆیەوە نەوەستا، بەڵکو هەموو ئەو سەرنج و نووسینانەشی خوێندەوە کە کەسانی تر سەبارەت بە دۆخی چینی کرێکاری ئینگلتەرا نووسیوویان، هەموو ئەو دیکۆمێنتە فەرمییانەی دیراسە کرد کە دەستی پێیان گەیشت. کتێبەکەی بە ناونیشانی (دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا)، کە ساڵی 1845 بڵاوکرایەوە، بەرهەمی ئەم دیراسە و سەرنجدانە بوو. پێشتر باسی ئەو خزمەتەمان کرد کە ئینگلس لە ڕێگەی کتێبی (دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا)ەوە پێشکەشی کردووە. زۆر کەس هەبوو، تەنانەت پێش ئینگلس باسیان لە ئازارەکانی پرۆلیتاریا کردووە و بە پێویستییان زانیوە هاوکارییان بکرێت، بەڵام ئەنگلس، یەکەم کەس بوو سەلماندی پرۆلیتاریا تەنها ئەو چینە نییە ئازار دەچێژێت، بەڵکو دۆخە خراپە ئابوورییەکەی پاڵی پێوە دەنێت و هانی دەدات بۆ خەباتکردن لە پێناو ڕزگارکردنی تەواوەتی خۆی. دوای ئەوەش، پرۆلیتاریای خەباتگێڕ خۆی هاوکاری خۆیەتی. بزوتنەوەی سیاسیی چینی کرێکار بە شێوەیەکی حەتمی کرێکاران ناچار دەکات بۆ بیرکردنەوە لەوەی کە جگە لە سۆشیالیزم هیچ رێگەیەک بۆ دەربازبوون نییە. لەلایەکی دیکەوە، سۆشیالیزم تەنها ئەو کاتە دەبێتە هێز، کە دەبێتە ئامانج بۆ خەباتی سیاسی چینی کرێکار. ئەمە ئایدیا سەرەکییەکانی ئەنگلسە سەبارەت بە دۆخی چینی کرێکار لە ئینگتەرا، ئەمڕۆ ئەم ئایدیایانە لەلای هەموو ئەو پرۆلیاتاریایانە قبوڵ کراوە کە بیر دەکەنەوە و خەبات دەکەن، بەڵام بۆ ئەو سەردەمە تەواو نوێ بوون. ئایدیاکانی ناو ئەم کتێبە بە ستایڵێکی سەرنجڕاکێش داڕێژراون. هەروەها بەشێوەیەکی ڕاستگۆیانە و ترسناک وێنای دۆخی نالەباری پرۆلیتاریای ئینگلتەرای کردووە. ئەم کتێبە تۆمەتبارکردنێکی ترسناک بوو دژی سەرمایەداری و بۆرژوازی. کاریگەرییەکی گەورەشی بەجێ هێشت. لە هەموو جێگەیەکدا کتێبەکەی ئینگلسیان وەکو بەڵگە دەهێنایەوە بۆ گوزارشتکردن لە دۆخی خراپی پرۆلیتاریای مۆدێرن.

بەڕاستیش پیش ساڵی 1845 و دوای ئەو ساڵەش، نەتوانراوە بەم شێوەیە گوزارشت لە نەهامەتییەکانی چینی کرێکار بکرێت.

ئینگلس لە ئینگلتەرا بوو بە سۆشیالیست. لە مانشستەر پێوەندی لەگەڵ ئەندامانی بزووتنەوەی کرێکاری ئینگلیزی ئەو سەردەمە درووست کرد. لە چاپکراوە سۆشیالیستییە ئینگلیزییەکاندا دەینووسی. لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ ئەڵمانیا لە ساڵی 1844 و لە تێپەڕینیدا بە پاریس ئاشنای مارکس بوو. پێش ماوەیەکی کەمیش نامەگۆڕینەوە لە نێوانیاندا هەبوو. مارکس، لە پاریس بوو بە سۆشیالیست، ئەمیش لە ژێر کاریگەری سۆشیالیستە فەرەنساییەکان و شێوازی ژیانی فەرەنسی. لەوێدا ئەو دوو هاوڕێیە پێکەوە کتێبێکیان نووسی بە ناونیشانی (خێزانی پیرۆز، یان ڕەخنە لە ڕەخنەی ڕەخنەگران). ئەم کتێبە بەشی هەرە زۆری لەلایەن مارکسەوە نووسرا بوو. هەروەها ساڵێک پێش بڵاوبوونەوەی کتێبی «دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا» بڵاوکرایەوە، کە بناغەیەک بوو بۆ ئەو سۆشیالیزمە ماتریالیستییە شۆرشگێڕییەی کە پێشتر باسمان لە ئایدیا سەرەکییەکانی کرد. «خێزانی پیرۆز» ناوێکی گاڵتەئامێزە بۆ برایانی باوەری فەیلەسوف و شوێنکەوتوانیان. ئەم بەڕێزانە بانگەشەیان بۆ ڕەخنەیەک دەکرد کە لە سەرووی هەموو واقیعێکەوەیە، لەسەرووی پارتەکان و لەسەرووی سیاسەتەوەیە، هەموو چالاکییەکی پراکتیکی ڕەت دەکاتەوە، لەگەڵ تێڕاماندایە لە جیهانی دەوروبەر و ڕوداوەکانی ناو ئەم جیهانە «لە دیدگایەکی ڕەخنەگرانەوە». ئەم دوو باوەرە بەڕێزە لەسەرەوە دەیانڕوانییە پرۆلیتاریا، وەک چینێکی خالی لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لێیان دەڕوانی. مارکس و ئەنگلس بەتوندی دژی ئەم ڕەوتە زیانبەخش و پووچە وەستانەوە. بە ناوی کەسایەتییەکی مرۆییی ڕاستەقینەوە – ئەو کرێکارەی لە لایەن چینی دەسەڵاتدار و دەوڵەتەوە دەچەوسێنرێتەوە – داوای خەباتیان دەکرد لە پێناو ڕێکخستنێکی باشتری کۆمەڵگە، نەوەک داوای تێڕامان. ئەوان تەنها پرۆلیاتاریایان بەو هێزە دەبینی کە بەرژەوەندی لەم خەباتەدایە و لە توانایدایە ئەنجامی بدات. پێش بڵاوبوونەوەی کتێبی «خێزانی پیرۆز»، ئەنگلس لە گۆڤارەکەی مارکس و ڕۆگەدا «ساڵانەی فەرەنسی و ئەڵمانی»83 بەرهەمێکی بە ناونیشانی «توێژینەوەیەکی ڕەخنەیی سەبارەت بە ئابووری سیاسی»84 بڵاوکردەوە، لەم بەرهەمەدا، لە ڕوانگەیەکی سۆشیالیستانەوە دیاردە سەرەکییەکانی سیستمی ئابووری هاوچەرخی شیکردەوە، ئەم سیستمەی وەک دەرئەنجامێکی حەتمی بالادەستیی خاوەندارێتیی تایبەت خستە ڕوو. پێوەندییەکانی مارکس بە ئینگلسەوە هاندەری مارکس بوو بۆ گرینگیدان بە ئابووری سیاسی، ئەو زانستەی کە لە ڕێگەی بەرهەمەکانییەوە شۆڕشێکی تێدا بەرپا کرد.

لە ساڵی 1845 تاوەکوو 1847، ئەنگلس لە برۆکسل و پاریس دەژیا، لەم دوو شارەدا توێژینەوە زانستییەکانی و چالاکییە پراکتیکییەکانی لە ناو کرێکارە ئەڵمانییەکاندا پێکەوە گرێ دابوو. لەو کاتەدا، مارکس و ئەنگلس پێوەندییان درووست کرد لەگەڵ رێکخراوێکی نهێنی ئەڵمانی بە ناوی «کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان»85، کە بەڵێنیان پێ دابوون ئەو پرنسیپە سەرەکییانە بلاوبکەنەوە کە ئەمان دایان ڕێژابوو. بەم چەشنە لە ساڵی 1848 مانیڤێستە بە ناوبانگەکەیان«مانیڤێستی کۆمۆنیست» بڵاوکردەوە. ئەم کتێبە بچکۆلەیە هاوتای چەندین بەرگی گەورەیە: تائێستایش ورە بەخش و پاڵنەرێکی گەورەیە، بۆ تەواوی پرۆلیتاریای ڕێکخراو و خەباتگێڕی جیهان.

بەڵام شۆڕشی 1848، کە سەرەتا لە فەرەنسا بەرپا بوو، دواتریش پەلی کێشا بۆ وڵاتانی تری ئەوروپای خۆرئاوا، مارکس و ئەنگلسی ناچارکرد بگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان. لە پروسیای ڕەینی سەرپەرشتی ڕۆژنامەیەکی دیموکراسییان دەکرد بە ناوی «ڕۆژنامەی رەینی نوێ» کە لە شاری کۆلۆنیا دەردەکرا. ئەم دوو هاوڕێیە ئیلهامبەخشی هەموو هەوڵە شۆڕشگێڕییە دیموکراسییەکان بوون لە پروسیای ڕەینیدا. بە هەموو هێزیانەوە بەرگریان لە بەرژەوەندی گەل و ئازادی دەکرد دژی هێزە کۆنەپەرستەکان. وەک دەزانین ئەمانەی دواتر باڵادەست بوون. «ڕۆژنامەی ڕەینی نوێ» داخرا. کاتێکیش مارکس لە کاتی کۆچکردنیدا ناسنامەی پروسیەکەی ون کرد، لەوێ دەرکرا، بەڵام ئینگلس لە ڕاپەڕینی چەکداری جەماوەردا بەشدار بوو. لە سێ جەنگی ئازادیخوازانەدا بەشداری کرد، پاش شکستی شۆڕشگێڕان، لەڕێگەی سویسراوە هەڵهات بۆ لەندەن. مارکسیش لە لەندەن نیشتەجێ بوو. بەڵام ئینگلس دووبارە گەڕایەوە سەر کارەکەی پێشوو، دواتریش بوو بە پشکدار لە هەمان دامەزراوەی بازرگانیدا، لە مانچیستەر، کە لە چلەکاندا کاری تێدا دەکرد. تاوەکوو ساڵی 1870، ئەنگلس لە مانچیستەر و مارکس لە لەندەن ژیا، بەڵام ئەمە ڕێگر نەبوو لە لێکچوون و یەکێتیی بەهێزی نێوان ئایدیاکانیان. ڕۆژانەش نامەیان دەگۆڕییەوە. لەم نامانەشدا بۆچوون و زانیارییەکانیان دەگۆڕییەوە. پێکەوە سەرقاڵی داڕشتنی سۆشیالیزمی زانستی بوون. لە ساڵی 1870 ئەنگلس گەیشتە لەندەن، هاوشان لەگەڵ مارکس دا بە چالاکییەکی زیاترەوە بەردەوامییان بە کارە تیۆرییەکانیان دا، تاوەکو ساڵی 1883، کە ساڵی مردنی مارکسە. بەرهەمی ئەم کارەش بۆ مارکس کتێبی «سەرمایە» بوو، مەزنترین نووسین بوو دەربارەی ئابوری سیاسی؛ بۆ ئەنگلسیش، چەندین بەرهەمی گەورە و بچووک بوو. مارکس سەرقاڵی شیکردنەوەی دیاردە ئاڵۆزەکانی ئابووریی سەرمایەداری بوو. ئەنگلسیش لە بەرهەمەکانیدا، بەشێوەیەکی سادە، زۆرجاریش مشتومڕئامێز، گشتگیرترین پرسە زانستی و دیاردەکانی ئێستا و ڕابردووی دەخستە بەر باس، ئەمەیش بەگوێرەی تێگەیشتنی ماتەریالیستیانە بۆ مێژوو و تیۆریە ئابوورییەکەی مارکس. لەو بەرهەمانەی ئەنگلس، کتێبێکی مشتومڕئامێز بوو دژی دۆرینگ (تێیدا گرنگترین پرسە فەلسەفییەکان، زانستە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکانی شیکردەوە)، هەروەها کتێبەکەی تری بە ناونیشانی «ڕەچەڵەکی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت» ( وەرگێڕانە ڕووسییەکەی لەسانت پیتیرسبۆرگ بڵاوکرایەوە، چاپی سێیەم، 1895 ). و « لودویگ فیورباخ »88 (وەرگێڕانە ڕووسییەکەی لەگەڵ سەرنجەکانی پلیخانۆف، ژنێڤ، 1892 ) ، وتارێک دەربارەی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی ڕووسیا (وەگێڕانە ڕووسییەکەی لە ڕۆژنامەی « سۆسیال دیموکرات »، ژمارەکانی یەکەم و دووەم، لە ژنێڤ بلاوکرایەوە) چەند وتارێکی ناوازە دەربارەی پرسی نیشتەجێبوون 89، لە کۆتایشدا، دوو کورتە وتاری گرنگی دەربارەی پەرەسەندنی ئابوری لە ڕووسیا ( « فریدریک ئەنگلس دەربارەی ڕووسیا دەنووسێت»، لەلایەن زاسولیچ وەرگێڕدرا، ژنێڤ، 1894 ). مارکس پێش تەواوکردنی بەرهەمە مەزنەکەی سەبارەت بە سەرمایە کۆچی دوایی کرد، بەڵام دەستنووسەکەی ئامادەبوو، بەم شێوەیە پاش مردنی هاوڕێکەی، ئەنگلس ئەم ئەرکەی لە ئەستۆ گرت، بەرگی دووەم و سێیەمی کتێبی «سەمایە»ی ئامادەکرد و بڵاویکردەوە. بەرگی دووەمی لە ساڵی 1885 و بەرگی سێیەمی لە ساڵی 1894 بڵاوکردەوە (مەرگ دەرفەتی نەدا بەرگی چوارەمیش ئامادە بکات)92. بە ئامادەکردنی ئەو دوو بەرگەوە زۆر ماندوو بوو. ئەدلەر، سۆشیال دیموکراتی نەمسایی، دەڵێت ئەنگلس بە بڵاوکردنەوەی بەرگی دووەم و سییەمی «سەرمایە»، مۆنۆمێنتێکی مەزنی بۆ هاوڕێکەی درووست کرد، مۆنۆمێنتێک، کە بەبێ ئەوەی خۆی بیەوێت، ناوی خۆیشی لە پاڵ ناوی مارکس لەسەری نووسراوە. ئەم دوو بەرگەی «سەرمایە»، بەڕاستی کاری هاوبەشی مارکس و ئەنگلس بوو. ئەفسانەی کۆن هەن سەبارەت بە هاوڕێیەتی. پڕۆلیتاریای ئەورووپی دەتوانێت بلێت زانستەکەیان لەلایەن دوو زانا و خەباتگێڕەوە دانراوە، کە هاوڕێیەتییەکەیان هەموو ئەو ئەفسانانەی تێپەڕاندوە کە سەبارەت بە هاوڕێیەتی لەناو خەڵکدا بەربڵاون. ئەنگلس بەردەوام – مافی خۆیەتی – لە پاش مەرگی مارکس پێگەی خۆی قایم کردبوو. بۆ یەکێک لە هاوڕێ کۆنەکانی دەنووسێت: «من بەردەوام دووەم کەمانچەژەن بووم لە پاڵ مارکسدا »93. خۆشەویستییەکەی بۆ مارکسی زیندوو، ڕێزگرتن لە مارکس و یادکردنەوەی بە مردوویی، بێسنوور بوو. ئەم خەباتگێڕە پتەوە، ئەم بیرمەندە مەزنە، خاوەنی ڕۆحێکی پڕ خۆشەویستی بوو.

پاش بزووتنەوەی 1848 – 1849، چالاکی مارکس و ئەنگلس لە تاراوگە تەنها لە زانستدا کورت نەبوویەوە. مارکس لە ساڵی 1864 «کۆمەڵەی کرێکارانی ئەنتەرناسیۆنال»ی دامەزراند، بۆ دە ساڵ سەرکردایەتی کرد، ئەنگلسیش ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە بەڕێوەبردنیدا، بەڵام «کۆمەڵەی ئەنتەرناسیۆنال» کە بە بۆچوونی مارکس یەکخەری پرۆلیتاریای هەموو وڵاتەکانە، بایەخێکی زۆری هەبوو لە پەرەسەندنی بزووتنەوەی کرێکاریدا، هەرچەندە ئەم کۆمەڵەیە لە هەفتاکاندا هەڵوەشایەوە، بەڵام ڕۆڵی یەکخەرانەی مارکس و ئەنگلس نەوەستا. بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەتوانین بڵێین ڕۆڵیان وەکوو ڕابەری ڕۆحی بزووتنەوەی کرێکاری، بەردەوام زیاتر دەبوو، چونکە خودی بزووتنەوەکە بەردەوام لە پەرەسەندندا بوو.

پاش مردنی مارکس، ئەنگلس بەتەنها بوو بە پێشەوا و ڕابەری سۆشیالیستە ئەورووپاییەکان. سۆشیالیستەکانی ئەڵمانیا کە سەرەڕای ستەمی حکوومەت هێزەکەیان بەردەوام زیادی دەکرد، سۆشیالیستەکانی وڵاتە دواکەوتووەکانیش بەردەوام بۆ ئامۆژگاری و ڕێنمایی ڕوویان لێ دەکرد، بەهەمان شێوە ئیسپانیا و ڕۆمانی و رووسەییەکان کە دەبوو هەنگاوی یەکەمیان هەڵبسەنگێنن و بەدی بکەن. هەموویان روویان لەم سەرچاوەیە دەکرد، سەرچاوەی مەعریفی و ئەزموونیەکەی ئەنگلسی بەتەمەن.

مارکس و ئەنگلس کە زمانی ڕووسیان دەزانی و کتێبیان بەم زمانە دەخوێندەوە، گرنگییەکی زۆریان بە ڕووسیا دەدا، سۆزێکی زۆریان بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی ئەم وڵاتە هەبوو، پێوەندییان لەگەڵ شۆڕشگێڕە ڕووسەکان هەبوو. هەردووکیان پێش ئەوەی ببن بە سۆشیالیست، دیموکراتی بوون.

ئەو هەستە دیموکراتییەی کە وای کرد ڕقیان لە دیسپۆتیزمی (زۆرداریی) سیاسی بێت، زۆر بەهێز بوو. ئەم هەستە سیاسییە خۆرسکە، لەگەڵ تێگەیشتنێکی تیۆریی قووڵ لە پێوەندییەکانی نێوان دیسپۆتیزمی سیاسی و ستەمکاری ئابووری، لەگەڵ ئەزموونێکی دەوڵەمەند، هەموو ئەمانە وای کرد مارکس و ئەنگلس زیاتر لە کایەی سیاسیدا قووڵ ببنەوە. بۆیە ئەو خەبات و نەبەردانەی کە گروپێکی بچووکی شۆڕشگێڕە ڕووسییەکان دژی حکومەتی قەیسەری ئەنجامیان دا، هەست و سۆزی ئەم دوو شۆڕشگێڕەی بەلای خۆیدا ڕاکێشا. هاوکات، بە شێوەیەکی سروشتی بە گومانەوە دەیانڕوانییە ئەو نیازەی کە دەیویست لەژێر ناوی بەدەستهێنانی بەرژەوەندی ئابووریدا، گرنگترین و هەنوکەییترین ئەرکی ئەم شۆڕشگێڕە ڕووسییەکان دوور بخاتەوە، کە ئەویش بەدەستهێنانی ئازادی سیاسییە، ئەم هەوڵەیان وەکو خیانەت کردن لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەبینی. مارکس و ئەنگلس بەردەوام دەیانگووت: «دەبێت ئازادکردنی پرۆلیتاریا لەلایەن خودی پرۆلیتاریاوە بێت»94، بەڵام بۆ ئەوەی پرۆلیتاریا بتوانێت خەبات لە پێناو ئازادی ئابووریدا بکات، پێویستە هەندێک ئازادی سیاسی بەدەست بهێنێت. لەلایەکی دیکەوە، مارکس و ئەنگلس بە ڕوونی ئەوەیان دەبینی کە شۆڕشی سیاسی لە ڕووسیا گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ بزووتنەوەی کرێکاری لە ئەورووپای خۆرئاواش، چونکە ڕووسیای ئۆتۆکراتیی بەردەوام قەڵایەک بووە بۆ پاراستنی کۆنەپەرستی لە تەواوی ئەورووپادا. پێگەی جیهانی ڕووسیا کە بەرهەمی جەنگی ساڵی 1870 بوو، کە بۆ ماوەیەکی زۆر تۆوی ناکۆکیی لە نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا چاند، بووە هۆی ئەوەی گرنگی رووسیای ئۆتۆکراتی وەکو هێزێکی کۆنەپەرست زیاتر بێت. تەنها ڕووسیایەکی ئازاد، کە پێویستی بە چەوساندنەوەی پۆلۆنییەکان و فینلەندییەکان و ئەڵمانییەکان و ئەرمەنییەکان و نەتەوە بچووکەکانی تر نەبێت، پێویستی بە هاندانی ئەڵمانیا و فەرەنسا نەبێت دژ بەیەکتر، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوروپای مۆدێرن لە جەنگی بەردەوامی ڕزگاری بێت، دەبێتە هۆی لاوازبوونی هێزە کۆنەپەرستەکانی ئەوروپا، هەروەها بەهێزبوونی چینی کرێکاری ئەوروپا. لەبەر ئەم هۆکارە، لە پێناو سەرکەوتنی بزوتنەوەی کرێکاریی لە خوارئاواش، ئەنگلس هیوای دەخواست ئازادی سیاسی لە ڕووسیادا بچەسپێت. بە مردنی ئەنگلس، شۆرشگێڕانی ڕووسیا باشترین هاوڕێیان لەدەست دا.

با هەمیشە یادی ئەنگلس بەرز ڕاگرین، مامۆستا و ڕابەری مەزنی پرۆلیتاریا.

لە بەهاری 1895 نووسراوە بەرگی دووەم

بۆ یەکەم جار لە 1896 بڵاوکرایەوە لاپەڕە 1 – 14

لە کۆمەڵەی «ڕابۆتینک»

کرێکار » ) ژمارە 1 – 2

١٠٥ مارکس و ئەنگلس چەندین جار ئاماژەیان

داوە بەوەی کە ئەوان لە گەشەکردنی فیکریاندا قەرزاری فەیلەسووفە ئەڵمانییە مەزنەکانن، بەتایبەت هیگڵ ئەنگلس دەڵێت: «بەبێ فەلسەفەی ئەڵمانی سۆشیالیزمی زانستی بوونی نەدەبوو ».82

١٠٦ ئەمە کتێبێکی ناوازەیە، پەروەردەییە و ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەندی هەیە [ 86 ] تایبەتە بە ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی سەبارەت بە پەرەسەندنی سۆسیالیزم «پەرەسەندنی سۆسیالیزمی زانستی». چاپی دووەم ژنێڤ، 1892 ) [87 ]

تێبینییەکان:

– 81ئەم دێڕەی کە لینین لە پێشەکی وتاری «فریدریک ئەنگلس»دا دایناوە، لە شێعرێکی شاعیری ڕووسی نکۆلای ئەلکسیڤیچ نیکراسۆڤەوە وەرگیراوە بە ناونیشانی «بەیادی دوبرۆلیوبۆڤ»

82- ئەنگلس پێشەکی کتێبی «جەنگی جووتیاران لە ئەڵمانیا».

83- لینین مەبەستی گۆڤاری

ە («ساڵانەی فەرەنسی و ئەڵمانی»«Deutsch_ Franzosische Jahrbucher»

84_ مەبەست لە بەرهەمەکانی ئەنگلسە بەناونیشانی «بەشدارییەک لە ڕەخنەی ئابوری سیاسی».

85 «کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان»_ یەکەم ڕێکخراوی ئەنتەرناسیۆنالی پرۆلیتاریا شۆڕشگێڕەکان بوو. لە سەرەتای ساڵی 1847 مارکس و ئەنگلس پێوەندییان کرد بە کۆمەڵەیەکی نهێنی ئەڵمانییەوە بەناوی «کۆمەڵەی دادگەری»لە حوزەیرانی 1847 دا، لە لەندەن کۆنگرای ئەم کۆمەڵەیە بەسترا؛ لە کۆنگرەدا ناوی کۆمەڵەکەیان گۆڕی بۆ «کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان». هاوکات ئەو دروشمە تەمومژاوییەیان لابرد کە دەڵێت «هەموو مرۆڤەکان بران»لە بری ئەوە دروشمی «کرێکارانی جیهان، یەکگرن!»چەسپا.

«کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان» ئامانجی لەناوبردنی کۆمەڵگەی کۆن بوو، واتا کۆمەڵگای بۆرژوازی، کە لەسەر ئەنتاگۆنیزمی چینەکان وەستاوە، دەیانویست کۆمەڵگایەکی نوێ، خاڵی لە چینایەتی، بەبێ خاوەندارێتی تایبەت بونیادبنێن. لەسەر خواستی «کۆمەڵە» کە مارکس و ئەنگلس «مانڤیستی کۆمۆنیست»یان نووسی. «کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان» ڕۆڵێکی مێژوویی گەورەی گێڕا وەکوو یەکەم قوتابخانەی پڕۆلیتاریا شۆڕشگێڕەکان، وەکو کۆرپەلەی پارتی پڕۆلیتاریا، پێشینەیەک بوو بۆ کۆمەڵەی کرێکارانی ئەنتەرناسیۆنال (ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم) تاوەکو نۆڤەمبەری 1852 بەردەوام بوو.

86 -لێرەدا مەبەست لە کتێبەکەی ئەنگلسە بە ناونیشانی«ئەنتی دورینگ؛ شۆڕشی بەڕێز یوجین دورینگ لە زانستدا».

-87 بەرهەمەکەی ئەنگلس، لە ساڵی 1892 بە زمانی ڕووسی بەم ناونیشانە بلاوکرایەوە «سۆسیالیزمی یۆتۆپی و سۆسیالیزمی زانستی» کە سێ بەش لە بەشەکانی کتێبەکەی ئەنگلس «ئەنتی دورینگ» لەخۆ دەگرێت.

88- ئەنگلس «لودویک فیورباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی».

– 89 لینین مەبەستی لە وتارەکەی ئەنگلسە بە ناونیشانی «سیاسەتی دەرەوەی قەیسەریەتی ڕووسیا» لە دوو ژمارەی سەرەتای گۆڤاری «سۆسیال دیموکرات» بلاوکرایەوە.

90 – لینین مەبەستی لە ووتارەکەی ئەنگلسە بە ناونیشانی «دەربارەی پرسی نیشتەجێبوون».

91 لێرەدا مەبەست لە وتارەکەی وتارەکەی ئەنگلس بە ناونیشانی «دەربارەی پێیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕووسیا» و پاشکۆکانی ئەم وتارەیە کە لە کتێبی «فریدریک ئەنگلس و ڕووسیا» لە ژنێڤ، ساڵی 1894 بڵاوکرایەوە.

92 لینین، بەرهەمەکەی مارکس «تیۆرەکانی زێدەبەها» کە لە ساڵانی 1862 – 1863 نوسراوە، بە گوێرەی ئاماژەکانی ئەنگلس، بە بەرگی چوارەی «سەرمایە» ناو دەبات. ئەنگلس لە پێشەکی بەرگی دوەمی «سەرمایە» دەنووسێت: «دوای سڕینەوەی هەندێک لەو بەشانەی لە بەرگی دوەم و سێیەمدا باس کراون، دەخوازم بەشە ڕەخنەییەکەی ئەم دەستنووسە («تیۆرەکانی زێدەبەها») وەکو کتێبی چوارەمی «سەرمایە» بلاو بکەمەوە». ( کارل مارکس. «سەرمایە»). بەڵام ئەنگلس دەرفەتی بۆ نەڕەخسا بەرگی چوارەی «سەرمایە» بڵاو بکاتەوە. بۆ یەکەم جار«تیۆرەکانی زێدەبەها» لە نێوان ساڵانی 1905_ 1910 بە ئامادەکردنی کارل کاوتسکی بە زمانی ئەڵمانی بڵاوکرایەوە. لەم چاپەدا بنەما سەرەکییەکانی بڵاوکردنەوەی زانستی ڕەچاو نەکراوە و بەشێک لە دیدگاکانی مارکسیزم شێوێنراوە. بۆ یەکەم جار «تیۆرەکانی زێدەبەها» («سەرمایە». بەرگی چوارەی) بەتەواوی لەگەڵ دەستنووسەکەی 1862 _ 1863 دا یەکدێتەوە، لەلایەن پەیمانگای مارکسیزم_ لینینیزمی لیژنەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستیی سۆڤێتییەوە بڵاو کرایەوە.

93 نامەکەی ئەنگلس بۆ بیکەر لە ئۆکتۆبەری 1884.

94 مارکس. «یاسا گشتییەکانی کۆمەڵەی کرێکارانی ئەنتەرناسیۆنال» هەروەها پێشەکی چاپی ئەڵمانی «مانیڤێستی پارتی کۆمۆنیست» کە ساڵی 1890 بڵاوکرایەوە.

تێبینی: ئەم وتارە لە کۆ بەرهەمەکانی لینین وەرگیراوە کە دەزگای ئایدیا چاپ و بڵاویکردۆتەوە و ئیمە جارێکی وەکو خۆی چاپ و بڵاومان کردەوە…

لێدوانێک بەجێ بهێلە