موفتی زادەی موسڵمان و موهتەدی مورتەد / “گیانێک لە دوو جەستەدا”

کەماڵ مورادی

بە سەرهەڵدانی گەلانی ئێران و رووخانی سیستمی داپڵوسێنەری پاشایەتی لە ئێران، دەرفەتێک بۆ گەلی کورد لە رۆژهەڵات رەخسا بو دەربڕینی داواکارییەکانی. هەلێک کە دوای کۆماری کوردستان، بەرینترین جەماوەری خەڵکی کوردستانی هێنایە مەیدان، کە داوای مافەکانی خویان دەکرد. لەم بارودۆخەدا حیزب و رەوتەکان وەخۆ کەوتن تا بەڵکوو بتوانن لەم دەرفەتە رەخساوەدا مافەکانی گەل بەدی بێنن و جۆرێک خوبەڕێوبەری بچەسپێنن. بەڵام ئەمە بە دڵی ئاخوندەکانی تاران نەبوو. ئەوان لە دژی گەلێکی وریا و وەخبەرهاتوو وستابوون، کە شێلگیرانە داوای مافەکانی خوی دەکرد و بۆ بەدەستهێنانی ئامادەی گیانبازی بوو؛ بۆ داکۆکی لە دەسکەوتەکانیش، چەکی هەڵگرت.

ئەمە هەل و دەرفەتێکی دژوار و پڕمەترسی بوو. گەل و حیزبەکان لە بەردەم تاقیکردنەویکی مێژووییدا بوون. لە لایەک مەلاکانی تاران بو پیلان ئەگەڕان، لە لایەکی دیکەوە هەلپەرستان بۆ دەسەڵات تێدەکۆشان. شۆڕشی ١٣٥٧ی (١٩٧٩.ز) گەلانی ئێران بەدەر لە کوردستان لەژێر هەژموونی رێبەری دینی دا بوو، خومەینی بە کردەوە سوڵتانی نۆی و حاکم و بڕیاردەر بوو. بەڵام کوردستان و شۆڕشەکەی جیاواز بوون. لێرە لایەنی دینی کەم رەونەق و کەم ئیقباڵ بوو. مەلاکان بەگشتی یان بێ لایەن بوون، یان لەبەرەی گەل و مافخوازی دا بوون. شێخ عێزەدین، کەسایەتی خۆشناو ئاوێنەی باڵانوێنی ئەم چینە بوو لە کوردستان. چەندە لە تاران رەوتی ئیسلامی سیاسی کۆمەڵگەی بەرەو حوکمی شەرع و ئایین رادەکێشا، لە کوردستان بەپێچەوانەوە هێزی پێشکەوتنخواز، حەقخواز و یەکسانیخواز هاندەر بوو.

خومەینی و لایەنگرانی چاوی دیتنی ئەم ئەزموونەیان نەبوو، ئەوان خۆیان تەیار دەکرد بۆ لەباربردنی. ئەحمەد موفتی‌زادە دامەزرێنەری “مەکتەب قورئان” و حاکم شەرعی پارێزگای سنە چەن ساڵ دوای هاتنەدەرەوەی لە زیندانی حکومەتی پێشوو، ئەم بارودۆخەی بە دەرفەت دەزانی و پێی وابوو، کە بە یارمەتی برا موسڵمانەکانی لە تاران دەتوانێ کوردستان فەتح بکا. موفتی زادە هەوڵەکانی لەژێر درووشمی “حکومەتی ئیسلامی شۆرایی” دا چڕکردەوە، لەو لایشەوە لایەنگرانی بە درووشمی «صلی علی محدە، خومەینی و کاک ئەحمەد». بەرە بەرە خۆیان تەیار دەکرد و لەنێو شارەکانا بە دروستکردنی دەستەی چەکدار بە ناوی پێشمەرگەی موسڵمان و بە دژایەتی بەرەی گەل، بەتەواوی خۆیان لەگەڵ رەوتی ئیسلامی خومەینی لە تاران رێکخست.

خومەینی و رژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو کە چاوی دیتنی کوردستان و شۆڕشەکەیان نەبوو، بۆ لەباربردنی ئەم شۆڕشە هەلیان بۆ رەخسابوو. ئەحمەد موفتی زادە بە دڵسۆزییەکانی بۆ مەلاکانی تاران چووە ناو بازنەی نزیکانی خومەینی، تا جێگایەک کە تێکەڵ بە شاندی متمانەپێکراوی خومەینی دژ بە بزاڤی کوردستان بوو.

موفتی زادەی هەلپەرست کە خەونی بە دەسەڵاتی کوردستانەوە دەبینی، موژدەی بە لایەنگرانی دەدا، کە مافی خودموختاری لە گیرفانی دایە و ئاوا هانی دەدان بۆ شەڕەنگێزی و ئاژاوە نانەوە لە دژی خەڵکی کورد، کە خۆی رێکخستبوو و ماهیەتی رژیمی ئیسلامی ناسیبوو. ئەو کە کەوتبووە داوی داگیرکەرانی کوردستان، بنکە و بارەگای خۆی گواستەوە بۆ دەڤەری ژێر دەسەڵاتی رژێم و بە ئاشکرا کەوتە دژایەتی بەرژەوەندی گەلی کورد بزووتنەوەکەی.

ساڵی ٥٨ بە راگەیاندنێکی “٨ ماددەیی” داوای لە رژێم کرد، کە بە چەک و کەرەسەی سەربازی هاوکاری پێشمەرگە موسڵمانەکان بکات تا کوردستان لە چنگی کافران رزگار بکەن. موفتی زادە وەک دۆنکیشۆت بوو، بە کەواسووری بەر لەشکری داگیرکەر لە دژی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد و بوو بە بناغەدانەری جاشایەتی لە روژهەڵاتی کوردستان.

موفتی زادە و لایەنگرانی، کە دڵگەرم بوون بە بەڵێنەکانی دوژمن، بەتەواوی چوونە بەرەی رژێمەوە و لە هیچ هەوڵێک لەو رێگەدا کۆتاییان نەکرد. بەڵام بایکوتکردنی ریفراندۆمی رژێم لە کوردستان، نە تەنیا وەڵامێکی شیاو بوو بۆ ئاخوندەکانی تاران، بەڵکوو هاوکات موفتی زادەشی رەنج بە خەسار کرد. سەرئەنجام کوردستان کەوتە بەر پیلانگێڕی و هێرشی چەکداری رژێم و دوای چەندین ساڵ بەرەنگاری سەربەرزانە داگیرکرا. مفتی زادە و لایەنگرانی، کە بە سازی داگیرکەران دڵخۆش بوون، جگە لە ریسوایی هیچیان بۆ نەمایەوە. ئەو کە بوو بە مڵۆزمی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان مایە پووچ بوو و رژیمیش دوایی پشتی تێکرد و لایەنگرانیشی کەوتنە بەر رەئفەتی ئیسلامی و شاربەدەر کران.

ساڵی ٦١ لە کاتێکدا کە رۆژانە لە شار و شاخ و لە زیندانەکان دا رۆڵە بەجەرگەکانی کوردستان لەژێر ساتوری جەلادەکاندا بوون، موفتی زادە لە کرماشان بۆ داکۆکی لە ئیمامی عومەر، کەوتە دژایەتی خومەینی و مەلاکانی شیعە. ئەو کە خزمەتێکی باشی بە رژیم کردبوو، لەجیاتی خەڵات و کورسی لە لایەن برایانی موسڵمانیەوە، تا کاتی مەرگ زیندانی کرا. سەرئەنجام بە بێ ئەوەی کە داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکا سەری نایەوە…

لەدوای چل و چەن ساڵ لەم مێژووە جارێکیتر گەلانی ئیران بە پێشەنگایەتی گەلی کورد هاتنەوە سەر شەقام و بە درووشم و هاواری ئازادیخوازی کۆشکی مەلاکانیان هێنایە لەرزین. ئەم شۆڕشە، کە بە گیان لە دەسدانی ژینا ئەمینی کچە کوردی سەقزی دەستی پێکرد، لە رێوڕەسمی ناشتنی دا لە گورستانی ئایچی سەقز بە درووشمی «ژن ژیان ئازادی» کڵپەی کرد و داگیرسا. ئەم سەرهەڵدانە بەخێرایی نە تەنیا هەموو پانتایی ئیرانی گرتەوە، بەڵکوو زۆربەی شارە گەورەکانی دنیاشی گرتەوە و چارنووسی مەلاکانی خستە ژێر مەترسی. لەم راپەڕینەدا کورد ئەکتەری سەرەکی بوو. حیزب و ریکخراوە کوردییەکان دوای ساڵانێک لە پەراوێز کەوتن، جارێکی دی هاتنە سەر ستەیج و سەرنجی خەڵکیان بەرەو خۆیان راکێشا. ناوەندی هاوکاری هاوئاهەنگ لەگەل حیزب و رێکخراوەکانی دیکەی ناوخۆ و دەرەوە، رۆڵی باشی گێڕا. ناوەندی هاوکاری بوو بە ئادرەسێکی دیاری شۆڕش بەتایبەت لە کوردستان.

بانگەوازەکانی مانگرتنی گشتی لەم ناوەندەوە هەر جارە یەکگرتوویی خەڵکی پتەوتر دەکرد و هێز و وزەی زیاتری دەدا بەو شۆڕشە. جەماوەری خەڵکی کورد لە زۆربەی شارەکاندا بەوپەری ورە و فیداکارییەوە لە مەیداندا بوون و بەرنگاری هێزی داگیرکەر دەبوونەوە. درووشمی «ژن ژیان ئازادی»، «داگیرکەری ئیرانی، قاتڵ ژینامانی»، «کوردستان کوردستان، گۆرستانی فاشیستان» پڕاوپڕ لە کوردستاندا دەبیسترا. ورەی بەرزی بنەماڵەی گیان بەختکردووان هاندەر و مژدەبەخشی سەرکەوتن بوو.
لە هەلومەرجێکی ئاوادا کە هەمووان چاویان لە کوردستان و شۆڕشگێرانی بڕیبوو و چاوەڕوان دەکرا، کە حیزب و لایەنەکانی کوردستان بەرەیەکی یەکگرتوو پێکبێنن و ببن بە هەوێنی ئۆپۆزسیۆنێکی دیموکرات و ئازادیخواز، وەک بێژی چارەنوس چارەیەکی شوومی بۆ نووسیبێتن، کە دیسان مێژووی نگریس دووپات بێتەوە، هەلپەرستی جێگەی یەکڕێزی و یەکگرتوویی گرتەوە و ئاغەی موهتەدی وێنەی رەزا پەهلەوی لە مانگا دیتەوە و بە بێ دوودڵی سواری ئوتوبوسی وی بوو و بەمجۆرە پشتی لە یەکڕیزی و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان کرد.

لەنێو نەیارانی رژێمی ئێران دا سەڵتەنەتخوازان چ بەهۆی ئەو دزی و تاڵانە کە لە دەورەی شادا کردیان، چ بەهۆی ساپۆرتی رژیم لەم رەوتە داڕزیوە، دەنگیان لە هەمووان بەرزترە. ئەم تاقمە کە هەمان تاکتیک و شێوەکاری رژێمیان هەیە دوای ئەوە، کە ساڵانێک لە زبڵدانی مێژوودا بوون، ئێستا هەلیان بۆ رەخساوە و بە یارمەتی دەزگای ئەمنی رژیم بۆ لە باربردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و دیموکراتیکی جەماوەر هاتوونە مەیدان. رەزا پەهلەوی سیناریۆی خومەینی دووەمی بۆ هەلپەرستان ساز کردۆتەوە.

بزوتنەوەی کوردستان و خواستەکانی گەلی کورد چ بۆ رژیم و چ بۆ پان فارسیستەکان جۆرێ مەترسی و هەڕەشەیە. خولیای ئەوان سیستمی ناوەندگەرا و فارس مێحوەرە، بۆیە هەر رێگایە دەگرنەبەر، تاکو ئەم بزووتنەوە لەبار ببەن. ئاغەی موهتەدی کۆنە کۆمۆنیست و تازە شوالیە، کە دەمێکە شەیدای دەسەڵاتە، رێک ئەو مەرگەوەڕەیە، کە دەکرێ یەکڕێزی گەلی کورد تێکبدات. ئاغای موهتەدی لە رێگەی کەسانی گۆمان لێکراو و کۆنە ساواکیەوە دەمێکە لەنێو بلقێکی هەواڵگری دایە و کەوتۆتە ژێر کاریگەری پان فارسیستەکان. ئەو لە عەینەکی ئەوانەوە بۆ داهاتووی ئیران دەڕوانێ و چاوی بڕیوەتە کورسی دەسەڵات. دیارە نەیارانیش کە لە مەرامی تێگەیشتوون، جار و بار لە میدیاکانەوە دەڵێن: “واقعا کاک عبداللە شایستەی مقام ریاست جمهوری ایران است!” ئا بەمجۆرە چەشەی دەسەڵاتخوازی موهتەدی مەستی وەهم و خۆش خەیاڵی دەکەن.

پاڵەوانە دۆڕاوەکەی کوردستان کە وەک قومارباز هیچی بۆ دۆڕاندن نەماوە، لە جەرگەی شۆڕشی ژینادا، نەک هەر گوێی بە رای گشتی جەماوەری کوردستان و حیزب و رێکخراوەکان نەدا، بەڵکوو پرسی بە ئەندامانی حیزبەکەی خۆشی نەکرد، ئەگەریش پەرسی کردبێت بە قسەی نەکردن و لەگەل رەوتی هەرە راست و ئێجگار فاشیستی پەهلەوی کەوت و ئا بەمجۆرە ریسواییەکی مێژوویی تازەی تۆمار کرد.

موفتی زادەی موسڵمان و موهتەدی مورتەد، وەک گیانێ لە دوو جەستەدا، یەکیان لە شۆڕشی ٥٧ و ئەمیان لە شۆڕشی ژینادا وەک دزی ناشی دایان لە کادان. ئەمانە ئەکتەری سیناریۆیەکی رەش و نگریس بوون، کە دوژمنانی کوردستان دایانڕشتبوو.

بەدڵنیایەوە داهاتووی موهتەدی لە هی موفتی زادە باشتر نابێ. بەڵام گەلی کورد و خەباتکارانی لەوە وشیارترن، کە جارێکی تر بکەونە داوی ئەم جورە دۆڕاو و هەڵشکاوانە. هەر بۆیە پێش هەموو کەس بەشێ لە خەباتکارانی کۆمەڵە حاشایان لەم جەنابە کرد و کەس خۆی نەکردە خاوەنی و لەناو دیوەخانەکەی خۆشی دا سەری بێ کڵاو ماوەتەوە. ئێستا ئیتر وشیاری نەتەوەیی و ئاستی مافخوازی نەسڵی تازە لەوە تێپەریوە، کە جارێکی تر مێژووی دۆڕاو دووبارە بکەنەوە. هاوکات ئەوە دەرسێکە بو ئەوانەی یەکڕێزی و یەگرتووی گەل تێک ئەدەن و دڵ بە لەیلانی دوژمن دەبەستن. بێگومان خودی موهتەدیش لە ئوتوبوسی فارسیستەکان دا جێگای نابێتەوە.

کەماڵ مورادی ٢٠٢٤-٠٧-٢١

لێدوانێک بەجێ بهێلە