درێژەی سیاسەتی بارمتەگرتنی کۆماری ئیسلامی؛ دەستبەسەری هاوڵاتییەکی خاوەن دوو ڕەگەزنامە لە سەردەشت

ک.م.م.ک:

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی هەواڵگریkmmk, ڕۆژی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ی کوردی، هاوڵاتییەکی هەڵگری دوو ڕەگەزنامەی خەڵکی سەردەشت و نیشتەجێی نۆروێژ لەلایەن بەکرێگیراوانی ئیتلاعاتەوە لەو شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە، هادی زاهێری بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت دەکرێ و چەندد کاتژمێر لێپرسینەوەی لەسەر دەکرێت. ناوبراو ئێوارەی ئەو ڕۆژە هێزە تیرۆریستییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرش دەکەنە سەرماڵەکەیان و دەستبەسەری دەکەن.

هەروەها بەکرێگیراوانی ئیدارەی ئیتلاعات دەست دەگرن بەسەر پەساپۆڕتی هادی زاهێری، هاوسەر و دوو منداڵەکەیدا.

ئەم هاوڵاتییە پاش تێپەڕینی ١٧ ساڵ ژیان لە نۆروێژ، مانگی ڕابردوو بۆ دیتنی بنەماڵە و کەسووکاری لەڕێی ئاسمانییەوە دەگاتە تاران و لەوێیشەوە بۆ زێدی خۆی دەگەڕێتەوە.

هادی زاهێری، وەکوو وەرزشوانێکی لێهاتوو لە بواری وەرزشی لەشجوانی و ڕاهێنەر لەو بوارەدا چالاکی هەیە و تا ئێستە خەڵاتی زۆری لە کێبڕکێ جیاوازە جیهانییەکاندا خەڵاتی زۆری وەرگرتووە.

تاکاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەستبەسەری و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە ئەستۆی ئەم هاوڵاتییە بەردەست نییە.

ق.ش

The post درێژەی سیاسەتی بارمتەگرتنی کۆماری ئیسلامی؛ دەستبەسەری هاوڵاتییەکی خاوەن دوو ڕەگەزنامە لە سەردەشت appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە