هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا تەواوبوو راسیست و باڵی نەتەوەیی زۆرینەی دەنگەکانی ئیتاڵیان برد. ئیتاڵیا سێیەم گەورە وڵاتی ئەوروپایەو ژمارەی کورسیەکانی لە کۆی ٧٢٠ کورسی پەرلەمانی ئەوروپا ٧٦ کورسیان هەیە. سەرئەنجام باڵی نەتەوەیی و راستەکان سێ پارتی کە سەرەکین، توانیان ٤٠ کورسی مسۆگەر بکەن، پارتە دیموکرات و چەپ و سەوز و باڵی ناوەندەکانیش بوونە خاوەنی ٣٥ کورسی.
ئەم هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوبوو راست و دژە بێگانەو پۆپۆلیستەکان زۆرینەی کورسیەکان ببەنەوە، چوونکە ئەوان ئێستە لە نێو ئیتاڵیاش دەسەڵاتدارن!! لەم هەڵبژاردنە ئەوەی جیاوازبوو چوونی ژمارەیەک سیاسی و پارێزەری چەپ و پشتیوانی لەپرسی بێگانەو کۆچبەرو دژە ناسیۆنالیست و راستەکان بوو.
یەکێک لەوانە میمۆ لوکانۆیە، میمۆ لە ٢٠٠٤ تا ٢٠١٨ سەرۆکی شارەوانی ریاچێی بوو لە هەرێمی کالابریای ئیتاڵیا. میمۆ دۆستی بێگانەو لێقەوماوان بوو کاتێ بەرپرسی باڵابوو لەسنوورەکە زۆر بەدەم پەنابەران دەهات و هاوکاری زۆری دەکردن. مۆدێلی ریاچێ ناوێکی دیارە لەنێو ئەکادیمای زانستە کۆمەڵایەتیەکان و دەخوێنرێت. شارۆچکەی ڕیاچێ لە باشووری ئیتاڵیا، مۆدێلێکی نوێ بوو لە بەهاناوەچوونی پەنابەران، بەتایبەتی کورد لە کۆتایی نەوەدەکان، کاتێ ٢٠٠ پەنابەری کورد لەنزیک ئەم شارۆچکەیە لە خنکان رزگار دەکرێن.
بەهۆی لێشاوی پەنابەران بۆ سنوورەکە سەرۆکی شارەوانی میمۆ لوکانۆی ٦٦ ساڵ ئەوکات بڕیار دەدات دەرگا بەڕووی پەنابەران بکرێتەوەو هاوکاریان بکرێ. شارۆچکەکە سنووری ئاوی زۆرە، پەنابەران لە یۆنانەوە خۆیان دەگەیەننە سنووری ئەم ناوچەیەو خەڵکی ئێرەش زۆر هاوکاری لێقەوماوان دەکەن.
لەسەردەمی میمۆ بەهۆی زۆری پەنابەران و نەبوونی شوێنی پێویست بۆیان، سەرۆکی شارەوانی بڕیار دەدات هەموو شوێنێکی سنوورەکە بەکار بهێنن و بەهانای پەنابەرانەوە بچن. لەسەروبەندی هاتنە سەر دەسەڵاتی راسیستەکان بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و کارئاسانی بۆ پەنابەران، سکاڵا یاسایی دژی میمۆ تۆمار دەکرێ و ڕووبەڕووی بڕیاری ١٣ ساڵ زیندانی و پێبژاردن دەبێتەوە، دواتر پێداچوونەوە بەسزاکەی کرا!
کورد ناوبانگێکی تایبەتی هەبوو بەتایبەتی پاش جەنگی ناوخۆی سوریاو دەرکەوتنی بەرەیەکی کوردی لەڕۆژئاوای کوردستان و داوای مافی خۆیانیان دەکرد. جەنگی داع/ش و ململانێی گروپە ئیسلامیەکان بەپشتیوانی تورکیاو قەتەر کاتێ لە سووریا دژی بەرەی کوردی شەڕیان کرد ئیدی لەڕۆژئاواو ئیتاڵیا بەتایبەتی بەچاوێکی زوڵم لێکراو و گەلێک داوای ئازادی دەکەن چاویان لە کورد کرد.