پوتن هه‌ڕه‌شه‌ی توند له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا ده‌كات: ئه‌و كاره‌تان به‌بێ سزا تێناپه‌ڕێت

پوتن

ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا هۆشداریی دایە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دەست بەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی بلۆككراوی ڕوسیا یان قازانجەکانی، جەختی لەوەکردەوە کە “هەر هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی ئەو سەروەت و سامانانە یەکسانە بە دزی و بێ سزا ناڕوات”.

ڤلادیمیر پوتن لە دیدارێکدا کە ئەمڕۆ لەگەڵ کادیرە پێشەنگەکانی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا بە ئامادەبونی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا بەڕێوەچو، ڕایگەیاند، “دوای بلۆككردنی سەروەت و سامان و یەدەگی بیانی ڕوسیا، ڕۆژئاوا بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ دابینکردنی بەرگێکی یاسایی بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی، بەڵام دزیکردنەکە سەرەڕای فێڵکردنەکە بە دزی دەمێنێتەوە و بێ سزا نابێت”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “ڕۆژئاوا بە دزینی سەروەت و سامانی ڕوسیا هەنگاوێکی دیکە بەرەو لەناوبردنی ئەو سیستمە دەنێ کە خۆیان دروستیان کردوە”.
ڤلادیمیر پوتن ئاماژەی بە پەرەسەندنی نەبونی متمانە بە دراوەکانی ڕۆژئاوا کرد بەهۆی سنوردارکردنەکانیانەوە، هاوكات وتی، “ئەوروپا دەتوانێت خۆی وەک یەکێک لە ناوەندەکانی گەشەپێدانی جیهان بپارێزێت ئەگەر پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ڕوسیادا بپارێزێت”.

ئه‌و وتانه‌ی پوتن له‌كاتێكدایه‌ كه‌ چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆمیسیۆنی یه‌كێتی ئەوروپا رایگه‌یاند، ئۆکرانیا تا مانگی (تەمموز/7)ی داهاتو یەک ملیار و نیو یۆرۆ قازانج لە سەروەت و سامانی بلۆككراوی ڕوسیا لە یەکێتی ئەوروپا وەردەگرێت.
ڕۆژئاوا یەدەگی نێودەوڵەتی ڕوسیای بلۆككردوه‌، کە بە نزیکەی 300 ملیار یۆرۆ مەزەندە دەکرێت لە چوارچێوەی سزاکان و نزیکەی 200 ملیار یۆرۆ لەو یەدەگانەش لە یەکێتی ئەوروپادایە.

ڕوسیا چەندین جار هۆشداری داوە لە دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانەکەی یان بەکارهێنانی داهاتەکانیان و جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئەو ڕێوشوێنە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە لە بەرامبەردا ئەنتۆن سیلوانۆڤ، وەزیری دارایی ڕوسیا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی، ڕوسیا بە بڕیاری گونجاو وەڵامی دەستبەسەرداگرتنی یەدەگەکانی له‌لایه‌ن ڕۆژئاواوه‌ دەداتەوە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە