بە تەماشاکردنێکی سادەی رۆژێکی ئاسایی لە ژیانیماندا، ئێمە دەبینین چۆن کاروباری کۆمەڵگە بەرێوەدەچێت، ئەوانە کێین کە بەرهەمێنەر و خوڵقێنەرن؟.هەر لە بەرەبەیانی زووی رۆژێکی ئاساییدا، ئێمە کرێکارانێک دەبینین بەشەقام و بازاڕ و کۆڵانەکانی شار وشارۆچکەکاندا وبەبەرگێکی جیاوازی کارەوە خەریکی کۆکردنەوە و هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاکی بەر ماڵان و دوکان و دامودەزگا حکومیەکانن،
ئەمان پێیان دەوترێ کرێکارانی شارەوانی، یان کرێکاری ژینگەپارێز. لە هەمانکاتدا کرێکارنێک بەجل و بەرگی کرێکارییەوە بەرەو باڵەخانە و خانووی تازە دامەزراو دەکەونەڕێ ئەمانەش کرێکارانی بیناسازین، پاش ٢ تا ٣ کاتژمێری دیکە، هەر لەبەیانیدا، بەهەزاران کرێکار دەکەونەڕێ بەرەو کارکردن لە کێڵگەکانی دەرهێنانی نەوت و غاز و بەرەو کارکردن لەسەدان کارگەی جیاوازی پیشەسازی وەک بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و ئاسن و بەرهەمەکانی مەوادی کیمیاوی و کارگەکانی دروستکردنی دەرمان و مەوادی پلاستیکی و جل وبەرگ و قوماش و کۆمپانیاکانی بازرگانی خۆراک. هاوکات هەر لەبەیانیدا، کرێکارانێکی زۆر دەکەونەڕێ بەرەو کارکردن لە چێشتخانە و ئوتێل و چاپخانەکان و فرۆشگاکانی شیرنەمەنی و کۆگاکان و کاری حەماڵی و دەستفرۆشی لە نێو بازاڕەکاندا.
بەهەمان شێوەو بە هەزاران کارمەندی حکومی لە بوارە جیاوازەکانی کارکردندا، وەک بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاو و دابەشکردنیان و گەیاندیان بە ماڵان و شوێنە گشتیەکان و هەروەها لەبوارە جیاوازەکانی دیکە وەک دروستکردنی رێگاو بان و پرد و بەنداو و لەبواری کشتوکاڵ و بەرهەمهینانی خۆراک و لەبواری دابینکردن و بەرێوە بردنی خزمەتگوزاریەکانی رۆژانەی هاوڵاتیان، هاوکات کارمەندانی تەندروستی لەخەستەخانەکاندا، بە ڕۆژ وبە شەو بەردەوام چارەسەری هاووڵاتیان دەکەن و خزمەتگوزاری تەندروستیان پێشکەش دەکەن.
بەدەر لە کاری ئاسایی ڕۆژانە، کارکردن بۆ بەشێکی بەرچاو لە کرێکاران و کارمەندان ناچار بەکارکردنی شەفتەکانی ئێواران و شەوانەش دەکرێن.
کرێکاران چ لە کەرتی تایبەت یاخود لەکەرتی گشتییدا کاربکەن، وهیا ئهگهر کرێکاری ژن بن وهیا پیاوبن، ئەوان هێزی بەرهەم هێن و خوڵقێنەری ئەسڵین لەکۆمەڵگا،
بەبێ هێزی کاری کرێکاران ژیان و درێژەدان بە زیندووی کۆمەڵگا هیچ مانایەکی نابێت، بەبێ هێزی کرێکاران و کارمەندان، کۆمەڵگا نوقمی زبڵ و نەبونی خزمەتگوزاری و نەبونی خۆراک و سەرجەم پێداویستیەکانی ژیان و مانەوەی کۆمەڵگا دەبێتەوە.
کەواتە ئەوە هێزی کرێکار و کارمەندانە کە بنچیەنەی ژیان و کۆمەڵگا درێژەپێدەدات و بەزیندووی دەیهێڵێتەوە، نەک پارە و پولی سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیاکان،
ئەمانە لە سایەی دەسەڵاتی سەرمایەداری و حکومەتەکانیان، دەستیان گرتوە بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێنان و سامانی سروشتی و پارە و پولی کۆمەڵگادا، و لەڕێگای چەوساندنەوە و دزینی ڕەنجی چینی کرێکار و هێزی کاری کرێکارانەوە، دەبنە ملیاردێر و ملیۆنێر و سەرمایەداری زەبەلاح. ئەم ڕاستیە ئەمڕۆ لەکوردستاندا بەڕوونی خۆی بەرجستەکردۆتەوە،
ئێمە دەبینین، کە ژمارەی ملیۆنەرەکان زیاتر لە ٨٠٠٠ کەسێک دەبن، ئێمە دەبینین ئەوە هێزی کاری کڕێکاران وکارمەندانە کە نەوت و غاز و کارەباو و ئاو دەردەهێنن و لەبەرامبەریشدا، ئەوە سەرمایەدارانن کە بەشێکی زۆری پارەی داهاتی نەوت و گاز وکارەبا و ئاو بۆ خۆیان دەبەن،
ئەوە هێزی کرێکار وکارمەندان کە ڕێگاو بانەکان و بەنداو باڵەخانە و یەکەکانی نیشتەجێبوون دروستدەکەن و ئەوە سەرمایەدارانن کە بازرگانی بەم کارانەوە دەکەن و خۆیان و بنەماڵەکانیان، پێ دەوڵەمەند دەکەن.
سەرمایەداران لە کوردستان، لەرێگەی حکومەتی هەرێمەوە کە نوێنەر و پارێزەری بەرژەوەندیەکانی چینی سەرمایەدار ودەوڵەمەندانە، دەستیان گرتوە بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێنان و کارگەکان و سامانە سروشتیەکاندا و کرێکارانی کوردستانیان لەچوارچێوە و بارودۆخێکی نائینسانیدا ڕاگرتوە و لەسەرەتایترین مافی خۆیان بێ بەشیان کردون و لەهەمان کاتدا، گیرۆدەی ژیانێکی هەژاری و مەمرە و مەژی بونەتەوە،
لەم رێگایەشەوە ڕۆژ بەڕۆژ پارە و پول و سەرمایەکانیان زیاتر کەڵەکەدەبێت و ملیۆنێرەکان زیاتردەبن.
دەرککردنی کرێکارانی کوردستان بەم جێگە و ڕێگا گرنگە و پڕبایەخەی خۆیان لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و چەرخاندنی ژیانی کۆمەڵگا، هەنگاوێکی گرنگی هۆشیاری چینایەتی کرێکارییە و هەروەها ناسینەوەی ئەم پێگەو ڕۆڵەیان لە کۆمەڵگادا و زانینی ئەم ڕاستیانە سەبارەت بە ڕۆڵی موشەخۆری و هیچ کارەی سەرمایەدار و ملیۆنێرەکان لە کۆمەڵگا، کرۆکی هۆشیاربوونەوەی کرێکارانە،
بۆ هەنگاونان و کارکردن لەپێناو هاتنەمەیدان بۆ خەباتی چینایەتی لەبەرامبەر سەرمایەداران و سیستەمەکەیاندا.