پرسیار: کەی لەگەڵ کاک فوئاد ئاشنا بوویت و کاری سیاسیتان پێکەوە دەست پێ کرد؟
ئیبراهیمی عه‌لیزاده : كاری سیاسی هاوبه‌شی كاك و فوئاد و من ده‌مێك پێش ئاشنابوونمان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌ستیپێكردبوو. من له هاوینی ساڵی ١٣٥٢ی هه‌تاوی بووم به ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه. هه‌ر له‌و كاته‌وه ده‌مزانی كه هاوڕێیه‌كمان هه‌یه ده‌وری گرینگی له رێكخراوه‌كه‌ماندا له ئه‌ستۆیه. ئه‌و كات كاك فوئادم به ناوی نەهێنی “له‌رزۆك” دەناسی. كاتێك كاك فوئاد له ساڵی ١٣٥٣ كه‌وته زیندانی ساواكی شا، من كه ده‌مزانی ژماره‌یه‌ك له هاوڕێیانمان گیراون و گیرانه‌كه‌ی كاك فوئادیش له سنه و مه‌ریوان ده‌نگی دابوه‌وه، به قه‌رینه ده‌مزانی كه “له‌رزۆكی” هاوڕێم هه‌ر ده‌بێ “فوئادی موسته‌فا سوڵتانی” بێت كه گیراوه. له جه‌ریانی مانگرتنی زیندانیانی شاری سنه له خواردن كه كاك فوئاد رێبه‌رایه‌تی ده‌كرد، ئەوکات به یه‌قین زانیم كه فوئادی موسته‌فا سوڵتانی له دامه‌زرێنه‌ران و رێبه‌رانی ریزی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌یه. ئاشنابوونی دیداری من له‌گه‌ڵ كاك فوئاد له جه‌ریانی كۆنگره‌ی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه له شاری نه‌غه‌ده له پاییزی ساڵی ١٣٥٧ روویدا. هه‌ر له یه‌كه‌م سه‌عاتی ئاشنابوونمان كاك فۆئاد بو من وه‌كوو هاوڕێیه‌ك بوو كه ده‌مێك ساڵ بوو ده‌مناسی. ئه‌ویش بێ سێ و دوو، پێوه‌ندیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ من و باقی هاوڕێیانی دیكه‌ش كه تازه له‌گه‌ڵیان ئاشنا ببوو، وه‌ها سه‌میمانه كرده‌وه كه هیچ كاممان هه‌ستمان به هیچ چه‌شنه نامۆییه‌ك له گەڵی نه‌ده‌كرد. له یه‌كه‌م ده‌قیقه‌ی ئاشناییماندا زۆرانی له‌گه‌ڵ گرتم و له ماوه‌ی كه‌متر له ده‌قیقه‌یه‌كدا پشتی له عه‌رزدام. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه زۆر هونه‌ر نه‌بوو، چونكه ئه‌وكات من ته‌نیا ٤٩ كیلۆ كێشم بوو. كاری سیاسی هاوبه‌شی كاك فوئاد و من له‌م كۆنگه‌ره به دواوه چوه قۆناغێكی دیكه. له‌و كۆنگه‌ره‌یه‌دا هه‌ردووكمان وه‌كوو ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه هه‌ڵبژێردراین و به‌م بۆنه‌وه پێوه‌ندیه‌كەمان به‌رده‌وامتر بۆوە.
پرسیار: لە کونگرەی یەک دا بێجگە لە بەحسی نەزەری و تەحلیلی لە سەر کۆمەڵگای ئیران و کوردستان، کاتێکی زۆرتان بۆ خۆساغکردنەوە و ریککەوتن و پیمان تازەکردنەوە لە سەر چەند و چۆنی کاری ریکخراوەیە و بە کردەوە دەر‌هێنانی رێبازی سیاسی ئەوکاتی کۆمەڵە تان تەرخان کرا. ئایا ئەو کارە پیویست بوو؟ ئایا کونگرەی یەک لەو بوارە دا سەرکەوتوو بوو؟
وڵام : ته‌شكیلاتی كۆمه‌ڵه له ساڵی ١٣٥٣ه‌وه كه به‌شی هه‌ره زۆری سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی كه‌وته زیندان، به‌كرده‌وه به‌سه‌ر دوو بواردا دابه‌ش كرابوو. بۆرای فه عالیەت له ناو زیندان و فەعالیه ت له ده‌ره‌وه‌ی زیندان. هاوڕێیانی ئێمه له زیندان دوای ئه‌وه‌ی به موقاومه‌تێكی قاره‌مانانه رۆژانی سەختی ئه‌شكه‌نجه و بازجویی له زیندانی “كومیته‌ی هاوبه‌ش”ی ساواك و شاره‌بانیان تێپه‌ڕ كرد،بردیاننه زیندانی قه‌سر. له زیندان ئه‌وله‌ویه‌تی هاوڕێیان ببوو به ساغ كردنه‌وه‌ی فكری و سیاسی و ته‌شكیلاتی خۆیان له ناوه‌وه‌ی زیندان و هه‌روه‌ها ناردنی په‌یام و راپۆرت له سه‌ر وه‌زعی خۆیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی زیندان. ئه‌م هاوڕێیانه به رێبه‌ری كاك فوئاد كاتی زیندانی بوونیان به فیڕۆ نه‌ده‌دا و بۆ ئەو مەبەستانه ده‌وره‌یه‌كی هه‌ڵسووڕاویان تێپه‌ڕ كرد. كاتێك كه ده‌رگای زیندانه‌كان له ژێر فشاری خه‌باتی جه‌ماوه‌ردا كرانه‌وه، هاوڕێیانی ئێمه‌ش ئازاد بوون و له یه‌كه‌م ده‌رفه‌تدا هه‌وڵی به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی گشتی كادره‌كان درا كه دواجار ناوی لێ‌نرا “كۆنگره‌ی یه‌كه‌م. كۆڕی هاوڕێیانی زیندان كه‌م و زۆر به‌گشتی و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه كاك فوئاد له رادەی چالاكی هاوڕێیانی ده‌ره‌وه‌ی زیندان ناڕازی بوون. ناڕازی بوونه‌كه به تایبه‌ت دوو بواری فه‌عالیه‌تی ئێمه‌ی ده‌گرته‌وه. یه‌كیان دواكه‌وتن له بوونی ئه‌ندامانی سه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه به كرێكار و به هه‌ڵبژاردنی ژیانی پیشه‌یی سیاسی؛ دووهه‌م، کەم کاری له بواری خۆنه‌گونجاندن له‌گه‌ڵ بارودۆخێکی نوێی سیاسی كه له ئێران‌دا هاتبووه كایه‌وه، مه‌ترسی ئه‌وه دەکرا كه كۆمه‌ڵگای كوردستان كه ببوو به مه‌كۆی سه‌ره‌كی فه‌عالیه‌تی ئێمه له بزووتنه‌وه‌ی سه‌راسه‌ری دژ به رژیمی شا دوا بكه‌وێت. كۆنگره‌ی یه‌كه‌م زۆر له‌سه‌ر هۆكاره‌كانی كه‌م كاری و ركوودێک كه له نێوان ساڵه‌كانی ١٣٥٣ تا ١٣٥٦ (١٩٧٤-١٩٧٦) له ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا پێكهاتبوو، پێداگری كرد و له ره‌خنه و كه‌م و كۆڕی یه‌كه به یه‌كه‌ی هاوڕێیانی به‌شدار له كۆنگره به تایبه‌ت هاوڕێیانی ده‌ره‌وه‌ی زیندانی كۆڵیه‌وه.
هێشتا كۆنگره‌ی یه‌كه‌م له شاری نه‌غه‌ده ته‌واو نه‌ببوو كه هه‌واڵمان پێ گه‌یشت تووتن كارانی شاری بانه ئه‌و ساڵه بڕیاریان داوه، توتنه‌كه‌یان به ده‌وڵه‌ت نه‌فرۆشن. ئه‌وه سه‌ره‌تای موقاومه‌تێك بوو له‌و ناوچه‌یه. كاك فوئاد داوای كرد كه كۆنگره دوابخه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین ئه‌و حه‌ره‌كه‌ته به سه‌ركه‌وتن بگه‌یه‌نین و بۆ ئه‌و پێشنیاره هه‌موومانی به قه‌ناعه‌ت گه‌یاند. كاك فوئاد به دووربینیه‌كه‌وه كه هه‌یبوو، ده‌یزانی كه رێكخراوی ئێمه دوای ئو هه موه ره خنه و ره خنه له خۆیه ته‌نیا كاتێك بڕوا به‌خۆی به‌ده‌ست دێنێته‌وه و ده‌بووژێته‌وه كه راسته‌وخۆ ده‌وری هه‌بێ له به‌ره‌وپێش بردنی حه‌ره‌كه‌تگەلێکی خه‌باتكارانه‌ی دیاریكراو. له راستیدا کاک فوئاد خۆی هه‌ر له دوایین رۆژه‌كانی زیندانی سنه‌وه و دوای ئازادبوونی له زیندانی تا گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ “ئاڵمانه” و تا کاتی گیانبەخت کردنی هه‌ر ئه‌و جیهه‌ته‌ی ته‌عقیب ده‌كرد. به‌هه‌ر حاڵ، كۆنگره‌ی یه‌كه‌م بۆ ماوه‌ی ١٥ رۆژ دواخرا و ئامانجی دواکەوتنەکەش وه‌دی هات. درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه ١٥ رۆژ دواتر له شاری سنه به‌ڕێوه‌چوو. ره‌خنه‌كان له‌م و له‌و به‌رده‌وام قووڵتر ده‌بوونه‌وه و له ناوه‌ڕاستی كۆبوونه‌كاندا بووین كه كاك فوئاد داوای كرد بۆ ماوه‌ی ٢٤ سه‌عات پشوو بده‌ین. كاك فوئاد دواجار وه‌كوو ره‌خنه له خۆ پێی ووتین كه له ئاكامی ئه‌و ره‌خنانه‌ی كه تا ئەوکات هاتبوونه گۆڕێ، تووشی جۆرێك له بێ هیوایی بۆ كار كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و جه‌معه هاتووه و بیری له‌وه كردۆه‌ته‌وه كه بچێته‌وه مه‌ریوان و له‌وێوه له‌گه‌ڵ كۆڕێك له هاوڕێیانی تازه كه هه‌یبوو، بناغه‌ی كارێکی ته‌شكیلاتی تازه دابمه‌زرێنێته‌وه. هه‌روه‌ها ووتی كه ئه‌م ٢٤ سه‌عاته‌ی بۆ بیركردنه‌وه له‌م دوو دڵییه‌ی كه به‌سه‌ریدا هاتبوو، ته‌رخان كردووه. به‌ڵام له ئاكامدا، به‌وه گه‌یشتووه كه ئه‌گه‌ر وه‌ها بڕیارێكی دابا، تووشی هه‌ڵه ده‌بوو و ئه‌و جه‌معه‌ی كه ئێستا له ده‌وری یه‌كتر كۆبوونه‌ته‌وه، ئیمكانی بووژاندنه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یان هه‌یه و ده‌توانن خۆیان له‌گه‌ڵ بارودۆخی تازه‌ی كۆمه‌ڵگا بگونجێنن. کاک فوئاد رەخنەی له خۆی گرت که حەق وانەبۆه تا ئەو راده یه به هاورێیانی بێ باوەربێت. ئه‌وه هەستیارترین کاتی كۆنگه‌ره‌ی یه‌كه‌م بوو. لەگەڵ ئەوه شدا که ژوماره یه ک له هاورێیان به پیی رەخنەکان سزا درابون، سەرجه‌می کونگره شوور و شه‌وقێكی تازه‌ی پێكهێنا و هه‌مووان ئاماده‌یی خۆیان بۆ كاری جیدی و پڕاوپڕ به یه‌كگرتوویه‌كی نوێوه راگه‌یاند.
بوارێكی دیكه‌ی گرینگی كاری كۆنگه‌ره بریتی بوو له لێكۆڵینه‌وه له بارودۆخی ئابووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی تازه‌ی ئێران. هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئه‌م به‌حسه‌وه ئاشكرا بوو كه مه‌علومات و ئاماده‌یی پێویست بۆ به سه‌رئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م باسه له ناو ئەندامانی کونگرەدا پێک نەهاتووه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه سه‌ره‌تاكانی جۆرێك له جیاوازی بۆچوونه‌كان دیاربوون، كۆنگره نه‌یده‌توانی بڕیارێكی نیهایی له‌م باره‌وه بدات. كاك فوئاد پێشنیاری كرد كه ئه‌م باسه به‌كراوه‌یی بمێنێته‌وه و لای وابوو كه جارێ ئه‌وله‌ویه‌ت بریتیه له به‌شداری ئاگاهانه و رێبه‌ری كردنی دروستی ئه‌م خه‌باته جه‌ماوه‌ریه‌ی كه له دژی رژیمی شا له ئارادا بوو.
به‌م روون كردنه‌وه‌یه كه باس كرا، ده‌توانم بڵێم كه ئامانجی سه‌ره‌كی كۆنگره‌ی یه‌ك، دانی ئینسیجامێكی نوێی ته‌شكیلاتی به ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه، پێكهێنانی وه‌حده‌ت و بووژاندنه‌وه‌ی بڕوابه‌خۆ و بڕوا به‌یه‌كتر له ناو كادره‌كان بوو كه تێیدا سه‌ركه‌وتوو بوو. هەر لێره ئه‌وه‌ش بڵێم كاك فوئاد كه خۆی تیژترین ره‌خنه‌كانی ئاراسته‌ی ژماره‌یه‌ك له هاوڕێیان كردبوو و ته‌نانه‌ت هەر خۆی داوای سزای ته‌شكیلاتیشی بۆ كردبوون، هه‌ر خۆیشی یه‌كه‌م كه‌س بوو بۆ یارمه‌تی دانیان له پێناوی دور نەکەهوتنەوودە هه‌ستانه‌وه سه‌ر پێ و بووژاندنه‌وه‌دا. هه‌ڵسووكه‌وتی كاك فوئاد له‌م باره‌وه لام وایه بۆ هه‌مووان لانیكه‌م له‌وانه بۆ من گه‌لێك ده‌رسی تێدا بوو.
پرسیار: بەهار و هاوینی سالی ١٣٥٨ (1979) لە مهاباد کونفرانسی تشکیلاتیتان بووە (ئەڵێن کۆبوونەوەکە لە ماڵی ئێوە بووە) باسه‌كانی ئەو کنفرانسە چی‌بوو؟ لەبەرچی لە هیچ شوێنێک بەڵگەنامەی ئەو کونفرانسە بڵاو نەکراونەتەوە؟ پێتوایە هۆکاری چی بوو کە نه‌واری قسەکانی کاک فوئاد لە جمعیت مهاباد بڵاو نەکرایەوە لە ناو تەشکیلات دا؟
وڵام : قسه‌وباسه‌كانی ناو ئه‌و كۆنفرانسه دیاریكراوه و هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه‌ی ره‌هبه‌ری و كارده‌كانی كۆمه‌ڵه له ماوه‌ی ئه‌و یازده مانگه‌ی كه كاك فوئاد له ژیاندابوو، له ده‌وروبه‌ری راپه‌ڕاندنی ئەرک و گیروگرفته‌كانی عه‌مه‌لی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری بوو. به تایبه‌ت كه دوای هاتنه‌سه‌ركاری رژیمی كۆماری ئیسلامی هه‌ر له رۆژانی هه‌وه‌ڵه‌وه هه‌ست به مه‌ترسی گه‌وره ده‌كرا و ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌موو كۆمه‌ڵه ببوو به ئاماده‌كاری بۆ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداوانه‌ی كه پێشبینی ده‌كرا له رێدا بن. بۆ نمونه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بوو كه كاك فوئاد ووتی ئاماده‌ییه‌ك له ئاستی جەماوەریدا له نیو خه‌ڵكی شاری مه‌ریوان و سنه بۆ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ته‌حریكاتی پاسداران پیکهاتوه كه پێویسته به باشی رێكبخرێت. له‌بیرمه كه چه‌ند په‌یامێك كه له‌م بابه‌ته‌وه له مه‌ریوانه‌وه گه‌یشت، وای كرد كه كاك فوئاد ئیجازه له كۆبوونه‌وه‌كه بخوازی و به‌خێرایی به‌ره‌و ناوچه‌كه بگه‌ڕێته‌وه.
هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌م كۆنفرانسه له ئارشیوی ئیمه دا نییه. له‌وانه‌یه له جێگایه‌ك هه‌بێت كه من ئاگاداری نیم. به‌ڵام ده‌زانم كه بابه‌تگه‌لێكی وه‌كوو: داهاتوو و ئیدامه‌كاری رێكخراوه‌كانی یه‌كێتی جوتیاران، جه‌معیه‌ته‌كان، هه‌ڵوێست به‌رانبه‌ر به حیزبی دیموكرات، چه‌ك په‌یدا كردن و ئاماده‌كاری بۆ موقاومه‌تی چەکدارانه باسیان لێكرا. هه‌روه‌ها ده‌زانم كه له ماوه‌ی ئه‌و یازده مانگه‌دا كه باسمان كرد، هیچ بابه‌تێك سه‌باره‌ت به كێشه‌و ناکۆکی ناوخۆیی جیدی نه‌هاته گۆڕێ و سه‌رجه‌م ئه‌م ده‌وره‌یه كۆمه‌ڵه له لایه‌كه‌وه له ژێر كاریگه‌ری بارودۆخی سیاسی له وڵات‌دا بوو و له لایه‌كی دیكه‌وه له ژێر كاریگه‌ری ئۆتۆریته‌ی مه‌عنه‌وه‌ی كاك فوئاد دا.
سه‌باره‌ت به بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی نه‌واره‌كانی كاك فوئاد له جه‌معیه‌تی مهاباد، پێشداوه‌ریه‌ك هه‌یه كه ئه‌مڕۆكه له لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه كه به‌داخه‌وه له رێبازی كاك فوئاد لایان داوه، په‌ره‌پێده‌درێت. به بڕوای من هیچ عه‌مد و ئه‌نگیزه‌یه‌ك له كاردا نه‌بووه. ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كاك فوئاد ئاماژه‌یان پێ ده‌كات سێ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كییان هه‌یه : یه‌كه م، كاك فوئاد هه‌وڵ ده‌دات ده‌رس و ئه‌زمونه‌كانی تا ئه‌و كاتی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانیه كوردستان به تایبه‌ت سه‌باره‌ت به یه‌كێتی جوتیارانی مه‌ریوان و هێندێك بورای دیكه به تێر و ته‌سه‌لی بۆ به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه باس بكات. واته راپۆرتێكی عه‌ینیه له‌وه‌یكه رووی داوه. دووهه‌م، دیاریكردنی سیاسه‌ت و تاكتیك به‌رانبه‌ر به حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و سێهه‌م، پرسیار و وڵام سه‌باره‌ت به هێندێك مه‌سه‌له‌ی رێكخراوه‌یی که له ناوێاندا پرسیاری “حیزبی کومونیستی ئیران” یان “حیزبی کومونیستی کوردستان” به رجه سته تر بوو. ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌میان جێگای قسه نییه. ته‌وه‌ره‌ی دووهه‌میان بوو به مه‌بنای سیاسه‌تی عه‌مه‌لی ئێمه به‌رانبه‌ر به حیزبی دیموكرات له هه‌موو كوردستان. له سه‌ر مه‌سه‌له ته‌شكیلاتیه‌كان ئه‌وه‌یكه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا وه‌كوو بۆچوونی جیاوازی كاك فوئاد قسه‌ی لێده‌كرێ، به‌داخه‌وه بوه‌ته هۆی ئه‌وه كه كه‌سانێك بۆ هه‌ڵوێست و بۆچوونی ئه‌مڕۆی خۆیان ، كه لادانێكی ئاشكرایه له رێبازی كۆمه‌ڵه‌یه که کاک فوئاد مه به ستی بوو، له‌م وتانه‌ی كاك فوئاد به قازانجی رێبازی ئه‌مڕۆی خۆیان که ڵکی ناره وا وه ربگرن.
“كاك فوئاد هیچ چه‌شنه ته‌عه‌سوبێكی سیكتاریستی بو كۆمه‌ڵه نه‌بوو و به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵه ی به بانتر له به‌رژه‌وه‌ندی چینی چه وساوه و سته ملێکراو دانه ده‌نا. كۆمه‌ڵه ئیرانی بایه یان کوردوستانی بو کاک فوئاد وه ک شۆڕشگێڕێكی كومۆنیست ئامرازیک بوو بۆ به‌ره‌وپێش بردن و به سه رکه وتن گه یاندنی خه باتی خه لکی کریکار و زه حمه تکیش. له سه ر ئه ساسی ئه و بوچونه یه که كاك فوئاد له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی جه‌معیه‌تی مهاباددا ده‌ڵێ : “عه‌قیده‌م ئه‌وه‌سه كه ئه‌ساسه‌ن ئه‌شێ حیزبی كومۆنیستی ئێران به‌وجود بێت. مونته‌ها حه‌قی موسه‌له‌می خه‌ڵكی كوردیشه كه حیزبی كومۆنیستی كوردستانی هه‌بێ وه ئه‌وه ته‌حه‌ولات و شه‌رایه‌تی تاریخی ته‌عینی ئه‌كا كه حیزبی كومۆنیستی كوردستان دروست بكا یان نه‌یكا.” ئێمه به پێی لێكدانه‌وه له “ته‌حه‌ولات و شه‌رایه‌تی تاریخی” بوو كه به‌وه گه‌یشتین كه هه‌ر وه‌كوو كاك فوئاد ته‌ئكیدی كردووه كه “ئه‌ساسه‌ن ئه‌شێ حیزبی كومۆنیستی ئێران به‌وجود” بێنین. من لام وایه له ناو ئەو لایه نانه ی که ئه مروکه به ناوی کۆمەڵە وه فه عالیه ت ده که ن ئه وه ته نیا کومه له ( ریکخراوی کوردوستانی حیزبی کومونیستی ئیران)ه که ده توانیین بلییین له سه ر ره چه له کی ریبازی کاک فوئاد روواوه.
بەڵام ریبازی کاک فوئاد چی بوو؟ سه‌باره‌ت به رێبازێك كه كاك فوئاد له ناوه‌رۆكی خۆیدا له كۆمه‌ڵه‌دا جێی خست، قسه‌یه‌كی زیاترم نییه له پاراگرافێك له وه‌سیه‌تنامه‌كه‌ی هاوڕێی گیانبه‌ختكردوو ماجید موسته‌فا سوڵتانی برای قاره‌مانی كاك فوئاد كه روو له هاوڕێیانی ده‌ره‌وه‌ی زیندان پێش ئیعدام كردنی نووسیویه‌تی :
“كاك فوئاد فێری كردم كه چ بكه‌م له هه‌ستی دڵی پڕ له جۆش و خرۆشم، كه ئۆستادم له راوه‌ستاوی و دیفاع له ئامانجی به‌رزی چینی كرێكار، شتێكی تری فێر نه‌كردم! ئه‌مڕۆ و سبه‌ی كه ره‌گباری گولله‌ی دوژمن دوور له چاوی ئازیزان خه‌ڵتانی خوێنم ده‌كا و له‌ش و قامه‌تی چنارئاسام ده‌دارێنێته‌وه و له خوێنی خۆم ده‌مگه‌وزێنێ، له‌م ئاخرین كاتانه‌ی ژیانم ته‌نیا راسپارده‌م به هاوڕێیان خه‌باتی نه‌پساوه و سه‌خت له پێناوی پێكهێنانی ریزی سه‌ربه‌خۆی چینی كرێكار به‌شێوه‌یه‌كی رێك و پێك، پۆڵایین و دوور له هه‌ر چه‌شنه لادان بۆ رووخاندنی سیستمی سه‌رمایه‌داری و بونیادنان و به‌رده‌وام بوونی سۆسیالیزمه. بێ گومان ئه‌م خه‌باته له ناوه‌رۆكدا خه‌باتێكه كه راسته‌وخۆ دژی لادانه‌كان و دابڕانه‌كان له بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی ناو رێكخراوه‌كه‌یه.”
پرسیار: کاک فوئاد مجموعەێک ئەرتباتی لەگەڵ حیزب و گروپه ئیرانی و کوردستانەکان بوو. ئەو پێوه‌ندیانه چۆن چۆن بوو؟
وڵام : پێوه‌ندیه‌كانی كاك فوئاد له‌گه‌ڵ حیزب و گروپه ئێرانی و كوردستانیه‌كان هیچكامیان پێوه‌ندی شه‌خسی نه‌بوون. ئه‌وانه له چوارچێوه‌ی پێوه‌ندیه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا دارێژرابوون. كاك فوئاد له زیندان به هۆی موقاومه‌تیه‌وه چ ئه‌و كاته كه له زیندانی كومیته بوو و چ ئه‌و كاته كه له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی تر بر‌دیانن بۆ زیندانی قه‌سر، له ناو هه‌ڵسووڕاوانی چه‌پ و كومۆنیستی ئێرانی دا خاوه‌ن ئۆتۆریته‌یه‌كی مه‌عنه‌وه‌ی بوو. هه‌ر ئه‌و كات ئه‌و ئیسلامیانه‌ی که له گەڵی له زیندان بوون و دواجار له رژیمی تازه‌دا بوون به كاربه‌ده‌ست، وه‌كوو کومونیستیکی به‌توانا شناسایی یان كردبوو و كینه‌یان لێ هه‌ڵگرتبوو و هه‌ر بۆیه کەسایەتی و لایه‌نه چه‌په‌كانی ئێران ده‌ور و نه‌قشیان ئەویان له کوردستان و له ناو بزوتنەوەی کومونیستیدا باش ده‌ناسی و رێزیان لێده‌گرت. له شاری سنه چه‌ند گروپی خه‌باتكار چالاكیان هه‌بوو كه هه‌وڵی سه‌ركەوتووانه‌ی كاك فوئاد بوو به هۆی ئه‌وه‌یكه بێنه ناو ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه.
پێوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانی عێراق و له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی به‌گشتی پێش ئازادبوونی كاك فوئاد له زیندان دامه‌زرابوو. دوای رووخانی رژیمی شا ئه‌وه‌نده‌ی له‌بیرم بێت، كاك فوئاد یه‌ك جار سه‌رپەرستی هه‌یئه‌تێكی كۆمه‌ڵه بوو كه له‌گه‌ڵ رێبه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران و یه‌كێتی نیشتمانی له “تووژه‌ڵه” دیداری كرد. هه‌ر ئه‌و كات چاوی به رێبه‌رانی حیزبی شیوعی عێراقیش كه‌وتبوو.
پرسیار: رۆژەکانی دوای هێرشی رژیم بۆ کوردستان لە ٢٨ مردادی ساڵی ١٣٥٨ (19/8/1979) لە بانە کۆبوونەوەی هەموو ئەحزابی کوردستانی ئیران و عێراق بووە؛ ئەو کۆبوونەوە لە سەر چی بوو؟ بە چ ئاكامێك گەیشتن؟
وڵام : من له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار نه‌بووم، به‌ڵام له راپۆرتی هاوڕێیاندا ئاگادار بووم كه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه ئه‌وه بووه كه یه‌كگرتوویه‌ك به مه‌به‌ستی موقاومه‌ت به‌رانبه‌ر به هێرشی جمهوری ئیسلامی بۆ سه‌ر كوردستان له نێو هێز سیاسیه‌كانی چالاكدا پێك بێت. سه‌باره‌ت به به‌شداری هه‌ڵسووڕاوانی كوردستانی عێراق كه ئه‌ساسه‌ن مه‌به‌ست یه‌كێتی نیشتمانییه، پێویسته بڵێم كه ئه‌و كات به هۆی ئازادبوونی كوردستان ژماره‌یه‌كی زۆر له كادر و پێشمه‌رگه و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی به ئازادی هاتوچۆی كوردستانی ئێرانیان ده‌كرد. وه به تایبه‌تیش پێوه‌ندیه‌كی دۆستانه له نێوان كۆمه‌ڵه و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا دامه‌زرابوو. تا جێگایه‌ك كه یه‌كێتی چه‌ند كادرێكی خۆی بۆ یارمه‌تیدان به ئاموزشی پێشمه‌رگانه ناردبوو بۆ لای ئێمه. ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته كه‌سانێك له یه‌كێتی نیشتمانی له كۆبوونه‌وه‌كانی شاری بانه‌دا، به‌شدار بوبن، له چوارچێوه‌ی ئه‌و پێوه‌ندی و هاوكاریه‌دا بووه. كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بانه به هیچ ئاكامێكی دیاریكراو نه‌گه‌یشت. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی له بیرم مابێت بڕیار درا كه ئه‌و كۆبوونه‌وانه به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به رێككه‌وتنێكی كارا درێژه‌ی هه‌بێت. ماوه‌یه‌كی زۆری پێ نه‌چوو كه كۆبوونه‌وه‌كان درێژه‌یان په‌یدا كرد و سه‌رئه‌نجام كاتێك كه جمهوری ئیسلامی له رووی نیزامیه‌وه له كوردستان شكستی خوارد و ئاگربه‌سی قه‌بووڵ كرد، “هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كورد”ی لێكه‌وته‌وه.
پرسیار: ئایا دەسبەجێ دوای گیانبەختکردنی کاک فوئاد کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندیتان گرد؟ ئەودەم بۆ خۆت لەکوێ بوویت و چۆن خەبەره‌کەت زانی؟
وڵام : كۆبوونه‌وه‌ی كومیته‌ی ناوه‌ندی ده‌ستبه‌جێ نه‌گیرا. چونكه هاوڕێیان لێره‌و له‌وێ بوون و دوای چه‌ند رۆژێك توانیمان له ئاوایی بێژوێ له ناوچه‌ی ئالانی سه‌رده‌شت كۆببینه‌وه.
كاتێك كه سه‌عات ٢ی دوانیوه‌ڕۆی رۆژی ٩ی خه‌رمانان هه‌واڵی گیانبه‌ختكردنی كاك فوئادم له رادیۆ تارانه‌وه بیست، له‌گه‌ڵ پۆلێك پێشمه‌رگه له یه‌كێك له ئاواییه‌كانی ده‌وروبه‌ری ره‌به‌ته‌وه به‌ره‌و شارۆچكه‌ی ره‌به‌ت ده‌ڕۆیشتین. هه‌واڵه‌كه یه‌كجێ منی له‌پێ خست. نه‌متوانی هه‌نگاو هه‌ڵبگرم. هاوڕێیانی پێشمه‌رگه له ده‌ورم كۆبوونه‌وه. نه‌متوانی هه‌واڵه‌كه به ئه‌وان رابگه‌یه‌نم. یارمه‌تیان دام رێ كه‌وتین تا سه‌یاره‌یه‌ك هات و هه‌موومانی گواسته‌وه بۆ مقه‌ڕی كۆمه‌ڵه له ره‌به‌ت. ئه‌و كات هه‌واڵه‌كه له‌وێش بڵاوببووه‌وه و كه‌ش و هه‌وایه‌كی قورسی ماته‌مین هه‌مووانی داگرتبوو.
پرسیار: ئایا کومیتە ناوەندی کۆمەڵە لە سەر رووداوی گیانبەختکردنی کاک فوئاد هێچ لێکۆلینەوەیەکی کرد؟ ئەگەر کرا بە چی گەیشتن؟ـ ئایا پێیان وابوو روداوەکە بە هەڵکەوت بوو یان پیلانێک بوو؟ لەگەل یەکیەتی نیشتمانی و کاک برایم جەلان لەو بابەتەوە چ وتوێژێکیان بووە؟ کەی و لەگەڵ کێ؟ کاک برایم جەلال ئەڵێت کۆمەڵە (کاک عبداللە موهتدی، کاک ئیبرایم علیزادە و کاک عومەر ایلخانی زادە) نامەی بەرائەتیان بۆ من نووسیوە.
وڵام : بیرم نایه‌ت كه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی كرابێت. هه‌مووان لامان وابوو كه رووداوه‌كه به هه‌ڵكه‌وت بووه. سه‌باره‌ت به چونه‌وه‌ی كاك فوئاد بۆ ناوچه‌ی مه‌ریوان ئه‌گه‌رچی چوونی كه‌سێك بۆ مه‌ریوان ئه‌و كات كه كاره‌ساتی گیانبه‌ختكردنی هاوڕێیانمان به‌سه‌ردا هاتبوو، گه‌لێك گرینگ و زه‌روری بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌نده زه‌روری نه‌بوو كه كاك فوئاد خۆی له‌و بارودۆخه هه‌ستیاره‌دا به‌ره‌و ئه‌و شوێنه رێ بكه‌وێ. من له هاوڕێیانی ئه‌و كاتی خۆمان كه له بانه بوون، بیستوومه كه ئه‌وکات به كاك فوئادیان وتوه ئه‌و سه‌فه‌ره نه‌كات. دواتر ورده‌كارییه‌كانی مه‌یدانی ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه كاك فوئاد تێیدا گیانی به‌ختكرد زیاتر روون بونه‌وه و ئێمه هیچ نیشانه‌یه‌ك له بوونی پیلانێكمان به‌دی نه‌کرد.
ئاگاداری هیچ چه‌شنه وتووێژێك وه یان لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كاك برایم جه‌لال نیم. ئه‌وه‌نده نه‌بێ كه تا ماوه‌یه‌کی زۆریش دوای روداوه‌که هه‌ر كاتێك كه چاومان به سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كه‌وتبێت، به‌رانبه‌ر به‌و رووداوه جگه له ده‌ربڕینی حه‌سره‌ت و به‌یانی بۆشایی جێگای كاك فوئاد قسه‌یه‌كی كۆنكرێتی له سه‌ر نه‌كراوه. ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌یه‌ک له کاک برایم جه‌لال بوبێ ئه‌وه بۆه که ئه‌و وه‌کوو ته‌نها که‌سیکی به ئه‌زمونی ناو واحیدهکه که پیش‌تر به‌شداری شه‌ری له‌و چه‌شنه‌ی کردبوو، نه‌یتوانیوه له مه‌یدانی شه‌ره‌که‌دا ئه‌رکی خوی بو ده‌رباز کردنی کاک فوئاد به باشی به جێ بگه‌ینێ.
پرسیار: نامەی بەرائەت بۆ برایم جەلال کێ نوسیویەتی و ناوەرۆکی نامەکە چ بووە؟
وڵام : ئاگاداری نووسینی هیچ نامه‌یه‌كی به‌رائه‌ت بۆ كاك برایم جه‌لال نیم. ئه‌گه‌ر كاك برایم جه‌لال وه‌ها نامه‌یه‌كی پێ گه‌یشتووه، ده‌كرێ له خۆی بپرسین كه كێ ئیمزای كردووه و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی چی بووه؟
پرسیار: لە نەزەر ئیوەوە لە کونگری یەک بۆ کونگره‌ی دوو چ ئاڵوگۆرێکی فیکری ، سیاسی و ریکخراوەیە بە سەر کۆمەلەدا هات؟
وڵام : دوای كۆنگره‌ی یه‌ك قسه‌وباس له‌سه‌ر ئه‌و قۆناغه‌ی كه كۆمه‌ڵگای ئه‌و كاتی ئێران پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، به گه‌رم و گۆڕی ده‌ستیپێكرد. ئه‌مه له راستیدا هه‌ر ئه‌و باسه بوو كه له كۆنگره‌ی یه‌كدا به هۆی ناكامڵ بوون و به‌هۆی ئاماده نه‌بوونی به‌شداربووانی كۆنگره وه‌دوا كه‌وتبوو. له كۆنگره‌ی یه‌كه‌مدا باسی ئه‌وه كرا كه پێویسته مه‌علوماتی ورد له‌سه‌ر وه‌زعی ئابووری ئێران و ریزبه‌ستنی چینایه‌تی كۆ بكرێته‌وه و باسه‌كانی داهاتوومان له‌م بابه‌ته‌وه پشتی به زانیاری كۆنكرێت له‌م بابه‌ته‌وه ببه‌ستبێت. تا كاتێك كه كاك فوئاد گیانی به‌خت نه‌كردبوو، مه‌جالێك بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌م باسانه نه‌ره‌خسا. جاروبارێك كه كاك فوئاد فورسه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ڕه‌خسا شتێك بنووسێت یان لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك بكات، ئه‌وه‌نده‌ی من له‌بیرم بێ خه‌ریکی نووسینی بابه‌تێك له ره‌ت كردنه‌وه‌یه نه‌زریه‌ی سێ جیهان بوو. چه‌ند جار له كاك فوئادم بیستووه كه ده‌یووت زۆربه‌ی تێز و بۆچوونه‌كانی “مائو تێسه تۆنگ” له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێستای ئێران گونجاو نییه. به‌ڵام كاك فوئاد نه‌چووه سه‌ر ناوه‌رۆكی ئه‌و باسه‌ی كه سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئابووری كۆمه‌ڵگای ئێران ده‌ستیپێكردبوو.
دوای گیانبه‌ختكردنی كاك فوئاد و تا كاتی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی دووهه‌م له به‌هاری ١٣٦٠دا (1981) باسه‌كانی ناوخۆی كۆمه‌ڵه له دوو ته‌وه‌ره‌ی جیاوازدا كۆبوونه‌وه، كه به دیدگای 1 و دیدگای 2 ده‌ناسرانه‌وه. دوو نامێلكه‌ی ناوخۆییش سه‌باره‌ت به‌و باسانه بڵاوبوونه‌وه. دیدگای یه‌ك لای وابوو كه پاشماوه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی هێشتا له ئێران به‌هێزه و گۆڕانكاری كۆمه‌ڵگای ئێران له فێئۆدالیه‌وه بۆ سه‌رمایه‌داری هێشتا به ئه‌نجامی نیهایی خۆی نه‌گه‌یشتووه. دیاره به‌م پێیه، ئه‌رك و به‌رنامه‌ی جیاواز ده‌بوایه دیاریكرابایه. دیدگای 2 لای وابوو كۆمه‌ڵگای ئێران به ته‌واوی پێی ناوه‌ته قۆناغی سه‌رمایه‌داریه‌وه و ناكۆكی سه‌ره‌كی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه بریتییه له ناكۆكی كار و سه‌رمایه و به‌و پێیه ده‌بێ ره‌وتی حه‌ره‌كه‌تی دوارۆژمان دیاری بكرێت.
ئه‌م دوو بۆچوونه هاتنه ناو كۆنگره‌ی یه‌كه‌مه‌وه له‌و كۆنگره‌یه‌دا دیدگای 1 به‌ره‌به‌ره پاشه‌كشه‌ی كرد و سه‌رئه‌نجام دوای چه‌ند رۆژ قسه‌وباسی راسته‌وخۆ،هاوڕێیانی هه‌ڵگری دیدگای یه‌ك یان به ته‌واوی بۆچوونه‌كانی دیدگای دوویان قه‌بووڵ كرد، یان به‌هۆی ئه‌وه كه له‌مباره‌وه تووشی ته‌ردید و دوو دڵی ببوون، بێ ده‌نگه‌یان لێ‌كرد و دیدگای دوو به ره‌سمی بوو به بۆچوونی كۆمه‌ڵه. به‌و پێی كۆمه‌ڵێك، بڕیارنامه په‌سه‌ند كرا.
له رووی رێكخراوه‌ییه‌وه بڕیارنامه‌یه‌ك په‌سه‌ند كرا كه ره‌هبه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی راده‌سپارد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بدات له پڕۆسه‌یه‌كی دیاریكراودا له رێكخراوه چه‌پ و كومۆنیستیه‌كانی ئێران نزیك بێته‌وه و بوار بۆ پێكهاتنی حیزبی كومۆنیستی ئێران بڕه‌خسێنێت.
پرسیار: کونگرەی دووهەمی کۆمەڵە چۆن هەڵسەنگێنێت؟
وڵام : سه‌رجه‌م به بڕوای من كۆنگره‌ی ٢، كۆنگره‌یه‌كی پێشڕه‌و بوو و ره‌وتی حه‌ره‌كه‌تی دوارۆژی كۆمه‌ڵه‌ی له‌سه‌ر رێبازێكی ئوسولی و كومۆنیستی دیاریكرد. ئه‌گه‌ر چی هه‌ڵه و که‌م و کوریشی هه‌بوو به‌ڵام كه‌م و كۆڕیه‌كانی و هه‌ڵه‌كانی له گرینگی جێگاوشوێنی ئه‌و كۆنگره‌یه ، كه‌م ناکه‌نه‌وه.
ماوه‌یه‌كی كورت دوای به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی ٢، هاورییانی ته‌شکیلاتی تاران له گه‌ل هاورییانی ئیتحادی موبارزانی کومونیست دانیشتنیان بوو. نه‌واری کۆبونه‌وه‌که‌یان بو هه‌یئه‌تی تحریریهی کومهله ( کاک عبدالله مهتدی، کاک شوعه‌یب زهکریایی و من) نارد. له‌م کوبونهویهدا له لایه‌ن رێكخراوی “ئیتحادی موبارزانی كومۆنیسته‌وه ره‌خنه له په‌سه‌ندكراوه‌كانی کونگره‌ی 2 گیرابوو. ره‌خنه‌کان به جیدی وه‌رگیران. كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه بڕیاری پێداچوونه‌وه‌ی دا و به‌م مه‌به‌سته نزیكه‌ی شه‌ش مانگ دوای كۆنگره‌ی ٢ كۆنفڕانسی شه‌شی كۆمه‌ڵه له ئاوایی عیلم ئاباد به‌ڕێوه‌چوو. له‌و كۆنفڕانسه‌دا، هه‌ڵه‌كان راست كرانه‌وه. ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی ره‌خنه‌كان بریتی بوون له :
یه‌كه‌م، كه‌م بایه‌خدانی كۆنگره به ده‌وری رێبه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵه له بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان و بۆ دیاریكردنی ئاسۆی سه‌ركه‌وتنی؛
دووهه‌م، له به‌رچاو نه‌گرتنی پاشماوه‌كانی چاره‌سه‌رنه‌كراوی كێشه‌ی زه‌وی و زار له كوردستان و به‌م پێیه دانه‌ڕشتنی پلانی رێك و پێك بۆ راماڵینی پاشماوه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی له كوردستان؛ له‌م بابه‌ته‌وه وترا كه ئه‌گه‌رچی كۆمه‌ڵگای ئێران به ته‌واوی پێی ناوه‌ته قۆناغی سه‌رمایه‌داریه‌وه به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی جوتیاران له كوردستان هێشتا زه‌رفیه‌تگه‌لێكی تێدایه كه پێویسته بۆ به‌هێزتر كردنی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان كه‌ڵكی لێوه‌ربگرێت.
پرسیار: ئایا دوای کاک فوئاد رێبازی سیاسی کٶمەڵە گۆردرا؟ ئەگەر وەڵام موسبەتە لە چیەوە بۆ چی و گۆڕانکاریەکان لە سیاسەت، تاکتیک، رێکخستن، پێوندی لەگەڵ هێزە سیاسیە ئیرانی و کوردستانیەکان چۆن خۆی نیشان ئەدا؟
وڵام : من لام وایه رێبازی سیاسی كۆمه‌ڵه دوای كاك فوئاد نه‌ك هه‌ر نه‌گۆڕا، به‌ڵكوو به شه‌فافیه‌تێكی زۆرتره‌وه هه‌ر ئه‌و رێبازه‌ی ره‌چاو كرد كه كاك فوئاد به‌ردی بناغه‌كه‌ی دانابوو. كۆمه‌ڵه ئه‌م رێبازه‌ی كاك فوئادی له‌گه‌ڵ پێویستیه‌كانی زه‌مانه گونجاند و به‌ره‌وپێشی برد. گومان له‌وه‌دا نییه كه بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مڕۆی ئێران و جیهان گه‌لێك جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و كاته‌ی كه كاك فوئاد له ژیاندا بوو، به‌ڵام كاك فوئاد تێكۆشه‌رێكی نه‌سره‌وتووی خه‌باتی چینایه‌تی بوو. كاك فوئاد بۆ وه‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی سۆسیالیستی خه‌باتی ده‌كرد. كومۆنیزم چرای رێگای كاك فوئاد بوو. كاك فوئاد له پێناوی پێكهێنانی ریزی سه‌ربه‌خۆی چینی كرێكاردا، لێبڕاو و له سازش نه‌هاتوو بوو. ئه‌وانه جه‌وهه‌ری بیروبۆچوونی كاك فوئاد بوون. نازانم كه‌سانێك كه له نزیكه‌وه كاك فوئادیان ناسیوه، چۆن له روویان هه‌ڵدێ ئه‌و هه‌ڵوێست و بۆچوون و رێبازه‌ی كه ئه‌مڕۆ ده‌یگرنه‌به‌ر، به ناوی كاك فوئاده‌وه سه‌بتی بكه‌ن؟ له‌م بابه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر نه‌مانهه‌وێ تووشی خه‌یاڵ په‌ردازی بین، پێویسته چاوێك له هه‌ڵوێست و بۆچوونه‌كانی كاك فوئاد بكه‌ین. كاك فوئاد بناغه داڕێژه‌ری بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان بوو. كۆمه‌ڵه تا ئێستا له‌م رێبازه لای نه‌داوه و ئه‌رکه‌کانی خوی له‌و بزوتنه‌ویه دا ده‌ناسێت و بهریهوهی ده‌بات. كاك فوئاد هه‌ر وه‌كوو له كۆتایی نامێلكه‌ی “توطئه جدید علیه خلق کرد”دا نووسیویه‌تی خولیای پێكهێنانی حیزبی كومۆنیستی ئێران بووه و لای وابوو كه پێكهاتنی ئه‌و حیزبه‌یه كه بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردیش له بن به‌ستی ناسیۆنالیسته‌كان رزگار ده‌كات. هه‌ر وه‌ها كاك فوئاد ئه‌م بۆچوونه‌ی خۆی له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی جه‌معیه‌تی شاری مهابادیش ته‌ئكیدی كرده‌وه، كاتێك له وڵامی یه‌كێك له هاوڕێیاندا ووتی : “ئه‌ساسه‌ن ئه‌شێ حیزبی كومۆنیستی ئێران به‌وجود” بێنین. كۆمه‌ڵه له‌م بابه‌ته‌شه‌وه هه‌ر رێبازی كاك فوئادی ره‌چاو كردووه.
پرسیار: لە چەند جومڵە دا کاک فوئاد چۆن بە خوێنەری ئەناسێنیت؟
وڵام : چەند جوملویەکی سیحر ئامیز که بتوانی قولایی کەسایەتی کاک فوئاد بناسینی وجود نیه . فوئاد له ژیانی سیاسی و له ژیانی ئاسایی‌دا مرۆڤێكی گه‌لێك جیدی بوو. له یه‌كه‌م ئاشناییدا له‌گه‌ڵی هه‌ستت به هه‌بوونی ئۆتۆریته‌یه‌كی مه‌عنه‌وی تێدا ده‌كرد، كه ناچاری ده‌كردی تۆش جیدی بی. فوئاد مرۆڤێكی نائارام بوو، بۆ به ئه‌نجام گه‌یاندنی هه‌ر كارێك كه باوه‌ڕی پێی بوایه به شێوه‌یه‌كی ته‌نانه‌ت نائاسایی په‌له‌ی ده‌كرد، فوئاد كاتی به‌فیڕۆ نه‌ده‌دا. بۆ فوئاد ئه‌وه گه‌لێك گرینگ بوو كه تا كاتێك خۆی له ژیاندا ماوه، كارێك بكات. فوئاد گه‌لێك به بروا بەخویی و به تێڕادیوی و به شێوه‌یه‌كی ئاته‌شین، وه له هه‌مان كاتدا به ئیستدلال دیفاعی له بۆچوون و هه‌ڵوێستی خۆی ده‌كرد. كاتێك كه دەیزانی هه‌ڵه‌ی كردووه، له نیهایه‌تی خۆبه‌زل نه‌زانیندا و گه‌لێك جار به پێكه‌نینه‌وه هه‌ڵه‌كه‌ی قبووڵ ده‌كرد. كاك فوئاد له ژیانی ته‌شكیلاتیدا، گه‌لێك دیموكرات بوو و هیچ كه‌س هیچ نمونه‌یه‌كی نییه كه نیشان بدات كاك فوئاد له هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پێگه و مه‌قامدا بووه