سۆشیالیزم یان بەربەریەت

نەوزاد بابان

ڕاشکاوانە و ترمپ ئاسا لە میانەی قسەکانیدا لە پەرلەمانی کوردستان، سەرەک وەزیرانی هەرێم وتی ئێمە سیستەمی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیمان نیە تا برەو بە کەرتی گشتی بدەین، بە واتایەکی تر سیستمی سەرمایەداری و بازاڕی ئازاد و نیولیبرالیزمیان هەیە و برەو بە کەرتی تایبەتی دەدەن، کە ئەمەش شتێک نیە جگە لە شانخاڵی کردنەوەی حکومەت و دەسەڵات لە دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان و سپاردنی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمەکە بە قازانج و سودی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە.

کۆمپانیا ئەهلیەکان لە هەردوو کەرتی خوێندن و تەندروستیدا و لە چەند ساڵی ڕابردوودا، قازانجێکی زۆریان کەڵەکە کردوە، بەڵام هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان گیرفانەکانیان داتەکاوە و ئاستی خوێندن و تەندروستیشیان وێران بووە. جا دژایەتی کەرتی گشتی و سۆشیالیزم و برەودان بەکەرتی تایبەتی مانا واقعیەکەی بریتیە لە کەڵەکەی سەرمایەی سەرمایەداران و داسەپاندنی هەژاری و بێکاری و برسیەتیە بەسەر خەڵکیدا.

بە ڕەسمی لەم وتارەیدا پێی وتین کە درێژە بەم ڕێبازە دەدەن و ھەنگاودەنێن بۆ ڕادەستکردنی تەواوی سێکتەرە خزمەتگوزاریەکانی ژیانی ھاوڵاتیان بۆ کەرتی تایبەتی لەوانەش کەرتی کارەبا، هەروەک وەزیری کارەباش ماوەیەک لێرەوپێش ڕایگەیاندبوو کە بەم نزیکانە و تا کۆتایی ئەمساڵ دامەزراوەی کارەبا ڕادەستی کەرتی تایبەت دەکەن.

ئێستا ئەوان بەڕەسمی پێیان ڕاگەیاندین کە نوێنەری کۆمپانیاکانن و بەم پێیەش سەربە چی چینێک وە لە خزمەتی کام چینەدان. ئەوەی کە حکومەت و حزبەکانی دەسەڵات پێی هەڵدەستن سیاسەتێکی پلان بۆ داڕێژراوە و وشیارانە دەیبەنەپێشەوە و پشتیوانەی وڵاتە ئیمپریالیستەکان و ناوچەییەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانیشیان هەیە، چونکە بەرژەوەندیەکانی ئەوانیش لەبەرچاودەگرێت لەسەر حیسابی داسەپاندنی هەژاری و برسیەتی و سەرکوت بەسەر خەڵکی کوردستاندا.

سیاسەتێکی پلان بۆ داڕێژراو و وشیارانەی سەرمایەداری ئاوەها تەنها دەتوانرێت بە سیاسەتێکی سۆشیالیستیانەی پلان بۆداڕێژراو وشیارانە بەرپەرچ بدرێتەوە کە لە هەمانکاتدا لە هەوڵی هاوپشتی نێونەتەوەییدایە لەگەڵ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ناوچەکە و جیهان کە ئەوانیش لەلایەن حکومەتی سەرمایەدارانەوە هەژاری و بێکاری و بێمافی داسەپاوە بەسەریاندا.

هەنگاوی یەکەم لەو ڕاستایەدا و بەڕووی ئەم سیاسەتی سەرمایەدارانەیەدا خۆ ڕێکخراوکردنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێکاران و هەژارکراوان و لاوان و ژنانی بێمافی ئەم وڵاتەیە، تا بەهێزی ڕێکخراوبوونیان وەک دیوارێکی پۆڵایین بووەستنەوە بەرامبەر دەستدرێژی و پێشێلکاریەکانی حکومەت و دەسەڵات، نەک هەر پاشەکشە داسەپێنن بەسەریدا، بەڵکو هەر بەم هێزە چینایەتیە ڕێکخراوەییەی خۆیان، دەسەڵاتدارەتی خۆیان لە شۆراکاندا لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتەدا ڕاگەێەنن وەک بەدیلێکی سۆشیالیستی بۆ فەرمانڕەوایی و ئیدارەکردنی هەرێمی کوردستان.

بەبێ ئاسۆیەکی سۆشیالیستی ئاوا ئەستەمە بەر بە پلان و سیاسەتەکانی ئەم دەسەڵاتە بێ دەربەست و بۆرجوازیە بگیرێت کە نزیک بە سی ساڵە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە لەڕێگەی کۆمپانیاکانیانەوە لە کەرتی تایبەتی حەپەلوش دەکەن، و دەڵێن حوکومەتە شکست خواردوەکەمان ئێستا زیاتر لە ٢٨ ملیار دینار قەرزارە.

ئەرێ ئەمانە نەوتیان فرۆشتوە یان نەوتیان کڕیوە ئەم ھەموو پارە قەرزارن؟ زۆر ئاشکرایە ھەرچی سامان و سەرەوەتی ئەم وڵاتەیە لای کۆمپانیا زەبەلاحەکانی خۆیانە و قۆرخ کراوە و قەرزەکانیشیان داناوە تا لە قوتی ڕۆژانەی خەڵکی بیدەنەوە و هەرکەسێکیش ناڕەزایەتی بنوێنێ گرتن و ڕاوەدوونان و سەرکوت بەشیەتی ئەگەر تیاشی نەبەن.

مێژووی کوردستان گەیشتۆتە شوێنێک کە یان دەبێ ئەم بارودۆخە تڕاژیدیایە لە بێموچەیی و بێکاری و برسیەتی درێژە بکێشێ لەسەر حیسابی قازانجی کۆمپانیا ئەهلیەکانی کەرتی تایبەت، یان دەبێ ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بکرێتەوە و دەستدابگیرێت بەسەر سەروەت و سامانی ئەم کۆمپانیایانە و موچە و خزمەتگوزاریەکان و خۆشگوزەرانی خەڵکی پێ دابین بکرێت. ئەمەش ئەستەمە بەبێ هاتنەدی ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتی سیاسیدا، چونکە زوربەی هەرە زۆری کۆمپانیاکان خاوەنەکانیان بەرپرسانی هەرە باڵای حکومەت و حزبەکانی دەسەڵاتن، یان هی ئەو سەرمایەدارانەن کە بە هەزارویەک سەرەداو بەستراونەتەوە بەو حزبانە و حکومەتەکەیانەوە.

کۆتاییهێنان بەم بارودۆخە هەر تەنها بە کۆتایی هاتنی ئەم حکومەت و دەسەڵاتە و گۆڕینێکی شکڵی لە حزبەکانی دەسەڵاتدا نایەتەدی وەک حزبە قەومی و ئیسلامیە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەیانەوێت، بەڵکو دەبێ گشت پایەکانی ئەم دەسەڵاتە و سیستمە ئابوریەکەشی بگۆڕدرێت بۆ سیستمێک کە دادپەروەری ئابوورییش بۆ هاوڵاتیان مسۆگەر بکات و هەموان بە یەکسانی لە سەروەت و سامانی گشتی بەهرەمەند بن نەک کەمایەتیەکی کۆمەڵگەی خاوەن دەسەڵات و خاوەن کۆمپانیا.

لە ئێستاداھیچ ڕێگەیەک لەبەردەماندا نەماوەتەوە جگە لەوەی کە دەبێ کۆتایی بهێنین بەم سیستەمە لە حوکمڕانی و ئەم شێوە لە ژیانی ئابوری لە کوردوستاندا، تەنھا ڕێگەیەک بۆ دەربازبون ئەوەیە کە دەستبەجێ دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ خەڵکی ڕێکخراو، هەم لە ڕێکخراوە جەماوەریەکان و هەم لە شورا کرێکاری و جەماوەریەکاندا، ئەمەش ئەرکی کرێکارانی پێشڕەو و ڕابەر و سۆشیالیستە.

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە