فاشیزم لە هۆڵەکانی دادگاوە!

موحسین کەریم

رۆژی ٥ شەممە رێکەوتی١٦ی ئایاری ٢٠٢٤ دادگای سزا قورسەکانی ئەنکەرە دانیشتنەکانی خۆی بۆ دادگاییکردنی ١٠٨ ئەندام پەرلەمان و کادری پارتی دیموکراتی گەلان لەسەر پرسی کوبانی دەست پێکرد و سزای ٤٢ ساڵ زیندانی بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش و ٣٢ ساڵ و ٩ مانگ بەسەر فیگەن یوکسەداغ ، سەرۆك و هاوسەرۆكی پارتی دیموکراتی گەلان دا سەپاند! هەروەها ژمارەیەکی دیکەشیان بە چەندین ساڵ زیندانی سزادران! هاوکات ئەحمەد تورکیش بە ١٠ ساڵ زیندانی سزا درا بە تۆمەتی لایەنگریی بۆ پەکەکە! جێگای ئاماژەیە کە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەداغ لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە زیندانی کراون.

ئەم دادگاییکردنەی ئەندامانی پارتی دیموکراسی گەلان و لەسەروو هەموویانەوە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەداغ کە کەسایەتێکی چەپی تورکەو لەناو حزبی دیموکراتی گەلاندا پێگەی هاوسەرۆکی سەلاحەدین دەمیرتاشی هەبوو، لەسەر بەرگریکردنیان لە خەڵکی کوبانی بەرامبەر بە هێرشی درندانەی داعش بۆسەر ئەو شارە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە، ئەوە دردەخات کە ئێستا دەسەڵاتەکەی ئۆردوگان لەرێگای چەکی یاساو دادگاوە خەریکە تۆڵەی ئەوکارە، لەجیاتی داعش، لەوان دەکاتەوە! ئەگەر داعش بەرامبەر بە بەرگری بێوێنەی خەڵکی کوبانی، کە جێگای پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی دنیا بوو نەك تەنها تورکیاو ناوچەکە، شکستی خوارد و لووتی لە زەوی کوبانی چەقی، ئەوا تورکیا بەم دادگاییەی ئەوەی سەلماند کە خەریکە لەجیاتی داعش تۆڵە لە پشتیوانانی کوبانی دەکاتەوە! خەریکە تۆڵەی بەشێك لە هۆکاری شکستی داعش دەکاتەوە. ئەمەش بەڵگەیەکی گرنگە لەسەر راستی ئەوەی لەسەر تورکیا دەوترا کە پشتیوانی داعشەو بە هەموو جۆرێك هاوکاری چەك و لۆجستی ئەو گروپە دڕندەو ئینسانکوژانە دەکات. شکستی داعش لە کوبانی شکستی ئۆردوگان و دەسەڵاتە کۆنەپەرست و فاشیستەکەی بوو، بۆیە ئێستا داخی ئەو شکستە لەدوارۆژەکانی تەمەنی خۆیدا لەو پۆلە سیاسەتمەدارە دەکاتەوە کە تاوانەکەیان تەنها چالاکی سیاسی و پشتیوانی پرسێکی ڕەواو خەڵكیك بووە کە دژی دڕندەترین هێزی ئیسلامی تیرۆریست و تەیار بە تازەترین چەکی سەردەم بەرگرییان لە خۆیان کردوە.

دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەداغ و هاوڕێکانیان و ئەحمەد تورك لەسەر چالاکی سیاسی و بیروباوەڕی سیاسی، نیشانەی زاڵبوونی فاشیزمە لەناو سیستەمی دادوەری تورکیادا کە لەلایەن ئۆردوگان و پارتەکەیەوە کۆنترۆڵ کراوە. ئەم فاشیزمە تەنها ڕووی لە سیاسەتمەدارانی کورد و بزوتنەوە سیاسیە کوردیەکان نیە، بەڵکو ڕووی لە سەرجەم بزوتنەوەی سیاسی و هەڵسوڕاوانی سیاسی پێشکەوتنخوازو سۆشیالیست و کرێکاریی تورکیایەو ئەگەر بەری پێنەگیرێت، ئایندەیەکی تاریك دەکاتە نسیبی سەرجەم خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی تورکیا! کۆتاییهێنان بەم فاشیزمە دەسەڵاتدارە و تاوانەکانی دژ بە کرێکارو زەحمەتکێشی تورکیاو خەڵکی کورد زمان و سەرکوتی هەر دەنگێکی ناڕازی بە دەسەڵاتەکەی کاری جەماوەری کرێکارو زەحمەتكێشی تورکیایە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە