مارکس و پرسی نامۆبوون

ئەکرەم سەعید

* مارکس لە زۆربەی بەرهەمەکانیدا باسی نامۆبوونی مرۆڤەکانی کردووە کە حاڵەتێکە هۆکاری زیهنی و عەینی لە کۆمەڵگادا دروستی کردووە، ئەم نامۆبوونە وا دەکات مرۆڤەکان ( جەوهەری ئینسانی خۆیان کە بوونەوەرێکن لە جۆرێکی تایبەت) لەدەست بدەن. لێرەوە مرۆڤەکان خۆیان بە گرگن دەزانن، و ناتوانن ژیان و چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، ئیدی ناچارن ملکەچی فەرمانەکانی سێ دەسەڵات بن:( ئایین و دەوڵەت و سەرمایە )، ئەو دەسەڵاتانە لە ڕاستیدا بەرهەمی کاری ئەقڵ و دەستی خۆیانە. دیارە مارکس لە هیچ بەرهەمێکیدا بەم جۆرە تیۆرەکەی خۆی دانەڕشتووە، بەڵکە ئەوە ئەنجامگیرێکە هەموو کەسێک دەتوانێ پێی بگات، ئەگەر بەرهەمەکانی مارکسی تافی دیموکراتی (مارکسی لاو) و مارکسی تافی سۆسیالیستی (مارکسی کامڵ) بەیەکەوە گرێبداتەوە.

* دەشێ پرسیار بکەین بۆچ زۆربەی مرۆڤەکان توانا و حەزو بەهرەکانی خۆیان گەشەپێنادەن، چی ڕێگرە مرۆڤەکان ئارەزوەکانی خۆیان مومارەسە بکەن بە جۆرێک کە هەست بە ئازادی بکەن و بەختیار بن؟ بۆچ مۆسیقا ناژەنن، تابلۆ ناکێشن، ناخوێنەوەو نانووسن، ناچنە چیاکان و دەشتەکان و لە دیمەنی سروشتی جوان چێژ وەرناگرن، بۆچ عاشق نابن و لە خۆشەویستیدا غەرق نابن، بۆچ سەما ناکەن و بادە نانۆشن ؟!. وەڵامی ئەو پرسیارانە بوونی سێ سووچەکەی دەسەڵاتی ( ئایین و دەوڵەت و سەرمایە )یە: ئایین زۆر حەزت لێ حەرام دەکات، یاساکانی دەوڵەت سنوور بۆ ئازادیت دادەنێ، و سەرمایە بێ پوڵت دەکات، ئیدی ناتوانی و کات و پوڵت نییە حەز و بەهرەکانی خۆت پڕ بە دڵ و ئازادانە مومارەسەکەیت. ئەنجامی ئەوەش نامۆبوونە.

* خۆشەویستی نێوان دووکەس پەیوەندێکی سۆزە، ئەبستراکتە، مادی نییە، کۆنکرێت / مەلموس نییە، بەڵام خەڵکی وەک زینجیرە و دڵێک لە ئاڵتون گوزارشتی لێ دەکەن، کەواتە کردمانە شتێکی بەرجەستەکراو/ واتە بینراو، کردمانە شتێک/ بەشتمانکرد. (“بەشتبوون”مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ شتێک، بەهای مرۆڤیش بەو کاڵایانە دەپێورێت کە بەرهەمی دەهێنێت. مرۆڤ لە ژێر ڕۆشنایی دیاردەی بە ئۆبژەبوون هەست بە نامۆبوون و لە دەستدانی خۆی دەکات.”/ جۆرج لۆکاش.
* نامۆبوون یانی ناهۆشیاری بە بوون، بە ژیان، و بە ئابووری و سیاسەت و دەسەڵاتی کۆمەڵگا، بێبایەخ بوون، بە مانای دابڕانی سایکۆڵۆجی لە پانتایی هەلومەرجێک و پەیوەندێک لەتەک مرۆڤەکانی دی، و ژیانی تاکی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی تەنیا و بێ هاوڕێ گەرچی لەتەک خەڵکیدا دەژی و کار دەکات، یان بێزاربوون لەهەر کات و لەهەر شوێنێک کە ئەو مرۆڤە خۆی تێدا دەبینێ؛ من لێرە خۆم بە نامۆ ئەزانم: واتە من ناتوانم بگونجێم، ناتوانم لێرە بژیم، چارە ئەوەیە دوورکەومەوە بۆ دونیاێکی دی یان جێگاێکی دی، من لەم دونیایە بێبەش و چارەڕەشم بەڵکە خودا لەو دونیا پاداشتم بداتەوە.
* مرۆڤ نامۆ دەبێت لە توانا و بەهرەمەندی کاراکتاری خودی مرۆی خۆی. نامۆیی بەمانای تەماشای مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بێ دەسەڵات و بێچارە، خۆی و ئەوانی دی بە گرگن بێتە پێشچاو، پەی نەبردن بە هێزی کار و ئەقڵی ئینسانەکان.
* مرۆڤەکان لەو ساتەوەی خۆیان لە جیهانی ئاژەڵان جیاکردەوە، بوونە بوونەوەرێکی تایبەت، بوونە جۆرێکی دانسقە کە خاوەنی ئەقڵن و کار دەکەن. مرۆڤەکان لەو ساتەوەی ئەشکەوت و بێشەو جەنگەڵستانەکانیان بەجێ هێشت، لە هەلومەرجێکی دروستکراوی بەرهەمی کارو ئەقڵی خۆیان دەژیان، هەلومەرجێکی دەستکردی سەرەتایی کە بەرهەمی کاری بە هەرەوەزییانە، و خاوەنی پەیوەندێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی بوون، بوونە خاوەنی جۆرێک لە نۆرم و ڕێسا و نەریەت.
بیروباوەڕی ئەم کۆمەڵگە گچکانە ئایین بوو، یانی مرۆڤەکان خاوەنی موقەدەس بوون، ئەو موقەدەسەی کە بەرهەمی ئەقڵی خۆیان بوو، ئەو ئایینە هەر چیێک بووبێ دەگونجا بۆ یارمەتیان لەو دۆخ و ژینگەیەی تێدا دەژیان، گەرچی ئەو بیرۆکە ئایینیانە سەرەتایش بووبێ لە شێوەی بت پەرستیدا.
دواتر لە ئایینەکاندا مرۆڤەکان لە توانا و بەهرەی خۆیان نامۆبوون، چونکە سیفاتەکانی خۆیان دابەزاندە سەر خوداێک, کە بە ئەقڵی خۆیان و بە دەستی خۆیان دروستیان کردبوو. کەواتە ئایین یەکەم نامۆیی بوونی مرۆڤەکانە لە خودی خۆیان بۆ هێزێکی دەرەوەی خۆیان.
۱ / مارکس و نامۆبوونی ئایینی
چەمکی نامۆبوون دەتوانرێت بگەڕێتەوە بۆ دەقی هیگڵ لە ساڵی ١٨٠٧دا، دیاردەناسیی ڕۆح (فینۆمینۆلۆجیی ڕۆح)، لەوێدا ( نامۆبوون ) حاڵەتێکی حەتمی هۆشە، بە واتاێکی دی: حاڵەتێکی سەرەتایی هۆشیاری مرۆڤە. هیگڵ پێی وایە کە هۆشیاری لە سەرەتادا ئاگاداری بوونی خۆی نییە تا دوای داننان بە بوونی ئەوانی دیکە. هۆشیاری مرۆڤ لە کەسانی تردا چاودێری خۆی دەکات، بۆیە لێرەدا هۆشیاری نامۆ دەبێت. بەڵام دوای داننان بە ئەوانی تر و هۆشیاری ئەوان، هۆشیاری ئێمە دەست دەکات بە دۆزینەوەی خۆی وەک جیاواز لە ئەوانی تر، واتە هۆشیاری دەست دەکات بە پرۆسەی وەدەرنانی هۆشیاری و سیفەتەکانی ئەوانی تر لە خۆی تا خۆی دەدۆزێتەوە.
لە دیدگای هیگڵ خەباتی تاک ململانێیەکە بۆ پێناسەکردنی خۆی یان ناسین و دیاریکردنی هۆشیاری خۆی، وە تا مرۆڤ نەبێتە خاوەنی ئەو مەعریفە و ئازادی ڕەهایە، ئەوا لە نامۆبوونی هەمیشەیی دەمێنێتەوە.
( هیگڵ پێش مارکس دەیگوت مرۆڤ نامۆیە، چونکە مرۆڤ لە کارەکەیدا نامۆیە.) – هۆکارەکانی نامۆبوون – ئێرنست مەندەل/ ١٩٧٠.
دوای مردنی هیگڵ، چەمکەکە لە ڕێگەی لاوانی هێگلییەوە بەکارهێنرا ، کە سەرنجی خۆیان گۆڕی بۆ کایەی نامۆبوونی ئایینی. دەقێکی سەرەکی لەم نەریتەدا، نووسراوی جەوهەری مەسیحیەت (١٨٤١)ی فۆیەرباخە، کە نامۆبوون وەک پرۆسەێک نیشان دەدات کە لە ڕێگەیەوە جەوهەری جۆری مرۆڤ لەسەر خودا پڕۆژە دەکرێت.
مارکس لە دەستنووسە ئابووری و فەلسەفییەکانی ساڵی ١٨٤٤( یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣٢دا بڵاوکرایەوە ) جەختی لەسەر بنەمای فەلسەفی مرۆڤدۆستی کردەوە. مارکس لەوێدا تیۆری نامۆبوونی خۆی ڕووندەکاتەوە کە لە کتێبی جەوهەری مەسیحیەت (١٨٤١)ی فۆیەرباخەوە وەرگیراوە. مارکس لەو ساتانەدا لە ژێر کاریگەری لاوانی چەپی هیگلی بووە، بەتایبەتی فۆیەرباخ.
نەریەتی لاهوتی مەسیحی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی دروست کردووە، مارکس بە تەواوی هاوڕا بووە لەگەڵ پێچەوانەکردنەوەی ئەم وێنەیە لەلایەن فۆیەرباخەوە: کە ( مرۆڤ وێنەی خودای لەسەر وێنەی خۆی دروست کردووە ).
مارکس بەتایبەتی لە پێشەکی (ڕەخنەی فەلسەفەی ماف لای هیگڵ)دا، ڕوانگەی خۆی بۆ نامۆبوونی ئایینی دەخاتە بەردەست: ( بناغەی ڕەخنەی نائایینی ئەمەیە: مرۆڤ ئافرێنەری ئایینە، نەوەک ئایین ئافرێنەری مرۆڤ .. ئایین خودئاگایی و خۆبەهاکردنی ئەو مرۆڤەیە وا هێشتا خۆی نەدۆزیوەتەوە یان خۆی دۆڕاندووە .. ئایین حەسرەتی بوونەوەرێکی چەوساوەیە، دڵی جیهانێکی بێ دڵە، ڕۆحی هەلومەرجێکی بێ ڕۆحە، ئەفیونی جەماوەرە).
مەبەستی مارکس ئەوەیە کە ئایین خەمڕەوێنە بۆ ئەو کەسانەی لەمانای ژیان ناگەن.
ئەم نامۆبوونە ئایینیە نامۆبوونێکی زهینیە / مینتاڵە، کە لاوانی چەپی هیگڵی ڕایان وابووە دەکرێ بەئەقڵانی کردنی فکری ئینسانەکان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سیکولار ( جیایی ئایین لە دەوڵەت ) کۆتایی پێ بهێنرێت. مارکس و ئەنگلس دواتر کەوتنە ڕەخنەگرتن لەم بۆچوونانەی لاوانی چەپی هیگڵی، و مەرجی قوتارکردنی مرۆڤەکانیان لە نامۆبوونی زهینی/ فکری بەستەوە بە گۆڕانی باری ئابووری کۆمەڵگەی سەرمایەداری.
ڕەخنەی مارکس و ئەنگلس لە ماکس شتیرنر لەسەر هۆکاری نامۆبوون:
ماکس شتیرنر دەیگوت: ( مەسیحی نەی ئەتوانی لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا هەست نەکات کە نامۆیە لەسەر زەمین ). مارکس و ئەنگلس وەڵامیان دایەوە: ( خەڵکی ئەو سەردەمە کە نامۆبوون لەسەر زەوی ” ئەوەش تا دوا پلە سروشتی بوو، چونکە هۆکارەکەی ئەوە بوو کە هەرچی سامان هەیە لە ڕۆمای پایتەخت چڕبووبوەوە”، بۆیە خەڵکی نەیان دەتوانی لە مەسیحی بوون زیاتر هەست بە شتێکی دی بکەن. کەواتە مەسیحی بوونیان نییە کە وای لێ کردبوون بێ نەوا و نامۆ بن، بەڵکە بێ نەواویی و نامۆبوون کردبوونی بە مەسیحی ). / مارکس و ئەنگلس/ ئایدۆلۆژی ئەڵەمانی.
* مارکس ساڵ بە ساڵ گەشەی بە ئارگومێنتەکانی خۆی داوە دەربارەی نامۆبوونی ئایینی. ئیدی مارکس نامۆبوونی ئایینی ئاسمانی و ئایینی پوڵ لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا باس دەکات. وەزیفەی ئایینی ئاسمانی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا بەم شێوەیە دەستنیشان دەکات:( لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی، ئایینی ڕێکخراو دەبێتە کەرەستەیەک بۆ هێشتنەوەی جەماوەر لە پاشکۆیەتی ئابوورییدا).
۲ / مارکس و نامۆبوونی سیاسی
*( هەر بە لێکۆڵینەوە لە هیگڵ بوو کە مارکس بۆ یەکەمجار کەوتە بەر چەمکی نامۆبوون، بەڵام سەیر لەوەدایە، ئەوە تیۆری نامۆبوون لە پرۆسەی کاردا نەبوو لە بەرهەمەکانی هیگڵەوە وەریگرتبوو، بەڵکە نامۆبوونی مرۆڤ وەک هاووڵاتییەک لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ دەوڵەتدا بوو، کە بوو بە خاڵی دەستپێکی بیری فەلسەفی و سیاسی و کۆمەڵایەتی مارکس.
تیۆری گرێبەستی کۆمەڵایەتی پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە لە کۆمەڵگەی ڕێکخراودا تاک دەبێتە ژمارەیەکی دیاریکراو لە مافی تاکەکەسی لە دەوڵەتدا؛ دەوڵەت وەک نوێنەری بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا. هیگڵ بە تایبەتی ئەم بیرۆکەیەی پەرەپێدابوو کە لەلایەن تیۆریزانانی فەلسەفەی مافە سروشتییەکانەوە ئەوەندە بەهێز هاتبوو. هەروەها ئەوە بوو بە خاڵی دەستپێکی ڕەخنەی مارکس لە هیگڵ و سەرەتای وەک بیرمەندێکی کۆمەڵایەتی ڕەخنەگر بە گشتی.)./سەرچاوە: Ernest Mandel – The Causes of Alienation – (1970) – هۆکارەکانی نامۆبوون – ئێرنست مەندەل/ ١٩٧٠.
* مارکس لە بارەی پرسی جوولەکەکان (١٨٤٣) جیاوازی نێوان خۆی و هیگلییە لاوەکان، بە تایبەتی “برۆنۆ باوەر” نیشان دەدات. باوەر دژی ڕزگاری جوولەکەکان نووسی بووی لە( ڕوانگەیەکی بێ دینییەوە، ئایینی هەردوو جولەکەکان و مەسیحییەکان بەربەستێک بوون لەبەردەم ئازادیبوون ). مارکس لە وەڵامدانەوەی باوەردا، یەکێک لە تێزە ماتریالیسمەکانی خۆی دەنووسێ. بەڕای مارکس لە بناغەدا جیاوازی هەیە لە نێوان ئازادی سیاسی و پێدانی ماف و ئازادییە لیبراڵەکان بە تاکەکان و ئازادی مرۆڤ. وەڵامی مارکس بۆ باوەر ئەوەیە کە ڕزگاری سیاسی بە تەواوی لەگەڵ بەردەوامی بوونی ئاییندا دەگونجێت، وە بۆ بەڵگە نموونەی ئەمریکا مۆدێرن دەهێنێتەوە، کە کۆمەڵگەێکی لیبڕاڵە و دەوڵەتێکی سیکولارە، بەڵام ئایین وەزیفە و حزورێکی بەرچاوی هەیە.
* مارکس دەڵێت ئازادی سیاسی نەک هەر بەس نییە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی مرۆڤ، بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێتە کۆسپێک لەبەردەم ئازادی تەواوی مرۆڤەکان. ماف و بیرۆکە لیبراڵەکانی یەکسانی و ئازادی لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراون کە هەریەک لە ئێمە پێویستیمان بە پاراستن هەیە لە دەستوەردانی مرۆڤەکانی تر کە مەترسی لەسەر ئازادی و ئاسایشمان دروست دەکەن، یانی لیبڕالیسم لەسەر بناغەی ئازادی تاکەکەس و بەرژەوەندی چییەتی تاکەکەس بۆ ئازادی دەڕوانێتە مافەکان. ئازادی لە ڕوانگەیەکی لەو شێوەیەدا، ئازادییە لە دەستوەردان.
ئەوەی بۆچوونی لیبڕاڵی چاوپۆشی لێدەکات، ئەو ڕاستییەیە کە ئازادی ڕاستەقینە بە شێوەیەکی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەدەست بهێنرێ، واتە بتوانرێت لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا بدۆزرێتەوە نەک لە گۆشەگیریدا، چونکە مرۆڤەکان خانەێکی ئەتۆمی نین لە جیهانێکی تەنیا و ئەبستراکتدا بژین. بێگومان مارکس دژایەتی ئازادی سیاسی ناکات، چونکە لیبرالیزم بە پێشکەوتنێکی گەورە دەبینێت بەراورد بە سیستەمەکانی ئیستبدادی فیۆدالیزم و دەسەڵاتی دامازراوە ئایینیەکانی کۆن، بەڵام ئازادی لیبڕالیسمی سیاسی کافی نییە و دەبێ لە ڕێگای ئازادی ڕاستەقینەی مرۆڤدا تەواو بکرێ. مارکس دواتر پێمان دەڵێت ڕزگاری مرۆڤ سۆسیالیسمە، هەرچەندە ڕوونە کە ئەو ساڵانە هێشتا مارکس بیرۆکەکانی سۆسیالیسمی کرێکاری تەواو دانەڕشت بوو، بەڵام پلاتفۆرمی بیرکردنەوەی ماتریالیسمی خۆی دۆزیوەتەوەو، لێرەوە پرسی نامۆبوونی ئایینی و ئازادی سیاسی بە پرسی کۆمەڵگەوە دەبەستەوە.
۳ / مارکس و نامۆبوونی ئابووری
*( مارکس و ئەنگڵس لە سەرەتای ساڵانی ۱۸٤۰وە سەرنجی خۆیان لەسەر نامۆبوون لە مەیدانی ئایینەوە گۆڕی بۆ مەیدانی ئابووری سیاسی.). / سەرچاوە: مارسێلۆ موستۆ: لەنووسینەکانی کارل مارکس لەسەر نامۆبوون.
* ( یۆهان فیخت لە سەردەمی ڕۆمانتیکی ئەڵمانیدا دەستەواژەی “نامۆبوون”ی خستە ناو فەلسەفەوە. بەشداری فیختە ئەوە بوو بەڵام سنووردار بوو، چونکە خەمی ئەو لەم بابەتە بە شێوەیەکی تەسک تیۆری بوو. دواتر فریدریش شیلەر بە داڕشتنی چەمکی نامۆبوون وەک کێشەیەکی مێژوویی، ڕێگەی بۆ ئەو بیرکردنەوە نوێیە ( فەلسەفەی کۆمەڵایەتی ) ئامادەکرد کە جۆرج هیگڵ و کارل مارکس پەرەیان پێدا.
گرنگی شیکارەکەی شیلەر لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە، لە تێڕوانینی شیلەر دایە بۆ هەڕەشەئامێزی لەسەر مرۆڤ لە نەزمی کۆمەڵایەتی نوێدا. تەنانەت زیاتر لە شۆڕشی پیشەسازی، شۆڕشی فەرەنسا ساڵی ١٧٩٣، سەرەتاکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستییە
کە شیلەر هان دەدەن کە جەماوەر وەک ئامرازێکی سیاسی و نامۆبوون وەک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی سەیر بکات.).
بەکارهێنانی نامۆبوون لەلایەن شیلەرەوە وەک بنەمایەک بۆ ڕەخنەی کۆمەڵایەتی لەتەک دەربڕینەکەی مارکس هاوشێوەیە. بۆ نموونە بیر لەوە بکەرەوە کە شیلەر لە نامەی شەشەمی پەروەردەی جوانکاریدا بەم شێوەیە دەنووسێت:
( مرۆڤ بۆ هەمیشە بەستراوەتەوە بە پارچەیەکی بچووکی تایبەتی کۆ، تەنیا وەک پارچەیەک خۆی دەبینێ؛ لە گوێچکەیدا بەردەوام ژاوەژاوی دەنگی ئەو چەرخەی دەیسوڕێنێتەوە دەزرنگێتەوە، هەرگیز ناتوانێت بە شێوەیەکی هاوسەنگ پەرە بە مێشکی خۆی بدات، و لەبری ئەوەی جەوهەری سروشتی مرۆڤایەتی دەرببڕێت، تەنیا دەبێتە کۆپییەکی کار و زانیارییەکان ).
بەراورد بە دەربڕینەکەی مارکس:( وردەکارییەکانی کاری کرێکاری ئەمڕۆ، کە بەهۆی دووبارەبوونەوەیان تەواوی ژیانی وەک یەکەو، هەمان ئۆپەراسیۆنی بێ بایەخ و پەککەوتووە، و بەمجۆرە کورتکراوەتەوە بۆ تەنها پارچەیەک لە مرۆڤێک لەبری تاکی تەواو گەشەسەندوو، گونجاوە بۆ چەندین کاری جۆراوجۆر، ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر گۆڕانکارییەکی بەرهەمهێنان، و ئەو ئەرکە جیاوازانەی کە ئەنجامی دەدات). / سەرچاوە/ MARX’S THEORY OF ALIENATION: A CRITERION FOR HISTORICAL EVALUATION – Maria E. Hyatt
ماركس له‌ ده‌ستنووسه‌ ئابووری و فه‌لسه‌فییه‌كانی ساڵی ۱۸٤٤دا ده‌ڵێت: ” نامۆیی شتێكی تر نییه‌ جگه‌ له‌ پڕۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و دۆخێكی ده‌روونی، كه‌ به‌ هۆكاری هه‌ستكردنێكی شاره‌وه‌ به‌ كه‌می و دابڕان، دێته‌ ئه‌نجام “.
( لە سایەی کاردا ، سروشت وەک ئەوەی دروستکراوی ئەو و واقیعی خۆی بێت، دەردەکەوێت. بۆیە بابەتی بەرهەمەکە گەیشتن بە ژیانێکی چۆنایەتی مرۆڤایەتییە؛ مرۆڤ تەنیا لە ڕووی دەروونییەوە بیر لە خۆی ناکاتەوە، وەک ئەوەی لەناو هۆشیاریدا هەیە، بەڵکو بە شێوەیەکی کردەیی و لە واقیعیشدا بیر لە خۆی دەکاتەوە؛ مرۆڤ لە جیهانێکدا بیر لە خۆی دەکاتەوە کە خۆی دروستی کردووە.
بەڵام کاری نامۆ چی دەگەێنێت: یەکەم، بەوەی کە دەرەکییە بۆ کرێکار، جیایە لە بوونەکەی و کرێکار لە کارەکەیدا خۆی دووپات ناکاتەوە، بەڵکو زیاتر ئینکاری لێدەکات، و هەست بە ڕازیبوون ناکات، بەڵکو هەست بە بەدبەختی دەکات، کار دەکات نەک ووزەی جەستەیی و دەروونی خۆی بۆ تێرکردنی خۆی خەرج بکات، بەڵکو جەستەی ئەشکەنجە دەدات و مێشکی دەکوژێنێتەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کرێکار هەست ناکات کە زاتی خۆی دۆزیوەتەوە کاتێک کار دەکات، چونکە کارەکانی خۆبەخشانە نەبوون، بەڵکو زۆرەملێ بووە. وە کاری زۆرەملێ، نوێنەرایەتی وەڵامدانەوەیەکە بۆ پێویستییەک، تەنیا ئامرازێکە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی، لێرەوە سروشتی نامۆبوونی کار لەو ڕاستییەدا بە ڕوونی دیارە کە هەر کە ناچاری جەستەیی نەما بۆ کارکردن، مرۆڤ خۆی لەکارەکەی دەرباز دەکات، وەک ئەوەی کار ستەمکارێک بێت.
کاری نامۆیی بریتیە لەو کارەی کە مرۆڤ لەنێویدا لە خودی خۆی نامۆ دەبێت، ئەمەش قوربانیدان و سوکایەتیکردنە بە خود، لە کۆتاییدا، کرێکار هەست بە سروشتی کارەکەی دەکات لە ئەنجامی ئەو ڕاستییەی کە موڵکی خۆی نییە، بەڵکو موڵکی کەسانی دیکەیە.
بەم شێوەیە دەگەینە ئەم ئەنجامە، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ (کرێکار) تەنیا لە ئەرکە ئاژەڵییەکانیدا خۆبەخۆیە: کاتی خواردن و خواردنەوە و زاوزێکردن،، هتد، ئەما لە ئەرکە مرۆییەکانیدا (کە کارکردنە) تەنیا ئەو هەستێکی هەیە بۆ لایەنی ئاژەڵی: ئەوەی ئاژەڵییە دەبێتە مرۆڤی، وە ئەوەی مرۆڤییە دەبێتە ئاژەڵی.) – کارل مارکس/ دەستنووسەکان ١٨٤٤.
* لێرەوە باسی نامۆبوونی ئابووری لای مارکس بەمانای قسەکردن دێت لەسەر نامۆبوونی کرێکاران لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا، چونکە پایەی ماتریاڵی و واقیعی نامۆبوونی مرۆڤەکان لە سیستەمی سەرمایەداریدا لە نامۆبوونە لە پرۆسەی کاردا و نامۆییە لە بەرهەمی کار. بێگومان نامۆبوونی ئایینی ئاسمانی حزوری خۆی هەر دەمێنێ لە کۆمەڵگەدا، بەڵام ئایین دەچێتە خزمەتی سەرمایەدارییەوە؛ واتە سیستەمی سەرمایەداری (خودای پۆڵ و خودای ئاسمان) لە یەکەێکدا بۆ پاراستنی سەرمایە بەکاردەهێنێ.
* (کەواتە ئەم تیۆری نامۆبوونە چییە وەک ئەوەی مارکسی پێگەیشتوو پەرەی پێداوە نەک مارکسی گەنج؟ وە چۆن دەتوانین پەیوەندی بەو شتەوە بکەین کە لەکاپیتاڵدا نووسراوە؟ لێرەدا سەرەتا سەختییەکی تەواو فۆرماڵی هەیە چونکە مارکس لەم پێوەندییەدا سێ زاراوەی جیاواز بەکاردەهێنێت و بە شێوەیەکی گۆڕاو بەکاریان دەهێنێت. یەکێکیان چەمکی نامۆبوونە؛ یەکێکی تر چەمکی دووبارەکردنەوە، وشەیەکی ئاڵۆزە؛ و سێیەمیان چەمکی فیتیشیزمی کاڵایە کە هێشتا ئاڵۆزترە.
ئەم شیکارییە بە پێناسەیەک بۆ نامۆبوونی ئابووری دەست پێ بکەین. دەبێ یەکسەر ئەوە بڵێم کە لە تیۆری گشتگیری مارکسیستی نامۆبووندا، نامۆبوونی ئابووری تەنیا بەشێکە لە دیاردەیەکی زۆر گشتیتر کە بە کردەوە هەموو بوارەکانی چالاکیی مرۆڤایەتی لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا دەگرێتەوە. بەڵام یەکلاکەرەوەترین توخمە. کەواتە با لە نامۆبوونی ئابوورییەوە دەست پێ بکەین. بە قۆناغی یەک لە دوای یەک لێی نزیک دەبینەوە. یەکەم و سەرنجڕاکێشترین تایبەتمەندی نامۆبوونی ئابووری جیابوونەوەی مرۆڤەکانە لە دەستڕاگەیشتن بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و ئامرازەکانی بژێوی ئازاد.)/ سەرچاوە: (Ernest Mandel – The Causes of Alienation – (1970 – (هۆکارەکانی نامۆبوون) – ئێرنست مەندەل/ ١٩٧٠.
* پرسیاری:”مانای نامۆبوون لای مارکس چییە؟”، نوێ نییە. ئەو پرسیارە لە هەموو خولێکی نوێی جەدەل لەسەر مارکس و سەرمایەداریدا قووت بۆتەوەو بۆتە پرسێک. ئەو پرسیارە لەلایەن بڕێک لە مارکسیستەکان لێکدانەوەی خام، و زۆر سادەکراوی پابەند بە هەندێک عەقیدەی “ئۆرتۆدۆکس”ی مارکسی، وەک دڵسۆزیێکی ڕەها بۆ بیروباوەڕی مارکس، وەڵام دراوەتەوە. بێگومان هەرکەسێک وەڵامی وەها دۆگماتیک و لە پراکتیکدا بێسوود بداتەوە، ئەو کەسە مارکسیسم وەک زانستێک سەیر ناکات، یان بڕێکی دی لە مارکسیسەکان تەنهان لە بەرهەمەکانی مارکسی لاو (واتە مارکس لەتافی چەپی هیگڵی) کە تەنها نامۆبوونی ئایینی شرۆڤە کردووەو هێشتا نەچۆتە باسی سەرمایە و پایەکانی ئابووری نامۆبوون، باس لە نامۆبوون دەکەن.
* دەتوانین لە کۆتایی ئەم پۆستانەدا ئەنجامگیریێک بکەین لەسەر مارکس و نامۆبوون: مارکس بە درێژایی تەمەنی، سەرەتا وەک کۆمەڵناسێکی ڕادیکاڵی دیموکرات، و دواتر وەک زاناێکی سۆسیالیست، لە بەرهەمەکانیدا شڕۆڤەی نامۆبوونی کردووە، و دواتر ڕێگای شۆڕشی سۆسیالیستی نیشانداوە بۆ قووتاربوونی ئینسانەکان لە کێشەی نامۆبوون.
ئەو دراسانەی مارکس لەسەر نامۆبوون، لەهەر دوو تافەکەیداو لەهەر سێ ڕەهەندەکەیدا تەواکەری یەکترن، چونکە ساڵ دوای ساڵ مارکس زیاتر قوڵبۆتەوە لە شرۆڤەکانیداو فکری گەشەی کردووە، بۆیە هەڵەیە گەر کەسێ لایەنێکی باسەکانی مارکس وەرگرێ و لایەنەکەی دی فەرامۆش کات، یان ڕەهەندێکی شرۆڤەکەی مارکس بکا بەگژ ڕەهەندەکەی دی.
دابڕانی تافەکان و ڕهەندەکان و مەیدانەکانی مارکس (نامۆبوونی ئایینی، نامۆبوونی سیاسی و نامۆبوونی ئابووری) لە شرۆڤەی بۆ نامۆبوون، شێوازی کاری چەندەها ئەحزاب و گروپ و ڕۆشنبیرەکان بووە، کە لە دواجاردا مامەڵەێکی لەو چەشنە لەتەک بەرهەمەکانی مارکسدا، مارکسێکی تاک ڕەهەند و نوقسانی داوە بەدەستەوە، کە گونجاوە بۆ نیازو بەرژەوەندی چینە غەیرە پرۆلیتارییەکان.
* ئەوەی ساڵانێکە باوە لە نێو چەپەکاندا، بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جۆرێک لە مارکسی چەپی هیگلییە؛ واتە زەقکردنەوەی ڕەهەندی نامۆبوونی ئایینی تافی لاوی مارکسە و فەرامۆشکردنی مەرجی کۆتایی پێهێنانی پێکهاتی ئابووری سەرمایەداری. ئەم جۆرە خوێندنەوەیە بۆ مارکس لە دوا ئەنجامدا بزووتنەوەێکی گچکەی دژی ئایینی، بزووتنەوەێکی سیکولاریستی و لیبڕالسمی لە ژێرناوی سۆسیالیسمەوە لەو کۆمەڵگایانەدا دروستکردووە.
خوێندنەوەێکی تاک ڕەهەندانە و نوقسانی وا بۆ مارکس و سۆسیالیسم لە خزمەتی بزووتنەوەی ئەو توێژ و چینە غیرە کرێکارییانەن کە بۆ خۆشیان لە وەهمدا دەژین، چونکە سەردەمی سەرمایەداری دەڕندەی ئێمە پایەکانی لیبڕالیسمی پوچەڵ کردۆتەوە، بۆیە ئازادی سیاسی و قوتاربوون لە نامۆبوون لەم سەردەمەدا بەندو بەستراوە بە شۆڕشی سۆسیالیستی، نەک بە هیچ شۆڕشێکی دی.
* چەند پەرەگرافێک بە دەستکارییەوە لە نووسراوی (“مارکسیست بوون” مانای چییە؟ ئادەم شاف / What Does It Mean to “Be a Marxist”? Adam Schaff):
( لە ئەمڕۆدا ئەوانەی هێشتا هاوسۆزن بۆ سۆسیالیسم، جارێکی دیکە ئایدیۆلۆژیی خۆیان لەتەک هەمان بیروباوەڕی تافی لاوی مارکسدا جووت دەکەنەوەو خۆشیان بە مارکسی لەقەڵەم دەدەن، چونکە پشتیان بەو دەقانە دەبەستن کە هی مارکسە. بەڵام ئەوەی فکری مارکس بزانێ، دەتوانێ بەئاسانی ئەم گەڕانەوەیە نادروستە لەگەڵ ئامانجەکەدا کە سۆسیالیسمە ناکۆکییەکەی پیشان بدات، چونکە مارکسی لاو ( مارکس کە هێشتا لاوانی چەپی هیگڵی بووە) سۆسیالیست نەبووە .. بەو پێیەی مارکس هەوڵیداوە باسێکی فەلسەفی بۆ دیموکراتییەت و ئەقڵانیەت بکات. لێرەوە تێکەڵکردنی باسی بارودۆخی نالەباری نامۆدێرنێتەی کۆمەڵگەی ئەڵەمانی ساڵی ۱۸٤۰-۱۸٤۳ کە جێگای ڕەخنەی مارکسی لاو بووە، لەگەڵ باسێکی مارکسیستی کۆمەڵگای سەرمایەداری و داینامیکی ئەمڕۆکەدا، بیرکردنەوەێکی گونجاوە بۆ لیبڕالیسمی بۆرژوازی کە لە واقیعی ئەمڕۆدا پایەی نییە، چونکە خودی چینی بۆرژوازی بەرژەوەندی لە دیمەنی پێشکەوتنی بەردەوامی مرۆڤایەتی و ئازادی و ئەقلانیەتدا نییە. فەلسەفەی ڕۆشنگەری بۆرژوازی ( لیبڕالیسم و ئەقڵانیەت ) ساڵانێکە لەتەک واقیعی ژیانی چینی بۆرژوازی و سەرمایەداری ناکۆکی هەیە.
لیبڕالیسم ئازادی تاکەکەسی بەخشیوە بە مرۆڤ بۆ ئەوەی سەرکۆنەی بکات لەسەر کارەکەی لە جیهانێکدا کە لێی بەرپرسیار نییە، هەروەها ئەقڵانیەت خودی مرۆڤ دەکاتە دادوەری خۆی لە بەکارهێنانی ئاقڵانەی ئازادی و هەڵبژاردەکانی لە دۆخێکدا کە مرۆڤی تاک کۆنترۆڵی نییە بەسەر دۆخەکەدا .. لێرەوەیە کە بێزاری و بێ هیوایی دواتر دەبێتە ڕەشبینی.).

لێدوانێک بەجێ بهێلە