مارکس، بەهۆی بیروڕا و چالاکییە شۆڕشگێڕییەکانییەوە ناچار بوو ئەڵمانیا بەجێبهێڵێت. دەچێتە فەرەنسا و لێرەش دوور دەخرێتەوە. دەچێتە بەلجیکا و لێرەش دووردەخرێتەوە، بە ناچاری ڕوودەکاتە لەندەن و تا کۆتایی ژیانێکی هەژار و سەخت بەڵام بەرهەمدار لە لەندەن بەسەر دەبات. توانای ئەوەی نەبوو سەردانی کتێبخانەی مۆزەخانەی بەریتانی بکات بۆ لێکۆڵینەوە، ناچار بوو پاڵتۆکەی ڕەهن بکات بۆئەوەی کاغەز بۆ نووسینەکانی بکرێ.
مارکس لە نامەیەکیدا بۆ ئەنگڵسی هاوڕێی، ئەمەی خوارەوەی سەبارەت بە بارودۆخی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی نووسیوە:
“ژنەکەم نەخۆشە. جێنی کچیشم زۆر نەخۆشە و تایەکی قورسی گرتوە. نەمتوانیوە پزیشکیان بۆ بهێنم. چونکە پارەی دەرمانم پێ نییە. ئەوە ٨-١٠ ڕۆژە نان و پەتاتە دەخۆین، بێگومان نازانم ئەمڕۆ دەتوانم ئامادەی بکەم یان نا.”
دەیان ساڵە بۆرژوازی پارەیەکی زەبەلاح خەرج دەکات و بە شێوەی جۆراوجۆر هەڵمەت دژی گەورەترین دوژمنی چینایەتی خۆی، مارکس دەکات، بۆ ئەوەی تیۆری و بیرۆکە شۆڕشگێڕییەکانی مارکس بێ نرخ بکات و ناوەرۆکی بۆچونەکانی لە شۆڕشگێرێتی دابماڵێ. ئایدیۆلۆگەکانی سەرمایە هەمیشە لە خەباتدان بۆ ئەوەی بیرۆکەکانی مارکس ببەستنەوە بە بلۆکی ڕۆژهەڵاتی پێشوو، کوبا، کۆریای باکوور، کەمبۆدیا و پەرەسەندنی هۆشیاری چینایەتی پرۆلیتاریا ژەهراوی بکەن. ئامێری پڕوپاگەندەی بۆرژوازی هەموو هەنگاوێک دەنێن بۆ لێڵکردنی تیۆرییە شۆڕشگێڕییەکانی مارکس.
مارکس پێش ئەوەی ئابووریناس، کۆمەڵناس و فەیلەسوف بێت، شۆڕشگێڕێک بوو کە بە پێچەوانەی فەیلەسوفەکانەوە بیری لە گۆڕینی جیهان دەکردەوە. وەک بیرمەندێکی کرێکاری، تەواوی تەمەنی خۆی لە هەژاری و سەختیدا بۆ گۆڕینی جیهان بەسەر برد؛ بۆی دەرکەوت خەباتی چینایەتی بزوێنەری مێژووە و ئەوە خەباتە چینایەتییە دەبێتە هۆی هێنانە کایەی حکومەتی کرێکاری بەرەو کۆمەڵگایەکی بێ چینایەتی و کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئەوە مارکس نەبوو بە توانایی خۆی کۆمۆنیزمی بردە ناو چینی کرێکارەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوە چینی کرێکار بوو وەک چینێکی کۆمەڵایەتی مارکسی وەک بیرمەندی خۆی لە نێو تیۆریستە جۆراوجۆرەکاندا بۆ ڕزگاری خۆی هەڵبژارد. بڵاوبوونەوەی مانیفێستی کۆمۆنیست پێش هەموو شتێک ئاماژەی بەوەدا کە چینێکی کۆمەڵایەتی گەیشتووەتە ئاستێکی پێگەیشتنی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی مانیفێستی خۆی لە دژی سەرمایەداری بخاتەڕوو. کۆمۆنیزمی زانستی بوو بە واقیع لە کۆمەڵگادا و مارکس ئاڵاهەڵگر و بیرمەندی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە بووە و بەردەوامیش دەبێت.
مارکسیزم نە ئایینە و نە ئایدۆلۆژیا. مارکسیزم لە ململانێی نێوان کرێکاران و سەرمایەدا مانا دەدۆزێتەوە. تا کۆمەڵگای چینایەتی هەبێت، تا مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە بچەوسێنرێتەوە، تا خەباتی چینایەتی هەبێت، مارکسیزم نەک هەر زیندوو نییە، بەڵکو تاکە تیۆری ڕزگارکردنی کۆیلەی حەقدەستە لە دۆزەخی سەرمایە. تەنیا لە کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستیدایە مارکسیزم سەر بە “ڕابردوو” دەبێت.
توانا محەمەد نوری
٥ی ئایاری ٢٠٢٤