ک.م.م.ک:
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی KMMK، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی گوڵانی ٢٧٢٤ی کوردی، دوو منداڵ بە ناوەکانی پارسا حوسێنی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی گوندی بڵبزان و سەهەند(فامیلی نادیار) تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی گوندی دەرە بەیان، سەر به شاری پاوە، لە کاتی کۆلبەری لە کەرتی سنووری نەوسوو، له لایەن پاسەوانانی سنووری ڕێژیمی ئێران کەوتنە بەر دەستڕێژی گولـلە و بە سەختی بریندار بوون.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، پاسەوانەکان راستەوخۆ و لە مەودایەکی نزیک، بە کڵاشینکۆف و چەکی راوکردن تەقەیان لەم منداڵانە کردووە، کە لە ئەنجامدا، پارسا حوسێنی لە ڕان و هەروەها سەهەندیش له پشت و سمتەوە بە سەختی بریندارکران و گواستراونەتەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکان لە شاری پاوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، برینەکانی ئەو هاووڵاتیانە سەختە و باری جەستەیییان ناجێگیره.
شایانی باسه، کە حکوومەتی دیکتاتۆر و داگیرکەری ئێران، بەردەوام هەموو سەرچاوە و ژێدەرە سروشتی و ئابوورییەکانی کوردستان تاڵان دەکات و بە بیانکی پەڕاندنەوەی کۆڵێکی چەند کیلوویی، ڕۆژانە بە گوللەبارانکردنی چەوساوەترین و لاوازترین توێژی کوردستان، ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە. ئەمە لە کاتێکدایه کە ڕژیمی ئێران، خۆی یەکێکە لە گەورەترین ترانزێتەکانی قاچاخی نێودەوڵەتی.
خ.ع
The post نەوسوو؛ بریندارکردنی دوو مێرمنداڵی ١٦ساڵه لە لایەن هێزه چەکدارەکانی رژیمی ئێران appeared first on كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان.