هاوڕییانی ئازیز، نوێنەرانی کۆنگرە و ئامادەبووانی بەڕێز!
بە ناوی حزبی کۆمۆنیستی کارگەریی ئێران – حیکمەتیستەوە پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی شەشەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانتان لێدەکەم. ئێمە ئاواتەخوازبووین لە کۆنگرەی ئێوەدا ئامادە بین، بەڵام بەداخەوە هەندێک ئاستەنگی کردەییو سنوورداری کات ڕێگەی پێ نەداین.
کۆنگرەی ئێوە لە کاتێکدا دەبەسترێت کە جیهان پڕ بووە لە هەژاریو نادادپەروەریو کۆمەڵکوژیو تیرۆر. ناوەندەکانی قەیران لەسەرانسەری جیهاندا ڕۆژانە زۆرتر، تاوانە بەکۆمەڵەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بەرفراوانتر، ترسنانهوهی میدیا و ئایدیۆلۆژی توندتر دەبنەوە. هەوڵی سەرمایەداری بۆ ملکەچپێکردنی مرۆڤایەتی ڕەهەندی سەرسامهێنەری لەخۆ گرتووە. ناسەقامگیریو قەیران بوونەتە تایبەتمەندیەکانی جیهانی ئەمڕۆو ئەم واقیعە وایکردووە زەرورەتی سەرهەڵدانی ئەڵتەرناتیڤی شۆڕشگێڕانەو کۆمۆنیستی لە هەموو کاتێک دەمودەستتر بێت.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران، عێراق، کوردستانی عێراق کە بۆ ئێمە شوینی هاوبەشی کاریگەریو چالاکیین، بەدۆخێکی قووڵی ناجیگیریو پڕ گۆرانکاریدا تێ دەپەڕن. کێشمەکێشەکان لە نێوان هێزە کۆنەپەرستو تیرۆریستیە حکومەتی و ناحکومەتیەکاندان. بەڵام لایەنێکی تری ململانێکان چینی کارگەر، ژنانو نەوەی نوێو پێشڕەون کە داوای ڕووخانی حکومەتە ئیسلامیو تەوافوقیو فیدراڵیو سەرکوتگەرەکان دەکەن. لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقو کوردستاندا، هێزە ناسیۆنالیستیە عەرەبیەکان، ناسیۆنالیزمی کوردو ئیسلامییە جۆراوجۆرەکان ئەزموونی خۆیان گوزەراندووەو ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشکرا کردووە. جارێکی تریش دەرفەت بۆ بزووتنەوە عەلمانی و مۆدێرنو سۆسیالیستیو کۆمۆنیستەکان فەراهەم بووە. جووڵانەوەی کارگەریی، جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و لاوان لە کوردستانی عێراقو بەغداو تارانو بەیروت ئاسۆیان ئاسۆیەکی کەموزۆر هاوتایە. ناڕەزاییەکی هاوشێوەیان هەیە، دووچاری دیدگای بەرتەسکی نەتەوەیی و ئایینی نینو جیهانیتر بیردەکەنەوە. نزیکترین ڕەوتێک بەم مەیلە کۆمەڵایەتیانە کۆمۆنیزمی کارگەرییە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دەتوانێت لە جوگرافیای کارکردنی خۆیدا ببێتە نوێنەری ناڕەزایی کۆمەڵایەتی ئەم نەوەیە.
لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەدا چاوەڕوانی لە هەر کۆنگرەیەکی کۆمۆنیستی وەڵامدانەوەی پرسیارە میحوەریەکانی کۆمەڵگاو پێداویستییەکانی پراکتیکی شۆڕشگێڕانەیە. چاوەڕوانی ئێمە لە کۆنگرەی شەشەمیش ئەوەیە کە قامک بخاتە سەر پرسیارو بەرە سەرەکئیەکانی نەبەردی چینایەتیو کۆمەڵایەتی لە کوردستانو عێراقو ناوچەکەداو بە دەرەنجامی سیاسیو کرداری پێویست بگات. هەر ڕەوتێک بتوانێت لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی دەخاڵەتگەرانەو شۆڕشگێڕانەو کۆمۆنیستی بگێڕێت، دەرفەتی کۆکردنەوەی ئۆردوی ئازادیخوازیو چەپی کۆمەڵگای لە ژێر ئاڵای کۆمۆنیزمی کارگەریدا دەبێت.
ئومێدەوارین کۆنگرەی شەشەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە پشکی خۆی هەنگاوی جدی بنێت بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارو ئەرکە دەستبەجێیانەی کە ئەمڕۆ بەرۆکی هێزە چەپو کۆمۆنیستەکانی گرتووە. لە دڵەوە هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازین.
بەناوی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران – حیکمەتیست
سیاوەش دانشوەر
١٠ مارسی ٢٠٢٤