«حیرەتی کوردیی»

سیروان عەبدول

بەڵێ لە زۆر حاڵەتدا هەڵە نییە ئەگەر دوژمنی دوژمنەکەت وەک دۆست چاو لێبکەیت، بەڵام بە داخەوە لە حاڵەتی دۆزی کورددا نا.

دەڵێم بە داخەوە، چونکە چی لەو دیمەنە ڕەواتر و دڵخۆشکەرتر دەبوو هێزێکی دەرەکیی لە ناوەندەوە بهاتایە و هەموو سەرۆک و بەرپرسەکانی ناو حیزبە کوردییەکان و هەموو ئەو کەسانەی ناو بنەماڵەی تاڵەبانیی و بارزانیی و ئەو نوخبە سیاسیی و سەربازیی و ئابوریی و قەزائیی و میدیاییەی ناو هەرێمی کوردستانی دەستگیر بکردایە کە زیاتر لە سێ دەیەیە لەسەر حیسابی داڕوخاندنی ژیانی ئێستای خەڵک و داهاتووی نەتەوەیەک، کۆشک و ژیانی خۆش و دەسەڵاتدارێتیی بۆ خۆیان بینا دەکەن، هەموویانیان بە کەلەپچەکراویی ببردایەتە بەردەم دادگایەکی دادپەروەری بەغداد و ئەو سزا توندە یاساییە بدرانایە کە چەندین ساڵە لەڕێگەی گەندەڵیی و خۆدەوڵەمەندکردن و سەرکوتکردنی نەیاری سیاسیی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات و چالاکیی مافیاییەوە، خۆیان شایان کردووە پێی. بەڵام گرفت ئەوەیە کە هەر دەرکەوتنێک و دەسەڵاتنواندنێکی بەغداد لەناو سیاسەتی کوردییدا، تەنانەت ئەگەر ئەو دەرکەوتنە لێدانی ڕاستەوخۆش بێت لە دوژمنانێکی وەک پارتیی و یەکێتیی و گروپ و کارتێلە مافیاییەکانی تری ناو هەرێمی کوردستان، لە درێژەدا، ڕەوایانە، بەرچەکردارێک لەناو خەڵکی کورددا دروست دەکات، کە بە داخەوە، بە قازانجی ئەو حیزبە کوردییە گەندەڵانە دەشکێتەوە و پێێ بەهێزتر دەبن و خەڵکی زیاتریان لێ کۆ دەبێتەوە.

ئەمە، زۆر بە سادەیی، چونکە لەو حاڵەتەدا ڕەهەندێکی تری گرفتی کورد سەرئاو دەکەوێتەوە کە چەندین ساڵە کەم و زۆر لەبەرچاوی ئەو خەڵکە وون بووە: ڕەهەندی شەڕی ناسنامە و وەستانەوە لەبەردەم تەفرەقە و سەرکوتگەرییەکدا کە بە هۆی جیاوازیی ئێتنییەوە رووبەڕووی خەڵکی کورد بۆتەوە. ئاخر کورد لە باشووردا جگە لە حوکمداریی خۆیی خراپ و، جگە لە نەبوونی مووچە و هەر پێداویستییەکی تری ژیانکردن، گرفتی ئەوەی هەیە کە کەمینەیەکی نەتەوایەتیی ناو قەوارەیەکی سیاسیی مەرکەزیی نادیموکراتە کە کوردی بە پرۆسەیەکی ئیغتیراب (alienation)ی قووڵدا بردووە و، دەیان ساڵە کاری کارا و تەواو سەرکەوتووی بۆ ئەوە کردووە کە کورد لەسەر ئەرزی خۆی هەست بە غوربەت بکات. عێراق قەوارەیەکە کە زۆرینەی ناوی، هەموو ئۆتۆنۆمبوونێکی کەمینەی کوردیی پێ کارێکی نەخوازراوە، وە بە «ئەرکی نیشتیماپەروەرانە»ی دەزانێت چەند پێی بکرێت کار بۆ ئەوە بکات ڕێگر بێت لەوەی ئەو کەمینەیە بتوانێت گوزارشت لەوە بکات کە هەستی ناسنامەیەکی زاتیی جیاوازی هەیە و، هەست بە سەنگ ناکات لەناو ئەو قەوارە سیاسییەدا کە ناوی دەوڵەتی عێراقە، وە لەسەر بنەمای ئەو هەستە داوای ماڵجیاییەک بکات.
٭ ٭ ٭
ئەو کەمتەحەمولییەی قەوارەی سیاسیی عێراق و کۆمەڵگای عێراقیی بۆ ناسنامەی زاتیی جیاواز و، بۆ خۆدوورگرتنی خەڵکی کورد لە جێگەیەک کە هەست ناکات کەرامەت (Dignity)ی تیایدا پارێزراوە، بە داخەوە لە مێژوودا زۆر کارەساتی گەورەی بەسەر خەڵکی کورددا هێناوە. وە هەر ئەوە بە ڕۆڵی خۆی بۆتە هۆی دروستبوونی ناسنامەیەکی نەتەوەیی تۆکمە و بەهێز لەناو تاکی کورددا. تاوانە گەورەکانی بەهاری ساڵی (١٩٨٨) و تێپەڕینی هێمنانەی بەناو کۆمەڵگای عێراقییدا هیچ نییە جگە لە گوزارشتی عەمەلیی ئەو کەمتەحەمولییە لە خۆی.

بۆ ئەوەی ئەو کەمتەحەمولییە گەورەیەی ناو ئەو کۆمەڵگایە و پلەی خەتەرناییەکەی بۆ سەر مافی مرۆڤی خەڵکی کورد تەنانەت لە سەردەمی نوێشدا ببینیت، سەیری ئەو پەرچەکردارە گەورە و دوژمنکارانەیە بکە کە لەناو خەڵکی ئەو وڵاتە و وڵاتانی دەوروبەردا دروست بوو کاتێک خەڵکی کوردی ناوچەی هەرێمی کوردستان چەند ساڵێک پێش ئێستا ویستیان بیپێون بزانن لە سەدا چەندیان ئارەزووی ماڵجیاکردنەوە دەکەن لە عێراق.

ئەوەی کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو تەوقیتەدا کارێکی تەواو نەشارەزایانە و کەلەڕەقانە و کوشندە بوو بۆ کورد، وە ئەوەی کە بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەو کەتنە و ئەو نەهامەتییانەی بەدوای خۆیدا هێنای دەکەوێتە ئەستۆی بارزانیی، ئەوە دیبەیتێکی ترە و، ئەو ڕووەی دۆزەکە ناتوانێت هیچێک لە ناڕەوایی مامەڵەی ئەو وڵاتانە کەم بکاتەوە کە بەناوی وجودی دەوڵەتەوە، دوور بەدوور خۆیان بە خاوەنی شەرعییتری ئەو خاکە دەزانن کە خەڵکی کورد سەدان ساڵە لەسەری دەژین.
٭ ٭ ٭
گرفتی کورد ئەوەیە کە هاوزەمان لەناو گەرمەی دوو شەڕدایە: شەڕێک بۆ دیموکراتیزەکردنی حوکمی خۆیی و وەستاندنی پرۆسەی دروستبوونی ڕژێمێکی کوردستانیی ئۆتۆریتاریی و سەرتاپا گەندەڵ، وە شەڕێک بۆ خۆدوورگرتن لە سەرچاوەی ئەو تراوما قورسانەی کەوتۆتە ڕۆحی و، وەستاندنی ئەو هەوڵە بەردەوامەی کە ئەو دێوەزمەیەی جاران دەیدات بۆ گەڕاندنەوەی خەڵکی کورد بۆ ژێر چەپۆکی خۆی.

پۆینتەکە ئەوەیە کە مەهامەکە قورس و ئاڵۆزە. لەم دوو شەڕەدا ناتوانیت هیچ دوژمنێکیان بە هۆی دوژمنایەتییەوە لەگەڵ ئەویتردا، وەک دۆست بگریت. هەر هەوڵێک بۆ پانکردنەوەی سەری یەکێکیان بە دەستی ئەویتر، بەشداریی ڕاستەوخۆیە لە سەرخستنی ئەویاندا بەسەر خۆتدا. لەلایەکەوە نەوینەکردنی سەری بەرزت لەپێناو مووچەدا، ئەو ڕووقایمیی و سەفاقەتەی لێدەکەوێتەوە کە ئەمڕۆژانە بەرپرسێکی پدک نواندی، کە دوای ئەوەی خۆی و حیزبەکەی بەشی گەورەی موڵکی گشتییان بردە ماڵەوە و کردیان بە موڵکی شەخسیی خۆیان و موڵکی حیزب، داوای لە خەڵک دەکرد لەپێناو نەتەوەدا بەرگەی ئەو برسێتیی و بێپارەییە بگرن کە ئەوان هۆکارین. لەبەرامبەردا، هەر هێزێک لە بەغداوە لەگەڵت بکەوێت بۆ ڕاگرتنی هێرشی ئەو چەتە کوردانە بۆ سەرت، بەو تەماحەوە لەگەڵت دەکەوێت کە هەر ئەرزێکی لەژێر چنگی ئەو چەتانە دەرهێنا، ئیتر بە ڕەسمیی ئەرزی ئەو بێت بە هەموو سەرچاوە سروشتییەکانییەوە و، تۆ بە مەرجی گوێڕایەڵیی بۆ ئەو و ڕازییبوون بە کۆڵۆنیزەکردنی ناوچەکەت، مافت هەبێت سەرکزانە و بەئاشتیی لەسەری بژیت. گرفتێک لێرەدا هەبێت ئەو موفارەقە سەیرەیە کە ئەم چاوتێبڕین و تەماحکردنە خاکەت لەلایەن بەغدادەوە، لە درێژەدا دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕاستەوخۆی کۆبوونەوەی خەڵکی کورد لە دەوری حیزبە کوردییە گەندەڵەکان و سەیرکردنیان وەک ڕزگارکەر.

ئەم بێچارەیی و گیرخواردنەیە لەنێوان دوو جۆر لە دوژمندا کە من بە «حیرەتی کوردیی» ناوی دەبەم. ئەو ئەرزەی لە داگیرکراویی ڕزگارت کردووە و سەروەرییت پەیدا کردووە بەسەریدا و هەست بە شانازیی و ناسنامەیەکی جێگیر دەکەیت تیایدا، دەبێتە مەیدانێک بۆ ژێردەستەکردن و حەقارەتپێکردنت لەلایەن حوکمڕانیی ناوخۆی «شۆڕشگێڕ»انی دوێنێوە. هەر داواکردنێکی یارمەتییش لە دەرەوە تا شتێک لەو حوکمڕانییە خراپەی ناو هەرێمەکەت بگۆڕیت، وەک دەرفەتێک دەقۆزرێتەوە بۆ دزەکردنە ناو ئەو سەروەریی و ماڵجیاییەوە کە ناسنامەی جێگیر و دڵخۆشیی لات دروست کردووە و لە ژێردەستەیی و حەقارەتی خودی ئەوان پاراستویتی.
٭ ٭ ٭
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە حاڵەتێکی وادا ئەوەیە کە هەردوو تەرەف لەڕێگەی گواستنەوەی فۆکەست بۆ سەر ئەوەی کە ئەوان دوژمنی دوژمنەکەتن، هەوڵ دەدەن وەک دۆست چاویان لێ بکەیت. سەیری، پارتی دیموکراتی کوردستان بەناوی قبوڵنەکردنی دەخالەت لە سەروەریی تۆی کورد بەسەر خاکی خۆتدا، هەوڵ دەدات لەگەڵی بکەویت و بودجەی تەواو و مافی فرۆشتنی نەوت لەلایەن حیزبەوە و کورسیی کۆتاکانی لە بەغداوە لەگەڵ بهێنیتەوە بۆ ناو خەزێنەی حیزب. لەبەرامبەردا بەغداد هەوڵ دەدات بەناوی نیگەرانیی بۆ بێمووچەکەوتنی تۆ و منداڵەکانت لەسەر دەستی دوژمنەکەت، بچیت خودموختاریی خۆتی تەسلیم بکەیت و ئەویش لەبەرامبەردا مووچەکەت لە ڕۆژ و سەعاتی خۆیدا پێ بدات.

ئەم بێچارەیی و حیرەیەی خەڵکی کورد لەوێدا مانیفێست دەبێت کە ئەگەر ڕاپرسییەک لەناو خەڵکی کوردی دانیشتووی هەرێمدا بکەیت سەبارەت بەوەی ئایا مووچەدان لە دەستی حکومەتی ناوەندییدا بێت یان لە دەستی حیزبە کوردییەکاندا، بە ئیحتیمالی زۆر زۆرینە حکومەتی ناوەندیی هەڵدەبژێرن. بەڵام ئەگەر ڕاپرسییەکە سەبارەت بەوە بێت کە ئایا دەزگاکانی دەوڵەتی ناوەند بێنەوە ناو شارە کوردییەکان و، پارێزگار بەچەشنی پارێزگاری ئێستای کەرکوک، سەڵاحییەتی هەبێت بڕیار بدات ئاڵای کوردستان لەسەر بینای پارێزگا دابگیرێت یان چەژنکردنی نەورۆز تەنها چەند سەعاتێکی کەم بخایەنێت، بە ئیحتیمالی زۆر هەر هەمان ئەو خەڵکە، سەرووی نەوەد لە سەدیان بە نەخێر وەڵام دەدەنەوە و ئیدارەی «حکومیی» حیزبە کوردییەکان هەڵدەبژێرن.
٭ ٭ ٭
بێ هۆکار نییە کە لە هەرێمی کوردستاندا بنەماڵەی یەکێتیی و بنەماڵەی پارتیی و پیاوانی بەردەستیان ئەو هەژموونە گەورەیەیان هەیە بەسەر ناوەندی سیاسییدا، وە سەرەڕای ئەوەی کە سێ دەیەیە جۆری خراپەکاریی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات نەماوە بە درشتترین شێوە مومارەسەیان نەکردبێت، کەچی ئێستاش لە هەڵبژاردن و دەنگداندا بەشی شێریان بەردەکەوێت و خەڵک بە لێشاو دەنگیان پێدەدات.

ئەوەی لە ئەزموونی هەرێمی کوردستاندا ڕوویدا، لە حاڵەتی هەموو ئەو گروپە خەڵک و نەتەوانەدا ڕوو دەدات کە خەڵکێکی داگیرکراو و سەرکوتکراون و شەڕی خودموختاریی دەکەن. زۆرینەی جار ئەو خەباتە بە دروستبوونی حوکمێکی سەرکوتگەری ناوەکیی تەواو دەبێت. نزیک بە سەرجەم وڵاتە کۆلۆنیالیزەکراوەکان لەو بازنەی شەڕەدا گیریان خوارد کە دوای ڕزگاربوون لە داگیرکاریی، حوکمێکی سەرکوتگەریی خۆیی لەسەر دەستی «شۆڕشگێر»ەکانی دوێنێ تیایاندا دروست بوو. بە ئیحتیمالی زۆر لە داهاتوودا هەمان شت لە حاڵەتی سێ پارچەکەی تری کوردستانیشدا دووبارە دەبێتەوە، ئەگەر خەباتیان بۆ دەرکردنی کەمینەی کوردیی لەژێر هەڵاواردن و سەرکوت، بە خودموختاریی یان دەوڵەتی سەربەخۆ تەواو بێت.

ئەوەی لەم حاڵەتانەدا ڕوودەدات ئەوەیە کە خەڵکانی سەرکوتکراو هەمیشە لە قۆناغی ڕزگاریی نەتەوەیی و دوای ئەو قۆناغەشدا وزەیەکی زۆریان لە فۆرمی تووڕەییدا تیایە کە ئامادەن لەپێناو داکۆکیی لە کەرامەتی برینداری خۆیاندا خەرجی بکەن. لە درێژەی ئەمەدا نوخبەی ناوەکیی ناو ئەو گروپە-خەڵکە خۆی، ئەو ووزەیە لەگەڵ خۆیدا دەباتە بازاڕی سیاسەت و لەپێناو خۆدەوڵەمەندکردن و زیادکردنی هێز و دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا، ساتوسەودای پێوە دەکات و دەیفرۆشێتە ئەو هێزە یان ئەو دەوڵەتەیان کە زۆرترین قیمەت دەدات بۆ کڕینی، نەک بەزەرورەت بەو دەوڵەتەیان کە زیاترین قازانجی تیایە بۆ خەڵکەکە. بۆ نموونە، زۆرێک لە فاکتە مێژووییەکان پیشانی دەدەن کە لە زۆر سیاق و سەردەمدا لە قازانجی کوردی باشوور بووە ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی دانوستانی بەرچاوخستنی داواکارییەکانی کورد لەگەڵ حکومەتی بەغداددا ئەنجام بدات نەک ببێتە هاوپەیمانی وڵاتانی تر، بەڵام ئەولەوییەتدان بە قازانجی نوخبەی حیزبیی ناو ئەو ئۆپۆزیسیۆنە و ڕەچاوکردنی ئەو بەندوبەستانەی ئەوان لەپێناو خۆیاندا لەگەڵ وڵاتانی تردا پێوەی چووبوون، نەهامەتیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا بۆ خەڵکەکە. پشتگوێخستن و شاردنەوەی هەڕەشەی حکومەتی بەعس بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی و، سکانداڵی خۆزگەخواستنی جەلال تاڵەبانیی بەوەی کە کورد «چەند هەڵەبجەیەکی تر»ی بەسەردا بهاتایە، زۆر ڕۆشن ئەم دابڕانە پیشان دەدات کە لەنێوان قازانجی خەڵکە ژێرکەوتووەکە و قازانجی ئەو نوخبەیەی ناو ئەو خەڵکەدا دروست دەبێت کە لە هەوڵی خۆبەهێزکردندایە. ئەو نموونە پیشانی دەدات چۆن حیزب وەک کەرەستە سەیری خەڵکێک دەکات کە لەپێناو دۆزێکی گرنگی وەک ناسنامە و شانازیی بە ئینتیمایەکی ئێتینییدا دەچێتە پشتیان.

کۆنە پێشمەرگەیەکی پدک لە پۆستێکی فەیسبوکدا باسی ڕابردووی خۆی کردبوو و نووسیبووی چەند ساڵ لە ڕیزەکانی پدک-دا بەشدار بووم لە شەڕ و پێکدادانی زۆر سەختدا دژ بە پەکەکە. پاش چەند ساڵ، دوای ئەوەی سەفەرم کرد بۆ ئەوروپا، شۆک بووم چونکە ئەو کاتە زانیم کە پەکەکەش کوردن. ئەمە پیشانی دەدات حیزب ئامادەیە تا چی ئاستێک لە سینیزم بچێت لە مامەڵەی کەرەستەیی لەگەڵ خەڵکێکدا کە دەرفەتی نییە ببینێت ئەوان چی ناپاکێکن.

لە سەروەختی سەرهەڵدانی داعشدا، زۆرجار بەبێ ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان، پدک و ینک ژمارەی گەورە لە پێشمەرگەی هەژار و دڵسۆز و «برینداری کوردبوون»یان، بەبێ هیچ شارەزاییەکی سەربازیی و هیچ سیستەمێک و ستراتیجییەتێک دەئاخنیە ڕێزەکانی پێشەوەی جەنگ لە موسڵ و خوارووی کەرکوکدا و، زۆر ئاسان بە کوشتیان دەدان، تەنها لەپێناو ئەوەی بە ئەمریکا و ئێران و وڵاتانی تر بڵێن ئەو زەخیرە بەشەرییەی ئێوە هەتانە بەڵام دڵتان نایەت، یان سەڵاحیەتتان نییە هی خۆتان وا هەرزان خەرج بکەن و بەکوشتیان بدەن، لای حیزبی ئێمە بە هەرزان دەست دەکەوێت و وەرن مامەڵە بکەین و لێمان بکڕن.

لەم سیاقەدا، لێکدانەوەیەکی تەواو هەڵە دەبێت و نەشارەزاییەکی قووڵ دەبێت لە دینامیکی سیاسەتی کوردییدا ئەگەر دەنگدانی بەلێشاوی خەڵک بە پارتیی و یەکێتیی لە کاتی هەڵبژاردندا، یان خۆبەکوشتدانی ئاسان و هەرزانی ئەو پێشمەرگە هەژارانە لەناو ڕێزەکانی چەکدارانی حیزبدا، وەک ئاکامی نەبوونی عەقڵی ڕەخنەیی و نەبوونی هۆشیاریی لای ئەو خەڵک و پێشمەرگانە چاو لێ بکەیت و، وەک بەرپرس لە خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتداریی لەلایەن بنەماڵەی یەکێتیی و بنەماڵەی پارتیی و پیاوانی بەردەستی ئەو دوو بنەماڵەیە سەیریان بکەیت.
لە حاڵەتی هەموو میللەتێک و گروپەخەڵکێکی ژێرکەوتەدا هەمیشە وایە کە سیاسەتکارانی ناو ئەو خەڵکە، لەڕێگەی گرتنەدەستەوەی ئەو تووڕەییە زۆر و ڕەوایەی ناو خەڵکەکە و بردنی بۆ بازاڕی ساتوسەودای سیاسیی، تۆڕێک لە پەیوەندیی سیاسیی و دۆستایەتیی بۆ خۆیان لەو ناوەندە سیاسییەدا بەدەست دەهێنن و، بەم جۆرە هەموو کەناڵێکی پەیوەندیی دەرەکیی لە خەڵکەکەی خۆیان دەدزن بۆ خۆیان. لە درێژەی ئەمەدا، هەرچی داهاتێک لەڕێگەی ئەو پایەی هێزەوە، یان لەڕێگەی چنگگیربوونیان لە سەرچاوە و موڵکی گشتییەی ناو قەوارەی ئۆتۆنۆمیی دەستیان دەکەوێت، لە پرۆژەی زیاتر جێپێگرتنی دەسەڵاتدارێتیی خۆیان و حیزبەکانیاندا خەرج دەکەن. لە ئاکامدا، دۆخێک دروست دەبێت کە خەڵکێک کە هێشتا ژێرکەوتەن، پێویستیان بەوەیە نوێنەرایەتییەکیان هەبێت کە بەرژەوەندییەکانیان لەناو سیاسەتی حکومەتی مەرکەزیی و سیاسەتی نێودەوڵەتییدا ئامادە بکات. لێرەدایە ئەو خەڵکە بەناچاریی مامەڵەیەکی پراگماتییانە لەگەڵ ئەو ئەمری واقیعەدا دەکەن و، قبوڵی دەکەن چەند نوخبەیەکی گەندەڵ، بەڵام خاوەن موڵک و خاوەن تۆڕی پەیوەندیی، نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانیان بکەن.

ئەمە ڕەچاوکردنێکی ڕیاڵ پۆلەتیکە لەلایەن خەڵکێکەوە کە گرفتێکی گەورە و لەدواخستن-نەهاتووی هەیە و کار بۆ چارەسەرکردنی دەکات. گرفتی سەدەیەک لە ژێرپێکەوتن بەهۆی ئینتیمای ئێتنییەوە.
٭ ٭ ٭
دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش کە چەند ساڵێکە لەم سیاقەدا وەک پەرچەکردارێک بۆ حوکمداریی خراپی پدک و ینک، لەناو دیبەیتی ناو فەزای گشتیی کورییدا سەریهەڵداوە ئەوەیە کە لەلایەن کوردانێک خۆیانەوە ئینکاری ئەوە دەکرێت کە کورد دۆزێکی وەهای هەبێت کە پێویست بکات لەپێناویدا لە لە حوکمداریی ناوەندیی یاخیی بێت، وە هەموو خەباتێکی خەڵکی کورد بۆ دانپیانان و پارێزراویی کولتوریی و ئۆتۆنۆمیی سیاسیی و سەربەخۆیی ناو دەنێن «ناشیونالیزم» و، بە بازدانێک بەسەر هەموو جیاوازییەک و هەموو وردەکارییەکی عەقڵییدا کە پێویست دەکات بکرێت لەنێوان دۆزی کورد و ئەو فۆرمە لە ناشیونالیزم لە ئەوروپا کە مونافەسەی ئیمپریالیی و کۆلۆنیالیزم لە سەدەی ڕابردوودا بەرهەمی هێنا و، هەوڵی کورد چارەسەری بۆ ئەو تراومایانەی کەوتوونەتە ڕۆحی، دەشوبهێنن بە فاشیزم و نازیزم.

ئەوە ڕۆشنە کە ئەم جۆرە قسەکردنە لە دۆزی کورد ئەوەندە قسەکردنێکی ناجیددی و ڕووکەشانە و داماڵڕاو لە عەقڵە کە تەنها پێویست دەکات پشتگوێ بخرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕووەی دۆزەکە دەبێت جێگەی سەرنج بێت بۆ ئێمە کە چۆنە کوردێک بەو هەموو برینەوە کە بە هۆی کوردبوونەوە کەوتونەتە ڕۆحی و، تراومای سەد ساڵ کوردبوون لە عێراقدا لەحزە نییە لە هەنگاوەکانی گیر نەبن و مومارەسەی ئاسایی ژیانی لێ قورس نەکەن، چۆنە دەتوانێت ئیدیعا بکات کە ئەو برینانە هیچ موساهەمەیەکیان نییە لە ڕەسمکردنی ناسنامەی شەخسیی ئەودا و ناسنامەیەکی کوردییانەی بەهێزی نەداوەتێ. ئەم پرسیارە گرنگە، لەبەر ئەوە نا کە گوایە مومکینە دیاردەیەکی وا لە ئارادا بێت کوردێک مێژووی سەرکوتکراویی کورد ڕەسمی دەروون و ئایدێنتیتیی نەکردبێت و شانازیی بە کوردبوونەوەی وەک ستراتیجییەتێکی بەرگریی لە قیمەتی خۆی لەبەرچاوی خۆی نەگرتبێتە بەر، بەڵکو ڕێک لەبەر ئەوەی شتی وا وجودی نییە و ئەوە تەنها ئیدیعایەکی ناڕاستە.

ئینسان دەتوانێت پەرچەکردار لەبەرامبەر حوکمداریی خراپی بنەماڵەی یەکێتیی و بنەماڵەی پارتیی و پیاوانی بەردەستیان وەک باعیسێکی ئەم دیاردەیە لێک بداتەوە. دەشکرێت لە حاڵەتی هەندێک لەو کەسانەدا مامەڵەی ئایدیاڵیستییانەی کەسانی چەپڕەو لەگەڵ ڕوانگەی ئینتەرناشیوناڵییدا بۆ گرفتەکان و ڕەخنە لە ئەزموون و میراتی ناشیونالیزمی سەدەی ڕابردوو لە ئەوروپا، هۆکارەکە بێت. وەک سێیەم هۆکاری موحتەمەل، زۆر مومکینە ئەو «ئینتەرنالیزەکردنی ڕاسیزم» و ئەو خۆبەکەمزانین و خۆ-بەموستەحەقزانییەی کە فڕانز فانۆن دەڵێت داگیرکراویی و سەرکوتکراویی لای ئینسانی سەرکوتکراو دروستی دەکات، هۆکاری سەرەکیی ئەو سەنگەرگرتنەی کوردانێک بێت لە خەباتی کوردان بۆ ڕاستکردنەوەی خوارییەک کە بە قیمەتی زۆر لەسەر ئەو خۆی و هەموو گروپە خەڵکەکە کەوتووە.

من پێموایە لە حاڵەتی زۆربەی ئەو کەسانەدا، یەک یان دوو یان هەرسێ ئەو فاکتەرەی سەرەوە بەیەکەوە هۆکاری ئەو جۆرە قسەکردنەیانە. بەڵام لەبەرامبەردا، هۆکارێکی موحتەمەلی چوارەم کە پێویستە بەجیدیی بگیردرێت ئەوەیە کە بۆی هەیە هەندێک لەپێناو دروستکردنی تۆڕی پەیوەندیی بۆ خۆی لە بەغداد و وڵاتانی دراوسێ و خۆشیرینکردن و زیادکردنی بەختی دەستکەوتی زۆر بۆ خۆی، ئەو جۆرە قسانە لەسەر دۆزی کورد بگرێتە دەستەوە و لەناو ئەو فەوزای یاریی دەسەڵاتخوازییەی لە بەغداد دەگوزەرێت، جێپێیەک بۆ خۆی بکاتەوە. ڕۆشنە کە، بۆ نمونە، بەختی پاڵپشتییکردنی کوردێک کە پێیوایە کورد هیچ بیانوویەکی نییە بۆ خواستی ماڵجیایی و ئیدارەی زاتیی، لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە بۆ بوون بە پەرلەمانتار لە بەغداد، زۆر زیاترە لە بەختی کوردێک کە ڕەوایانە قەوارەی عێراق وەک سەرچاوەی کولانەوەی تراوماکانی دەزانێت و خواستی دەرهێنانی ناوچەی ژیانی خۆی هەیە لەو قەوارەیە.

پێویستە لێرەدا بڵێم کە من یەک دوو لەوانەی لە بەغداد لە هەوڵی سنووردانانن بۆ سنووربەزێنیی سی ساڵەی پدک و ینک، بە شەخسیی و لە نزیکەوە دەناسم و هیچ گومانێکم لە پلەی گەورەی دڵسۆزیی و پاکییان نییە. بەڵام لە پاڵ خەتەری ئەوەی کە کوردێک سەر لە ئاڵۆزییە زۆرەکانی حیرەتی کوردیی دەرنەکات و ببێتە بێئاگایەکی بەسوود بۆ هێزی دژەکورد و هێزی بەئەندازەی پدک و ینک نادیموکرات و گەندەڵ، دەبێت ناییڤ نەبین و ئیحتیمالی ئیغڕابوون بە ئۆفەری ماددی لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە کە ڕێگەگرتن لە سەرپێکەوتنی خەڵکی کورد گەورەترین خەمی سیاسییانە، وەک پاڵنەر بۆ ڕەخنەکردنی «کوردایەتیی» بە دوور نەگرین.

پۆینتەکە ئەوەیە کە ئەگەر نەتوانیت ئەو کەمۆکە ئاڵۆز بیر بکەیتەوە کە جۆری دەسەڵاتدارێتیی پدک و ینک لە ڕەوایی دۆزی کورد جیا بکەیتەوە و، نەتوانیت ئەو حیزبە کوردییانەش وەک دوژمنی خەڵکی کورد سەیر بکەیت و پێتوابێت ئەوان نوێنەری «کوردایەتیی»ن، ئەوا هیچ ناکەیت جگە لەوەی دۆزێکی وا ڕەوا وەک دۆزی کورد لەبەردەستی ئەو دوو بنەماڵەیەدا بەجێ دە‌هێڵیت، لێدەگەڕێیت بیدزن و لەڕێگەیەوە شەرعییەتێک بۆ خۆیان لەناو خەڵکی کورددا پەیدا بکەن کە قەت و بە هیچ شێوەیەک شایانی نین.

سەیری پدک، کە بەرپرسی سەرەکیی بنکۆڵکردنی شانسی ئیدارەی خۆیی کوردە لەم سێ دەیەی ڕابردوودا، چۆن لەسەر حیسابی ئەو پەرچەکرداری «عێراقچێتیی»یە، خەریکی سازدانی پرۆفایلێکە بۆ خۆی وەک دڵسۆز بۆ دۆزی کورد، وە زۆریك لە خەڵک باوەڕیان پێ کردووە و، زۆرێک لە ڕۆشنبیرانیش، بە هۆکاری بیرکردنەوەی ڕووکەشانەوە بێت یان پاکانەکردنی تەماحی شەخسیی، خەریکی ڕەسمییەتدانن بەو پرۆفایلە.

ئەمڕۆژانە نووسەرێک، کە ساڵانێکی زۆرە بە مووچەی حیزبێک دەژی کە لە مێژوویدا ساتوسەودای (٣١)ی ئابی بە دۆزی کوردەوە کردووە، لە وتارێکدا هەوڵی خەڵکێک بۆ وەرگرتنی مووچەیەک لە بەغداد کە بە پلەی یەک بە هۆی خیانەتی حیزبەکەی ئەو لە دۆزی ڕەوای کوردەوە بڕدراوە، بە «خاکفرۆشیی» و «خیانەت» وەسف دەکات.

ئەم عەبەسییەتە، ئەو ڕوانگە سادە و نائاڵۆز و پەرچەکردارییە مومکینی دەکات کە، لە حاڵەتی هەندێکیاندا، ڕەوایانە، بە «عێراقچێتیی» ناو دەبرێت. قسەی «عێراقچییەکان» و «پارتیچییەکان» بەهەمان ئەندازە لێکدانەوەی ڕووکەش و بێکەڵکن.

تێبینییم کردووە زۆرجار ئەوانەی ڕەخنەی سەرقاڵبوون بە دۆزی کوردەوە دەکەن، بە «حەماقەتی کوردایەتیی» ناوی دەبەن. هیوادارم زۆر درێژ نەخایەنێت ئەو کەسانە ئەو ڕاستییە ببینن کە ئەگەر قسەیەکی ئەحمەقانە هەبێت لە دۆزی کورددا بکرێت، ئەوە ئەو قسەکردنە نا-نیوئانسد و ڕووکەشانانەیە کە ئەوان دەیکەن لەسەر ئەو دۆزە.

دۆزی کوردیی حیرەتێکی ئاڵۆزە و پێویستی بە دیبەیتی هێمن و بەسەنگ و قسەی شارەزایانەیە. هیچ بەشدارییەکی پۆزەتیڤ ناکات لەم ڕاستایەدا ئەو هەموو زبڵەی کە عێراقچییەکان، شانبەشانی پرۆپاگەندەی حیزبیی حیزبە کوردییەکان، ڕۆژانە هەڵیدرێژنە ناو ئەو دیبەیتەوە. یەکێک لە ئاکامە خراپەکانی ئەوەیە کە زۆرێک لەوانەی مومکینە بتوانن بەشدارییەکی تۆزێک بەقیمەتتر لەو دروشمە خاڵییانە بکەن، خۆگیریی دەکەن و بەشدار نابن.

بە هیوای ئەوەی کەسانی ناو ئەو گوتاری عێراقچێتییە بەم زووە خوڵقیان لەو شۆڕشگێڕییە بێکەڵکە و لەو زبڵڕێژکردنەی ئەرزی دیبەتەکە بچێت، تا ئینسان ئیتر لە خۆی بگرێت لە پشکنینی ئاڵۆزییەکانی ئەو دۆزەدا بەشدار بێت.

لێدوانێک بەجێ بهێلە