پەڕاوپەڕ زرێبار
شەپۆله شەپۆله شەپۆله
له چوونا
له هەڵچوون و داچوونی بێ هان و هوونا
له چەرخەی هەبوونا و له ڕەوتی نەمان و نەبوونا
نەمانێک به کەوتن له کۆشی کەفاوی کەنارا
له چوونا پەشۆکاوه
مل پێوەناوه
شەپۆل
پشووی لێ بڕاوه
وەکوو ئەسپی تووڕه، چەپۆکان ئەکا
بێئاگایه بۆ کوێ دەچێ
هەر دەچێ و داژوێ
تا قەراغی لەناوچوون،
قەراغێ که مۆڵگەی نەمانه،
که دوامەنزڵی هەر شەپۆلێکه
ورد و درشتی
کەچی چاوی لێکەی بەگشتی
ئەبینی
له شوێن هەر شەپۆلێ
هەزاران شەپۆلی پشووتازه دێن و بەڕێوەن
کە وەک ئەسپی تووڕه، چەپۆکان ئەکەن
***
تەماشا که، بڕوانه. فەوجی شەپۆله
که دێن و لەدوایەک لەدوایەک
قەراغی زرێبار ئەپێکن
دەموچاو له ئاوی چەو و خیز و ئامێزی ماسەی قەراغا ئەشۆن و
سەریشیان له داوێنی بێڕەحم و بێئاوەزی تاشەبەردان ئەنێن و
لەوێ دائەمێنن
له چوون و له بوون ڕائەمێنن
له بستێنی مەنزڵگەیان ڕائەوەستن،
لەوێ دائەشۆڕن،
ئەگۆڕن
به شۆڕاوی خاوی کەفاوی
له بستێنی مەنزڵگه کۆتایی پێ دێ هەبوونی شەپۆلی
بەڵام دەسبەجێ
هەر لەوێ
هەر له شوێن ئەو شەپۆله
به لەشکر شەپۆلی پشووتازه دێن و بەڕێوەن
کە وەک ئەسپی تووڕه، چەپۆکان ئەکەن
***
له جەنگەی تەوژم و هوروژما
له بەرزبوونەوه و دانەوینا
شەپۆلن که هەر دێن و دێن
دێن و دەشکێن بەسەر یەکترینا
وەکوو پۆله باڵندەکان، دەم لەسەر پشت
سەر و باڵی خۆیان به ئاسمانی ئاوا ئەکێشن
چما هەر به یەکتر ئەڵێن:
You Can’t Go Home Again
بەڵام له شوێن پۆله باڵندەکان
چەنان پۆلی تازه بەڕێوەن
کە وەک ئەسپی تووڕه، چەپۆکان ئەکەن
***
زرێبار شەوان هێدیه
چ خۆشه مەلەی ناو زرێباری بن خێوەتی مانگەشەو
چ سوکنایی بەخشه، چ ساڕێژکەری زامەکانه
شەوانه تەواو هێدیه
به ڕۆژا زرێ-لەرزە ئەگرێ،
چلۆن بوومەلەرزە هەژینی زەوینه
به ڕۆژا زرێ-لەرزه ڕەسمی تەکان و هەژینی زرێباره
شەوان ئەم زرێباره چەن هێوره،
ئەرخەیانه
له بن خێوەتی مانگەشەو،
دادەهێزێ بەجارێ
شەوانه شەپۆلانی نەسرەوتەنی،
تا درەنگ ناخەون
هەزاران چپه و مۆرەمۆر و هەوای ئاشقانه
له گوێی هاوشەپۆلانی خۆیان ئەخوێنن
لەسەرخۆ، به چرپه، به هێواشێ. بێدەنگ
گەلێ چرپەئاوازی خۆشخۆش
به گوێی یەکترینا ئەچرپێنن و
خەو ئەیانباتەوه
خەوی بێخەمی، بێئومێدی، ئەرامەننەیی
زرێباری خوێنگەرمی دایکی شەپۆلان
به گۆرانی شیرینی نەرم و حەزینی
له بێشکەی تەژی مێهرەبانی
ڕایان ئەژێنێ
که مانوویەتی گشت چەپۆکانی ڕۆژیان
له تەن داتەکێنێ
***
بەڵام ئەی به ڕۆژا؟
به ڕۆژا هەدادان له ئاوا محاڵه
پشوودان له ناوا نیه،
بێوچان هەر شەپۆله ئەجووڵێ،
دەگاته قەراغ و له بن تاشەبەردێکی بستێن
له جووڵان ئەوەستێ
ئەنیشێتەوه
شەپۆل ئەسپی تووڕەن چەپۆکان ئەکەن
له جووڵەی نشێو و تەوژما
له هان و هوروژما
لە هەڵچوون و داچوونی بوون و نەبوونا،
***
زرێبار بەیانانه شینه
هەمان ڕەنگی شینی گەشی ئاسمانی سەرووی خۆی
لەگەل نیوەڕۆدا ئەچێته کەشی خۆڵەمێشی
چما خاک و خۆڵی بیابان له سیمای ئەنیشێ
که ئێواره دادێ،
شەبەق تیشکی سووراو ئەهاوێته گیانی
ئەڵێی تاو و تینی ژیانه
ئەهاژێته گیانی
ئەزێته هەناوی،
ئەڵێی هاز و هاڵاوی گەرمای نەوەی ئاگرەسووره
به گیانیا گەڕاوه
به پرچی هەموو دانەدانەی شەپۆلا پژاوه
***
(هاوار و پرسیار)
هۆهۆ زرێبار!
زرێبارەکەی بریندارەکەی لێوبەبارەکە!
شیرین ئاوەکەی بۆن گوڵاوەکه!
تاوێ لاوەکه١
لاوەکه بۆ لام
بۆ لای سکاڵا و پرسیار و داوام
ئادەی لاوەکه:
ئاخۆ ئەتوانی نەختێ ئارام بی
بەشکەم من ئەمشەو
– شەوگاری ئەمشەو –
خەرمانی خەمی چەنای چەن ساڵەم
تاوێ بەبا دەم
هەزاران زامی نەشۆراوەی گیان
له پەنای شەوقی مانگەشەوتدا
نەختێ سارێژ کەم؟
ئاخۆ ئەتوانی؟
نانا
وابزانم، هەرگیز ناتوانی
هەرگیز نەمدیوه تۆ ئۆقره بگری
نه خۆت نە هاژه و هوروژمی ئەسپی تووڕەی شەپۆلت
ئارام ناگرن:
تا کۆتایی کار
تا کۆتا کردنی کۆڵبەری بۆ نان،
لەناو بردنی ژینی کۆیلەیی و کۆڵکێشی مەینەت
هەتا مەنزڵگای ئازادی ئینسان
ڕزگاری هەموان
منیش لەگەلتان
“به پێی بلووقاوی و لەشی زامارەوە”
تا لووتکەی ئامانج
لووتکەی ئامانجمان:
ڕزگاری ئینسان، ڕزگاری ئینسان!
چاوه/ فاتح شێخ
١٤٠١/٨/١٢ – 2022/11/03