ک.م.م.ک:
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی KMMK، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی رەشەمەی ٢٧٢٣ی کوردی، مێهران ئەکرەمی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی شاری تکاب و وەرزشوانی بەناوبانگی تێکواندۆ، بە دەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژێمی ئێران لە سەقز، له ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە.
جێی ئاماژەیه، مێهران ئەکرەمی پێشتر له شۆڕشی ژینا، لە مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کوردی لە شاری سەقز، دەستبەسەر کراوە و تا کاتی گیانلەدەستدانی لە ژێر دەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژێمی ئێران لەم شارەدا، له دۆخێکی هەڵپەسێردراودا هێشتبوویانەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی رەشەمەی ئەمساڵ، لە پەیوەندییەکی کورتدا بۆ بنەماڵەی ئەکرەمی، هەواڵی مردنی کوڕەکەیان ڕاگەیەندراوه. ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند کە دوای وەرگرتنی تەرمەکە، برینی قووڵ لە پشتی سەری و تەوێڵیدا هەبووە و هەروەها لە گوێ و قوڕگ و لووتیەوە خوێنبەربوونێکی زۆر بەدی کراوە.
بە پێی هەمان ڕاپۆرت، هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە، لەکارکەوتنی گورچیلەکانی بووه کە ئەویشە بەهۆی لێدرانی دڕندانەی ناوبراو بووه له لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بە شێوەیەک کە ناچار بە دیالیز کردنی گورچیلەکانی بوون.
شایانی باسه، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی تەرمی مێهران ئەکرەمی، بنەماڵەکەی ناچار کراون چەن لاپەڕەیەک واژۆ بکەن، کە بەپێی ئەو واژۆ کردنە، ئەنجامی پشکنینی جەستەیی ناوبراو له پزیشکی قانوونی، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک ڕادەگەیەنرێت.
خ.ع
The post کوژرانی مێهران ئەکرەمی له ژێر ئەشکەنجەدا appeared first on كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان.