ک.م.م.ک:
ڕۆژی دووشەممە ٢١ی رەشەمەی ٢٧٢٣ی کوردی، موحەممەد مورادینساری، شاعیر، نووسەر و مامۆستای خەڵکی ئیلام، لە لایەن لێژنەی هێڵەک-ی(گوزینش) پەروەردەی ڕژێمی ئێران لە شاری سنە، له درێژەدان بە وانەوتنەوە قەدەغە کرا.
پێویستە بگوترێ هاووڵاتی محەممەد مورادینساری، خوێندکاری دکتۆرای ئەدەبی فارسی لە زانکۆی سنە و بەرپرسی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی باشوور کە لە قوتابخانەکانی سنە، وانەی ئەدەبی فارسی دەگوتەوە، پێشتر لەلایەن ناوەندی هێڵەک-ی پەروەردەی رژیم بانگ کرابوو و بۆ چاپکردنی کتێبێکی شیعر بە زمانی کوردی سورانی، بەڕێوەبردنی خەڵاتی ئەدەبی باشوور و هەروەها بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی شێعری گەلاوێژدا، بە توندی سەرزەنشت کرابوو. ناوبراو له بانگهێشتکردنی دووبارەیدا، ئاگادارکراوەتەوە کە لە لای دامەزراوە ئەمنییەکان تۆ شیاوی بەردەوامبوون له وانەوتنەوە لە خوێندنگاکان نیت و له مامۆستایەتی رادەگیرێیت.
بەگوێرەی ئەو پۆستەی کە محەمەد مورادی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و لە پەیجی تایبەتی ئینستاگرامی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، دوای ئەم ئاگادارکردنەوەیە، تەنانەت مووچەی دواخراوی ئەو چەند مانگەی پێنەدراوە و بە بیانووی نەبوونی ژمارەی کارمەندی، بەدواداچوونەکانیشی بێ دەرەنجام ماونەتەوە.
شایانی باسه، کە ڕژێمی ئێران لە ڕابردووشدا، بە خستنە پاڵی جۆرەکانی تۆمەتی درۆ بۆ مامۆستایان و شاعیران و نووسەرانی کورد، تەنانەت بووەتە هۆی لە سێدارەدانی ئەو هاووڵاتییانە، کە نموونەیەکی دیاری ئەوانە، فەرزاد کەمانگەر، مامۆستای قوتابخانە بوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەم کردەوە دوژمنکارانەی رژێمی ئێران شەرمەزار دەکات و لە سەر ئەو باوەڕەیه کە سەرکوتکردنی زمانی نەتەوە چەوساوەکان، نەک هەر پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی زمان و شوناسی نەتەوەیی.
ئەم کردەوانە کە لە لایەن رژێمەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک و دڕندانە ئەنجام دەدرێن، کاریگەرییەکی درێژخایەنیان لەسەر کۆمەڵگا زیانلێکەوتووەکان هەیە. دیاره، فێربوون و بەکارهێنانی زمانی دایکی، یەکێکە لە سەرەتاییترین مافە کولتووری و مرۆییەکان، کە بەبێ جیاوازی دەبێ پێشکەشی هەموو نەتەوەکان بکرێت.
خ.ع
The post دەرکردنی یەکجاریی موحەممەد مورادینساری له مامۆستایەتی خوێندنگا appeared first on كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان.