ک.م.م.ک:
دوابەدوای دۆڕانی تیمی فووتبۆڵی ئێران ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ی کوردی، بەرانبەر بە تیمی فووتبۆڵی وڵاتی قەتەر،
لە زۆربەی شارەکانی کوردستان وەکوو سنە و دێولان و جوانڕۆ، خەڵک بەتایبەتی گەنجان و منداڵان، شادییان دەربڕی و کۆڕی هەڵپەڕکێیان سازدا. هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، لەو ڕۆژەوە کەوتۆتە ڕاوی گەنجان و منداڵان و دەستبەسەریان دەکات، کە بەپێی زانیارییەکان تا ئێستە پتر لە دە کەس دەستبەسەر کراون کە ناوی سێ کەسیان ئاشکرا بووه. ئەم سێ کەسە بەناوەکانی؛
١. محەممەد مەحموودی ١٦ ساڵ تەمەن
٢. محەممەد یوسفی ١٧ ساڵ تەمەن
٣. هەمزە بەرزگەر کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕێبەندان دەستبەسەر کرابوو.
شیاوی باسە، هێزە سەرکوتگەرەکانی ئێران، لەدوای دەستبەسەر کردنی کەسەکان، هەڕەشە لە بنەماڵەکانیان دەکەن گەر بێتوو زانیاری بدرکێنن یان لە گەڵ ڕاگەیاندنەکان لەم بارەوە بدوێن، منداڵەکانیان ڕووبەڕووی مەترسی قورس دەبنەوە، هەر بۆیە ئاشکرابوونی ناو و ڕێژەی دەستبەسەرکراوان ئەستەم بووەتەوە.
ق.ش
The post جوانڕۆ؛ ئاشکرابوونی ناوی سێ منداڵ لە کۆی پتر لە دە دەستبەسەرکراو appeared first on كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان.