درەخت
شیعرێکی دێرینم بە بۆنەی ڕۆژی کۆمەڵەوە
درەختێکم
لەتیرەی بەرزەدرختان
بە ٸارەقی ڕەنج و خەبات پەروەردە بووم.
بنجم هەزارهەزار پۆیە و
لە نێو زاخە و کۆڵیت و زنجی شار و دێ
ڕۆچووم
ڕۆچووم.
لق و پۆم باڵای کردوە و
پەل لە ٸەستێرە دەکوتم و
بێباک لە چی تەور و تەوراس
بەرەو هەتاو
بەگژ هەوری چڵکندا چووم!
٭٭٭
تۆف و کڕێوە و با، بابێ
باکی نیە، ٸەو درەختەی
بنجی هەزار-پۆی لە دڵی
کۆمەڵانی ڕق-ٸەستووری وریادا بێ!
تەوژمێکم لە بای سەڕ-سەڕ
مەینەت-ٸاوای ستەم تێک-دەر
هەزار نەسیمی خۆش-پەیام
ٸەشنێ لە هانای هەناسەم
بۆ گشت بەشەر.
گزنگێکم لە بەربەیان
تیشکهاوێژی چی دەلاقەی ماڵی تاریک
گەنم، گەرما، ڕووناکي، تین،
دیاریمە
دیاریمە بۆ ژین!
لەم جیهانا، من کێوێکم
هەر دۆڵێک، هەر داوێنێکم
خەرمان-خەرمان گوڵی سووری ٸاڵای ٸاڵە
بەرهەمێکی
ڕقی پیرۆزی کارخانەم
من سەمەرەی بێ-سەمەري
ڕەنجی گەرمی کوورەخانەم؛
هیوای دەستی بێ-حەق-دەستی
بێ-بەشی بێ-خانەولانەم
ڕاست-کەرەوەی جیهانی کۆنی ٸاوەژووم
میعمارێکی نوێ-کردنەوەی ٸەم جیهانەم!
من مشتێکم لە هەزار مشت
گرێ-کراو
ڕاساوم لە
ژێر-چەناکەی دێوی دزێوی سەرمایە!
ٸەمن دەستێکی تامەزرۆم
تامەزرۆی یەکبوون، یارمەتي
دەستانی کار
بۆ تێکدانی ٸەم ستەم-مەینەت-ٸاوایە
بۆ خولقانی ٸەو دنیایە
ستەم تێیدا ٸەفسانەیە و
شەتی خرۆشانی شادي و بەهرەمەندی
دەریایێکە دوایي نایە!
٭٭٭
زستانی 1986