ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

شێرکۆ کرمانج

ئەگەر بە زمانێکی بازاڕیی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە ئەوە دەکرێت بڵێین، بە ….. ناوێری تاوەداتە کورتانی. بەڵام ئەگەر شرۆڤەیەکی قووڵی بۆ بکەین ئەوە دەکرێت چەندین ھۆکار دیاری بکەین، لەوانە:

یەکەم، ئێران لە قەیرانێکی قووڵی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی دایە. لە ڕووی سیاسییەوە گۆشەگیرکراوە، یەک ھاوڕێی ڕاستەقینەی لەم دنیایە نییە فەنزوێلا و کۆریای باکوور نەبێت. ئابووری ئێران تەپیوە، ڕێژەی ھەڵاوسان لە ٢٠١٧ دا ١٠٪ بووە، ئێستا لە ٤٠٪ زیاترە، بەمەش حاڵی بەس لە تورکیا باشترە. باس لە نرخی تومەن ھەر ناکەم چونکە ھەموو دراوێک لەم دنیایە لە تومەن بەنرخترە. سەرەڕای ئەمانە، ئەوەی ئێرانی زۆر شڵەژاندوە ئیختیراقی، چوونەژوورەوەی، سیخوڕەکانی ئیسرائیل و ئەمریکایە بۆ ناو ھەموو دامودەزگاکانی ئێران. ئەوەنییە ئیسرائیل و ئەمریکا لە ڕێگەی داعشەوە لە کرمان تەقینەوە دەکەن؛ ئەوەنییە درۆنەکانی ئێران لەسەر تارماکی فڕۆکەخانەکان دەسوتێنن؛ زاناکانیان بە ڕۆژی ڕووناک دەکوژن؛ ئەفسەر و دەرەجەدارەکانی ئێران لە دیمەشق و بەغداش کون نەماوە خۆیانی تێدا حەشار بدەن.

دووەم، ساڵانێک بوو ئێران پێیوابوو دەوری ئیسرائیلی داوە و لەڕێگەی حیزبوڵا و حەماس تەنگی بە ئیسرائیل ھەڵچنیوە و ئەو دوو ھێزە بوون بە چەکوشی ئامادە، ھەر کاتێک ئێران بیەوێت سەری ئیسرائیل پان دەکەنەوە. بەڵام ھیچ شتێک نادروستی ئەم تێگەیشتنەی نەسەلماند بێت ئەوە ئەو گورزەی ئیسرائیل لە ١٠٠ ڕۆژی ڕابردوو لە حەماسی وەشاند ئەو تێگەیشتنەی نەک ناڕاست نیشاندا بەڵکو ھەڵیوەشاندەوە. لەوەش ترسناکتر، ئێران بۆی دەرکەوت کە ئیسرائیل نەک ھەر حەماس دەبەزێنێت بەڵکو بۆ ھەتاھەتایە لە غەزە دەری دەپەڕێنێت و ناشھێڵێت بچێت بۆ زیفەی غەربی. لەوەش زیاتر کە ئێرانی نیگەران کردووە، لەناوچوونی حەماس نییە، بەڵکو لێدانی حوسییەکان سڕەھاتنی حیزبوڵایە، ئەوە ئەگەر سڕەی خۆی، ئێران، نەێت. توڕەیی ئێران لەو پەڕو باڵ کردنەدایە.

سێیەم، ئێران ترسی ئەوەی گەیشتۆتێ کە سڕەی دێ، بۆیە لەسەر دوو خەت بە چڕی ئیش دەکات، یەکێکیان دەرپەڕاندنی ئەمریکایە لە باشترین حاڵەت، یان لاوازکردنیەتی لە خراپترین حاڵەت. ئەوی دیکەیان لاوازکردنی ھەرێم و کوردە، چونکە ئێران پێیوایە ئەمریکا لەوانەیە کەڵک لە پێگەکانی ھەرێم وەربگرێت لە دژی ئێران. ھاوکات ئێران پێیوایە ھەرێم و پارتی دەکرێت لە حاڵەتی لێدان و شڵەژانی ئێران دەست لەناو ئێران وەربدەن. ئەم ترسانە وای لە ئێران کردووە کە ھەوڵی لاواز کردنی ھەرێم بدات، بە ڕادەیەک کە وا لە ھەرێم بکەن لە ئەگەری گفتوگۆکردنی دەرکردنی ئەمریکا لەناو پەرلەمانی عێراق، کورد پشتیوانی لە ھێزە توندڕەو و میلیشیاکانی عێراق بکەن.

چوارەم، ئێران کە نە دەتوانێت نە دەوێرێت ڕاستەوخۆ گورز لە ئیسرائیل بوەشێنێت، ئەوە دێت لە ھەولێر و کورد دەدات گوایە بنکە و بارەگای موسادی ئیسرائیلی لە ھەولێر بە ئامانج کردووە. ئەمەی ھێندەی بۆ ئیستیھلاکی مەحەلییە بۆ ھیچ شتێکی دیکە نییە، واتە دەیەوێت بە ئێرانییەکان بڵێت ئەوە نییە ئێمەش گورز لە ئیسرائیل دەوەشێنین.

من پێموایە لەم ئانوساتەدا ھەر پاساوێک یان ڕەوایی دان بە لێدانی ھەولێر دەبێت ڕەت بکرێتەوە، وەک چۆن ھەموو بیانو و پاساوێک بۆ لێدانی عەربەت و فڕۆکەخانەی سلێمانی و ژێرخانی ئابووری کۆبانێ و قامشلۆ لەلایەن تورکیە دەبێت ڕەت بکرێتەوە.

ھەندێکدەڵێن،تورکیابۆیەلەڕۆژاڤادەداتچونکەدەستیلەگەڵئەمریکاتێکەڵکردووە،یاندەڵێنبۆیەئێرانلەهەرێمدەداتچونکەبنکەیئەمریکیلەهەولێرهەیە. بۆ وەڵامی ئەو تێگەیشتنە، کە من زۆر بێ بنەمای دەبینم، وا چاکە دوو شت ڕوون بکەینەوە.

یەکەم، هۆکار و مەبەستی هەرە سەرەکی لە لێدانی ڕۆژاڤا و هەرێم ئەوەیە کە ئەم دوو ئەزموونە لاواز بکرێن و دواجار لەناو ببرێن. دووەم، دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ ئەمریکا بۆ کورد، نە لە باشوور نە لە ڕۆژاڤا بژاردە نییە بەڵکو ناچارییە. هەرێم و ڕۆژاڤا بۆیە بنکەکانی ئەمریکا قەبوڵ دەکەن چونکە ئەگەر نەیکەن و ئەمریکا بڕوات ئەوە تورکیا و ئێران ھەرێم و ئیدارەی خۆسەری دەتولقێننەوە، وەک هێلکە. هاوکات ئەوە پاساو هێنانەوەیە بۆ لێدانی هەرێم، نەک پاراستنی.

بۆ شەیر و بڵاوکردنەوەیە

د. شێرکۆ کرمانج

لێدوانێک بەجێ بهێلە