ڕۆژی هه‌ینی ٦ی ڕێبه‌ندانی ١٤٠٢، ته‌رمی “فریار ئه‌مینی پور” پاڵه‌وانی وه‌رزشی “مووی تای” گه‌یشته سه‌قز و له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه و خه‌ڵكی شۆڕشگێڕی ئه‌و شاره‌وه پێشوازی لێكرا.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌رمی “فریار ئه‌مینی پور” بۆ گۆڕستانی ئایچی سه‌قز، ناونده ئه‌منیه‌تیه‌كان بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و گیانبه‌ختكردووه‌یان خستبووه ژێر گوشار بۆ ئه‌وه‌ی كاتی پرسه و سه‌ره‌خۆشییه‌كه‌ی میدیایی نه‌كه‌ن و سه‌باره‌ت به هه‌ر چه‌شنه خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌ك هۆشداریان دابوو. ڕۆژی هه‌ینی به پێچه‌وانی هه‌ڕه‌شه‌كانی ڕژیم خه‌ڵكی خۆڕاگری سه‌قز به لێشاو به‌ره‌و گۆڕستانی ئایچی به‌ڕێكه‌وتن و به‌شداری به‌رینیان له مه‌راسمی ناشتنی ته‌رمی ئه‌و گه‌نجه وهرزشورانه كرد. “فریار ئه‌مینی پور” ئه‌ندامی تیمی میللی مووی تای ئێران بوو كه بۆ درێژه‌دان به وه‌رزشه‌كه‌ی چووه تایله‌ند. ڕۆژی ١ی به‌فرانبار ١٤٠٢، پاش ئه‌وه‌ی دوایین كێبه‌ڕكێی خۆی له شاری بانكۆك ئه‌نجام دا، به‌هۆی ڕووداوی هاتووچۆ گیانی له‌ده‌ستدا.