کۆماری ئیسلامی تاوانباری سەرەکی وشکبوونی دەریاچەی ورمێیە

دەریاچەی ورمێیە

ئەو تەرحانەی کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ ڕێگریکردن لە وشکبوونی دەریاچەی ورمێ جێبەجێ کراون، وێڕای ئەوەی کە زۆر بێکاریگەر و تەنانەت لە ڕووی زانستیشەوە ساویلکانە بوون، هەموویان شکستیان هێناوە و بەداخەوە ئەمڕۆ ئەم دەریاچەیە خەریکە بە تەواوی وەشک دەبێت. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە بۆخۆیان هۆکاری چارەنووسی ئێستای دەریاچەی ورمێن، شکستی پڕۆژەکانیان دەخەنە ئەستۆی سروشت و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چوار ساڵ وشکەساڵی یەک لە دوای یەک لە ئێران، هۆکاری شکستی ئەو پڕۆژانەیە. بەڵام کارناسانی سەربەخۆ ئەم ئیدیعایانە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن کۆماری ئیسلامی دەیەوێت خۆی لە بەرپرسیارێتی هۆکاری ئەم کارەساتە ژینگەییە بێبەری بکات. کار گەیشتووەتە ئاستێک کە بەرپرسانی ڕژیم بە شێوەیەکی فریوکارانە ئیدیعای ئەوە دەکەن کە وڵاتانی دراوسێ ڕێگری لەوە دەکەن کە هەوری باران بارین بگاتە ئاسمانی ئێران.

بەڵام لە ڕاستیدا مەسەلەکە زۆر سادەیە و پێویستە نەک لە ئاسمان و نە لە کردەوەی کەسانی تردا، بەڵکوو لەسەر زەوی و لە پەروەندەی کەسانێکدا بەدوای هۆکارەکەیدا بگەڕێی کە لە ماوەی ٤٤ ساڵ دەسەڵاتدارێتی خۆیدا ژینگەی ئێرانیان لە هەموو بوارەکاندا وێران کردووە.

“محەمەد دەروێش“، کارناسی بواری ئاو و ژینگە، لەم پێوەندییەدا لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی بەفرانباری ڕۆژنامەی “ستارەی سوبح” چاپی تاراندا دەنووسێت: “کاتێک لە سەر ڕێڕەوی ئەو ئاوانەی کە دەڕژێنە دەریاچەی ورمێوە، ١٠٥ بەنداو دروستکران و لەو ژمارەیە ١٠١ بەنداویان چالاکن و ڕێگە نادەن ئاوی ئەو بەنداوانە بڕژێتە ناو دەریاچەی ورمێ، بووەتە هۆی وشکبوونی ئەم ڕووبەرە بەرفراوانە“. بەڕێوەبەری ناکارامە، هەوڵدەدات بە شێوەیەکی چەواشەکارانە، تاوانەکە بخاتە ئەستۆی سروشت یان کەسانی دیکە. ناوبراو هەروەها دەڵێت: ئێمە کاتێک دەتوانین بڵێین وڵاتان ڕێگریان کردووە لە هاتنی هەوری باران بۆ ئێران و بوونەتە هۆی وشکەساڵی لە وڵاتەکەمان، کە ئەو وشکەساڵییە لە ئێران لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا بێ وێنە بووبێت، لە کاتێکدا هاوشێوەی ئەم وشکەساڵییەی ئێستا، چەندین جار ڕوویدا. هەروەها وڵاتانی دراوسێش لە ڕووی بارانبارینەوە بە پرۆسەی سروشتی خۆیاندا تێدەپەڕن“. لەم پێوەندییەدا، لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەلایەن چەند توێژەرێکی کانەدایی و ئەمریکاییەوە دەریدەخات کە وشکەساڵیەکە تەنها بەڕێژەی پێنج لەسەد کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ئەو ئاوانە داناوە کە دەڕژێنە دەریاچەکەوە و هۆکاری مرۆیی، لەوانەش پرۆژەی ڕێگای خێرا، کە ١٥ کیلۆمەتری لەسەر دەریاچەکە دروستدەکرێت و تەنیا ڕێڕەوێکی بەرتەسکی هەزار و ٢٠٠ مەترییان بۆ هێشتۆتەوە، دۆخی دەریاچەکەی تووشی قەیران کردووە، کە شاخی نزیک دەریاچەکەیان بۆ دروستکردنی بەکارهێناوە. ئەم کارناسانەش دروستکردنی زیاتر لە سەد بەنداو لەسەر ڕێڕەوی ئەو ڕووبارانەی کە دەڕژێنە ناو دەریاچەکە، بە هۆکاری سەرەکی پرۆسەی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ دەزانن.

دەریاچەی ورمێ یەکێکە لە دەریاچە گرنگەکانی ئێران کە بە گوێرەی چەندین ڕاپۆرتی کارناسان و تەنانەت دانپێدانانی بەرپرسانی حکوومەتی خۆجێیش، نزیکەی ٩٥%ی ئاوەکەی کەم بووەتەوە و بۆتە هۆی دروستبوونی پانتاییەکی بەرینی شۆرەکات لەسەر بەستێنی دەریاچەکە کە دەتوانێت لە ڕێگەی با و باهۆزە ناوچەییەکانەوە کاریگەری خراپ لەسەر ژینگەی گەلێک شار و ئاوایی لە پارێزگاکانی ئازەربایجان و کوردستان هەبێت. ڕادەی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ، هەر ئێستاش بەهۆی باهۆزە و زریانی ناوچەکەوە بووەتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ئەو خەڵکەی کە لە نزیک دەریاچەی ورمێ نیشتەجێن. نەک هەر دانیشتووانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، بەڵکوو پارێزگاکانی دراوسێش لەگەڵ مەترسی تۆفانی خوێ بەرەوڕوو دەبنەوە. جێگری تەکنیکی ئیدارەی گشتیی پاراستنی ژینگەی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەڵێ: ڕێژەی خوێ لە دەریاچەی ورمێدا لە نێوان ٦ بۆ ٧ میلیارد تۆنە و ساڵانە تا ٧٠٠ هەزار تۆن خوێ لە بەستێنی ئەم دەریاچەیە هەڵدەگیرێت. چارەسەری زانستیانە و شارەزایانەی قەیرانی دەریاچەی ورمێ، لە توانایی حکوومەتی ئیسلامیدا نییە، لەکاتێکدا کە شارەزایانی سەرەکی ژینگەیی، زیندانی، ئێعدام و یان ناچار بە کۆچکردن بۆ ئەورووپا و ئەمریکا کردووە. ئەگەر ئیمکانێک بۆ ڕزگارکردنی دەریاچەی ورمێ بوونی هەبێت، ئەوە بەندە بە هەوڵ و هەماهەنگیی خەڵکی کوردستان و ئازەربایجان، بە یەکڕیزی و دادپەروەری لەسەر بنەمای یەکسانی و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، بە کورتکردنەوەی دەستی مافیای دەسەڵاتی سپای پاسداران و ئاخوندەکان و هەروەها ئاواڵا کردنی دەستی کارناسان و پسپۆڕانی بواری ئاو و ژینگە. حکوومەتێکی کە دوژمنایەتی لە ئاشتی نەهاتووی لەگەڵ زانست و زانیندا هەیە و لە سەدەی بیست و یەکەمدا هانی خەڵک دەدات بۆ دوعا و نوێژە بارانە، مانەوەی هەرچی زیاتری لە دەسەڵاتدا، نەک هەر دەبێتە هۆی وشکبوون و لەناوچوونی بەتەواوەتی دەریاچەی ورمێ، بەڵکوو گەلێک کارەساتی ژینگەیی لە قەرەبوو نەهاتووی دیکەش بەسەر خەڵکی ئێران و ناوچەکەدا دەسەپێنێت. ئەم دەسەڵاتە کە گیان و ژیانی ئەمڕۆ و سبەینێی ئەم کۆمەڵگایەی بەلاوە گرنگ نییە، ناتوانێت هیچ پلانێکی ڕوون و درێژخایەنی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ پرسگەلێکی وەک وشکەساڵی و لێکەوتەکانی هەبێت. شوێنپێی فاکتەری مرۆیی لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بە هەموو کارەساتە سروشتییەکانی وەک وشکەساڵی، لافاو، بوومەلەرزە، نەخۆشییە گواستراوەکان و لەوانە وشکبوونی دەریاچەی ورمێشەوە دیارە. هەربۆیە مەرجی ڕزگاربوون لە کاریگەرییە کارەساتبارەکانی ئەو موسیبەتانەش، بریتییە لە ڕزگاربوونە لە دەست نیزامی کۆماری ئیسلامی.

لێدوانێک بەجێ بهێلە