کۆبوونەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە

ڕۆژی پێنج‌شەممە، ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ۱۴۰۲ی هەتاوی له درێژەی دیدار و کۆبونەوەکانی ڕابردوویاندا، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی بەرێز «کاک مستەفا هیجری»، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە سەرپەرەستی بەڕێز «کاک ئیبرایم عەلیزادە»، سکرتێری کۆمەڵە بەرێوە چوو.

کۆبوونەوەکە چەند بابەتی گرینگی لەخۆ گرتبوو؛ لەوانه بارودۆخی سیاسی ئێران و ئەگەر و پێشهاتە سیاسییەکان، بارودۆخی کوردستانی ئێران و پێویستی هاوئاهەنگی و پەرەپێدانی هاوکاری نێوان هێزە پێشکەوتنخوازەکان لەپێناو بەڕەوپێشبردنی خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان، هەڵوێستی حیزبەکان بەرانبەر بە زەخت و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی بەرتەسککردنەوەی چالاکییە سیاسیەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی باشووری کوردستان و هەروەها پێویستی پەڕەپێدانی هاوکاریی نێوان هەر دوو حیزب بە تایبەت لە سەر پرسە چارەنووس‌سازە سیاسییەکان.

لە درێژەی ئەم دیدارە هاوبەشەی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەدا ،وێڕای قسەکردن لەسەر هەرکام لەم باس و تەوەرانە دەرکەوت کە بۆچوون و هەڵوێستەکانی هەر دوولا لەسەر ئەو بابەتانە زۆر لێک نزیکن. لەپێوەندی لەگەڵ بارودۆخی سیاسی ئێران و کوردستاندا هەر دوولا هاوڕابوون کە کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بە قۆناغێکی جیاواز و هەستیاردا تێپەردەبن و بۆ وەڵامدانەوە بەم بارودۆخە پێویستە بەگوێرەی ڕادەی بەرنامە و ستراتێژی سیاسی هاوبەش و نزیک لە یەکتر، کێشە لاوەکیەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆن وەلابندرێن و هاوکاری و کاری هاوبەش لە ئاستی پێویستیە سیاسییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان‌دا پەرەیان پێبدرێت کە دیارە ئەو پێویستیە لە کوردستان بە چەندقات زیاتریشە.

سەبارەت بە بابەتی بارودۆخی حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی باشووری کورستان، هەر دوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە هەم زۆرترین هاوکاری و هاوئاهەنگی لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێ بۆ تێپەڕاندنی ئەم دەورە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە و نیشتمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا و هەم رێگە نەدرێ کۆماری ئیسلامی بتوانێ زەربە لە پێوەندییە سیاسی و مەعنەویییەکانی دوو بەشی نەتەوەی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات. بۆ ئەو مەبەستە هەر دوولا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵ دەدەن پرسەکە لە گەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان بە لێک‌تێگەیشتن و وتووێژ چارەسەر بکەن.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
پێنج‌شەممە ٨ی سەرماوەزی ۱۴۰۲ی ھەتاوی
٣۰ نوامبری ٢۰٢٣

ممکن است تصویر ‏‏‏۶‏ نفر‏ و ‏نوشتار‏‏ باشد

لێدوانێک بەجێ بهێلە