دیداری هەیئەتی کۆمەڵە و حیزبی شیوعی کوردستان

دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۴ی سەرماوەزی ۱۴۰۲ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢۵ی نوامبری ٢٠٢٣ زاینی هەیئەتی حیزبی شیوعی کوردستان لە بارەگای ئەو حیزبە لە شاری سلێمانی کە پێکهاتبوون لە هاورێیان “کاوە مەحمود (سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی)”، “عوسمان زیندانی (بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی)”، “فاخر زاهیر (جێگری بەرپرسی سلێمانی)” و “گۆران حسین (ئەندامی مەڵبەند و ئەندامی پەیوەندیەکان)”، پێشوازییانکرد لە هەیئەتی کۆمیتەی ڕێبەری کۆمەڵە کە پێکهاتبوون لە هاوڕێیان “حەسەن ڕەحمان‌پەنا (جێگری سکرتێری کۆمەڵە)”، “سەعید ئەمانی (ئەندامی کۆمیتەی ڕێبەری و بەرپرسی پەێوەندیەکانی کۆمەڵە)” و “محەمەد قادری (ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی دەبیرخانەی کۆمەڵە)”. ئامانجی سەردانەکە ڕا گۆڕینەوە و گفتوگۆ کردن بوو لەسەر دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی و پتەوترکردنی پێوەندیەکانی هەر دوولا بە تایبەتی لەم دیدارەدا. هەروەها قسە و باس کرا لەسەر ڕەوشی نالەباری ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و هەژاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەهوێ شەڕ و کوشتار و ماڵ‌وێرانی و سیاسەتی داگیرکاری و زوڵم و زۆر و ناعیداڵەتی ڕژیمە داگیرکەر و ستەمکاراکانەوە بەسەریاندا سەپاوە و ژیان و گوزەرانیانی تووشی نەهامەتی و چارەڕەشی کردووە. هەرلەم پێوەندیەدا جەخت لە سەر هاوکاری و هاوئاهەنگی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان و پێگەی کۆمەڵایەتی ئەو هێزو لایەنانە، واتە بزووتنەوە کرێکاری و جەماوەریەکان بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی کرایەوە. لە سەر شەڕی ئیسڕائیل و حەماس هەر دوولا لە دژی ئەو شەڕە و زەروورەتی پێکهاتنی بەرەی سێهەمی دژ بە شەڕ و داگیرکاری، هاوڕا بوون. لەم دانیشتنەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر درێژەی دیدار و چاوپێکەوتن و پاراستنی پرنسیبە سیاسیە هاوبەشەکان، کردەوە.

دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
شەممە ۴ی سەرماوەزی ۱۴۰۲ی هەتاوی
٢۵ی نوامبری ٢٠٢٣

لێدوانێک بەجێ بهێلە