بەپێی زانیارییەکان، هاوڵاتییەک بەناونیشانی کەیوان زەندکەریمی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لەو شارە بەتۆمەتی پڕوپاگاندا دژی دەسەڵات، گردبوونەوە و هاریکاری دژی ئاسایشی نەتەوەیی و بەشداری لە گردبوونەوە نایاساییەکان بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
شیاوی باسو، کەیوان زەندکەریمی ٧ی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا، پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئەمنییەتی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە بۆ زیندانی ئێران لەو شارە ڕاگوازرا. ناوبراو سێشەممە ١٢ی گوڵانی ئەمساڵ پاش تێپەڕینی ١٢٥ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانیدا بەدانانی بارمتەی ٣ ملیارد تمەنی لە زیندانی حکوومەتی ئێران لەو شارە ئازاد کرابوو.
بەگوێرەی هەواڵەکە، چوارشەممە ٧ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، حوکمی دیاریکراو بەشێوەی فەرمی بە کەیوان زەندکەریمی ڕاگەیەندرا.
ق.ش