لە نووسینەوەی هەر ململانێیەکدا، مێژوونووسان بە گشتی جیاوازی لە نێوان گەلاندا دەکەن. کێشەی ئسرائیل و فەڵەستین بەجۆرێک شێوێنراوە، سەرکردەکانی عەرەبیش بڕوایان پێی نەماوە، بەتایبەت ئەوانەی ئاگایان لە پاشخانی کێشەکە، لە جیۆسیاسی ناوجەکەو و جاڕنامەی بالفۆرە نیە، تێناگەن لەوەی شەڕی نێوان فەڵەستین و ئسرائیل، شەڕێکە بەرژەوەندی ئینگلیزو ئەمەریکا بەڕێوە دەبات.. مێژووی ململانێی ئسرائیل و عەرەب بۆ چەند سەدەیەک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، و هۆکارەکانی کێشەکە تێکەڵەیەکن لە ئایینی و نەتەوەیی و جیۆسیاسی. خاکی فەڵەستین، بەتایبەتی قودس بۆ هەر سێ ئاینە یەکتاپەرستەکانی جوولەکە، کریستیان و ئیسلام پیرۆزو بایەخدارە، بەڵام بەهۆی ئەو نەوت و غازە زۆرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست هەیەتی، زلهێزەکان چاویان تێبڕیوە و لەپێناو کۆنترۆڵکردنیدا، ناکۆکیان لە نێوان گەلانی ناوچەکەدا ناوەتەوە. بەپێی تەورات، خودا بۆ ئەوەی بەنی ئسرائیل (جوولەکە) لە زوڵمی فیرعەون ڕزگار بکات، فەرمانی بە پەیامبەر (یەشوع بن نون) کردووە، بڕۆن قودس ڕزگار بکەن، ئەو خاکەی پێی دەخەنە سەر دەیدەم بە ئێوە، هاوکات دەیان حەدیس دەگێڕنەوە کە لە شەڕی قودس خودا ڕۆژی بۆ یەشوع ڕاگرتووە هەتا ئەوکاتەی سوپاکەی چۆتە ناو قودسەوە، ئەوەش بەڵگەیە کە خودا فەڵەستینی داوەتە بەنی ئسرائیل و پشتیوانیکردوون کەنعانیەکانیان لە ناوداوە. خودا لە قورئانی پیرۆزیشدا فەرموویەتی، ئێمە بەنی ئسرائیلمان لە ستەمی باڵادەستی فیرعەون ڕزگارکردو بەسەر هەموو دنیاشدا هەڵمانبژاردن، (ولقد نجينا بنى إسرائيل من العذاب المهين من فرعون إنه كان عاليا من المسرفين ولقد اخترناهم على علم على العالمين) سورەتی الدخان. سەرباری فەرمان و فەرموودەکانی خودا، لە ڕووی ئینسانیشەوە، گەلی جوولەکە وەک هەموو گەلانی دنیا مافی خۆی بوو مالێک یان دەوڵەتێکی سەروەری هەبێت. بەتایبەت دوای ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هۆلۆکۆستیان ( جینۆسایدی جوولەکە ) یان لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا ئاشکرا کردبوو، لە ساڵی 1948 نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرژەوەندی جوولەکە دەنگی دا، لەسەر خاکی فەلەستین دوو دەوڵەتی عەرەبی و جوولەکە دابمەزرێت، بەڵام عەرەب ڕەتیانکردەوە. ئەوکات ئەگەر سەرکردەو کەسایەتیەکانی عەرەب دانا بوونایە، لەباتی جەنگ داوای ئاشتیان دەکرد، هۆڵۆکۆستیان بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکردە دەرسێک و ڕێگایان نەئەدا ئینگلیز فریویان بدات، بەڵام ئەوان نە ئاشتیان کرد، نە شەڕێکی جوامێرانە، بۆیە جوولەکە سەرکەوتن و شکۆی دەوڵەتەکەیان چەسپاند، ئەوەش گەورەترین هەڵەو بڕگەی بەدبەختیە (نەکبە) لە مێژووی عەرەبدا کە ئێستا لێی پەشیمانن.!
باوکی ڕوحی و دەوڵەتی ئسرائیل.
تیۆدۆر هرتزل، ئەو ڕۆژنامەوانەی جووەکان وەک باوکی ڕوحی دەوڵەتی ئسرائیل ناوی دەبەن، دوای ئەوەی ئەفسەرو کاپتنی تۆپخانەکانی فەرەنسا بەڕەگەز جوو ” ئەلفڕێد درایفوس” لە ساڵی 1894 تا 1906 بە تۆمەتی ئەوەی لە بەرژەوەندی ئەڵمانیا خیانەتی کردووە، لە پاریس دادگایی دەکرێت، لە زۆربەی شوێنە گشتیەکانی پاریس سوکایەتی بە گەلی جوو دەکراو هوتافی مردن بۆ جولەکە دەگووترایەوە، ئەوەش تیۆدۆر هێرتزڵ ڕادەچڵەکێنێت، بانگی کەسایەتی و هاخامەکانی جوو دەکات بەئامانجی دروستکردنی ماڵێک بۆ جووەکان، بزووتنەوەی زایۆنیان لە ئەوروپا دامەزراند. دوابەدوای ئەوە، هێرتزڵ لە ساڵی 1896دا نامیلکەیەکی بە ناوی ” دەوڵەتی جولەکە نووسی ” و بڵاویکردەوە. لەو نامیلکەیەدا، بانگەشەی دامەزراندنی قەوارەیەکی بۆ جوولەکەکان کردووە، داواشی لە جوولەکەکانی ئەوروپا کردووە، بۆ ئەوەی لە دۆزەخی دژە جوولەکە پارێزراو بن، پێویستە کۆچ بۆ فەلەستین، نیشتمانی مێژوویی خۆیان بکەن. هێرتزڵ بەپێی دەقەکانی تەورات پێی وابوو، ڕەگەزنامەی جوولەکە قودسە، بۆ ئەوەی ئازادانە ئایینەکەیان پەیڕەو بکەن، پێویستە لەوێ دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت. چوونکە ئەوکات کەنیسەکان ئەوروپایان کردبووە دۆزەخ بۆ گەلی جوولەکە، بۆیە ئەوان خەونیان بەوە دەبینی کۆچ بۆ خاکی فەڵەستین بکەن، لەبەر ئەوە بیرۆکەکانی هێرتزل بە خێرایی لە جیهانی جوولەکەدا بڵاوبوونەوە و سەرنجی زلهێزەکانی جیهانیشی بۆ خۆیان ڕاکێشا. لە کۆتایی سەدەی نۆزدە بۆ سەرەتای سەدەی بیست، کەهێشتا فەڵەستین بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، هرتزل پێنج جار سەردانی سوڵتان حەمید (سوڵتانی عوسمان) ی کردبوو بۆ ئەوەی ڕازی بکات بەشێک لە جوولەکەکان لە فەڵەستین نیشتەجێ بن، بەڵام لەگەڵ ئەوەی سوڵتان داواکەی ڕەتکردبۆوە، توانیبووی لە ڕێگای بەرتیلەوە، لەلایەکەوە بەناوی چاوەڕوانی گەڕانەوەی پەیامبەر موسا بۆ خاکی پیرۆز، لەلایەکی دیکەوە، بەمەبەستی فەریزەی حەج و ئیدارەی ڕێوڕەسمی زیارەتکارانی جوولەکە بۆ قودس، هەزاران جوولەکەیان لە ڕوسیاو پۆڵۆنیاو ئەڵمانیاوە گواستبۆوە بۆ فەڵەستین و لە شارەکانی یافا و حەیفا نیشتەجێیان کردبوون. لەدوای کۆچی دوایی هرتزل، سەرکردە نوێیەکانی بزوتنەکە توانیبوویان سەرنجی زلهێزەکان ڕابکێشێن، بۆیە لە ساڵی 1905 بۆ 1917 فەرەنسا پرۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئسرائیلی دابووە بزوتنەوەکە، بەڵام ئەوان بەهۆکاری ئەوەی فەرەنسا کۆڵۆنیالەکانی لەناو فەرهەنگ و زمانی فەرەنسی دا دەتوێنێتەوە، پێشنیارەکەی فەرەنسایان ڕەتکردبۆوە، لەبەرامبەردا بۆ ئەوەی بەریتانیا قایل بکات, بزوتنەوەکە دوو بەڵێنی سەرنجڕاکێشی دابووە ئینگلیز.. یەکەمیان ئەوە بوو/ ئسرائیل خزمەتی بەرژەوەندیەکانی بەریتانیا بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دووەمیشیان/ بەڵێنی دابوو جولەکاکانی ئەوروپا بگوازێتەوە و لە فەڵەستین کۆیان بکاتەوە، بەوجۆرە ئارثەر جیمس بالفۆر (وەزیری دەرەوەی بەریتانیا) قایل بوو، لەگەڵ داگیرکردنی فەڵەستیندا لە ساڵی 1917 بەڵێنی (بالفۆر) دەربکات، لێرەوە ناکۆکی نێوان عەرەب و جوولەکەو پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئسرائیل لەلایەک، تاوانی دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار وڵاتی دژە جوولەکەدا، لەلایەکی دیکەوە دەستیپێکرد. لە ساڵی 1920 وەک ڕێگایەک بۆ بەدیهێنانی بەڵێنەکەی، بەریتانیا ئینتدابی خۆی بەسەر فەڵەستیندا سەپاندبوو، ڕێگای بۆ هەزاران خێزانی جولەکە دابین کردبوو لە دۆزەخی دژە جولەکەکانی ئەوروپاوە، بەلێشاو کۆچیان کرد بۆ فەڵەستین، هەتا ساڵی 1948 بەپێی بڕیاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئسرائیل دامەزرا، و بەریتانیاش لەفەڵەستین کشایەوە. ئەوکات هەڵەی گەورەی نەتەوە پەرستەکانی عەرەب کە 75 ساڵە باجەکەی دەدەن، هێرشێکی شکستخواردوویان کردە سەر ئسرائیل، لەوە بەدواوە ئیسرائیل نە ڕێگای داوە فەڵەستین دروست بێت، نە خاکی خۆشی سنووردار کردووە، بەوهۆیەوە هەتا ئەم ساتەی شەڕی عەززە بەڕێوە دەچێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە کوشتارگای گەلانی ناوچەکە.
فریودانی عەرەب.
لە هاوینی ساڵی 1914 بە هۆکاری تیرۆرکردنی فرانز فێردیناند ئیمپراتۆریەتی نەمسا- مەجارستان لە سەرایێڤۆ، جەنگی جیهانی یەکەم سەریهەڵدا. پێش ئەو ڕووداوە زلهێزەکان خۆیان بۆ شەڕ ئامادە کردبوو، بۆیە جیهان بووبووە دوو لایەن کە لەدژی یەکتر کەوتنە جەنگ. لایەنێک کە وەک گروپێک پێکهاتبوون لە ئیمپراتۆریەتەکانی ئەڵمانیا، نەمسا- مەجارستان و ئیتالیا. لایەنەکەی دیکە، بەریتانیا و فەرەنسا و ڕووسیا کارگوزاریەکی جەنگیان لە دژی لایەنی یەکەم پێکهێنابوو، دواتر ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە ناوچەی فەلەستینی کۆنترۆڵ کردبوو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەریتانیاو ڕوسیاو فەرەنسا چووبووە پاڵ ئەڵمانیا، ئەوەش تەرازووی جەنگەکەی لەدژی بەریتانیا گۆڕیبوو. سەرکردەکانی ئینگلیز بۆ لاوازکردنی دوژمنە نوێیەکەیان، (ئیمپراتۆریەتی عوسمانی) بڕیاریان دابوو، لە ناوەوە ئیمپراتۆریەتەکە تێکبدەن، بۆ ئەو کاره، له ساڵی 1915 پەیوەندیان بەسەرکردە عەرەبەکانی ناوچەی فەڵەستین کردبوو، بەڵێنیان دابوونێ کە لە بەرامبەر هاوکاری نابووتکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لەخاکی فەڵەستین دەوڵەتێکی گەورە بۆ نەتەوەی عەرەب دامەزرێنن. ئەو ڕێکەوتنە، لە ڕێگای ئاڵوگۆڕی نامە، لە نێوان کۆمیساری باڵای بەریتانیا لە قاهیرە، هێنری مەکماهۆن و شەریفی مەککە، حوسێن کوڕی عەلی، گەورەترین سەرکردەی ڕووحی موسڵمانان پێکهات. ئەوکات حکومەتی ئینگلیز، کۆلۆنێل تۆماس ئێدوارد لۆڕێنس، ی ناردبوو بۆ ئەوەی یارمەتی عەرەبەکان بدات لە دژی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕاپەڕین بکەن. سەرکردەکانی عەرەب بەهاوکاری لۆرێنس کێشەی گەورەیان بۆ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دروست کردبوو، بۆیە سوڵتانی عوسمانی لە ئۆکتۆبەری 1918، بەناچاری داوای ئاگربەستی لە زلهێزە هاوپەیمانەکان (بەریتانیا) کردبوو.. ئەوەی لێرەدا سەرنجڕاکێشە، پێشتر لە پشتی سەرکردەکانی عەرەبەوە، ئینگلیزەکان بەڵێنێکی هاوشێوەیان بەو جوولەکانە دابوو کە لە فەڵەستین و وڵاتە ئەوروپیەکاندا نیشتەجێ بوون، وەک لەسەرەوە هاتووە، ئارتەر بالفۆڕ لە جاڕنامەکەیدا، دڵنیایی دابووە “لۆرد ڕۆتشیڵد، سەرۆکی کۆمەڵگەی جوولەکەکان لە لەندەن” کە حکومەتەکەی پشتیوانی دامەزراندنی ماڵێکی نیشتمانی (دەوڵەتی ئسرائیل) بۆ گەلی جولەکە دەکات لە فەلەستین، دواتر هەریەکە لە ئەمریکا و فەڕەنسا و ئیتاڵیاش پشتگیریان لێکرد.
دابەشبکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرەڕای ئەو بەڵێنەی بەریتانیا دابویە شەریفی مەککە، لە ساڵی 1917، لە دوای بەڵێنی بالفۆر، پەیمانێکی دیکەی نهێنی (سایکس پیکۆ) ئاشکرا کرا کە لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و فەرەنسا واژۆکرابوو. ئەو ڕێککەوتنە نهێنیە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی زنجیرەیەک وڵاتی نوێ بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە (لوبنان و سوریا) کەوتنە ژێر چاودێری فەرەنسا، (عێراق و ئوردن و میسر) درانە بەریتانیا، هاوکات هەژموونی سەربازی ئینگلیز لە فەلەستین وەک خۆی مابووەوە. لەگەڵ ئەوەی بۆ نابوتکردنی عوسمانی هەردوو گەلی عەرەب و جولەکە سەرکەوتووانە هاوکاری ئینگلیزیان کرد، کەچی لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نەوت و غازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەریتانیا و فەرەنسا، دەیان بۆمبی ناکۆکیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نایەوە و ناوچەکەیان کردە کورەی جەنگ و دۆزخی دانیشتوانەکەی، بۆ ئەوەی خەونی جوولەکە بێننە دی، کوردستانییان بەسەر چوار وڵاتی دژە جوولەکە (ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا) دا دابەشکرد. پیلانگێڕی دابەشکردنی کوردستان بۆ ئەوە بوو دووژمنانی ئسرائیل لاواز بکەن، ئەوەش بەدبەختی و جینۆسایدی بەسەر گەلی کوردا هێناوە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، جەماوەرەکانیان هەم قوربانی و هەم ئەنجامدەرن، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی تاوانانەکان، دەگەڕێتەوە بۆ ژەهری پیلانگێڕی بەریتانیاو فەرەنسا لەپێناو تاڵانکردنی سامانی ناوچەکە.
ئەوەی شارەزای مێژوو نەبێت، لە سیاسەتدا شکست دێنێت.
دوای ئەوەی لە ساڵی 1948 ئسرائیل دامەزرا، وڵاتە عەرەبیەکان بۆ لەناودانی ئەو وڵاتە تازەیە، لە ساڵەکانی 1948، 1953، 1967، 1973 چەندین هێرشی هاوبەشیان کردە سەر ئسرائیل، لەبەرامبەردا زێدەباری ئەوەی چەندین سەرکردەو کەسایەتی پایەداری عەرەب لە بەرژەوەندی دووژمنەکەیان خیانەتیان دەکرد، ئسرائیل بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا، سوپای وڵاتانی عەرەبی تێکشکاندو دوو هێندەی ڕووبەری ئەو خاکەشی داگیکرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئسرائیل دیاریان کردبوو، لەگەڵ ئەوە کە زیاتر لە 700هەزار فەڵەستینیشیان لە خاکەکەیان دەرکرد. لەوە بەدواوە، نزیکەی شەست ساڵە فەلەستینییەکان هەوڵ ئەدەن ههتاوهكو بۆ ئەو سنوورانە بگەڕێنەوە کە پێش شەڕی شەش ڕۆژەی ساڵی 1967 بەدەستیانەوە بوو، هەتاوەکوو دەوڵەتەکەیان دامەزرێنن و قودسی ڕۆژهەڵاتیش بکەنە پایتەخت، بەڵام ئیسرائیل ڕێگای نەداوە و نادات. ئەگەر لە ڕووداوەکانی ڕابردوو ووردبینەوە، دەتوانین بڵێین هێرشەکەی حەماس (زریانی ئەقسا) دووبارە بوونەوەی کارەساتەکانی ڕابردووە، هەوڵدانێکە، ئسرائیل کەرتی غەزەو زەفەی ڕۆژئاواش داگیر بکاو کۆتایی بەکێشەی فەڵەستین بێنێت، بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا زیاتر لەجاران پشتیوانی ئسرائیل دەکەن. لەدوای زریانی ئەقسا، ئەمەریکا ڕاستەوخۆ بەهێزترین کەشتیە جەنگیەکانی ناردە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و خستیانیە خزمەتی ئسرائیلەوە، دوابەدوای ئەوە، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا لە 13ی ئۆکتۆبەری 2023، بەڵێنی دایە ئسرائیلیەکان و گووتی.. ئێستا، سبەی و لە داهاتووشدا ئەوروپا پشتیوانیانە، ئەوانە بێجگە لەوەی دۆناڵد ترامپ لەساڵی 2016 ڕایگەیاند قودس دەکاتە پایتەختی ئسرائیل. هاوکاریە نەبڕاوەکانی ئەمەریکاو ئەوروپا، چوونکە هێزیان داوەتە ئسرائیل، نەتانیاهو نەک نایەوێت شەڕ ڕابگرێت، بەڵکو هەوڵ ئەدات نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بگۆڕێت، بۆیە ئەگەر ئسرائیل لە غەززە سەرکەوێت، هەوڵ ئەدات زەفەی ڕۆژئاوا لە فەڵەستین، شاری قنێترەی درووزنشین و أحمدیة لە ناوچەی جۆلانی سوریا، لەگەڵ بەشێک لە گووندەکانی باشوری لوبنانیش داگیر بکاو بە ئسرائیلیانەوە بلکێنێت. بزوتنەوەی حەماس بە (زریانی ئەقسا) زیانی گەورەی لە ئسرائیلدا، بەڵام هۆدانێکی دایە ئسرائیل، لەلایەکەوە کێشەی فەڵەستین بەیەکجاری لەناو بدات، لەلایەکی دیکەوە گورزێکی گەورە لە شۆڕشەکەی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی پادشای سعودیە بوەشێنێت، بۆیە ئاسۆی پەرەسەندنی زیاتری ئەو ململانێیە بەندە بە چارەنووسی غەززەوە.
ڕاگواستنی دانیشتوانی غەززە بۆ سینا.
لەگەڵ دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011، حکومەتی ئسرائیل بەمەبەستی تۆکمەکردنی ئاسایشی ستراتیژی وڵاتەکەی، چەندین پلانی داڕشت. ئسرائیل، لە لایەکەوە حەماس لەناو بدات، لەلایەکی دیکەوە دانیشتوانی غەززە کە نزیکەی ملیۆن و نیوێک کەسە، ناچار بکات بۆ سینا کۆچ بکەن. پرۆژەی ڕاگواستنی دانیشتوانی غەززە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2013، ئەوکاتەی جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە محەمەد مورسی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی میسر کردبوو، لەبەرامبەر گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە بۆ سینا، ئەمەریکا لە قەرزەکانی میسر خۆش دەبێت، بەڵام زۆری نەبرد عبد الفتاح السيسی کودەتای بەسەر مورسی دا کرد. ئسرائیل لەدوای هێرشەکانی حەماس، پلانی ڕاگواستنی دانیشتوانی غەززەی بۆ سینا ئاشکرا کرد، لە بەرامبەردا، عبد الفتاح السيسي سەرۆک کۆماری میسر بەتوندی دژایەتی خۆی بۆ پلانەکە ڕاگەیاند، بەڵام حکومەتەکەی السيسي شەش شاری نوێی بەگووژمی نزیکەی 700 ملیار جنەی میسری، لە باکوری سینا دروستکردووە، کە 131 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت.. لۆما هێواش هێواش دەرگای کۆچی دانیشتوانی غەززە بۆ سینا بکرێتەوە.
ئسرائیل و شۆڕشەکەی بن سەلمان.
سەدەیەک لەمەوبەر سعودیە بیابانێکی وێران و دەوڵەتێکی هەژار بوو، بەڵام لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە لەسەر پشتی سامانی نەوت دانیشتووە، لەو کاتەوە، سعودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوت و ئایدۆلۆژیای تیرۆریستیە لە جیهاندا، کە سەدان ترلیۆن دۆلاری لە سامانی نەوت دەستکەوتووە و دەیان ملیاریشی لە هەناردەکردنی ئایدیۆلۆژیای توندئاژۆی ئیسلامی لە بەرژەوەندی ئەمەریکادا خەرج کردووە، بەو جۆرە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان، لە ئینسانیەت، لە پێشکەوتن و شارستانیەت داماڵیوە و کۆمەڵگا موسڵمانەکانیان گەڕاندۆتەوە بۆ ناو ئەشکەوتە تاریکەکان، ژیان و فەرهەنگەکانیان نابووتکردوون. محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، بۆ ئەوەی ناسنامەیەکی نوێی سەقامگیرو گەشەسەندو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونیات بنێت، دەیەوێت گۆڕانکاری لەو فەرهەنگ و عەقڵیەتانەدا بکات کە توندڕەوی بەرهەم دێنن. شازادە سوێندی خواردووە، سعودیە بکاتە بزوێنەری شارستانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێک لە پێشکەوتوترین هێزەکانی دنیا، لەبەر ئەوە سەرکردایەتی شۆڕشێک دەکات، لە ڕەگەوە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگای سعودیەو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێنێتە ئاراوە، بەتایبەتی لە مەنهەجی خوێندن و پەروەردەیی و لە پراکتیزەکردنی ئاینی، لە خێزان و ڕۆڵی ژنان، لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و هونەری و زانستیدا، هەروەها بناغەی ئابووری نەوت بگۆڕێت بۆ ئابوورییەکی هەمەچەشن، لەو پێناوانەدا گۆڕانکاری گەورەی لە کۆمەڵگای سعودیە بەئاراستەی مودێرنیەت و ژیانی سەردەم کردووە، و خەونی گەنجەکان بەئاراستەی فڕین و بەدیهێنان پێشڕەوی دەکات. شازادەکە بودجەیەکی زەبەلاحی تەرخان کردووە بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ئەوروپایەکی نوێ، لەباتی جەنگ و ململانێ، لەلایەکەوە گەلانی ناوچەکە لەگەڵ یەکتر ئاشت بکاتەوە، لەلایەکی دیکەوە کەشێکی نوێی پێشکەوتن و کێبڕکێی زانستی، پیشەسازی، ئابوری و بازرگانی لە ناوچەکەدا بێنێتە کایەوە. بن سەلمان لە ساڵی 2016 بڕیای دا، پردێکی ستراتیژی پردی (الملك سلمان) بە گوژمی هەشت ملیار دۆلار لە نێوان (شەرەم شێخ و تەبکە)، دروست بکات کە میسرو سعودیە لەگەڵ بەیەکەوە دەبەستێتەوە، و لەوێشەوە ئاسیا و ئەفەریقیا بەیەکەوە گرێ دەدات. ئەو پرۆژە ستراتیژیە ناوچەکە دەکاتە ناوەندێکی بازرگانی گەورە، و ئابوری میسرو سعودیەو ناوچەکەش گەشەدەکات، بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمەریکا و ئسرائیل لە شۆڕشەکەی محەمەد بن سەلمان نیگەرانن، بۆیە زێدەباری ئەوەی خەباتی گەلی فەڵەستین ڕەوایە، بەڵام پێدەچێت زریانی ئەقسا پیلانگێڕیەکی زلهێزەکان بە هاوبەشی هەر یەک لە قەتەر، ئوردن، تورکیاو ئێران بێت، ههتاوهكو شۆڕشەکەی شازادە بن سەلمان لەکار بخەن کە ئامانجی ئەوەیە، ناوچەکە لەگەڵ یەکتر ئاشت بکاتەوە و جەمسەریگیری ئایینی و توندڕەوی نەهێڵێت، بۆیە شکستی ئسرائیل لە ڕاگواستنی غەززە، مەرگی شۆڕشەکەی شازادە بن سەلمانیش دێنێت.
سەرچاوە
لە بارەی جەنگی جیهانی یەکەم. (کریستەر بێریستریۆم) ” خوێن و قوڕ ”
https://web.archive.org
https://gate.ahram.org
https://www.elwatannews.com
https://ar.wikipedia.org
https://www.bible.com