عوسمان حاجی مارف: عەربەت و بێ ئومێدی لە ئاسایش

عوسمان حاجی مارف

هێرشەكەی دوێنێ بۆ سەر فڕۆكەخانەی عەربەت، “كردەوەیەكی تیرۆریستیەو نە یەكەم هێرشەو نە دوایین هێرشیش دەبێت”. ئەمە وتەی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمە. کە ئەوەشی خستەڕو”ئەم كارە نە یەكەم كارەو نە دوایین كار دەبێت و ئەم كردەوانە بەردەوام دەبن.” گەر ئەمە حاڵی کوردستانی عێراقە، لە سایەی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانیدا، چی بکرێت و چی دەکرێت؟، هیچ ڕێگا دەرچونێک نەخراوەتە ڕوو، ئەوەی دەیبیستین و دەیبینین جگە لە ئیدانەی شەرمنۆکانەو پاڕانەوە لە ئەمریکاو حکومەتی عێراق و…  کە بەفریایان بکەون، ئومێدێک بۆ تێپەڕاندنی مەترسییەکان نیشان نادەن. واتە چارەنوسی ئەم خەڵکە دەکەوێتە بەر چارەنوسی پەیدابوونی فریاد رەسێک گەر سۆزی بۆ ئەم خەڵکە بجوڵێت..!.
 
لە ڕاستیدا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی بارزانی و دەسەڵاتی تاڵەبانی لە بەرامبەر خەڵکیدا هیچ جۆرە بەرپرسیاریەتیەک نەک نیشان نادەن، بەڵکو ئەو خەڵکەیان وەها بە بارمتە گرتووە، قوربانیدانیان زۆر بێشەرمانە، کردۆتە ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی شارەکانی کوردستان. ئەم ڕوداوەی فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت وەک خۆیان دەڵین نە یەکەم کارەو دوبارەش دەبێتەوە، واتە ڕۆشن و ئاشکرایە کە دەزانن ئەم کارە تیرۆرستیە، کێ ئەنجامیداوە و بۆ بەم تاوانە گەورەیە هەستاوە، لەمەش گرنگتر بۆ بەردەوام دەبێت..؟، بەڵام لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە تائێستا بەفەرمی رانەگەیەنراوە.
 
 ئەوەی جێگەی داخە وەک نەریتی هەمیشەییان، ئەم جۆرە گوتارانە نمایشێکی زۆر داماوانە و بێدەسەڵاتانەی وەها دەخاتە ڕوو، کە جگە لە بەرجەستەکردنەوەی زیاتری مەترسییەکان بۆ نەبونی ئاسایش، مانایەکی تری لێدەرناکێشرێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەگوتاری تەواوی بەرپرسە باڵاکان، جگە لە ئیدانەی ئەو کارە تیرۆرستیە، کە دەڵێن هەوڵ ئەدەن بزانن کام لە دوژمنانی کوردستان بەم کارە تیرۆرستیە هەستاوە، هەڵبەتە ئاشکرایە کە ئەم کارە بەشێکە لەو سنوربەزاندنەی تورکیا کردویەتی و دەیکات، هیچ کات حکومەتی هەرێم هەڵوێستێکی رۆشن و بەرەنگاری بەرامبەر تورکیا نیشان نەداوەو بێدەنگی لێکردووە.
 
 ئەوەی لەم نێوەدا جێگای پرسیارە، یەکەم تائێستا بارزانی و تاڵەبانی رۆشنیان نەکردۆتەوە کێن دۆژمنانی “کوردو کوردستان” چۆن سزایان ئەدەن؟. دووەم هەرچی لە پەیوەندی و دەوروبەری پێکهاتەی حکومەتی هەرێم و بارزانی و تاڵەبانیە، لە ئێران و تورکیا و سوریا و عێراق تێناپەرێت، ئەوەی لە نەخشەی سی ودوساڵەی مامەڵەی حکومەتی هەرێمدا بەرێوەچوە، حکومەتی ئەو وڵاتانە نەک وەک دۆستی کورد مامەڵەیان کراوە، بەڵکو تەواو مامەڵەی سیاسی بارزانی و تاڵەبانی لە لایەک پاشکۆ بون بووە بۆ بەرژەوەندییە سیاسیەکانی تورکیا و ئێران، لە لایەکی ترەوە، گەرانەوەو ملکەچیان بووە بۆ حکومەتی عێراق، حاڵی سوریاش لە کوردستانی عێراق باشتر نییە، ئیتر ئەم پێچ و پەنایە لە کارێکی تیرۆیستی کەلە فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت ئەنجامدراوە، جگە لە ریسوایی و شەرمەزاری بۆ پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکانیان مانایەکی تر نابەخشێت، لە هەمان کاتدا راگەیاندنی ئەوپەری بێ ئومێدیە لە دابینکردمی سادەترین ئاسایشێک بۆ دانیشتوانی شارەکانی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە