44
گوشارەکان بۆ سەر ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر دەبن. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەند ڕاپۆرتێکی ناخ هەژێن و پڕ ئازار سەبارەت بە پەرەسەندنی سەرکوتی هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوەکانیان لە دژی پەنابەران و کۆچبەرانی ئەفغانستان بڵاو بووەتەوە. ڕۆژنامەکانی ژێر چاوەدێری ڕژیم لەم دواییانەدا بەشێوەیەکی زێدەڕۆیانە و هاندەرانە نووسیویانە کە زیاتر لە ٨ میلیۆن ئەفغانی لە ئێران دەژین. ئەوان لە هەموو ڕوویەکەوە ئەم کەسانەیان بۆ کۆمەڵگا بە مەترسیدار ناوبردووە. هەندێکیان فرمێسکی درۆینەیان بۆ کرێکارانی ئێران ڕشتووە و هەوڵیانداوە هاوچینە ئەفغانییەکانیان وەک هۆکاری بێکاریی ئەوان نیشان بدەن. وەزیری ناوخۆ لە هەمانکاتدا کە بە خستنەڕووی ئاماری پێنج میلیۆن پەنابەری ئەفغانستان، ئاماری ڕاگەیاندنەکانی ڕەتکردەوە، بەڵام ئەو زیانانەی کە لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی ڕژیمەوە ئاماژەی پێکراوە، ڕەت نەکردەوە. هەواڵێکی زۆر تاڵ و دڵتەزێنی تر ئەوەیە کە چەند کەسێکی گوماناوی لە گرتەویدئۆیەکدا کە ئەمڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە هەڕەشە لە ئاوارەکانی ئەفغانستان دەکەن کە نابێ بێن بۆ کوردستان. ژمارەیەک لەو کەسانە کە نازانرێت سەر بە کوێن و خۆیان بە سەنەندەجی ناساندووە، ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەر بە چەقۆ هێرش دەکەنەسەر کۆچبەرێکی ئەفغانی و وێڕای بریندارکردنی، هەڕەشەی لێدەکەن کە دبێ هەر ئەمشەو ئەو شارە بەجێبهێڵێت. ئەو کردەوە قێزەون و بێ وێنەیەی ئەو گەنجانە لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سنە و هێزە پێشکەوتنخوازەکانی دیکەوە مەحکووم کراوە.
لە هەموو ئەو ساڵانەی کە شەڕ و نائارامی ملیۆنان ئەفغانستانی لە جیهاندا و لەوانە لە ئێران ئاوارە کرد، کۆماری ئیسلامی بەردەوام لەگەڵ ئەوان بەشێوەیەکی جینایەتکارانە هەڵسوکەوتی کردەوە و لەگەڵ زەخت و گوشار و بێ مافی جۆراوجۆری بەرەوڕوو کردوونەتەوە. ئەو گوشار و کردەوە جینایەتکارانەیە، بە شێوازی جۆراوجۆر خزمەتی بە ڕژیم و خاوەنکاران کردووە. هەرزان ڕاگرتنی لەڕادەبەدەری هێزی کاریان، کردنیان بە دەستەچیلەی ئاگری شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، ناردنیان بۆ سووریە لە چوارچێوەی “سپای فاتمیون و بەرگریکارانی حەرەم”، کەڵک لێوەرگرتنیان لە خۆپیشاندانی دەوڵەتی و شانۆی هەڵبژاردنەکاندا، هاوکات تەبلیغ لەدژی ئەوان وەک هۆکاری بێکاریی، بەکارهێنیان وەک ئامرازێک بۆ دوورخستنەوە و بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە کێشە ناوخۆییەکان، خراپ بەکارهێنانیان لە سات و سەودا دیپلۆماسییەکان و هتد…، لەزومرەی سیاسەتە دژی ئینسانییەکانی ڕژیم سەبارەت بە ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران بووە. لەم ڕۆژانەدا ژمارەیەک لەو پەنابەرانە کە پێناس و بەڵگەنامەی دەوڵەتییان نییە و ناتوانن لەو هەڵبژاردنە گاڵتەجاڕانەی داهاتوودا دەنگ بدەن، زیاتر لە ڕابردوو کەوتوونەتە ژێر گوشاری ڕەگەزپەرستانە و دیپۆرتکردنەوەی ڕۆژانە و هێرش و تووندوتیژی وەحشیانە.
ئەو ستەم و بێ مافیانەی کە خاوەنکاران و ناوەندە دەوڵەتییەکان لە دژی کۆچبەرانی ئەفغانستان بەڕێوەی دەبەن، لە ڕادەبەدەر بێبەزەییانە و ترسناکن. بەڵام ئەم فشارانە لەسەر جەستەی لاوازی منداڵەکانیان، بەتایبەتی ئەو منداڵە کرێکارانەی کە خەریکی زبڵ کۆکردنەوەن، گەلێک ترسناک و کاریگەرترە. منداڵانی ئەفغانستانی زۆرتر لە بەشی بیناسازی و کۆکردنەوەی زبڵ و جیاکردنەوەی زبڵەکاندا کاردەکەن. لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت کە ئەم منداڵانە لە پیسترین گەراجەکاندا و بە حەقدەستێکی زۆر کەم و بە ئاگاداری بەرپرسان، کۆگا کۆگا زبڵ و خاشاک بۆ پەیمانکارەکانی شارەداری جیا دەکەنەوە. واقیعییەت ئەوەیە کە چارەنووسی خەڵکی کۆچبەری ئەفغانستان لە ئێران لە زۆر ڕووەوە بەستراوەتەوە بە چارەنووسی خەڵکی ئەم وڵاتەوە. کرێکارانی ئەفغانستان هاوچین و هاوچارەنووسی کرێکارانی ئێرانن. هەردووکیان لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتێکی دڕندەی ئیسلامیدا دەژین. خەڵکی ئازارچێشتوو و سەرکوتکراوی ئەم دوو وڵاتە دەبێ یەکجار و بۆ هەمیشە لە دەست حاکمییەتی ڕەشی تاڵەبان و کۆماری ئیسلامی ڕزگاریان بێت. پێویستە لەپێناو بەدیهێنانی ئەم پرسە ئینتەرناسیۆنالیستی و ئینسانییەدا خەبات بکرێت. هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بەردەوام پشتیوانی کۆچبەران بوون و بە شێوەی جۆراوجۆر دیفاعیان لە کرێکارە کۆچبەرەکانی ئەفغانستان کردووە. ئەوان وێڕای مەحکوومکردنی کردەوەی جینایەتکارانەی خاوەنکاران و حکوومەتی ئیسلامی، لەم بابەتەەوە سەبارەت بە لەقاودانی بۆرژوازی بەرەی ڕاستی ئۆپۆزسیۆن کە بە کردەوە لەبەرامبەر کۆچبەرانی ئەفغانستاندا هاوهەڵوێستی کۆماری ئیسلامین، درێغیان نەکردووە. لەو هەلومەرجەی ئێستادا کە ئەم خەڵکە ئازارچێشتووە بەم شێوەیە کەوتوونەتە بەر هێرش و ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕژیم ئاژیتاسیۆن لەدژیان وەڕێدەخەن، پێویستە بەشێوەیەکی جیددی تر و چالاکانە تر بەرگرییان لێ بکرێت. پێویستە لە هەر شوێنێک هێرش دەکرێتەسەریان لێبڕاوانە لەبەرامبەر دەستدرێژیکاراندا بوەستینەوە و رسوایان بکەیەن. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە پێویستە بە وشیارکردنەوەی بیروڕای گشتی کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، تەبلیغاتی ژەهراوی خاوەنکارەکان، کاربەدەستانی ڕژیم، ڕیفۆرمخوازانی دوورخراوە لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست لە دژی ئەوان پووچەڵ بکرێتەوە.