جەعفەر ئەمین زادە: ئاوڕدانەوەیەک لە کەسایەتیی سیاسیی هاوڕێی گیان بەخت کردوو «یەحیا خاتوونی»

جەعفەر ئەمین زادە

پێشەکی
 
جەعفەر ئەمین‌زادە: یەحیا خاتوونی لە دایک‌بووی ١٣٢٤ لە شاری سەقز، یەکێک لە شۆڕشگێڕە ناسراوەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان و سیمایەکی دیار و بەرجەستەی سیاسی شاری سەقز بوو.هاوڕێ یەحیا خاتوونی کاری سیاسیی خۆی لە کاتی مامۆستایەتی و هەروەها لە زانکۆی تەورێزەوە دەست پێ کرد و یەکێک بوو لە هەڵسووڕاوانەی کە جگە لە چالاکیی خوێندکاری بە دژی ئیستیبداد و سەرەڕۆیی ڕژیمی پاشایەتی، پشتیوانی شێلگیر و جیدیی گەشە کردن و بەرین کردنەوەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی خەڵک و هەروەها یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی «کۆمەڵەی دێمۆکراتیکی سەقز» دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا.
 
 
یەحیا خاتوونی یەکێک لە رووناکبیرە ناسراوەکانی شاری سەقز و کەسایەتییەکی دیاری ناو بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان، بە هۆکاری جۆراوجۆر کەسایەتییەکی زۆر جیاواز بوو لە باقیی ڕووناکبیرەکانی دیکە لەم شارەدا. شەهید یەحیا کەسایەتییەکی سیاسیی جەماوەری بوو و کاریگەرییەکی هەرە زۆریشی لەسەر چین و تووێژە جۆراوجۆرەکانبە تایبەت لەناو چینی هەژار و زەحمەتکێشدا هەبوو. کاک یەحیا بە پێچەوانەی زۆربەی ڕووناکبیرەکانی سەردەمی خۆی لەگەڵ جەماوەری خەڵکدا پێوەندییەکی قووڵی هەبوو و هەر بەم بۆنەیشەوە لە ئاستی شاری شار و ناوچەی سەقزیشدا دەیانناسی و ڕێزێکی زۆری لێ دەگیرا.
 
شایانی باسە کە دوای ڕووخانی سیستسمی پاشایەتی بەشێک لە دەرەبەگەکانی کوردستان بۆ ئەوەی زەخت بخەنە سەر جووتیاران و بەر بە شۆڕشەکەیان بگرن خۆیان چەکدار کردەوە لە بەرامبەر ئەمەدا یەکێتیی جووتیاران پێک هات و لێرەوە بزووتنەوەی جووتیاران دەستی پێ کرد و پاشان چەندین جار تێک هەڵچوونی چەکدارانە لە نێوان دەرەبەگەکان و جووتیاران ڕووی دا. هاوڕێ یەحیا خاتوونی ٢٦گەلاێژی ١٣٥٨ لە کاتی تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان جووتیارن و دەرەبەگەکان لە گوندی کەرەفتووی سەر بە شاری سەقزدا گیانی بەخت کرد.
 
کاک یەحیا بۆ نموونە جگە لە دەروبەرییەکان و هاونەسڵەکانی تەنانەت لەسەر نەسڵی دوای خۆیشی کاریگەرییەکی قووڵی بەجێ هێشت. لە ڕاستی‌دا هۆکاری خۆشەویستیی کەسایەتییەکی سیاسیی وەک کاک یەحیا تەنیا ئەوە نەبوو کە دژی سیستمی پاشایەتی خەباتی دەکرد و یەکێک بوو لە چالاکە پیگیرەکانی ئەم خەباتە بەڵکوو لە هەموو ڕوو و ڕووبەرێکەوە پرسە سیاسییەکانی دەبینی و ڕوانگەیەکی بەرفراوانی بۆ کۆمەڵگا و پرسی سیاسی لە کوردستان و ئێراندا هەبوو هەر ئەمەیەش هۆکار بوو ئەوەی خەڵک و بە تایبەت لاوانی ئەو سەردەمە زیاتر لە هەموو کەسێکی دیکە بەرەو لای خۆی ڕابکیشێت. ڕاستە کە کاک یەحیا لە ژیاندا نەماوە بەڵام بە ڕای من ئەگەر لە ژیاندا بمابایە کاریگەریی ئەم کاسایەتی زۆر بە باشی دەردەکەوت و دەبینرا.
 
کاک یەحیا چ ئەو کاتەی لە دێهات مامۆستای قوتابخانە بوو و چ ئەو کاتەی بۆ مامۆستایەتیی قوتابخانە گەڕایەوە بۆ شاری سەقز و دوای ماوەیەک بۆ تەواو کردنی خوێندنی باڵا چووە زانکۆ و سەر لە نوێ گەڕایەوە زێدەکەی خۆی ئەو لایەنە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەی هەم لە ناو خەڵکی دێهاتەکان و هەم لە ناو خەڵکی شاری سەقزدا ڕەنگی دابوەوە و ئەم کارتێکەرییەیش گەلێک زەق و بەرچاو بوو و هەموان بە باشی هەستیان پێ دەکرد.
 
کاک یەحیا مامۆستای من بوو لە قوتابخانە و من پێش ئەوەی مامۆستام بێت دەمناسی. بەڵام کاتێک لە ساڵەکانی ٥١ و ٥٢دا بوو بە مامۆستامان باش‌تر کاک یەحیا و کەسایەتییەکەیم ناسی. کاک یەحیا ئەگەرچی زۆر لە ژیاندا نەما و لە ساڵی ١٣٥٨دا گیانی بەخت کرد بەڵام کاریگەریی ئەرێنی و پۆزێتیڤەکەی لەو ماوە کورتەی پێش و پاش شۆڕشدا دیار و بەرچاو بوو و پێم وایە تاکوو ئێستایش ئەو کاریگەرییە هەر ماوە بۆ نموونە لەسەر خۆم. جێگی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم کە کاریگەریی وەرگرتنی ئێمەومانان و وابستەیی ئێمە بە کەسایەتییەکی وەک کاک یەحیا لە ڕاستیدا حیزبی و ڕێکخراوەیی نەبوو و زیاتر پێوەندیی بە خەت و بیروبۆچی سیاسییەوە هەبوو لەبەر ئەوەی کاک یەحیا کەسایەتییەکی، چەپ، سۆسیالیست و زەحمەتکێش بە تایبەت لە ڕووی فیکرییەوە زۆر کراوە و دێمۆکرات بوو تەنانەت لەم ڕووەوە بە بەراوەرد لەگەڵ هاونەسڵەکانی خۆی و دوای خۆیشیدا زۆر جیاوازتر بوو. بۆیە هۆکاری جەماوەری و کۆمەڵایەتی بوونی کەسایەتیی کاک یەحیا وای کرد کە کاریگەرییە فیکری و سیاسییەکەی تاکوو ئێتایش هەر زیندوو بمێنێتەوە بە تایبەتی لەسەر ئەوانەی کە نزیک و دوور دەیان ناسی و لەگەڵ هات‌وچۆ و دۆستایەتیان هەبوو. لە لایەکی‌ترەوە کاک یەحیا سەرباری ئەوەی خوێندنی زانکۆی تەواو کردبوو و مرۆڤێکی ئاکادێمیک بوو بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە زۆر وریا، سیاسی و خوێندەوار بوو.
 
ئەگەرچی سەبارەت بە کاک یەحیا و کەسایەتییەکەی و دەور و نەقشی لە بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان و کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەو لەسەر نەسڵی خەباتکار و شۆڕشگێڕی شاری سەقزی پێش و پاش شۆڕشی گەلانی ئێران کەم باس کراوە و بەو شێوەی کە شایستەیە ئاوڕ لەم کەسایەتییە سۆسیالیستەیە نەدراوەتە بەڵام وەک خۆم بەبێ دوودڵی و ڕاڕایی دەتوانم بڵێم کەسایەتییەکی وەک کاک یەحیا لە ڕووی نفووزی کۆمەڵایتییەوە کەم‌وێنە و لە ڕووی سیاسییەوە زیاتر لە هەموو کەسایەتییەکی‌تری ئەو سەردەمە لە شاری سەقز پێگەیشتووتر و کامڵتر بوو.
 
03.07.2023

لێدوانێک بەجێ بهێلە