ئیسرائیل و حەماس و فەلەستین و کورد

لێکدانەوەیەکی سیاسیانە بۆ تێگەیشتنێکی سیاسیانە

ئیدریس مستەفا:
ئیسرائیل وەک دەوڵەت…
ئیسرائیل وەک هەر دەوڵەتێکی تری ناوچەکە بەتایبەت دەوڵەتانی عەرەبی دروست بووە و هیچ شتێکی سەیر و سەمەرە یاخود پێچەوانەی دیدە مادی و مێژووییەکانی دروست بوونی قەوارە دەوڵەتیەکان نیە. ئەوەی عەقڵی عەرەبی فەلەستین بە عەردی خۆیان دەزانن و گوایە ئیسرائیل لەسەر خاکی عەرەبی دروست بووە ئەوە جگە لە بێ ئاگایی و حەقارەت هیچی تر نیە. ئایا سوریا و عێراق و لوبنان و ئوردن و میسر و لیبیا و تونس و جەزائیر و مۆریتانیا خاکی عەرەبین یاخود فڕیان بەسەر مێژووی عەرەبەوە نیە؟
ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک بۆ جولەکە…
ئەوەی گوایە دروست بوونی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک دەرئەنجامی ئەو زوڵم و زۆرەی لە جوو کرا لە جەنگی جیهانی دووەمدا، ئەوە بێ بنەماترین تێگەیشتنە؛ یاخود دەوڵەتی ئیسرائیل ئامێزێکە بۆ گرتنە باوەشی هەموو جووەکانی جیهان ئەوە دوورە لە راستیەوە چونکە ئیسرائیل بەو پێودانگەی لە تیئۆریەکی ئەوروپیەوە دامەزراوە زمان و فەرهەنگ و عەقڵی جووی ئەوروپی، ئەشکەنازی، تێدا زاڵە. هەر خودی ئەو سیستەمی هەڵبژاردن و دیموکراسیە ئەوروپیە لەو رەگەوە هاتووە.

ئیسرائیل پەناگەیەک بۆ زوڵم لێکراوان…!
لەو رووەی جووەکان هەمێشە زوڵمی مێژووییان لێکراوە، وا پێشبینیدەکرا کە دەوڵەتی ئیسرائیل ببێتە پەناگەیەک یاخود پشتیوانیکەری گەلانی ژیر دەستە؛ کەچی لەو رۆژەوەی ئیسرائیل دروست بووە نەک هەر بووەتە پەناگەیەک بۆ خەلکانی زوڵم لێکراوە بەڵکو بووە بەشێک لەو سیستەمە جیهانییەی میللەتانی ژێر دەستەی تێدا دەهاڕدرێ. بگرە ئیسرائیل وەک هەر دەوڵەتێکی تری ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش رێک رەنگدانەوەی ئەو ماهیەتە دەوڵەتیە دەکات کە قەوارە سیاسیە دەوڵەتیەکانی لەسەر دروست دەبن. تەنها بەهای سەرەکی دەولەتەکانی لەسەر دروست دەبن لەبەرجاوگرتنی بەرژەوەندیەکانی خۆیانە جا بۆ ئەو بەرژەوەندیانە هەرچی خەڵکانی غەدر لێکراو هەیە ببنە قوربانی گرفتێک نیە بۆیان. ئا ئەمە دەوڵەتی چینایەتی سەرمایەداریە کە ئیسرائیلی وەک هەر دەوڵەتێکی تر بنیات ناوە.

ئیستای ئیسرائیل…
ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک کە ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و وەک هەر دەولەتێکی تری ئەم سیستەمە جیهانیە خاوەن کۆمەڵی پایەی سیاسی و قانونی و جیوگرافی و سەربازی و ئابوری و دپلۆماسیە و لە یەکێک لە شوێنەگە هەستیارەکانی جیهاندا هەڵکەوتووە و لەوەتەی دروستیش بووە رۆژێک نەبووە سەردێڕی یەکێک لە هەوالە جیهانیەکان پێک نەهێنێ. بگرە لە رۆژهەڵاتیناوەڕآستدا ئیسرائیل تەنها وڵاتێکە کە پێودانگە لێبرال دیموکراسیە رۆژئاواییەکانی تێدا بەرجەستە بووە هەرچەندە ناسنامەی ولاتەکە ئاینی بێ. بگرە ئاینی بوون رێگر نەبووە لەوەی ئەو وڵاتە ببێتە وڵاتێکی عەلمانی و مەدەنی و رۆلی قانوون تێیدا.

حەماس چیە…
رێکخراوێکی ئیسلامی جەکداری توندڕەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رۆژئاوایی بە تیرۆرست لە قەڵەم دراوە. لای حەماس کاتێک تیرۆرستە کە پەلاماری خەڵکانی مەدەنی دەدات و وەک بارمەتەی سەربازی و بگرە خراپتر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات چ لە هەوڵی تۆقاندنەوە تاکو پەلاماری ئەتک کردن و کوشتن. ئیسرائیل قازانجێکی سیاسی ناوخۆیی و بگرە جیهانیشی کردووە لە بوونی حەماس. لە لایەک بۆ بەرەی ناوخۆی خۆی دەیەوێ بازاڕی سیاسی پێ گەرم بکات و لەسەر ئاستی جیهانیش دەیەوێ مەسەلەی خەڵکی فەلەستینی پێ لەکەدار بکات و لەمەشدا سەرکەوتوو بووە بەتایبەت لە ئەمجارەی دواییدا.
حەماس مانگانە دەیان ملیۆن دۆلاری خاڵی گومرگی غەزە کۆدەکاتەوە بۆخۆی و ساڵانەش ئێران زیاتر لە دووسەدوپەنجا ملیۆن دۆلار وەک پارەیان دەداتێ ئەمە جگە لەوەی هەر چالاکیەک دژ بە ئیسرائیل ئەنجام بدری ئەوا بەخشیشی لەسەر وەردەگرن. هەر چالاکیەکی سەربازی چ لە پەلاماردانی چەقۆوە تا دەگات بە فڕیدانی بۆمبی دەستی بۆ ناو هەر شوێنێکی ئیسرائیلی چ مەدەنی یا سەربازی و یاخود تەقەکردن و خۆ تەقاندنەوەش بەتایبەت گەر کوشتنی هاوڵاتی و سەربازی ئیسرائیلی تیدا بێت ئەوا پارەی باش وەردەگرن. لە نوسێنیکی کۆنمدا باسم لەو پارانە کردووە کە دەدرێ لە بری ئەو چالاکیانە.
حەماس تاکو ئێستا نەک هەر یەک دەسکەوتی بۆ خەڵکی فەلەستین بەتایبەت غەززە نەبووە بەڵکو هەردەم وێرانکاری بەسەردا هێناون. دوو ساڵ لەمەوپێش ئامارکاریەکی نهێنی و ئۆنلان لە غەززەدا چووە پێش. لە سەدا شەستی خەڵک دەسەڵاتی حەماسیان ناوێت. بەتایبەت حەماس باوەڕی بە هیچ هەڵبژاردن و دیموکراسیەتێک نیە و لەوەتەی هەیە هەر خۆی لەسەر دەسەڵاتە لە غەززە. هەر بەوێنەی هەرێمەکەی خۆمان جیاوازی ژیان و گوزەرانی بەرپرس و سەرکردەکانی حەماس و خێزانەکانیان فیرعەونیانە دەژین لە کاتێکدا خەڵکی عامە لەوپەڕی هەلاکەتدایە.

فەلەستین کێشەیەکی سیاسی دروستکراو…
گەر لە پێنچ سەدەی رابردووەوە تەماشایەکی مێژوو بکەین دەبینین کێشەی میللەتێکی داگیرکراو و مافخوراو بە ناوی فەلەستینەوە نەبووە. دەوروبەری چوار سەد ساڵيک عوسمانیەکان حوکمی ئەو ناوچەیەیان کردووە و لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمیشەوە تاکو تەواو بوونی جونگی جیهانی دووەم ئینتیدابی بەریتانیا بووە. لەوە بەدواش تاکو ئێستاکانێ قەوارەیەکی سیاسی جولەکەی تێدا دروست دەکرێ بە ناوی دەوڵەتی ئیسرائیل.
پێشتر نیشتمانێک نەبووە بە ناوی نیشتمانی عەرەبی فەلەستینی یان قەوارەیەکی سیاسی نەبووە بەو ناوەوە. فەلەستین جێگەی پێکەوە ژیانی چەندان قەوم و دین بووە بەڵام کاتێک یەکێک لەو خەڵکانە لەو ئاینانە دەوڵەتێک لەسەر ئەو خاکە دروست دەکات ئەوە بە مانای ئەوە نیە وڵاتێکی نەتەوەیەکی تری داگیر کردبێ بەڵکو بە مانای ئەوەیە کێ زوو دەستی خۆی بوەشێنێ ئەوە شتی دەستدەکەوێ. ئەمە یەکێکە لە مەنتقە ریالیزمیەکانی سیاسەت.
لەگەڵ دروستبوونی جوڵانەوەی دژە-ئیستیعماری لە وڵاتانی عەرەبیدا عەرەبەکانی فەلەستین بە هاوکاری وڵاتە تازە قەومیە عروبەییە چەپەکانی وەک عەفلەقیزم لە سوریا و عێراق و ناسریزم لە میسر ، وەک ئاستی جیهانیش دەرکەوتنی چەندان جوڵانەوەی سەربەخۆیی نیشتمانی و چەپێتی گەلانی تر، فەلەستین بوو بە کێشەیەکی سیاسی قەومی نەتەوەیەک کە جووتەیەکی سیاسی و فکری، قەومی و چەپێتی (دواتر ئیسلامی) بۆ ئاوێتە بوو کە ناسیوناڵیستەکان و چەپەکانی کرد بە دوژمنی ئیسرائیل و دروستکردنی کێشەیەکی سیاسی میللەتێک بە ناوی فەلەستینی عەرەبی کە پێشتر بوونی نەبووە. هەردوو رەوتە سیاسیە فکریەکە رەگەیەکی ئاینی هەبوو، چ قەومیەک و چ چەپێک لە بەرمابەر جولەکەدا ئەوەی دەیجوڵاندن و ئیستەش دەیانجوڵێنێ رەگە ئاینیەکەیە بێ ئەوەی هەست بەخۆیان بکەن.
گەر قەوارەیەکی سیاسی دروست ببوایە هەموو ئەو قەوم و ئاینانەی لە خۆدا کۆبکردایەتەوە و هەموان
مافی هاوڵاتی بوونیان لەو دەوڵەتەدا هەبوایە ئەوا ئەو دەوڵەتە دەبوو بە سویسرای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بەڵام کە ئیسرائیل دروست دەبێ بە ناسنامەیەکی ئاینیەوە ئیتر کێشە سەر ئیشاوییەکان سەر هەڵدەدەن و چ بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی و چ ئاینی نان و پیازی پێوە دەخۆن و ئیسرائیلیش وەک دەوڵەتێکی چینایەتی سەرمایەداری پێویستی بەو سەرگێژەنانە هەیە بۆ هەندێ ئەجێندای تاکتیکی و ستراتیجی و لەمەشدا سەرکەوتوو بووە تاکو ئێستا و بگرە ناوچەکەش بەرەو شکڵپێدانێکی تر دەبات؛ دیارە بە هاوبەشی و هاوپشتی رۆژئاوا.
لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل دەوڵەتێکە بە ناسنامیەکی ئاینیەوە و پشتیوانکەری هیچ بزووتنەوەیەکی بەرهەق یاخود میللەتێکی زوڵملێکراوی نەکردووە لە جیهاندا کە دەبوو بیکات چونکە مێژووی خۆیان بریتیە لە بەشخواروی و غەدرلێکراوی، بەڵام وەک وڵات عەلمانیە و تەنها وڵاتە رۆڵی قانون تێدا هەبێ و مافە لیبراڵ دیموکراسییەکانی تێدا پەیڕەو بکرێ وەک چۆن لە جیهانی غەربیدا هەیە.

ئایا کورد و فەلەستین وەک یەکن؟
بێگومان نەخێر. فەلەستین کۆکراوەی هەموو پاشماوەکانی مێژوو بووە کاتێک هەر دەسەڵاتێک یا ئیمبراتۆریەتێک کە هاتووە و رۆیشتووە کۆمەڵێ خەڵکی رەنگاڵەیی لە رەگەز و رەنگ و ئاین و ناسنامەی جیاوازەوە بەجێهێشتووە بە دوای خۆیدا و قۆناغە مێژووییەکانی ئەو خاکە لە زاری خودی مێژووناسانەوە ئەوەمان پێ دەڵێت. ئەم حاڵەتە مێژووییە بۆ کورد و وڵاتەکەی نابینرێ. کورد میللەتی تاقانەی ئەو خاکە بووە و لەسەری ژیاوە بۆ هەزاران ساڵ بە جێگیری سەربارەی هەر داگیرکاریەک. دیارە لە سەر هەموو خاکێک مرۆڤگەلی فرە رەگەزی و فرە ئاینی و فرە زوبانی و فرە فەرهەنگی ژیاوە بەڵام ئەو فرەییەی فەلەستین هەیبووە، کەمتر لە کوردستان هەبووە. ئەو پاشماوە مێژووییەی نەخشەی فەلەستینی پێ رەنگڕێژ کراوە خودی ناسنامەی خەڵکی فەلەستین پێکدەهێنێ و عەرەب یەکێکە لە پێکهاتە مرۆیی و رەگەزی و ئاینی و کەلتوریەکانی ئەو وڵاتە نەک تاقە خاوەنی ئەو خاک و وڵاتە بێ بەتایبەت وڵاتێک نەبووە بە قەوارەیەکی سیاسی یاخود جوگرافیەکی دیاریکراوەوە بە ناوی فەلەستینی عەرەبی.
لێرەدایە کە هەر گوتارێکی عەرەبی چ سیاسی یا فکری یا قانونی بەرەو رووی نامەنتقیەکی مێژویی و واقعی دەبێتەوە؛ بگرە، دەبێتە گوتارێکی خاڵی لە عەقڵ و پڕ لە بێ عەقڵی. ئەو گوتارە عەرەبیەی لەسەر فەلەستین هەیە لەمسەری راست و دینیەوە تاکو دەگاتە چەپی گوتارێکی ناسیوناڵیستی کوێرانەی پر لە کین و بوغزە و ئەو هەقەی بۆ فەلەستنێکی عەرەبی بە رەوا دەبینن بۆ کورد و وڵاتەکەی نەک هەر بە رەوا نایبینن بەڵکو کورد بە بەکرێگیراوی هەرجارەی وڵاتێک دەبینن و خاکەکەشی بە خاکی عەرەبی دەزانن لە چووارچێوەی نیشتمانی عەرەبی گەورەیاندا و هەرگیز بە رەوای نابینن کورد دەوڵەتی خۆی هەبێ لە کاتێکدا زۆربەی دەولەتە عەرەبیەکان گەر نەڵێم هەمووی ئیستیعماری بەریتانی و فەرەنسی و سیاسەتی ئەمریکی دروستی کردوون و ئیستاش بە پارێزگاری ئەمریکا و جەمسەرە جیهانیەکانی ترەوە دەوڵەتەکانیان ماوە.
وەک بارە سیاسیە جیهانیەکەی، کورد لە مێژوودا بووە قوربانی کۆڵۆنیاڵیەکی نێودەوڵەتی، وەک ئیسماعیل بێشکچی دەڵێت، بەڵام فەلەستینیەکان بوونە دەستی قوربانی خودی وڵاتگەلی عەرەبی و ئیسلامی. وڵاتانی ئیسلامی و دواتر عەرەبی بە رەسمی دانیان بە وجودی ئیسرائیلدا نا وەک دەوڵەت و بگرە لە سەرەتاوە دەستێکی باڵایان هەبووە لە زۆربوونی دانیشتوانی ئیسرائیل ئەویش بە دەرکردنی جووی وڵاتەکانیان و رەوانەکردنیان بۆ ئیسرائیل. بۆیە وەک باری سیاسی جیهانی، بەریتانیا هەرگیز نەیدەتوانی وڵاتێک بۆ جوو بەو شێوەیە دروست بکات گەر بێ دەنگی و بێ هەلوێستی و بگرە بەشداری وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی نەبوایە.
زۆر خاڵ و بابەتی تر هەن لەمبارەوە بگوترێ بەڵام بۆ شوێنێکی وەک فەیسبوک هەر ئەوەندە بەسە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە