کام شەڕ لەبەتاڵی باشترە!

محــــــمود احـــمد:     
بێکاری و گرانی ماددە خۆراکیەکان و گرانی بەردەوامی پێداوویستیەکانی ژیانی ڕۆژانە، هەڕەشەیەکی گەورەو جددییە لەسەرتاپای کۆمەڵگاو کاریگەرییەکانیشی دەیان گرفت و کێشەی هێناوەتە پێشەوە بۆزۆرینەی خەڵکەکەی.سیاسەتی لەچاوەڕوانی هێشتنەوەی خەڵک و بەتایبەتی مووچەخۆران و بەبارەمتەگرتنی ژیان وگوزەرانی ئەوان لەنێوکایەی سیاسی بەغدادو هەولێرداو زیکزاک لێدان و پاساوهێنانەوە، خەڵکی تووشی دەیان تراژیدیاو کارەسات کردۆتەوەو ئۆقرەی لەبەر خەڵک بڕیوەو تووشی نائومێدییەکی سەرتاپاگیری کردوون بەجۆرێک خەڵکی ڕەشبین کردووە کە ئاواتەخوازی مەرگ بێت و ڕزگاری ببێت لەم هەموو نەهامەتییانە کەلەسایەتی دەسەڵاتی کوردایەتی و حزبەکانیەوەڕووبەڕووی کراوەتەوە.
کرێکاران و زەحمەتکێشان وەکو چینێک لەکوردستاندا، بەهۆی نەبوونی کاروکارکردنەوە، ژیان و گوزەرانیان هێندەی تر سەخت و دژوارتر بووەتەوە کەجگە لەهێزی کارەکەیان، ئیتر هیچ سەرچاوەیەکی ماددی تریان نیە بۆبژێوی و ژیانکردن و تەنانەت زیندوو مانەوەشیان لەدۆخێکی ئێجگار نالەبارو سەختدایە.
خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی کرێکاران بەبەڵگەی ئەوەی کە ناڕێکخراوو پەرتەوازەو پەرش و بڵاوون، هەتا ئێستا بەبەردەوامی باجی قورسی گوزەران و بەڕێوەچوونی ژیانیان ئەدەنەوە.. نەیانتوانیووە لەڕێکخراوێکی واقیعی خۆیاندا هێزی گەورەی خۆیان کۆبکەنەوە هەتا لەم ڕێگایەوە بتوانن فشارەکانیان گەورەتر بکەنەوە لەپێناوی باشترکردنی هەل ومەرجەکانی ژیانیان ولەپێناوی چارەنوسێکی باشتر لەئێستایان، وە بتوانن ڕێگا لەم هەمووە زوڵم و زۆرە بگرن کەبەردەوام لێیان ئەکرێت. هەرئەمەش تاکە هۆکارو ڕەگ وڕیشەی بەدبەختی و نەهامەتیەکانی ئەوانە کەفرسەتی گەورەی داواتە دەست حکومەت و کۆمپانیاو خاوەنکارەکان کەبتوانن ئەم سیاسەتە دژە کرێکاری و دژە خەڵکیە بەئاسانی فەرز بکەن و سەرتاپای کۆمەڵگا لەچاوەڕوانییەکی کوشندەدا ڕابگرن و سەرقاڵیان بکەن بەسیاسەت و سەوداومامەڵەی ڕۆژانەی خۆیان ودەسەڵاتەکانی خۆیانەوە.
ئەگەر شەڕ لەبەتاڵی باشتر بێت بەو مانایەی کە سەرقاڵی کارێک بیت و بەتاڵ نەبیت، چونکە بەتاڵی و بێکاری دەردێکی کوشندەیە، ئەوا کرێکاران دەبێت شەڕێک بکەن کەتێیدا براوە بن، بچنە ناو شەڕێکەوە کەئاڵوگۆڕ هێنەر بێت بەقازانجی ژیانیان. کرێکاران هیچ شتێکیان نیە هەتا بترسن کەلەدەستی بدەن، نەکارگەو کارخانەیەکیان هەیە، نەموڵک و ماڵ و ژیانێکی فوق العادەو باش ، نەسەرچاوەی داراییەک کەبتوانێت هەموو خۆزگەو ئاواتەکانی تێدا وەدی هاتبن، ئەوان تەنها هێزی کارێکیان هەیە کەڕۆژانە لەبازاڕی کارو کارکردندا، یان لەناو کۆمپانیاو کارگەدا هەرزان فرۆشی ئەکەن بەڕۆژانەیەکی پڕ پێچ و پەنا کەهێشتاش ناتوانێت دووعەلاگە پڕبکات، کەکیلۆیەک گۆشت ناکات بەمریشکێکەوە، ئەی چی بکات بۆ کرێی خانوو، پێداوویستیەکانی ڕۆژانەو جل وبەرگ ومیوەجات و دەواو دکتۆرەکەی! یان لەکارگەو کارخانەیەکدا کاردەکات بەمووچەیەکی کەم و بەچەند مانگ جارێک و بەلێبڕینیشەوە کەناتوانێت ژیانی مانگێکی هەروا بەئاسانی و بەتەسەلی بۆ بەڕێوەببرێت. ئیتر باشەڕو کێشەی خێزانیشی لەولاوە بوەستێت کەبەردەوام هەڕەشەی لەبەریەک هەڵوەشاندنەوە دەکات و زۆرینەی خێزانەکانی لەلێواری لەبەریەک ترازاندا ڕاگرتووە.
ئەم نەهامەتیانە بۆچی و لەپێناوی چیدا ڕووئەدەن و ڕیشەکەی چیەو کێ لێی بەرپرسیارە؟
ئەوە حەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگرە کەدەسەڵاتی سەرمایەو حکومەت و حزبەکانی سەرچاوەی ئەسڵی هەموو ئەو زوڵم و نەهامەتیانەن، بەڵام لەڕاستیدا بەشێکی گرنگی ئەو بەدبەختیانەش ئەگەڕێتەوە بۆ ناڕێکخراوی و پەرتەوازەیی خۆمان، کەنەمانتوانیوە لەدەوری یەکتری کۆببینەوە، خۆمان ڕێکخراو بکەین لەژێر چەترو لەسایەی خۆماندا، مشاوەرەو گفتوگۆ بکەین لەگەڵ یەکتری، نەخشەڕێگای بەرەنگاربوونەوەی خۆمان دابڕێژین هەتا بەمجۆرەی ئێستا نەبین، نەمانتوانیووە کاغەزی یەکتری بخوێنینەوە، دەستی یەکتری بگرین و لەپاڵ یەکتریدا بین، نەمانتوانیووە لەیەکتری نزیک ببینەوە، چونکە هەریەکەمان عەینەکێکی لەچاودایەو ژیان بەو ڕەنگ وجۆرەی کەخۆی دەیەوێت ئەیبینێت و بیردەکاتەوە، نەمان وویستووە ئەو عەینەکە دابگرین و بێین و پێکەوە لەگەڵ یەکتریدا گرفت و کێشە هاوبەشەکانمان دیاری بکەین، بێین و قسەوباسەکانمان دەست پێبکەین لەسەر: بێکاری، بێ پارەیی، بێ ژیانی، نائەمنی، گرانی، کرێی خانوو ئاوو کارەبا، کار یان بیمەی بێکاری، ڕانەگرتنی مووچە، قەدەغەی لێبڕین، قەدەغەی لەسەرکاردەرکردن، زیادکردنی مووچە بەپێی گرانی، خۆڕاییکردنی دەواو دکتۆرو خەستەخانە، گۆڕینی سیستەمی پەروەردە، ئازادی مانگرتن و کۆبوونەوە، نەهێشتنی تاوان و تاوانکاری، ڕێگریی لەتیرۆرو تیرۆرکردن، پاراستنی ژینگەو ژیان، لەدواییشدا بیربکەینەوە لەدەسەڵات بەدەستەوە گرتن لەپێناوی خۆماندا.
ئێمە ئەتوانین هەموو ئەوانە بکەین ئەگەر ئیرادە بهێنینە مەیدانەوە. ئەتوانین ژیان و ئایندەیەکی باشتر بۆخۆمان و نەوەکانی داهاتوو بەباشترین شێوە سەرلەنوێ بنیاد بنێینەوە بەومەرجەی هەر لەئێستاوە بێین و لەدەوری یەکتری کۆببینەوە، مەشوەرەت لەگەل یەکتریدا بکەین، خۆمان ڕێکخراوبکەین لەڕێکخراوێکی ڕاستەقینەی خۆمانداو لەخۆماندا، دەستەو گروپەکانی خۆمان هەڵبژێرین لەناوەندەکانی کارو خوێندنگاو خەستەخانەو گەڕەک و شوێنی کاردا، پێکەوە بەئاسۆیەکی سیاسی و ئینسانیەوە دەست بخەینە نێودەستی یەکترییەوەو یەکتری بەجێ نەهێڵین هەتا ژیان و ئایندەیەکی باشتر لەئێستامان دیاری دەکەین..
شەڕی ئێمە ئەم شەڕەیەو ئەمێستاکە بەتاڵین و دەتوانین ئەم بەتاڵیەش بگۆڕین بۆشەڕی دیفاع لەخۆمان.ئەگەر ئەم شەڕەش نەکەین، ئەوا بەتاڵی ئەو شەڕە نەگریسە دەبێت کەدەکەوێتە ناوخێزانەکانمانەوەو لەبەر یەک هەڵیدەوەشێنێتەوە، شەڕ دەکەوێتە نێو هەموومان و هەموو ماڵێکەوە، دەکەوێتە ناو کۆمەڵگاوەو هەمووشمان زەرەرمەندی یەکەم دەبین. بینیمان و بینیتان شەڕی خوێنی خۆمانمانکرد لەسەر ئەوان و شەڕی ئەوانمان هێنایە ناو ماڵەکانی خۆمانەوە، هەمووان بەهۆی ئەوانەوە تووشی گەورەترین تراژیدیاو نەهامەتی بووینەوە، لەپێناوی ئەواندا بووین بەسەوزو زەردو شین و ڕەش و گڵۆپ و…تاد.. خۆمان خستە سەنگەری دژی یەکترییەوە بەقیمەتی دوژمنایەتیکردنی خۆمان، بەقیمەتی شەڕو کێشەی عەشائیری و تۆڵەکردنەوە لەپێناوی ئەواندا، دواجاریش هەرئەوان قازانجی گەورەیان کرد لەسەر حسابی نابووت بوونی خۆمان و بەم دەردەی ئێستا براینکەهەموو دەستەوئەژنۆو بێئیرادە چاوەڕێی فریاد ڕەسێک بکەین هەتا بێت و ڕزگارمان بکات.
فریادڕەس تەنها خۆمانین و ئێمە دەتوانین کوردستان بەچارەنوسێکی ئینسانی و باشترەوە بینا بکەینەوەئەگەر ئیرادەمان هەبێت، ئەگەرلەڕێکخراوێکی خۆماندا نەخشەڕێگای ئەو نەبەردە مەزنە دیاریبکەین و بیر لەبەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتدارێتی خۆمان بکەینەوە.. ئێمە ئەتوانین و دەشتوانین شەڕ لەبەتاڵییەوە بگۆڕین بەشەڕی چارەنووسێکی باشتر بۆهەموان، بۆ ژیان و ئایندەیەکی باشتر لەئێستا ئەگەر ڕێکخراوبین و لەدەوری یەکتری کۆببینەوەو خۆمان لەپەرتەوازەیی بپارێزین. ئێمە دەتوانین، ئێمە دەمێنینەوەو ئەوان دەڕۆن.

لێدوانێک بەجێ بهێلە