خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست!
ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ وئاشتیخوازان!
دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و هێزی چەکداری سەربازی کەتیبەکانی قەسام سەرلەبەیانی ٧ی ئۆکتۆبەر لەژێر ناوی “توفانی ئەقسا” پەلامارێکی لە ناکاوی بە ڕێگایی ئاسمانی و زەمینی و دەریاییان بۆ سەر ناوچەکانی ئیسرائیل دەستپیکرد، لە ئاکامدا ژمارەیەك سەرباز و دەیان خەڵکی سڤیڵ کوژراو بریندارو بەدیلگیران،حکومەتی ئیسرائیل لەژێر ناوی تۆڵەسەندنەوە لەحەماس، دەستی داوەتە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەدژی خەڵکی فەلەستین بەناوی “شمشری ئاسنیین “ەوە و لەسەرو هەر پرەنسیپێکی ئینسانیەوە کەوتۆتە گەمارۆدانێکی ئابوری و سەربازی غەززەو لەهەر ساتێکدا بەتۆپ و فڕۆکەو ڕۆکێت، کەوتۆتە کوشتاری بەکۆمەڵ و خاپورکردنی شوێنی هاوڵاتیان کە تا ئیستا بە هەزاران قوربانی لە خەڵکی سڤیڵلە ژن و مناڵ و پیرو پەکەوتەی لێکەوتۆتەوە و بەسەدان کەسیش ئاوارەو بێساوپەنا کراون و هەزارانیتریش لەنێو ئاگری شەڕو باروتدا گیریانخواردوە و هیچ ڕێگەیەکی دەربازبوون لەبەردەمیاندا نەماوەتەوە. بەم جۆرەش حکومەتەکەی ناتانیاهۆ خەڵكی فەلەستینی لەبەردەم کارەساتێکی گەورەی ئینسانیدا ڕاگرتووە. خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و بێتاوانی ئیسرائیل و فەلەستین قوربانی دوولایەنی کۆنەپەرست و ئینسانکوژن کە ساڵانێکە ژیان و ئەمنیەتیان خراوەتە مەترسیەوە. هەربۆیە ئەم دۆخە کاردانەوەی خێرا لەبەرەی ئازایخواز وخەڵکی موتەمەدینی جیهان دەخوازێ. پێویستە لەبەرامبەر ئەم دۆخە وئاکامە زیانبارەکانیدا ئازادیخوازان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لەمافەکانی مرۆڤ و چینی کرێکارو هێزە سۆسیالیست و پێشکەوتنخوازەکان، پێبنێنە مەیدانەوە و سنورێك بۆ دەستدرێژەیەکانی ئیسرائیل و ئەو میلیتاریزمە وێرانکەرەی کە بەپشتیوانی ئەمریکاو دەوڵەتانی ڕۆژائاوا دەستیانداوەتێ دابنێن. خەڵکی غەززە پێویستیان بەهاوپشتی و کۆمەك و بەهانەوە چوونی خێرای هەموومانە. لەم راستایەدا فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بانگەوازی ئازادیخوازو خەڵکی موتەمەدینی جیهان دەکات کە بۆ ڕاوەستانی ئەم جەنگەو بەرگرتن بەلێکەوتەکانی پێبنێنە مەیدانەوە:
١/ ڕاوەستانی دەستبەجێی جەنگ و بۆردومانەکان و وێرانکردنی ماڵی هاولاتیانی سڤیڵ لە هەردوولا.
٢/ راگرتنی داگیرکاری و سیاسەتی پاکتاوسازی قەومی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵكی فەلەستین.
٣/ هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆی ئابووری سەر کەرتی غەززە ورێگە بدرێت بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە بەهانای بریندارو ئاوارەکانەوە بچن .
٤/ ڕاگرتنی لەشکرکێشی و میلیتاریزمی ئەمریکاو دەوڵەتانی تر بۆ ناوچەکەو ڕێگە نەدان بەهەر کۆمەکێکی سەربازی و تەکنیکی بە هەردوولای بەرەی جەنگەکە.
٥/ ئازادکردنی دەستبەجێی گیراوەکانی جەنگ لەهەردوولا .
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٠٢٣/١٠/١٣