جیۆپۆلەتیکی جیهانی دنیای کردووە بە گوندێک

ئیدریس مستەفا:   
کێشەی ئیسرائیل-حەماس راستەوخۆ نەک هەر پەیوەندی بە ئێمەی کوردەوە هەیە بەڵکو راستەوخۆ کاریگەریمان لەسەر دادەنی. ئەمە بۆ هەر کێشەیەکی تری جیهانی و بۆ هەر شوێنێکی تر مەترەحە.
“مارشال ماکلۆهان”ی فەیلەسوفی کەنەدی، ١٩١١-١٩٨٠، ساڵی ١٩٦١ لە گوتەیەکی بەناوبانگی خۆیدا دەڵێ پێویستی و وابەستەیی بۆ ئەلەکترۆنیکی تازە دنیای کردووە بە گوندێکی جیهانی. ئێمە لە دنیای دوای شەست و چوار ساڵ لە گوتنی ئەو قسەیە دەژین کە ئەلەکترۆنیک یاخود تەکنۆلۆجی نوێ نەک هیچ سنورێکی بەخۆیەوە نەهێشت بەڵکو دنیای کردۆتە دێیەکی هێندە بچوک کە لەهەر کون و قوژبنێکی ئەو دێیەدا کەسێک بکۆکێ هەموان گوێیان لێ دەبێ. جا گەر شتێک رووبدات چ بچوک یا گەورە راستەوخۆ کاریگەری بەسەر هەموو ماڵێکی دێیەکەوە دەبێت. گەر ئەم کاریگەریە لە رووە سیاسیەکەوە بگرین ئەوا رێکاورێک دروست دەردەچێ.
کاتێک حەماس پەلاماری ئیسرائیل دەدات یاخود ئیسرائیل پەلاماری حەماس دەدات ئەوا هەرچی کەسان و رێکخرواو و حزبی ئیسلامی هەیە لە جیهاندا پاڵپشتی خۆیانی بۆ دەردەبڕن بە هەموو شێوازێکی سیاسی خۆیانەوە. لە کوردستانی خۆمان کاریگەریەکە دەگاتە رادەیەک کە راستەوخۆ ئیسلامیەکان دەجوڵێنێ بۆ باسکردن لەسەر هاتنەکایەی یاخود هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی لەو شێوەیە. ئەم حاڵەتە بە ئاشکرا روویدا کاتێک دوو ساڵ پێش ئیستا تاڵیبان لە ئەفغانستان گەڕایەوە سەر دەسەڵات، کەسێتی وەک کوڕەکانی بنەماڵەی مەلا عوسمان و مەلا عەبدولعەزیز و بززوتنەوە ئیسلامیەکەیان باسیان لەوە دەکرد کە خەڵکییان لە ناو تاڵیباندا هەیە و تاڵیبانی پشتیوانیان دەکەن گەر بێتوو دەسەڵاتێکی تاڵیبانی لێرە دابمەزرێنن. لێدوانەکانیان هەیە و خوێنەر دەتوانێ بچێتەوە سەریان.
لەم رووداوەی حەماسدا دڵخۆشی هەندێ ئیسلامی بەتایبەت ئیخوانی بە جێگەیەک گەیشتووە کە ئەزمونی حەماس دەبێتە دەلاقەیەک بۆ ئەوەی کێشەی کورد بباتە ئاستێکی بەرزتر و باشتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمە لە کاتێکدا ئەوەی حەماس کردویەتی جگە لە کارێکی تاوانباری هیچی تر نیە و جگە لە گورزی خراپ لە خەڵکی فەلەستین و کێشەکەی هیچ ئەنجامێکی تری نیە. بگرە بە قازابج گەڕایەوە بۆ ئیسرائیل، لە هیچ یەکێک لە شەڕەکانی هەردوو لادا وڵاتانی غەربی هەموویان ئاوها بە کۆمەڵ و یەکگرتوویی نەچوونەتە پشت ئیسرائیل بۆ بەگژدا چوونەوەی حەماس.
ئەم کاریگەریانە بۆ هەر تاک و بزووتنەوەیەکی سیاسی تر مەترەحە. بۆ نموونە کەسێکی سۆشیالیست یا عەلمانی و مەدەنی حەزدەکات حوکمێک یا دەسەڵاتێکی سۆشیالیستی، عەلمانی یا مەدەنی لەهەر جێگەیەکی ئەم دنیایە بێت بێتە سەر حوکم؛ چونکە راستەوخۆ کاریگەری مەعنەوی و سیاسی دەبێ بگرە لە هەندێ حاڵەتدا جیۆپۆلەتیکیشی دەبێ. وای فای جیۆپۆلەتیکی جیهانی هێندە بەهێزە گەر سنورەکانیش نزیک نەبن ئەوا کاریگەریەکان جوڵەی بەهێز بە شتەکان دەدەن.
وەک ئاستی نێو دەوڵەتانیش جیۆپۆلەتیکی جیهانی نەک هەر شیرازەی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان بەڵکو کێشەکانیشیان دیاری دەکات گەر حەسمی نەکات. کاتێک هێزێک پەلاماری هێزێکی تر دەدات راستەوخۆ جیۆپۆلەتیکی جیهانی دەبزوینێت لەگەڵ خۆیدا. گەر سنورەکانیش لەو نێوەدا نەبن ئەوا وای فای جیۆپۆلەتیک لە رێگەی چەکە کیشوەر بڕەکانەوە کێشەکان ساغ دەکەنەوە.
ئێمە لێرەدا لەبەردەم دوو شتدا هەڵویستەیەک دەکەینەوە: ئایا کێشەکانی ئیسرائیل و حەماس یان فەلەستین پەیوەندی بە ئێمەوە نیە یاخود سەرکەوتنی حەماس گرنگە بەو رادەیەی گەر ئەو سەرکەوێ بۆ کورد باشە؟
من ناچمە ئەو بوارەی مۆراڵیە مێژووییەی کە فەلەستینەکان هیچ کات نەک هەر پشتیوانی کورد و کێشەکەی بوون بەڵکو دژیشی بوون; واقع و مێژووی فەلەستینیەکان تژە لەو دژایەتیەی ئەوان دژ بە کورد. بەڵکو من دەمەوێ لەوە تێبگەم ئایا چۆن سەرکەوتنی حەماس کورد بۆ کورد باشە یان کورد پێی گەورە دەبێ لە کاتێکدا حەماس خۆی لەوپەڕی تەنگژەی سیاسی و سەربازی و مۆراڵی و نەتەوەیی و ئاینی و بچوک بوونەوەی خۆیدا دەژی. حەماس لەوەتەی هەبووە داردەستێک بووە بە دەست هێزگەلی نێودەوڵەتیەوە تەنانەت خودی ئیسرائیلیش بەکاری هێناوە بۆ قازانجی سیاستەکەنای خۆی و لەوەتەی هەشە جگە لە ماڵوێرانی و رەشبگیری بۆ خەڵکی فەلەستین و غەززە بەتایبەت هیچ دەسکەوتێکی تری نەبووە.
ئایا شەڕی حەماس لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندی هەیە بە ئێمەوە وەک کورد ئەوا بێگومان پەیوەندی هەیە و لە سەرەوە باسم کردووە کە وای فای جیۆپۆلەتیک چۆن کاریگەریەکان پەخش دەکات بەڵام مەرج نیە کاریگەریەکان قازانج بەخش بن بەتایبەت بۆ وڵاتێک کە بێ دەرگا و پەنجەرە و بێ ساحێب کرابێ.

لێدوانێک بەجێ بهێلە