شۆکی ئیسڕائیل

عومەر محەمەد:
هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لەکاتێکدا بوو کە جەژنێکی نەریتی جووەکان بوو، گوایە ئەمە دەوڵەت و دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی تووشی شۆک کردووە؟ ئێباشە شۆکی کامیانە هێزو ئیرادەو زیرەکی حەماس ؟ یاخود بێئاگایی ئیسرائیلیەکان ؟ لە کامیاندا شۆکە ؟
کەم نین ئەوانەی دەڵێن ئیسرائیل ئاگاداری هەموو شتێک بووە! هەڵبەت لە یانزەی سێپتەمبەریش ئەم قسە بێبنەمایەدەکرا. هەرچۆنێک بووبێت (سی ئای ئەی و مۆساد) هەرهێزو ناوبانگێکیان هەبووبێ لە هەردوو هێرشەکەی قاعیدو حەماسدا دەمامکیان کەوت و کەوتنە ژێر پرسیارو گومانەوە.
پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن ئەو دەزگا هەواڵگرییە بەهێزو بەناوبانگانە ئەوا غافڵگیردەکرێن ؟ باسی تەکنیک وتەکنەلۆژیای بەردەستیان با لەولاوە بوەستێ، دوژمنەکانیان (قاعیدەو حەماس) زۆر لاوازترن لە توانای سەربازی و ئەمنی ئەمریکاو ئیسرائیل.
گومانەکەش ئەوەیە: مادام زانیارییان هەبووبێت، کەواتە ژیان و ئارامی خەڵک، لەکن ئەم دەوڵەتە بەهێزانەش وەک بزوتنەوەو هێزە تیرۆرستیەکان هیچ بەهایەکی نییە. ئەوانیش ئامادەن بەسەدان و هەزاران مرۆڤ بخەنە بەردەست هێزە تیرۆرستیەکان تەنها بۆئەوەی وێنەی درندایەتیان نیشانبدەن ! خۆشیان بەناوی رەوایەتی کاردانەوەوە بە ئاگری رۆکێتە زیرەکەکانیان. هەزاران مرۆڤ بسوتێنن. !
چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس زیاتر لە ٤٨ کاتژمێر، شەڕی هێزەکانی ئیسرائیلیان لەناو خاکی ئیسرائیلدا کردووەو دەیان ئیسرائیلی و بیانی مەدەنی بوونە قوربانی، باشە ئەگەر دەزگای مۆسادو حکومەتی ئیسرائیل ئاگاداری ئەم جوڵەیەی حەماس بووبێ ؟ ئیدی ئەمە چ قومارێکی خوێناوییە لەسەر ژیان وئارامی خەڵک دەکرێت ؟ ئەم پرسیارە لەحەماس ناکرێ، چونکە ئەو پیشوەخت زانیوێتی کاردانەوەی ئیسرائیل چی دەبێ و باجەکەشی لەسەر خەڵکی غەززە چەند قورس دەبێت. ئەگەرچی من بۆخۆم بەگومانەوە تەماشای هەموو هەواڵ و روماڵێکی میدیایی، دەکەم بەڵام میدیای ئەمریکی و ئەوروپی نایانەوێ دان بە شکستی ئیسرائیلدا بنێن، دەنا دانیال هاگاری، وتەبێژی سەربازی ئیسرائیلی، دانی بەوەدانا کە سوپا قەرزداری خەڵکەو دەبێت ڕوونکردنەوەیان بداتێ. دەڵێت : ئێستا کاتی نییە. ئێستا شەڕ دەکەین و دواتر لێکۆڵینەوە دەکەین.) خۆئەمە جۆرێک داننانە بەشکستدا..
گرنگ ئەوەیە گەنجانی کورد گیان و کەسایەتی خۆیان خۆش بووێ و خۆیان لەم بەڵای جەنگە بە دوربگرن، نە بەفیت و بانگەشەی ئیسلامی توندرەو نەبەهی ئەوانەش لەرقی ئیسلامیەکان چونە بەرەی ئیسرائیلەوە. فریونەخۆن، چونکە حەماس و ئیسرائیل وەفاداری هاوڵاتیەکانی خۆشیان نین، چ جای کورد کە هەریەکەیان بە چاوێکی دوژمنکارانەوە تەماشای دەکەن و لە مێژە شەقی هەردولایانی بەقونەوەیە.
حزب و دەوڵەت و دەسەڵات، ئەگەر وەفاداری نیشتمان و هاونیشتمانی نەبوو، ئەو دۆزەخەیان بۆ دادەخا نیشتمان وهاونیشتمانی تێدا دەسوتێ .

لێدوانێک بەجێ بهێلە