نا بۆ جەنگ، بەڵێ بۆ ئاشتی

بەختیار موستەفا:
هەموو شەڕو پێکدادانێکی ناوخۆیی، ناوچەیی ، هەرێمی، جیهانی ،لەبەرژەوەندی و قازانجی خەڵکی بەشمەینەت و دانیشتوانی نەتەوە جۆربەجۆرەکاندا نییە. ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، لەڕێگای جەنگ و کوشت وکووشتارەوە،بەدەست ناهێنرێت و دابین ناکرێت. دەسەڵاتخوازانی ڕاستەڕەوی ئیسرائیلی و هێزە کۆنەپارێزە مەزهەبییە جۆربەجۆرەکان “جووەکان و ئیسلامیستەکان ” بەهۆی ئەم شەڕوپێکدادانەی ئێستاوە، بەهێز دەبن ودەستکەوت بەدەست دەهێنن .. ئەو هێزە شەڕخوازانە بەدوای کەش و هەوایەکی لێڵدا دەگەڕێن، لەو ڕێگایەوە هەوڵدەدەن ئەجیندەکانیان وەگەڕبخەن . وەک چۆن دەرکردنی فەلەستینییەکان لەزێدەی خۆیان و پێکهێنان ودروستکردنی” مستتوطنات” لەجێگەیان، کارێکی هەمەجییەو دژ بە بنەماکانی مافی مرۆڤە، هەرئاواش هەموو پروپاگەندەو بوچون و هێرشێکی بزوتنەوەی حەماس و هەموو هێزە چەکدارییە ئیسلامیستەکانی تری ناو فەلەستین و دەرەوەی فەلەستین ، کاردانەوەیەکی ناڕەواو دڕندانەیە ، دەبێت سەرکۆنە بکرێت. خواست و مافەکانی خەڵکی فەلەستین، بۆ لابردنی پاکتاویی نەژادی ، بۆ ئازادی نیشتەجێبوون و بۆ ئازادی گەڕانەوە بۆ جێگاگانیان ، مافێکی سروشتی خەلکەکەیە دەبێت، ئەو مافانە بەدەستبهێنرێن و پارێزراو بن . لەولاشەوە دەبێت، ڕۆڵ و کاریگەری هێزە ئیسلامیستەکانی چەشنی حەماس و جیهادی ئیسلامی دەست کۆتا بکرێن و لە ژیانی واقعی و ڕۆڵی ڕێبەری کردنی خەڵکی فەلەستین دووربخرێننەوەو کەنار بخرێن.
میلیتاریزەکردنی شارو شارۆچکەکانی ئیسرائیل و ناوچە جیاوازەکانی غەزە، بۆمبابارانکردنی کوێڕانەی شارەکان ، ئارامی و ژیانی سروشتی خەڵکی سیڤیل دەخاتە مەترسییەوەو بەزەرەری ئەوان تەواو دەبێت. ئیسلامیستەکان و جمهوری ئیسلامی ئیران، ڕۆڵی سەرەکییان لە هەڵگیرساندن و دەستپیشکەری ئەم هێرشانەدا هەیە .دەبێت ئەم هێرشانە سەرکۆنە بکرێن و بووەستێنرێن. هەموو دۆست و لایەنگرانی هێزە ئیسلامییەکانی ناوچەکە، پشتیوانی لەو هێرشە دڕندانیەی باڵی چەکداری بزوتنەوەی حماس دەکەن. کوردێکی زۆرو بەرەیەکی فراوانیش، پشتیوانی لە هێزەچەکدارەکانی ئیسرائیل و حکومەتی ئیسرائیل دەکەن ، دژ بە ناسیونالیزمی عەرەب و دژ بەکارنامەی سیاسی ئیسلامیستەکان لەناوچەکەدا ،ئەو توێژە کۆمەڵایەتییانە هاتونەتە دەنگ ، دژ بەو هێزە ئیسلامیستەکان وەستاونەتەوە، بەرهەڵستی کردنی حکومەتی ئیسرائیل بە پێویست و ڕەوا لەقەڵەم دەدەن. بەهۆی شەڕوشۆڕو بالادەستی حکومەت و هێزە سەرکوتکەرو کۆنەپارێزەکانەوە، کۆمەڵگا شێوێنراوە، گەڕێنراوەتەوە بۆ دواوە، یەک ڕێزی و خواستی پێکەوە ژیان و باشبژێتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لاواز کراوە، خەڵکەکە لەسەر بنچینی ناسنامەی نەتەوەیی و مەزهەبی دەکرێن بەگژ یەکداو، لەیەکتری جیادەکرێنەوە، لەم ڕێگایەوە ناتەبایی و ڕق وقینە لەنێوان خەڵکەکەدا برەو پێدەدرێت .
گرنگە هەموو خەڵکی ئاشتی خوازو ئازادیخواز، دژ بەم جەنگە دەنگ بەرز بکەنەوە ، هەوڵبدرێت جەنگەکە بوەستێنرێت. گرنگە دژبە پروپاگەندەو کردارە شەڕئەنگێزەکانی هەردوولای جەنگەکە ڕاوەستاوانە بگوترێت ، نا بۆ جەنگ، بەڵێ بۆ ئاشتی.

لێدوانێک بەجێ بهێلە