عومەر سەید:
باوکم لە باوکییەوە، منیش لە باوکمەوە و کوڕەکانیشم لە خۆمەوە ئەم پیشەیەمان بۆ ماوەتەوە. نەوە دوای نەوە، تا ئێرە هێناومانە. لە ناوچەکەدا، بە خێڵی پەلکەزێڕینە ناو دەبرێین. کاری ئێمە قورس و وەرزییە، وەک ڕاوە ماسی حەوسەڵەی زۆری گەرەک. بەڵام خۆشبەختانە، وەک ڕاوە هەورەتریشقە پڕ مەترسی نییە. نێچیری ئێمە، نەرمونیان و بێوەیە، لەبری کڵبە و چڕنووکی تیژ، شێدارە و بە ئاورنگ داپۆشراوە. هەزار ڕەنگ خۆ دەنوێنێ. هەر بۆیە لە یادەوەری بنەماڵەکەماندا، هەرگیز شەهیدێکی ڕێی ئەم پیشەیەمان نییە. بە پێچەوانەی ڕاوچیانی هەورەتریشقەوە کە ساڵ نییە بروسکەی تیژ و لەپڕ، ڕاوچییەکانی نەکاتە قەرەبرووت. ڕاوی ئێمە بەزۆری دەکەوێتە ڕۆژە خۆشەکانی بەهارەوە. هەرچی ڕاوە بروسکەیشە، هەمیشە لە شەوەزەنگی باراناوی و سارد و تۆفاندایە.
ئێمە لەگەڵ ڕەنگدا مەمەڵە دەکەین و ئەوان لەگەڵ وزە و تەزووی کارەبادا.
لە منداڵیمدا، داپیرەم لە بارەی باپیرییەوە چیرۆکی سەیری بۆ دەگێڕامەوە! دەیوت باپیرە گەورەتان، هێندە لێهاتو و شارەزا بوو لە ڕاوکردن و ڕامکردنی پەلکەزێڕیندا، هاوتای نەبووە و نابێت. دەیوت، زۆر جاران و هەر لە ناو گۆڕستانی سەر یاڵەکەوە، ئەوی دەڕوانێتە سەر ئاوایی، دوو دەستە پیرۆزە خەنەییەکانی واڵا دەکرد و لە نێو هەورەکانەوە ورد ورد وەک مار، پەلکەزێڕینە دەکشا و دادەهاتەوە بۆ نیۆ کۆشی پیرۆزی…
داپیرەیشم، ئەمڕۆی لە هەموو ڕۆژێ خۆشتر بێت. بۆ خۆی کەم نەبوو. پاش ناشتنی، سێ مانگی ڕەبەق، نووری پەلکەزێڕینە لە گۆڕەکەیەوە هەڵدەستا.
ڕۆژگاری ئەوان هەموو شتێک زۆربوو، وەک ئێستا دنیا وێران نەبوو! کەس بێ ڕاو نەدەگەڕایەوە. ڕاوچی گیانداران و ڕاوچی گژوگیایی بەهارە، تێروپڕ بوون. تا چاو بڕی دەکرد، دەشتودەری بە پیت بوو. گۆمی قووڵ و شینی پڕ ماسی بوو. ئێستا سەردەمێکە هیچ نەماوەتەوە بۆ ڕاوکردن. تەنها ئێمە و ڕاوچییانی بروسکە ماون. ئەویش بە هەزار حاڵ بژێوی ماڵ و خێزانمان بۆ دابین دەکرێ. وشکە ساڵی و بێ بارانی، نەبوونی و نەمانی هەوری سپی چوون لۆکە، بای تیژڕە و فێنک کە کەروێشکەی بە خەلەوخەرمان دەکرد. پاش نەمانی هەموو جۆرە ڕاوەکانی تر. ڕاوی ئێمەش ساڵانێکی زۆرە ڕوو لە کزییە.
پێرار ببڕایبڕ نە باران و نە بەهارمان نەبینی. ئیتر پەلکەزێڕینە چۆن ڕاو بکەین کە زەوی وشک و قاقڕ و بێ ڕەنگ بێت؟! پار ئەم کاتانەش، خۆڵ باران بوو! هەموو شتێک تا چاو بڕی دەکرد خۆڵەمێشی دەینوواند!
ئێستا لەگەڵ کوڕەکانمدا، کز و داماو دۆشداماوین. چاومان بڕیوەتە ئەو کەمە تۆپەڵە هەورە بچووکانە. چاوەڕێی ئاوێتەیەکین لە هاوکێشەی ژیان. خۆر و هەور و پاشان باران. لەو هاوکێشەیەش لێرە یان لەوێ پەلکەزێڕینەی پڕ ڕەنگ کە ژیانی ئێمەی لەسەر بەندە، سەر دەربهێنێ.
بە تفاقی پێویستی ڕاوەوە چاوەڕێین. پەلکەزێڕینە لە هیچ لایەکەوە دیار نییە!
ئاسمان تەڵخ و دەشتودەر خۆڵەمێشی و تینووی ئاو. پێنج پیاو بەسەر یاڵێکی بەرزەوە، بە قولاب و قەفەز و تورەکەی گەورەی موشەماوە، چاوەڕێی بارانی بەهارەن تا پەلکەزێڕینە دەرکەوێت و ڕاوی بکەن. لە قووڵایی شیوەکەی دامێنیانەوە، دەنگی سەدان قەلەڕەشکە دێت. بەسەر ڕێگاکەوە، داڵی لاکخۆرە بەربونەتە کەلاکی مانگا هەڵئاوساوەکە. دوورتر و هەر بەسەر ڕێگاکەوە، کۆچوباری ماڵباتی ڕاوچییانی بروسکە دەبینرێت کە ملی ڕێی دووریان گرتۆتەبەر. یەکێک لە کوڕانی سەر یاڵەکە، کوڕی گەورە، خەون دەبینێت. دەیەوێت قولابی دار بەڕووی چوار دەم، لە لا ملی پیرە پەلکەزێڕینە گیر بکات. وەک سوارێکی بە ئەزموون خۆی هەڵداتە سەر ملی درێژی و لغاوی بکات. دوور دوور و بەرز بەرز بیفڕێنێت. تا هەواری ئەفسونگەرای نێو چیاوچۆڵی هەوری سپی، تا ئەو شوێنەی، دار و درەخت، کۆشک و شەقام، لە شێوەی پەلکەزێڕینە چین لەسەر چین، لە ڕەنگن و تەڕ و پاراون لە ژیان.
کوڕی ناوەنجیش، خەونی بە کیژێکەوە دەبینی کە پرچی وەک پەلکەزێڕینە هەزار ڕەنگ دەینواند. هەرچی کوڕی بچوکیش بوو لە خەونیدا. لە سیسەمی نەرمی پەلکەزێڕینەدا نووستبوو. سیسەمێکی جۆلانە، کە بەرزدەبووەوە تا مەشریق و دادەهاتەوە تا مەغریب. جۆلانەیەک لەمسەر تا ئەوسەری جیهان دەهات و دەچوو. خەونی کوڕی چوارەم پەنهانە و مەگەر تەنها خودا بزانێ چییە!
لە دامێنی گۆڕستانە گەورەکەشەوە، گوندێکی خامۆش و بێ ڕەنگ، بە دەشتەکەدا کشاوە. لە نێو ماڵێکی تاریکی گوندەکەدا، دایک و بوک، سێ کیژی غەمگین، بە دیار تەونێکەوە دۆشداماون. بە تەونەکەوە نیوە فەرشێکی بێ ڕەنگ هەڵواسراوە. دایکە پیرەکە، سەری ناوە بە فەرشەکەوە و چاوەکانی لە تاریکییەکە دەڕوانێ. بە خەیاڵ دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو.
ماڵەکە پڕ ڕووناکی، پڕ ڕەنگ و قاووقریشکە، هەموان کار دەکەن. ڕاوچییانی پەلکەزێڕینە، بە تورەکەی پڕەوە هاتوونەتەوە. کیژان دەست دەبەن و پەلکەزێڕینەی تەڕی هەزار ڕەنگ، ئەستور و قەف قەف و پێچەڵ پێچەڵ، دەردەهێنن و پارچە پارچە فڕێی دەدەنە بەردەم دایکیان و بووکەخان، کە بەرامبەر یەک دانیشتوون و پێکەوە و بە دەستێک لە سەرەوە پەلکەزێڕینە دەکەنە دەستاڕەکەوە و بە دەستێکیش دەیخولێننەوە. لە نێو دوو بەرداشەکەوە و بە هەموو لایەکیشدا، تۆز و شلەی هەزار ڕەنگی نەرم و شل دەڕژێت. هەوای ژوور پڕ پڕە لە پەلکەزێڕینەی تەنک و ورد. سیمای کیژان بە توێژاڵێک ڕەنگی ئاڵتوونی داپۆشراوە.
دواتر کیژانیش بە ڕێز لە هاواندا، تۆپەڵ تۆپەڵ پەلکەزێڕینە دەکووتنەوە. لە ئێستای ماڵە تاریکەکەدا، پێنج ژنی ڕەشپۆش، پڕ خەون هەن. مەگەر تەنها مەرگ پەی بە نهێنی خەونەکانیان بەرێت! جگە لە یەکێکیان کە خەونی ئەوەیە، بۆ یەک جاری تر پەلکەزێڕینە ببێنێ. تا حەبلێکی ئەستوری لێ بخوڵقێنێ و لە ملی باریک و سپی پڕ گەندە مووی بنێ و خۆیی پێ هەڵبواسێ.
پیرێژنی ڕەشداگەڕاو، خەیاڵی ئەو ڕۆژانە دەکات کە لە پەلکەزێڕینە، خەنە و ئوزمە و ڕەنگی فەرشیان دەگرت.
62