برای گوهدار زێباری: سزادانی براکەم سیاسییە و دەستی لەپشتە

برایەکی گوهدار زێباری ڕایگەیاند، سزادانی براکەی شەڕێکی دەروونیە بەرامبەریان دەکرێت و سزاکە یاسایی نییە و بڕیارێکی سیاسییە. دەشڵێت: “یەکەمین جارە لە هەرێم کەسێک لەسەر تاپڕ سزا بدرێت کە براکەی منە”.

دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە دادگای هەولێر بڕیاریدا بە لە زیندانهێشتنەوەی گوهدار زێباری بۆ ماوەی شەش مانگی تر، زیندان زێباری، برای گۆهدار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: “حوکمەکە دیارە سیاسیە و دوورە لە یاسا، بە هیچ شێوەیەک ئەو سزایە یاسایی نیە و سیاسیە و دەستی لە پشتە، ئێمە هیوادارین دادگا یەکەمجار ئازاد ببێت کە دادگا ئازاد بوو ئەو ڕۆژنامەوانانەش ئازاد دەبن”.

وتیشی: “ئەوە سێهەمین جارە گۆهدار دادگایی دەکرێت، ئەمجارەش لەسەر تۆمەتی بێبنەما سزادراوە، پرسیاری چەند پارێزەر و دادوەرمان کردووە تا ئێستا کەس لەسەر چەک زیندانی نەکراوە، ئەگەر یەکێک چەکی پێبووبێت تەنیا کەسەکە غەرامە کراوە، ئەوە یەکەمینجارە کەسێک لەسەر تاپڕ سزابدرێت، لە کاتیکدا تاپڕەکەش هی گۆهدار نەبوو”.

زێدان زێباری پێشی وایە، دەستێوەردان لە دادگاکانی هەرێمدا هەیە و دەڵێت: “تەنیا دەڵێین با دادگا ئازاد بێت، بە داخەوە دادگا سەروەر نەبووە و ڕوونە کە دەستتێوەردانی حزبی و سیاسی و کەسی لە دادگاکاندا دەکرێت، ڕقی سیاسی و شەخسیە بەرامبەر گۆهدار و شێروان دەکرێت”.

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کردووە: “لەگەڵ زیندانیانی بادینان و کەسوکاریان شەڕی دەروونی دەکرێت، بۆ ئەوەی چۆک دابدەین، زیندانیانی بادینان هیچیان نەکردووە تا بچینە لای سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و داوای ئازادیی زیندانیانیان لێبکەین، ئەوان لەسەر بیروڕای ئازاد و مافی خەڵک دەستگیرکراون، تاوانیان نەکردووە تا داوای لێبوردن لە سەرۆکی هەرێم و حکومەت بکەین”.

گۆهدار زێباری لە 22ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 لەگەڵ چەند کەسێک کە دواتر بە زیندانیانی بادینان ناویان دەرکرد، بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتی” دەستگیرکران و هەریەکەیان بەپێی ماددەی یەکەم لە یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2003ـی پەرلەمان کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ، بە 6 ساڵ زیندانیکردن سزادران. بەڵام پارێزەرەکانیان دەڵێن، ئەوان هیچ کارێکیان نەکردبوو کە بە “تێکدانی ئاسایش” دابنرێت، بەڵکو خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان کردبوو و گروپ چاتێکیان لە سۆشیال میدیا دروستکردبوو.

گوهدار لە مانگی 2ی 2022 بە فەرمانێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سزاکەی بەڕێژەی 60٪ کەمکرایەوە. لەژێر ڕۆشنایی فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێم، بڕیاربوو 16ی ئازاری 2023 گوهدار، ئازادبکرێت، بەڵام دواتر لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە بە 7 مانگ سزادرا بە تاوانی “گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی”.

هەرچەندە وابڕیاربوو لە مانگی 8ی ئەمساڵدا ئازاد بکرێت، بەڵام بە هۆی ئاڕاستەکردنی تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت، جارێکیتر بۆ ماوەی شەش مانگی تر سزادرا، ئەوکات خێزانەکەی ڕایانگەیاندبوو، تۆمەتی گوهدار سەبارەت بە “تاپڕێکە” کە لە باپیریانەوە بۆیان بەجێماوە و کار ناکات.

٢ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە