هه‌مووان به داخه‌وه بینیمان كه شەوی ٢٦ی ئەیلول لە هۆڵێکدا له كاتی ئاهەنگێڕانی هاوسەرگیریدا لە قەزای حەمدانیەی پارێزگای نەینەوا، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە نزیکەی ١٠٧ کەس بوونە قوربانی و ٨٢ کەسیش بریندرابوون. لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە کە ٩ کەسیان لەسەر ڕوداوەکە دەستگیرکردووە و هۆکارەکەشی کەمتەرخەمی بووە.
ئەم ڕووداوە جگە لەوەی کارەساتێکی گەورەی ئینسانییە و دڵی هەر هاوڵاتییەکی سادە ڕادەچڵەکێنێت، نیشانەیەکیشە لە بێدەربەستی و گەندەڵی سیستەمێک کە چینی دەسەڵاتدار، هەم لە کوردستان و هەم لە عێراق، هەر ساتە و هەر ڕۆژە ئارامی و سەلامەتی هاوڵاتیانی دەخاتەبەردەم مەترسیەوە و بەدوای خۆیدا ڕوداو وکارەساتی ئینسانی هاوشێوەی قەزای حەمدانیەی لێدەکەوێتەوە. بەپێچەوانەی ئەو لێکۆڵینەوانه‌ی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە گوایە ڕوداوەکە بەهۆی کەمتەرخەمیەوە بوە، ئەم کارەساتە دڵتەزێنە ئینسانیەی حەمدانیە، سەرچاوە لە کاری ئەو کۆمپانیا و پڕۆژانەوه دەگرێ کە سیستەمی دەسەڵاتدارێتی ئێستا لەسەری ڕاوەستاوە. خاوەنانی به‌شێك له‌و پڕۆژانه ڕاسته‌وخۆ بەرپرسیاران و کاربەدەستان خۆیانن و بە مەبەستی تاڵانی و گیرفان پڕکردن و گەندەڵی زیاتر، گوێ ناده‌ن بە کەمترین ستانداردی سەلامەتی و سیستمی پاراستن له باڵه‌خانه و هۆڵه‌كان و دوورخستنەوەی ڕووداوەکان. ئەگەر کەمتەرخەمییەکیش لە ئارادابێت ئەوە کرێکار و کارمەندان نین، بەڵکو هەمان ئەو سیستم و دەسەڵاتەیە کە تا سەر غەرقی گەندەڵی و تاڵانچێتیە و بەبێ ڕەچاوکردنی سەلامەتی گیانی و ماڵیی هاوڵاتیان، لەپشت کۆمپانیاکان و سەرمایەدارانەوە ڕاوەستاون. دەسەڵات و سیستمێك له‌ولاوه هه‌موخه‌می پاره و قازانجه و هه‌موو ڕێگه‌یه‌كیشی له‌م پێناوه‌دا گرتۆته‌به‌ر. له‌ملاشه‌وه ژیانی خەڵکی هەژار و نەبووی ژێردەستی خۆی ڕووبەڕووی باج و سەرانەسەندن و گرانی و بێ‌کاری و کەمی موچە و نەبوونی خزمەتگوزاریەکان و دەیان کێشە و گرفتی تر کردووه. بەدڵناییەوە ئه‌و جۆره سیستم و ده‌سه‌ڵاته بەرپرسیاری ئەوه‌ڵ و ئاخری هەموو ئەو ڕوداو و کارەساتانەیە کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگه دەبێتەوە و قوربانیانی خۆی لە خەڵکی بێ‌تاوان دەسەنێت. بۆیه ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆش هیچ نییه جگه له شان خاڵی كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له كاره‌ساتی حه‌مدانیه و هاوشێوه‌كانی.
له‌ملاشه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان له‌پاڵ په‌یامی هاوخه‌میه‌وه ڕۆشنه چ په‌یامێك ده‌رده‌بڕن. خەڵکی کوردستان تا ئێستا شاهیدی چەندین ڕووداوی وەک تەقینەوەی گازی ماڵان و گڕتێبەربوونی باڵه‌خانه و میوانخانە و شوێنه گشتیەکان و کارەساتی لافاو و ڕوداوەکانی هاتوچۆ و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و… چه‌ندینی ترن. ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستانیش هه‌روه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ته‌نها باسی كه‌مته‌رخه‌می كه‌سانیان كردووه و شانی خۆیان له هه‌ر به‌رپرسیارێتییه‌ك خاڵی كردۆته‌وه. بۆیه په‌یامی هاوده‌ردی له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری قوربانیانی حه‌مدانیه ناتوانێ ڕووی بەرپرسیاران سپی بکاتەوە کاتێک کە خۆیان بە خه‌مخۆری خەڵکی لێقەوماوی حەمدانیەدا نیشان ده‌ده‌ن. ئەمەشیان تەنهاوتەنها بۆ ڕازیکردنی دڵی دەسەڵاتدارانی بەغدایە، تا سەری تەسلیمیان لێ قەبوڵ بکەن.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، هاوخەمی و هاوسۆزی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی قەزای حەمدانیە ڕادەگەیەنێت و بە گه‌رمی لە کەناریاندا ڕادەوەستێت. ڕێگه نه‌دانی كه‌سوكاری قوربانیان به به‌شداری هه‌ندێك له به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵات به ڕه‌وا ده‌زانێت. هاوكات حیزبمان جگە لەوەی هۆکاری کارەساتەکەی حەمدانیە دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانەوە، تەئکید دەکاتەوە کە بەرگرتن بەم ڕووداوانە و نەجاتدانی کۆمەڵگه لەو گێژاوەی کە تێی کەوتووە بە هاتنەمەیدانی یەکگرتووانە و فراوان کردنەوەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتەکانی ئێستا و هەڵوەشانەوەی ئەو سیستەمە دەبێت کە هەر ڕۆژە قوربانی لە خەڵكی کرێکار و سته‌مدیدە دەسەنێ و شوێنگرتنەوەی بە حکومەت و سیستمێک کە خواستەکانی هاوڵاتیان بۆ ئازادی و باشبژێوی بەدی بهێنێ و سەلامەتی گیانی و کۆمەلایەتی بۆ هەمووان دەستەبەر بکات.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٣٠/٩/٢٠٢٣