شەو

ڕزگار عومەر:
ئیمشەو لە باخچەی وەریوی خەون لە ژورەکەما
پەنجەرەیەک نیە
هەوایەکی پاک
یان شنەی بۆنی حەبیبەیەک بێنێ ،
ئیمشەو لە پاڵ دەف وگیتارێکی تۆزلێ نیشتوو
گۆرانیەک نییە
وێنەیەکی شیرینی ڕابردوم بیرخاتەوە
یان بە ئاستەم نۆتەیەک
لە لەرەی نازی حەبیبەیەک بخوێنێ ،
ئیمشەو ژوورەکەم دارستانێکی پیر پیرە
لەوێدا سنەوبەری تەنیایی
بە ڕووتی لە خۆی ولەمن وردەبێتەوە
ئاخر چاوی برسی من هەرگیز لەسەر ئەو نییە
هاوارو هاوار لە من
سنەوبەرەکەی خەیاڵی خۆم
لە هیچ دارستانێکی ئەم زەمینە نییە ،
ئیمشەو شەبەحی ناڵی چەندە لە منی شاگردە شیعر تووڕەیە
بە حیکمەتی شیعر بەسەرما هاوار دەکا :
هێشتا زۆر زووە
بۆ بەڕەڵا بوونی کۆتری
شەرمن و شیعری تازە
چ درەنگیشە بۆ بێداربوونەوەی
تۆی ئاشق
تۆی پیربووی
بێ حەبیبە !
٢٠٠٥

لێدوانێک بەجێ بهێلە