مەشخەڵی هیوا بۆ ڕۆژگاری نوێ

(وتووێژێک لەگەل هیوا)

فاتح شێخ:   

وەختارێ
دەرکەوتی
دڵ کەوته گەرمەتاو
به خورپەی بێوەستان
دڵ هەژا
وەک ئەسپی بێ لەغاو
وەک تینووی چاو له ئاو
***
جارجارێ
جارانیش
به هەڵکەوت ئەهاتی
سەرێکت ئەکێشا
دزەیەک، بزەیەک
له چاوتا هیوایەک ئەدرەوشا
له دڵتا خەمێکیش ئەجۆشا
بەڵام هەر ئەهاتی
ئەهاتی، دەسرەیەک دڵخۆشیت دائەنا و
ون ئەبووی
ئەڕۆشتی و
دەستێکت ڕائەهێشت
چاوێکت دائەگرت،
یانی ها: خەم مەخۆ، دێمەوە.
***
ماوەیەک دیار نەمای
دەمێک بوو، لەمێژ بوو
عومرێکی درێژ بوو
دیار نەبووی.
***
که هاتی
دەستێکت وێنەکەی ژینا بوو
ئەو دەستت چڵۆسکی ئاگر بوو،
گڕێکت بەردایه دڵی من
دەسبەجێ گەرمایی گەیشته گشت گیانم
به خۆرپەی بێوەستان
دڵ کەوته ڕاشەکان
ڕێژنەیەک له هەستی سەربەستی
پۆمپاژ کرد بۆ مێشکی تامەزرۆی داگرسان
داگرسان به تیشکی عیشقێکی گڕگرتوو
بێ سنوور،
وەک دەریا
ئەوپەڕی نەدیار و نەدیو بێ
***
پۆمپاژی هەستی دڵ
به میلیارد گوڵۆپی له مێشکا داگرساند
بەشێکی دڵ لەدوا
دوو بەشی خاترجەم.
کۆمەڵی خاترجەم،
مەلانی تیژباڵ بوون،
چاوانی تیژپەڕ بوون،
وەک چاوگەی بینایی
بۆ پێشیان ئەڕوانی
***
که هاتی
مانگەشەو
شەوگاری شەق کرد و
ڕەشماڵی تاریکی دادڕی
تۆ هاتی
پۆل دوا پۆل باڵندەی ئازادی هەڵفڕین
تۆ هاتی
ڕووناکی پژایه ڕۆژان و شەوانم
خەوناوخەون شەوگارم بردەسەر
چاویلکەی بەیانم کردەسەر
بۆ ئەوی بتوانم
بەملاولای جیهانا بڕوانم
***
که هاتی دڵ کەوته گەرمەتاو
هەرتک پێم
گورج و گۆڵ
کەوتوونه پێبڕکێ
تا بەجێ نەمێنن
له ڕەوتی توندئاژۆی
مێشک و دڵ
***
به هیوای دواڕۆژی کۆتایی کەجبەختی
ڕۆژگارێکی نوێ بێ
پڕپڕ بێ له هەستی سەربەرستی و بەدەربەستی
لێوانلێو له شادی پایدار
هاومیزان بۆ هەموان.

چاوه/ فاتح شێخ

لێدوانێک بەجێ بهێلە